نووری بێخاڵی
بڕێ جار دووركه‌وتنه‌وه له بابه‌تی سیاسی، سه‌رچاوه‌ی پشوودانێكی گرنگه بۆ مرۆڤ، هاوكات ده‌رفه‌تێكیشه بۆ ئه‌وه‌ی له گۆشه‌نیگای جیاوازیی كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌وه خزمه‌ت به خوێنه‌ره‌كانت بكه‌یت، هه‌روه‌ها سه‌رنجی ئه‌وانیش به لای بابه‌تگه‌لێكدا ببه‌یت كه هێوریان بكاته‌وه و له‌و جه‌نجاڵی چه‌له‌حانێ و به‌یه‌كدا هه‌ڵشاخانه دووریان بخاته‌وه. بۆیه ئه‌مجاره له گۆشه‌نیگای جیاوازیی ڕۆژنامه‌نووسییه‌وه، سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ سه‌ر بایه‌خی خوێندنه‌وه و كتێب ڕاده‌كێشم، ئه‌ویش نه‌ك به قسه‌كردن له‌سه‌ر چییه‌تیی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه و بایه‌خ و گرنگییه‌كه‌ی، به‌ڵكو به تیشك خستنه‌سه‌ر چییه‌تیی داهێنان و له‌وێشه‌وه نموونه هێنانه‌وه به دوو كاری دانسقه و ناوازه‌ی ناو ئه‌ده‌بیی كوردی، كه به‌مدواییانه كه‌وتنه ناو كتێبخانه‌كانی كوردستان و به‌رده‌ستی خوێنه‌ران. ئه‌مه‌ش له‌و پێناوه‌ی خوێنه‌ر جارێكی تر له‌و ڕاستییه بگات، كه ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و گه‌یاندن و هۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندن چه‌نده‌یش فراوان و هه‌مه‌چه‌شن و پێشكه‌وتوو بن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن شوێنی كتێب بگرنه‌وه و به‌و ڕاده‌یه تینوێتیی مرۆڤ بۆ زانین و فێربوون بشكێنن.
(١)
داهێنان وه‌ك به‌رهه‌می پێویستی بنه‌ڕه‌تی بیركردنه‌وه و هه‌وڵدان و كاری مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی جیاواز بێت، داهێنانه، داهێنانیش به‌رهه‌می پێویستییه. به‌و مانایه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی داهێنان له هه‌ر كایه و بوارێكدا به شێوه‌یه‌كی جیاواز خۆی نمایش ده‌كات، هاوكات به‌بێ بوونی پێویستی (زه‌رووره‌ت)ێك، داهێنان كارێكی ئه‌سته‌مه. ئه‌وه بۆیه هیچ داهێنانێك به‌رهه‌می ڕێكه‌وت، یان زۆر له‌خۆكردن نییه. به‌ڵكو ئه‌وه پێویستی و زه‌رووره‌تی گۆڕانی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت كولتووریشه له قۆناغه جیاوازه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا، له دوێنێوه بۆ ئه‌مڕۆ، له ئه‌مڕوشه‌وه بۆ سبه‌ی، وا ده‌كات فیكر و فه‌لسه‌فه له ئاستێك و زانست له ئاستێكی تردا، هه‌روه‌ها هونه‌ره‌كان له ئاستێكدا و زمان و ئه‌ده‌ب له ئاستێكی تردا، له خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه و داهێنان نه‌كه‌ون.
ڕاسته كاری ئه‌م كایه جیاوازانه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان و داهێنان و ته‌نانه‌ت جۆری به‌رهه‌م و داهێنراوه‌كانیشیاندا جیاوازه، به‌ڵام بنه‌ڕه‌ت و بنچینه و جه‌وهه‌ر ئه‌وه‌یه، كه وزه‌ی داهێنان كۆیان ده‌كاته‌وه. كاتێك ده‌بینین هه‌ر له به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه و تا ئه‌مڕۆ، فیكر و فه‌لسه‌فه له به‌رهه‌مهێنان و داهێنانی چه‌مكی نوێ، زمان له زاوزێكردن، هونه‌ره‌كان به گشتی (شێوه‌كاری، موزیك و سینه‌ما به‌تایبه‌تی) له داهێنان و به‌رهه‌مهێنان ناكه‌ون، ئه‌مه به‌و مانایه دێت، كه هه‌میشه پێویستی و زه‌رووره‌تێك هه‌یه وا ده‌كات، وزه‌ی به‌رهه‌مهێنان و داهێنانی به‌رده‌وام و جیاواز به‌م كایانه ببه‌خشێ.
(٢)
ڕه‌خنه وه‌ك ئامرازی خۆشوناسكردنه‌وه
(پیاسه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ڕێبوار سیوه‌یلی)
چیتر ڕه‌خنه‌ی سوننه‌تی كه‌ڵكی دۆزینه‌وه‌ی به‌ها و مانا شاراوه‌كانی ناو گه‌نجینه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیكیی ئێمه‌ی نییه. ته‌مه‌نێكمان به دیار خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ناو لێكۆڵینه‌وه ڕه‌خنه‌یی و ئه‌ده‌بییانه به‌فیڕۆ دا، كه جگه له سه‌ره‌دوولكه‌ی تیباق و جیناس و ته‌شبیه و كنایه و ئیستیعاره و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌وتنه خزمه‌تی به‌لاغه و به پیرۆزكردنی زمانی عه‌ره‌بی له زه‌ین و یاده‌وه‌ریماندا، هاوكات بێجگه له هیلالیی ئه‌برۆ و قه‌یتانیی لێو و مرواریی ددان و ئه‌و خۆجووینه‌وانه زیاتر، شتێكی نوێیان بۆ كه‌شف نه‌كردین، كه كۆمه‌ك به هۆشیاریی فیكری و مه‌عریفیمان بكات.
