كاتێك ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بێت به به‌شێك له ورده‌كارى ژیانى هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئیتر سه‌قامگیرى سیاسى، ئابوورى، ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ناو ئه‌و ژینهگهیهدا هیچ به‌هایه‌كى نامێنێت. زۆرن ئه‌م ناوچه و وڵاتانه‌ى ترس و دڵه‌ڕاوكێى سیاسى، ئابوورى و سه‌ربازى، بووه‌ته هۆى داڕمانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان و دواجار به ته‌واوى له ناو چوون. بێگومان ترس لاى كۆمه‌ڵناس و مرۆڤناسه‌كان به یه‌كێك له پاڵنه‌ره به‌هێزه‌كانى داڕمانى كه‌سایه‌تى تاك پێناسه كراوه.
ناشێ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به به‌رده‌وامى ترس به‌رهه‌م بهێنێت و خه‌ونى گه‌وره‌ى هه‌بێت. ئه‌و جۆره خه‌ڵكه ترس تۆقاندوونى، بۆیه ئه‌وه‌نده‌ى له بیرى تێپه‌ڕاندنى ته‌نگژه و ره‌وینه‌وه‌ى ترسهكاندان، هێنده له خه‌مى ژیان و ئاینده‌دا نین، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆر هۆ، هه‌ندێكیان پێوه‌ندى به كۆمه‌ڵگه خۆیه‌وه هه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى بیرنهكهرهوهن و هه‌وڵ بۆ ئاینده ناده‌ن، هه‌میشه له‌سه‌ر كولتوورى دواكه‌وتوویان ده‌ژین، هیچ حیسابێك بۆ شارستانیه‌ت، كرانه‌وه، ژیارى تازه ناكه‌ن، خه‌مى قووڵیان تیكه‌یه‌ك نانه له پێناو مانه‌وه‌دا.
پێم وایه ئه‌و جۆره له كۆمه‌ڵگه، مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر گه‌شه‌ى مرۆڤایه‌تى، نموونه‌ى ئه‌و كولتوور و ژینگه و وڵاتانه‌ى كه ترس، تۆقاندن، توندوتیژى، تیرۆر به‌رهه‌م دێنن، مه‌ترسییه‌كه‌ى ته‌نیا بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان نییه، به‌ڵكو دواجار ده‌بنه مایه‌ى سه‌رئێشه و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خه‌ڵك و كه‌سانى تر. كۆمه‌ڵگه نه‌ریتییه‌كان ئه‌وانه‌ن كه هه‌میشه ناكۆك ده‌كه‌ونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه كراوه‌كان، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ى كولتوورى زیندوو، ئه‌قڵى بیركه‌ره‌وه، ژیاندۆستى و پێكه‌وه‌ژیانیان بووه به به‌شێك له ناسنامه‌ى گه‌ل و وڵاتیان. خۆشگوزه‌رانى، دڵنیایى و ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى تێیاندا له ئاستێكى به‌رزدایه.
لێره‌دا كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقى وه‌ك به‌شێك له‌و رێكخستنه فراوانه‌ى كولتوورى ئهمجادپهرستهكان، زیانى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وتووه، یان راستر بڵێین، به‌هۆى فشار، تۆقاندن، چاندنى ترس له هه‌ناوى كولتوورییه‌وه. ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ى ئه‌و فاكتانه، ته‌نیا نه‌بووه‌ته نه‌ریت، به‌ڵكو ره‌نگى داوه‌ته‌وه له په‌روه‌رده، ره‌فتار، جیهانبینى و روانگه‌مان.
