گه‌سك و كاندید!

نووری بێخاڵی

ڕه‌نگه‌ ئاسایی و مافی هه‌ر حزبێك بێت كه‌ كاری رژد بكات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردندا زۆرترین ده‌نگ مسۆگه‌ر بكات، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌، ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی كاندیدێكی تری هه‌مان حزب نه‌بن و ناچار نه‌كرابن (ناچاری جۆری هه‌یه‌!)، ده‌نگه‌كه‌یان بده‌نه‌ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌. ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ كۆی ده‌نگه‌كان، زۆر یان كه‌م، هه‌ر به‌ ده‌نگی ئه‌و حزبه‌ هه‌ژمار ده‌كرێن و ئاماژه‌ن بۆ سه‌نگ و قورسایی و پێگه‌ی حزبه‌كه‌ له‌ فڵان ده‌ڤه‌ر و فیسار ناوچه‌.

له‌م ڕووه‌وه‌ نموونه‌یه‌كی بچووك به‌ یه‌كێتی و شارۆكه‌یه‌كی سنووری هه‌ولێر دێنمه‌وه‌. یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدێكی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و شارۆكه‌یه‌ و ده‌وروبه‌ری هه‌بوو، كه‌ كوڕی شه‌هیدێكی قاره‌مانی ناو بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان و به‌ دیاریكراویش شه‌هیدی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلووله‌. كاندیده‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كوڕه‌ شه‌هیده‌ و خوێنده‌وارێكی هۆشیاره‌، بۆ خۆیشی له‌ كاروانی تێكۆشانی كوردایه‌تیدا، په‌رێزپاك و پشوودرێژ بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ خه‌باتی نهێنیی ناوشاردا. ئا بیرم كه‌وته‌وه‌، كاتێكیش به‌عس و داوده‌زگه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا كه‌وتنه‌ وێزه‌ی خه‌ڵك و خێزانه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی ئه‌و شارۆكه‌یه‌، یه‌كه‌م خانوو كه‌ به‌ تی ئێن تی ته‌قاندیانه‌وه‌، خانووی ماڵی ئه‌و شه‌هیده‌ و خێزانه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی بوو. 

ئه‌و كاندیده‌ كه‌ زۆر له‌مێژ نییه‌ پێوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ كردووه‌، له‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی ده‌ڤه‌ره‌كه‌، خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویست و ڕێز لێگیراوه‌، كه‌چی یه‌كێتی هه‌ر به‌وه‌ نه‌وه‌ستا بانگه‌شه‌یه‌كی چڕ بۆ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌یان له‌و ناوچه‌یه‌دا بكات كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ تێیدا كاندیده‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر حیسابی ئه‌و كاندیده‌، شارۆكه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ریشی كرده‌ زه‌وینه‌ی بانگه‌شه‌كردن بۆ (بێگه‌رد تاڵه‌بانی!).

ئه‌گه‌ر دیوێكی ئه‌م كاره‌ حزبییه‌ سه‌قه‌ته‌ وه‌ربگرین، ئه‌وا ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حزبی كوردی هه‌میشه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ گاڵته‌ به‌ هه‌ستی ده‌نگده‌ره‌كه‌ی و سووكایه‌تی به‌ كاندیده‌كانی بكات. هه‌ر به‌ رژدیش وایه‌، كاتێك كار و شه‌ونخوونی حزب و ئۆرگانه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ چڕ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر حیسابی هه‌ستی ده‌نگده‌ر و كه‌سایه‌تیی كاندیده‌كانی و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ڕكابه‌ره‌كانی بسه‌لمێنێ، سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی له‌ هه‌موو سه‌رۆك لیسته‌كان زیاتر ده‌نگی هێناوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گاڵته‌كردن به‌ هه‌ستی ده‌نگده‌ره‌كه‌ی و سووكایه‌تیكردن به‌ كاندیدی خۆی، هیچ مانایه‌كی تر هه‌ڵناگرێت. 

به‌ ته‌نیشت ئه‌م گاڵته‌ و سووكایه‌تییه‌یشه‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ و كاركردن، نیشانه‌ی بێ متمانه‌یی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌یشه‌ به‌ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی، به‌وه‌ی گومان له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و كه‌سه‌ به‌ ئاسانی بتوانێ به‌ ته‌نیا بچێته‌ ناو شه‌ڕێكی ئاوا له‌ ته‌ك ڕكابه‌ره‌كانیدا. بۆیه‌ تا بۆ خه‌ڵكی خۆی نیشان بدات كه‌ بڕیاره‌كه‌ی ڕاست و دروسته‌، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌كه‌ی نه‌كه‌وێته‌ به‌ر مه‌ترسی و دواجار له‌ده‌ستدانی ئه‌و متمانه‌یه‌یشی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی به‌سه‌ر ڕێكخستنه‌كانیدا نه‌بێت، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئه‌و گره‌وه‌ و قومار به‌ كه‌سایه‌تی و پێگه‌ و توانای كاندیده‌كانی ده‌كات. 

