مانگی 12ی 1983 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی مام جه‌لال ده‌چنه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی دیكتاتۆری له‌داردراو سه‌دام حوسێن، گفتوگۆی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق به‌بێ پرسی حزبه‌كانی تری كوردستان بووه، وه‌ك به‌رپرسانی ئه‌و حزبه ده‌یڵێن، له‌وكاته‌دا پێوه‌ندیی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تری كوردستان له قۆناغێكی ئاڵۆزدا بووه، ناوبژیوانی یه‌كێتیی و حكوومه‌تی عێراق، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووه.
گفتوگۆ ده‌ست پێ ده‌كات، چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و حكوومه‌تی به‌عس ڕاسته‌وخۆ سه‌دام حوسێن و مام جه‌لال سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی سه‌رپه‌ر‌شتی ده‌كه‌ن، گفتوگۆ له نێوان هه‌ردوولا تا مانگی كانوونی دووه‌می 1985 به‌رده‌وام ده‌بێت.
له گفتوگۆ و دانیشتنه‌كانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت به ناوه‌ندگیری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، چه‌ند ڕێككه‌وتن و لێكتێگێشتنێك له نێوان هه‌ردوولا واژوو ده‌كرێن، به‌ڵام دواتر حكوومه‌تی عێراق ئاماده نابێت ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووه جێبه‌جێی بكات، بۆیه پاش ماوه‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌كان دێنه هه‌ڵپه‌ساردن و مانگی شوباتی 1985 جارێكی تر شه‌ڕ له نێوان یه‌كێتیی و حكوومه‌تی عێراق ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه.
پاش ئه‌وه‌ی جووڵه سیاسییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و حكوومه‌تی عێراق به‌ته‌واوه‌تی ده‌وه‌ستێت، وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ركرده‌ی ئه‌وكاتی یه‌كێتیی له بیره‌وه‌رییه‌كانی نووسیویه‌تییه‌وه، حكوومه‌تی عێراق دژ به یه‌كێتیی شه‌ڕ ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی هێزێكی زۆر گه‌وره‌ی سه‌ربازی هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كێتیی و زۆربه‌ی كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ن، گوشارێكی زۆر بۆ یه‌كێتیی دێت و پێشمه‌رگه‌ی زۆری شه‌هید و بریندار ده‌بن، مه‌ترسی ڕژدیش ده‌كه‌وێته سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه له یاخسه‌مه‌ر، بۆیه به‌په‌له هانا بۆ حزبه‌كانی تری كوردستان ده‌بات تا به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بكه‌نه‌وه ئه‌گه‌رنا دۆخیان زۆر خراپه.
یه‌كێتیی به‌په‌له برووسكه بۆ ته‌واوی هێزه كوردییه‌كان ده‌كات و داوا ده‌كات به زووترین كات كۆبوونه‌وه‌یه‌كی حزبه‌كان بكرێت. یه‌كێتیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌بوو قۆڵێكی تری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت ده‌ست پێ بكرێت تا گوشاری سه‌ریان كه‌م بێته‌وه، حكوومه‌تیش ئامانجی ئه‌وه‌بوو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی بگرێت. وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێ، كۆبوونه‌وه‌كه كرا و حزبه‌كان به‌ده‌م داواكه‌ی یه‌كێتییه‌وه ده‌ڕۆن كه پێك هاتوون (له پارتی و سۆسیالیست و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی) پاش ڕوونكردنه‌وه‌ی دۆخی خۆیان.
حزبه‌كان هه‌رچه‌نده ئه‌وكات نیگه‌ران بوون له یه‌كلایه‌نه گفتوگۆی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق، ئاماده ده‌بن هاوكاری یه‌كێتیی بكه‌ن و به‌ره‌یه‌كی نوێی شه‌ڕ بكه‌نه‌وه، حاجی ئۆمه‌ران و قه‌ڵادزێ و هه‌ڵه‌بجه ده‌ستنیشان ده‌كرێن و بۆ میحوه‌ری شه‌ڕ و له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكده‌كه‌ون شه‌ڕ له هه‌ڵه‌بجه ده‌ست پێ بكه‌ن.
