نەوەی نوێ بەرەو كوێ


نەوەی نوێ ئەو هێزەی لە ماوەی ساڵ و چەند مانگی ڕابردوو لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان توانی 12 كورسی پەرلەمانی بەرێتەوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، وەك هێزێكی سیاسی خۆی نمایش بكات و ڕێژەیەكی بەرچاو لە هاونیشتمانیان لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە.

 نەوەی نوێ بەسەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید بەگوتارێكی پۆپۆلیستی دەستی پێ كرد كە تەواوی هێز و گرووپەكانی دەرەوەی خۆی ڕەفز دەكرد، بانگەشەی بۆ كەوتنی تەواوی حزبەكان دەكرد و داوای لە هاووڵاتییان دەكرد پشتیوانی بكەن كە دنیایەكی زۆر جیاواز لەوەی هەیە بۆیان فەراهەم دەكات.

 نەوەی نوێ لە كاتێكدا لە لایەن بازرگان شاسوار عەبدولواحید دامەزرا كە ناكۆكی ناوخۆی لە ڕیزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان پەرەی سەندبوو، پاش كۆچی دوایی سەركردەی ئەو بزووتنەوەیە نەوشیروان مستەفا كە بە كۆچی دوایی شیرازەی لەیەك پچڕان لەو بزووتنەوەدا دەستی پێ كرد، بە ئاشكرا باڵباڵێن سەری هەڵدا تا ئاستی ئەوەی زیانێكی گەورەی بە پێگەی جەماوەری بزووتنەوەكە گەیاند، جەماوەری ئەو بزووتنەوەیە ئومێدێكیان بە بزووتنەوەكەی نەوشیروان مستەفا نەمابوو.

 دەتوانین بڵێن ژیرانە شاسوار عەبدولواحیدی بازرگان هەستا بە ڕێكخستنی ڕەوتێك بە ناوی نەوەی نوێ و زۆربەی كات گوتەكانی نەوشیروان مستەفای دووبارە دەكردەوە، هەڵسوكەوتی ئەو سەركردە كۆچكردووەی دووبارە دەكردەوە و خۆی بە هاوڕێبازی دەزانی. بە ئاشكرا باسی لەوە دەكرد سەركردەكانی گۆڕان لە ڕێبازی نەوشیروان مستەفا لایان داوە، بەردەوام لە كەناڵەكەیەوە ڕەخنەی توندی ئاراستە دەكردن، توانیشی ڕێژەیەكی زۆر لە دەنگدەری گۆڕان بەلای خۆیدا ڕابكێشێت.

 دوای ئەوەی لە چەند هەنگاوێكی سەركەوتوو بوو، شاسوار كە توانی لە ماوەیەكی كەمدا ڕێژەیەكی باش كورسی پەرلەمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بەدەست بهێنێت، تووشی غروورێك بوو كە یەكسەر دەستی بۆ تاكڕەوی لە حزبەكەیدا برد بە ناوی ئەوەی دەیەوێت حزبێكی مەركەزیی هەبێت و كار دەكات بۆ ئەوەی تاكحزبی لەسەر ئاستی كوردستان پێڕەو بكرێت كە ئەوەش كارێكی ئەستەمە.

 غروور و هەنگاوەكانی شاسوار عەبدولواحید ئەوەندە لەخۆی و حزبەكەی گەورەتر بوون، هەرزوو هەنگاوی لێكترازانی گەورە لە ناو حزبەكەی دروست ببێت كە ئێستە خۆشی نازانێت چارەنووسی حزبەكەی و بزنزەكەشی لە كوردستان بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت.