هه‌ڵبه‌ت روانگه‌ى تاك له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى نه‌ریتى، نیازمه‌نده به گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو، مۆڕاڵى خێڵ، ئایدۆلۆژیا، مه‌زه‌و، ئایندارى. هه‌موو ئه‌مانه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقیدا هه‌ستى پێ ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین جگه له‌وانه كۆمه‌ڵگه‌ى خۆرهه‌ڵاتی ترس له ژیان و ئاینده كوشتوویهتى، به‌لاى منه‌وه ئه‌مه بۆ ئه‌و ژینگه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه رابه‌رانی مه‌زه‌و، خێڵ و عه‌شره‌ته‌كان و سیاسه‌توانان له غیابى هه‌ست نه‌كردن به به‌رپرسیاریه‌تى مێژوویى بۆ ئێمه‌یان به‌رهه‌م هێناوه.
ئێسته ده‌توانین بڵێین هاووڵاتییانى ناوچه جیاجیاكانى عێراق، به‌هه‌ردوو ناوچه، سوننه‌نشین و شیعه‌نشینه‌كان به درێژایى مێژووى مه‌زه‌وى و تایفى و سیاسى خۆى، هه‌میشه له به‌رده‌م سه‌خترین ته‌نگژه و وهیشوومهى ترس‌دا بوونه، ترس له جه‌نگ و هه‌ژارى، ترس له شه‌ڕى ناوخۆ، ده‌ستێوه‌ردان و تیرۆر، گرانى، نا ئارامى.
هه‌ڵبه‌ته باجى گه‌وره گه‌وره‌شمان له پێناوى ئه‌و ترسه داوه و به‌رده‌وام وه‌ك قه‌ڵغان لێره و له‌وێ له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن خه‌ڵك به‌كار هێنراوه و له دواجاردا بووه به سووته‌مه‌نى. له نوێترین ترسى وهبهرهێنراویشدا ترسى داعش، شه‌ڕی مه‌زه‌وى و تایفییه. جگه‌له‌وه‌ش، ئه‌م جۆره تۆقاندن و كولتوورى توندوتیژى و یه‌كتر قبووڵنهكردنهوه، شۆڕ بووه‌ته‌وه بۆ ناو كۆمه‌ڵگه و خێزان و تاكه‌كانیش، بۆ نموونه من له پێش سه‌رهه‌ڵدانى گرووپى تیرۆریستى داعش و گرووپه مه‌زه‌وى و تۆقینهرهكانی تر و دواى هاتنیان بۆ عێراق، هه‌م له شارى مووسڵ و هه‌میش له كه‌مپه‌كانی دیبه‌گه و ده‌وروبه‌رى شارۆكه‌ى مه‌خموور، وه‌ك ئه‌ندام و چالاكێكى بوارى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌یه‌كى عه‌ره‌بى له شارى مووسڵ به‌ناوى (المۆسسه العراقیه لاغاسه التفوله) كارم كردووه، له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ناو كه‌مپ و خێزان و ناوه‌نده مه‌زه‌وى و تایفییه‌كان له‌به‌ر كاره‌كه‌م، كه تایبه‌ت بوو به هۆشیاركردنه‌وه و پێكه‌وه‌ژیانى ئاینى و مه‌زه‌وی له شار و شارۆكه‌كانى عێراق، به وردیش كارمان له‌سه‌ر منداڵ و مێرمنداڵ و گه‌نجان ده‌كرد، مه‌به‌ستمان بوو تێ‌یان بگه‌یه‌نین كه نابێ ڕقیان له كه‌سانى تر بێت و ئه‌وانه‌ى ئاین یا مه‌زه‌و و نه‌ته‌وه‌یه‌كی ترن، هه‌ر مرۆڤن وه‌ك ئێمه و مافى ژیانیان هه‌یه.