كۆبوونه‌وه بڕیار ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نه‌گیرێت و به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕ بكه‌نه‌وه، بڕیار درا پێشمه‌رگه هێرش بكاته سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و شاره‌دێ و گونده‌كانی، ئه‌وكات ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانی هێرشه‌كه ته‌واو ده‌بێت، پارتی به هێزێكی سه‌ربازی هێرش ده‌كاته سه‌ر شاره‌دێی خورماڵ، هاوكات پردی زه‌ڵم هێزه‌كانی حزبی سۆسیالیست كۆنتڕۆڵی بكه‌ن و ڕێ نه‌ده‌ن حكوومه‌ت هێز بنێرێت بۆ به‌ره‌ی شه‌ڕ، ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌یش یه‌كێتیی هێرشی بكاته سه‌ر و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیش كاری لۆجستی پێ هاتبووه سپاردن له هێرشه‌كه‌دا.
هێرش ده‌ست پێ ده‌كات، وه‌ك خۆی پلانه‌كه جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام یه‌كێتیی له كۆبوونه‌وه‌كان به حزبه‌كان ناڵێت له‌م هێرشه ئێرانییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ده‌بێ تا هێرشه‌كه ده‌ست پێ ده‌كات. ئێرانییه‌كان له شاخی شنروێ جێگیر ده‌بن و ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه تۆپباران ده‌كه‌ن، ته‌واوی ئه‌و شوێنانه‌ی دیاری كرابوون له چنگی حكوومه‌ت ده‌رده‌هێنرێن.
حكوومه‌تی عێراق ئه‌وكات به‌سه‌رۆكایه‌تیی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئێران هه‌ڵه‌بجه‌ی گرتووه به‌هاوكاری یه‌كێتیی، ڕۆژی 16ی ئاداری 1988 گازی كیمیایی به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا ده‌كات و كاره‌ساتی گه‌وره‌ی شه‌هیدبوونی پێنچ هه‌زار كه‌س و زیاتر له 10 هه‌زار بریندار و سه‌دان بێسه‌روشوێنی لێ كه‌وته‌وه، ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت سه‌دان هاووڵاتی به‌ده‌ست برینداریی چه‌كی كیمیایی ده‌ناڵێنن و ناتوانن به ئاسووده‌یی هه‌ناسه بده‌ن و له ئێش و ئازاردا ده‌تلێنه‌وه، به‌رده‌وامیش له‌وانه گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا هێنرا، مه‌گه‌ر له هێرۆشیما كاره‌ساتی وا له مێژووی مرۆڤایه‌تیی بوونی هه‌بێت. سه‌رباری شه‌هید و بریندار و بێسه‌روشوێن، ئاواره‌یی ده‌یان هه‌زار هاووڵاتیی هه‌ڵه‌بجه، ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی له یاخسه‌مه‌ر ڕاناگرێت و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی ده‌گیرێت و هه‌زاران قوربانی لێ كه‌وته‌وه، هه‌ڵه‌بجه‌یی و هه‌ورامییه‌كان به‌سه‌ر لاشه‌ی دایك و باوك و برا و ڕۆڵه‌كانیاندا ڕوویان له ده‌روازه‌ی ئێران كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وكات سه‌دان گرته‌ی ڤیدیۆیی و وێنه‌ی كاره‌ساتی كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌نووسانی ئێران به دنیادا بڵاو كرانه‌وه، به‌ڵام نه مافی مرۆڤه‌كه‌ی ڕۆژئاوا نقه‌ی لێوه هات و و نه دنیای عه‌ره‌بی و ئیسلامی هیچ هه‌ڵوێستێكیان هه‌بوو، بگره زۆر چاوقایمانه ده‌یانڕوانییه كوشتارگه‌كه‌ی سه‌دام حوسێن، هه‌موو پێوه‌ندییه‌كانیشیان له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام بوو.