نووری بێخاڵی
ئاخۆ پارتی چۆن سه‌ره‌ده‌ر له‌گه‌ڵ چوار ساڵی داهاتووی حوكمڕانی له كوردستاندا ده‌كات؟ چ نه‌خشه‌ڕێیه‌كی نوێ و تازه‌ی پێیه بۆ ده‌ربازكردنی ئه‌زموونی حوكمڕانی له‌و گیروگازانه‌ی تێی كه‌وتووه؟ كاتێ ئه‌زموونی فیفتی - فیفتی كه كوردستانی دووله‌ت كرد و هیچی ئه‌رێنی لێ سه‌وز نه‌بوو، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی حكوومه‌تی بنكه‌فراوانیش كه خراپترینی ئه‌زموونه‌كان بوو، ئایا ئه‌لته‌رناتیڤی پارتی بۆ ئه‌م گه‌ڕه نوێیه‌ی حوكمڕانی چییه؟
به‌ڕاست، به‌شداری پێكردنی لایه‌نه‌كان له حكوومه‌تدا به هه‌مان ڕیتم و فۆڕمی سواوی جاران، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی به بیانووی پاراستنی یه‌كڕیزی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵ، پاساوی ئه‌م بێسه‌روبه‌رییه بدرێته‌وه؟ ئه‌ی له‌و ناوه‌دا سروشتی مامه‌ڵه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌و هێزانه‌ی دێنه ناو حكوومه‌ت چی ده‌بێت، به دیاریكراویش یه‌كێتی و گۆڕان، كه یه‌كه‌میان هه‌میشه به دوو گوتار و دوو تیمی جیاواز (ئه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به‌گوێره‌ی بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه‌كان، ڕۆڵی پۆلیسه‌كانی ده‌گۆڕێت!) له‌گه‌ڵ پارتی درێژه به گه‌مه‌ی سیاسی ده‌دات و دووه‌میشیان به‌رده‌وام و له‌یه‌ك كاتدا له ناڵ و بزمار ده‌دات؟
ئه‌مانه و پرسیارگه‌لی تر، پرسیاری گرنگن و پێویسته له‌م ڕووه‌وه پارتی به‌رچاوڕوونی هه‌بێت و نیشانی بدات كه په‌ندێكی باشی له ڕابردوو وه‌رگرتووه. به‌تایبه‌تی زۆر پێویسته له‌و ڕاستییه تێبگات كه حوكمڕانی به خاترخوایی و ڕاگرتنی دڵی ئه‌م و ئه‌و ناكرێت. ده‌بێ له‌وه تێبگات، یان له‌وه تێگه‌یشتبێت كه ئه‌گه‌ر به ڕێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته‌ی كۆنكرێتی و نووسراو و به‌ڵگه‌دار نه‌بێ، سیاسه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی پاشقولگر و هاوڕێی نیوه‌ی ڕێدا ناكرێت!
ناچێته عه‌قڵه‌وه هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانێكی حوكمڕانیت هه‌بێت كه له ده‌سكه‌وته‌كاندا به‌شدار بێت و له به‌شینه‌وه‌ی ئیمتیازه‌كاندا بسكه‌ی سمێڵی بێت، كه‌چی له كێشه و كه‌موكوڕییه‌كانی حوكمڕانیشدا خۆی بێبه‌ری بكات و ده‌ستی چه‌وری خۆی به سه‌ری تۆ بسڕێته‌وه.
ڕێی تێناچێت هاوبه‌ش و هاوڕێیه‌كی ناو حوكمڕانیت هه‌بێت كه تا بازاڕی ده‌سكه‌وت و ئیمتیاز گه‌رمه، له‌گه‌ڵتدا بێت، كاتێكیش ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت كه‌وته ته‌نگژه و گرفته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه (با)ی دیبێت و نه (باران)، له نیوه‌ی ڕێ پشتت تێبكات و وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌ربچێت. نه‌ك هه‌ر ئاسایی نییه، به‌ڵكو زۆر بێماناشه، هێزێك به‌یانیان له حكوومه‌تدا هاوبه‌شت بێت، كه‌چی دوای ده‌وام بچێته سه‌نگه‌ری ئۆپۆزسیۆن و وه‌ته‌نیاتت به‌سه‌ردا بفرۆشێته‌وه.
دیاره به‌رمه‌بنای ئیستحقاقه‌كانی هه‌ڵبژاردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو هێزه براوه‌كان ئه‌گه‌ر ئاره‌زوو بكه‌ن، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه پشكیان له كێكی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بێت، هاوكات مافی ئه‌وه‌یشیان هه‌یه به‌شداریی حكوومه‌ت نه‌كه‌ن و ببن به ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام بێیته ناو حكوومه‌ت و داهاتی ناوخۆ و سنووره‌كان نه‌گه‌ڕێنێته‌وه گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت، نووسراوی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له سنووره‌كه‌یدا پوولێكی قه‌ڵپ نه‌كات و....، یان به‌یانیان چێشت و به‌رچایی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بخۆیت و ئێوارانیش خۆت بیر بچێته‌وه و مه‌ستیی شه‌قام بتگرێت و ڕۆڵی چاكه‌كار ببینیت. به‌و مانایه‌ی له به‌یانییه‌وه تا ته‌واوبوونی ده‌وام، حوكمڕان بیت و به‌شه كێكه‌كه‌ی ببه‌یت، كه‌چی ئێواران سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایی خه‌ڵك بیت و ببیته ئۆپۆزسیۆنێكی عه‌یار.
راستییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی لێ ده‌ربچێت، ئه‌م گاڵته‌جاڕییه له قوتووی هیچ عه‌تارێكدا نه هه‌بووه و نه هه‌یه و نه ده‌شبێت. بۆیه ده‌بێت له‌م گه‌ڕه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تدا و له‌پێناو چوار ساڵی ئارام و پڕ خزمه‌تگوزاری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی چاكسازی (وه‌ك چه‌ند كۆڵه‌گه‌یه‌كی كوردستانێكی به‌هێز)، پارتی وریا و به ئاگا بێت و هه‌ر به خاترخوایی و دڵڕاگرتن سیاسه‌ت نه‌كات، ده‌نا ده‌بێ خۆی باجه‌كه‌ی بدات و لۆمه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌كات. ئاخر ئه‌و كاته وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی لێ دێت كه دووجار و له هه‌مان كونه‌وه پێیه‌وه ده‌درێت، ئێ ده‌مێكیشه گوتراوه: ”جاری یه‌كه‌م فێڵت لێ كردم خوا بتگرێ، به‌ڵام جاری دووه‌م، خوا بمگرێ!".