له‌ناو كه‌مپه‌كان خول و ڕاهێنانمان ده‌كردووه، له ڕێگه‌ى كۆڕ و بڵاوكراوه و ئامۆژگارییه‌كانمان هه‌میشه فۆكسمان له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كتر قبووڵكردن و دووركه‌وتنه‌وه بوو له كارى توندووتیژى و تۆقێنه‌رانه، پێمان ده‌گوتن بیركردنه‌وه‌ى خێڵه‌كییانه و مه‌زه‌وى و ئایدۆلۆژیی، مرۆڤ تێك ده‌شكێنێت و به‌هاى مرۆڤایه‌تى له‌ناو ده‌بات و كۆمه‌ڵگه‌كان وێران ده‌كات، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ى بیركردنه‌وه‌ى توندڕۆ و تۆقێنهرانهیان هه‌بوو، ئه‌م كاره‌ى ئێمه‌یان پێ قبووڵ نه‌ده‌كرا و زۆر جاران به كافر و لاده‌ر تاوانباریان ده‌كردین.
هه‌روه‌ها له زۆر كاتیش به ئاشكرا و به نهێنى، هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن و ئازاردانیان لێ كردووم. بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م جۆره كولتوور و بیركردنه‌وانه‌ى عێراقییه‌كانى له رابردوو و ئێسته له‌سه‌ر په‌روه‌رده كراون. دیاره هه‌موو ئه‌و ترسانه، ئامانج و په‌یامێك له پشتیانه‌وه‌یه، خه‌ڵكیش له‌مه‌ودوا مافی خۆیه‌تى گومان و پرسیارى له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ران و پاڵه‌وانانى ئه‌و هه‌موو ترسانه هه‌بێت. به‌داخه‌وه ئێسته عێراق به‌هۆى ئه‌و هه‌موو رووداو و پێشهاتانه‌وه بووه‌ته مه‌ملكه‌تى ترس، هه‌ر رۆژه و سیناریۆیه‌ك و هه‌ر ساته باس و خواسێك ده‌خرێته سه‌ر رۆمانه تهواونهبووهكهى.
پێم وایه خه‌ڵك به‌رگه‌ى ئه‌و هه‌موو ترسه ناگرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بێدهنگبوونهكهى جێى هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه. سه‌یره ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رپرسان هێنده له خه‌مى به‌رده‌وامى ته‌نگژه‌دان، هێنده له خه‌مى كۆمه‌ڵگه‌دا نین. كه‌س بیر له سبه‌ى ناكاته‌وه، تێ ناگات خه‌مه گه‌وره‌كه‌ى هاووڵاتى ژیانه، ئارامییه، بینینى خه‌ونه به ئاینده و خۆشگوزه‌رانى. ئه‌و له جیاتى سووككردنى، باره قورسه‌كه ده‌خاته سه‌رشانى خه‌ڵك. هه‌رچه‌نده گوتراوه هه‌وێنى شۆڕش و خه‌باتى هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌نده به قوربانیدانى خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه. دیاره كه‌س ناتوانێت بۆ وه‌ده‌ستهێنانى ئامانجه‌كان، گومان له قوربانیدانى خه‌ڵكى بكات.
پێم وابێت سه‌رده‌مى ئه‌و شۆڕشه كلاسیكییه ته‌واو بووه و ته‌مه‌نێكه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له قۆناغى ئه‌م جۆره شۆڕشه‌مان تێپه‌ڕاندووه، بۆیه له‌مه‌ودوا خه‌ڵك له جیاتى ترس ژیان و له جێگه‌ى سیناریۆكان دڵنیایى ده‌وێت. بێگومان دوو شت له عێراقدا له به‌رده‌م مه‌ترسیی چاره‌نووسسازدان، دڵنیایى و ژیان. "دڵنیایى" دیاره مه‌به‌ستمان سه‌قامگیرى سیاسى، ئابوورى، ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئارامى ناوخۆیه. "ژیان"یش كۆمه‌ڵگه‌ى عێراق بێ به‌ش بووه له زۆر شت، كه ده‌كرا حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات كارى له‌وه باشترى بۆ بكردایه. بێ چاره‌كردنى ئه‌و دوو دنیایه، ئیتر عێراق هه‌میشه له‌ناو ده‌ریاى ترس‌دا ده‌مێنێته‌وه.
ژیار دڵزار حه‌سه‌ن