له كاتێكدا ده‌كرا له ڕێی ڕه‌خنه‌ی قووڵ و رژده‌وه، به‌هاكانی بوون و شوناس كه‌شف بكرێن و ئه‌و كۆد و پاسۆردانه‌ی ناو مه‌عریفه و هۆشیاریی ئه‌دیب و شاعیرانمان بكه‌نه‌وه، كه به‌لاغه و زمانی عه‌ره‌بییان خستووه‌ته خزمه‌تی پرۆسه‌ی خاوه‌ندارێتی له خۆ و شوناس، كه نموونه‌یه‌كی دانسقه و ده‌گمه‌نی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یییه، كتێبه ناوازه‌كه‌ی (ڕێبوار سیوه‌یلی)یه به ناوونیشانی (نالی له به‌لاغه‌وه بۆ مۆدێرنیته). كتێبێك كه به بۆچوونی من درێژكراوه‌ی پڕۆژه و هه‌وڵه پڕ ورده‌كارییه‌كه‌ی پێشتری ئه‌و نووسه‌ر و ڕووناكبیره‌یه (كتێبی نالی) ده‌رباره‌ی ئه‌و شاعیره كلاسیكییه‌ی كورد، به‌ڵام ورد و قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نتر.
(٣)
جامی، جامه‌كه‌ی پڕ بوو!
(ڕاگوزه‌رێكی خێرا به‌ناو یاداشته‌كه‌ی نیهاد جامی)
له كورده‌واریدا ده‌ڵێن (قسه له شێت و له منداڵ وه‌رگره). نیهاد جامی هه‌ردووكیانه، هه‌م شێت، به مانا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی، به‌وه‌ی ڕه‌گێكی بلیمه‌تی له‌ناو شێتیدایه. هه‌م منداڵیش، به مانا پاكی و ڕاستگۆیییه‌كه‌ی.
له ڕۆمانی (له ئۆكتۆبه‌ردا كوژرام)، بلیمه‌تی، ڕاستگۆیی و بوێری هاوته‌ریب ده‌ڕۆن. ئه‌وه سه‌ره‌ڕای تێكشكاندنی بونیادی گێڕانه‌وه و باڵاده‌ستی له هونه‌ری فلاشباك.
نیهاد وه‌ك كوڕی كه‌ركووك، له ده‌ره‌وه‌ی هیچ چوارچێوه‌یه‌كی ئایدیۆلۆجی و سیاسی، (ڕاستگۆ) و هونه‌رمه‌ندانه، سكێچی خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌ك خۆی و به‌بێ هیچ ڕتووشێك ده‌كێشێ.
هاوكات جیاواز له زۆر ئه‌زموونی تری ڕۆماننووسانی كورد، (بوێرانه) خۆی ڕووت ده‌كاته‌وه و بوێری له خودنووسینه‌وه‌دا ده‌كاته سه‌ر مه‌شق. ئاخر زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری نووسه‌ری كورد، كه ده‌گاته سه‌ر سێكس و ئه‌زموونه‌كانی خۆی، یان شه‌رمنانه ده‌یانخاته ملی كاراكته‌ره‌كانی، یاخۆ ده‌بێته مامۆستای ڕه‌وشت و ڕۆڵی واعیز ده‌گێڕێت!
چێژێكی سه‌یر له‌وه‌دایه، كه له‌گه‌ڵ (نیهاد)دا له شوێنكات و له‌ناو ڕووداوێكدا ده‌ڕۆیت، كه‌چی هونه‌رمه‌ندانه و به‌رده‌وام له گه‌رمه‌یدا ده‌تباته‌وه ناو وێنه و دیمه‌ن و ڕووداوی تر و دوێنێ دێنێته‌وه ناو ئێسته‌ی هه‌موو ڕووداوه‌كان. به كورتی، فلاشباك ڕه‌گه‌زێكی گرنگ و باڵكێشی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه و هیچ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كیشی به‌بێ هۆ و ئامانج نییه.
ئه‌گه‌رچی په‌له‌په‌لێك به نووسینی ڕۆمانه‌كه‌وه دیاره، وه‌ك چۆن له‌باری زمان و ڕێنووسیشه‌وه بێ خه‌وش نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له (جامی)ی سه‌ر شار له یاخیبوون چاوه‌ڕێ نه‌بووم، ئه‌وه‌بوو شه‌ڕی جه‌هل و فه‌نده‌مێنتاڵیزم به خۆكوشتن بسپێرێت. ئاخر (كلارا) نه‌ده‌بوو خۆی ڕاده‌ستی كوشتن بكات. چونكه چه‌پی شۆڕشگێڕ، فێمینیستی ئازادیخواز، به مانه‌وه‌ی خۆی زووخاو ده‌كات به قوڕگ و گیانی كولتووری نێرسالاریی شه‌هوه‌تبازی ئاڵۆش برسی، ئینجا ئه‌گه‌ر ئه‌و نێرسالارییه بارگاوی بێت به شۆڤینیزم و فاشیزمی ئاینی، ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌بێ (كلارا)كان به‌پێوه بمێننه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌میشه ڕێسواكردنی كولتووره‌كه.