ئینجا له‌م ناوه‌دا و له‌ هه‌ر هه‌موو شت خۆشتر ئه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ سبه‌ و دوو سبه‌ی، ده‌نگه‌ زیاده‌كانی سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی، وه‌ك خێر و سه‌ده‌قه‌ به‌سه‌ر كاندیده‌ دڵخوازه‌كانی فڵان و فیسار سه‌ركرده‌ی حزبه‌كه‌یدا ببه‌شێته‌وه‌.

له‌ گه‌رمه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا و له‌ به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، هێمن هه‌ورامی سه‌رۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ته‌حه‌دا ده‌كه‌م سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی بێته‌ ناو په‌رله‌مان”. هیوادارم ئه‌م پێشبینی و ته‌حه‌دییه‌ی هه‌ورامی پێچه‌وانه‌ ببێته‌وه‌، خوانه‌خواسته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ نا كه‌ سبه‌ی بڵێن هه‌ورامی موزایه‌ده‌ی سیاسیی كرد، به‌ڵكو له‌به‌ر بریندارنه‌كردنی هه‌ست و شكۆی ده‌نگده‌ره‌كانی یه‌كێتی كه‌ متمانه‌یان داوه‌ته‌ قوباد تاڵه‌بانی، هه‌روه‌ها له‌به‌ر نه‌ڕووشانی كه‌سایه‌تیی ئه‌و كاندیدانه‌ی یه‌كێتی، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ زۆر هاوڕێی تریان شایسته‌تر بووبن بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌شه‌ خێر و سه‌ده‌قه‌ی ده‌نگه‌كانی سه‌رۆكی لیسته‌كه‌یان (جا به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت!) به‌رنه‌كه‌وێت. 

له‌ هه‌موویش گرنگتر، بۆ ئه‌وه‌ی (تاڵه‌بانی) هاوشێوه‌ی (ڕه‌وانشاد نه‌وشێروان مسته‌فا)، نموونه‌یه‌كی نه‌شیاو پێشكه‌ش نه‌كات. ئاخر دامه‌زرێنه‌ر و یه‌كه‌م ڕێكخه‌ری گشتیی گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی 2009 وه‌ك سه‌رۆكی لیستی گۆڕان هاته‌ ناو كێبه‌ركێكه‌وه‌، به‌ڵام دواتر كورسیی حه‌ره‌می ئه‌و دامه‌زراوه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌ی له‌ خۆی بچووكتر بینی، كه‌ بڕیاری دابوو له‌وێوه‌ كوردستان بگۆڕێت!

نه‌وشیروان مسته‌فا به‌م هه‌نگاوه‌ی، زۆر له‌وانه‌ی بێئومێد كرد (ڕه‌نگه‌ له‌ناو بزووتنه‌وه‌كه‌یشدا ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌بووبن)، كه‌ چاوه‌ڕێ بوون سه‌ركرده‌ی باڵا بچنه‌ ئه‌و حه‌ره‌مه‌، تا خه‌ڵك دڵنیابن سه‌ركرده‌كان خۆیان به‌ لاوه‌ له‌و دامه‌زراوانه‌ باڵا و پیرۆزتر نییه‌.

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی كه‌ داروبه‌ردی حزبه‌كه‌ی شه‌ڕی له‌سه‌ر كرد، بۆ ئه‌وه‌ی به‌راورد به‌ سه‌رۆك لیسته‌كانی تر زۆرترین ده‌نگ بێنێت، ئه‌وا پێویست ده‌كات ڕێز له‌و ده‌نگانه‌ی ده‌نگده‌ره‌كانی حزبه‌كه‌ی بگرێت و له‌ژێر بنمیچی په‌رله‌ماندا داكۆكی له‌ ماف و داخوازییه‌كانیان بكات. وه‌ك چۆن پێویسته‌ هه‌ستی ئه‌و كاندیدانه‌ی حزبه‌كه‌یشی بریندار نه‌كات كه‌ به‌هۆی گره‌وی حزبه‌كه‌ی له‌وانه‌یه‌ نه‌گه‌نه‌ په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ وا تێنه‌گه‌ن كه‌ كراونه‌ته‌ (گه‌سك) و ته‌نیا ده‌نگیان پێ كۆ كراوه‌ته‌وه‌!

AM:09:37:09/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