 لە پاش ئەوەی 21/4ی ئەمساڵ یەكەم بەیاننامەی ناڕەزایەتی لەلایەن پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی نەوەی نوێ دەركرا، ئاڵۆزییەكان تەشەنەی كرد تا بەشێكی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ بەیاننامەكەی هاوڕێكانیان دەربڕی، دووپاتیان كردەوە ئەو هەنگاوانەی سەرۆكی نەوەی نوێ دەیانهاوێژێت و حزبەكە بەرەو بنەماڵە دەبات، قبووڵكراو نین. بەڵام ئەوەی لێرەدا كارەساتە، ئێستە بووەتە باسی شەقامی كوردستانی و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی سێكسیی ئەندام پەرلەمان و بەرپرسانی ناڕازی نەوەی نوێییە، كە لە درێژایی حزبی كوردی ئەو هەنگاوە بەرانبەر هاوڕێ و كادرەكانیان نەنراوە كە جیا بوونەتەوە.
 
نەوەی نوێ بەرەو كۆتایی؟ 

نەوەی نوێ كە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نزیكەی 140 هەزار دەنگی بەدەست هێنا، ئێستە خاوەنی هەشت كورسیی پەرلەمانییە، هەنگاو بەرەو كۆتایی مەرگی خۆی دەنێت، جیابوونەوەی بەشێكی نەوەی نوێ تەنیا خۆی نابینێتەوەكە گرووپێك لە سەرۆك یان ئەنجوومەن ناڕازی بن، كار گەیشتووەتە شكاندنی ئێسكی یەكتر بەوەی تۆمەتباركردنی یەكتر بە گەندەڵ و سیخۆڕ و كاری بێڕەوشتی و تەڵەنانەوە بۆ كچان و پیاوانی ئەو حزبە، گرتەی ڤیدیۆیی لە ڕێی كامێرای تایبەتەوە لە شوقە و كابینەكان، ئەوەیش بەكارهێنانی وەك چەكێك دژی ئەو كەسانەی لە كاتێكدا مل نەدەن بۆ داوایەكی سەرۆكەكەیان.

 نەوەی نوێ ئێستە ڕەوشی سیاسی زۆر خراپە بەوەی تا چوار ساڵی ئایندە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەری نامێنێت و لەو حزبە دەڕۆنە دەرەوە. لە كوردستان تا ئێستە چوار ئەندامی فراكسیۆنەكەی لە كۆی هەشت ئەندام، ناڕازین و دەنگیان هەڵبڕیوە دژی سەرۆكەكەیان. ئەوەیش ئەوەمان پێ دەڵێت نەوەی نوێ لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق قورسایی سیاسیی نامێنێت.

 ئەگەرێكی تریش هەیە كە باڵی ناڕازی نەوەی نوێ زۆرینەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن كۆ بكەنەوە و فراكسیۆنەكانی بەغدا و هەولێر یەكبگرن و بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، هەنگاو بنێن یەكەم سەرۆكی حزبەكەیان لە سەرۆكایەتیی لابەرن و سەرۆكێكی نوێ بۆ حزبەكە هەڵبژێرن، دنیابینی و كاری سیاسیی و گۆڕانكاری ڕیشەیی تێدا بكەن. بەڵام لە هەموو كاتەكاندا پێم وایە نەوەی نوێ متمانەی لە ناو جەماوەر نەماوە و لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا تووشی شكستێكی گەورە دەبێت، ئەگەر لە ژێر دەسەڵاتی باڵی شاسوار عەبدولواحید بێت یان باڵی ناڕازی. چونكە ئەگەر حزبێك ئامادە بێت كامێرای چاودێریی بۆ نهێنییەكانی بەرپرسانی باڵای خۆی جێگیر بكات و كاتی تایبەتیان تۆمار بكات، یان ڤیدیۆی دەستكاركراویان بۆ دروست بكات، ئەو حزبە شایانی ئەوە نییە گەل جارێكی تر متمانەی پێ ببەخشێتەوە.
 لە دواین دیداری سەرۆكی نەوەی نوێ لە تەلەڤزیۆنەكەی خۆیەوە جگە لە كۆمەڵێك قسەی دووبارە و سواو هیچیتری پێنەبوو بۆ كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی  و دەنگدەرانی و ڕای گشتی، هەروەها زۆر بە ڕوونی بە قسە و هەڵسوكەوتییەوە ڕووخان و شكستێكی گەورە بەدی دەكرا.