عه‌زیز هه‌ورامانی
له ساڵی 2003 كاتێك حكوومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حوسێن له‌لایه‌ن وڵاتانی هاوپه‌یمان هاته رووخان، كورد رۆڵی باڵای هه‌بوو له ڕووخاندنی و ده‌ستی باڵاشی هه‌بوو له بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ. به‌ڵام دواتر ژیانی سیاسی و پێوه‌ندی كورد و به‌غدا هه‌ر به‌ره‌ودوا رۆیشت و قۆناغی سه‌ختی بینی.
كورد و دانوستاندن له‌گه‌ڵ حزبه عێراقییه‌كان
كورد له ساڵی 2004دا كه‌وته دانوستان له‌گه‌ڵ حزب و ڕێكخراوه‌كانی عێراقی له‌سه‌ر ئایندهی خۆی له ده‌ستوور و حوكمڕانی عێراقی نوێ، توانی له لاوازیی ئه‌وكاتی حزبه عێراقییه‌كان و هاوكات یه‌كگرتوویی كورد له ناوخۆدا، تا ئاستێك ده‌ستكه‌وت بۆ هه‌رێمه‌كه‌ی مسۆگه‌ر بكات، هه‌ر له دداننان به هه‌رێمی كوردستان و قبووڵكردنی كورد له داوده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و دداننان به كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی عێراق و زمانی كوردی وه‌ك زمانی فه‌رمی و وه‌رگرتنی پشكی 17%ی بودجه‌ی گشتیی عێراق.
به‌ڵام كورد له عێراقی نوێ‌دا، ته‌نیا چه‌ند ساڵێك توانی كاریگه‌ریی ته‌واوی به‌سه‌ر حوكمڕانی عێراقه‌وه هه‌بێت، پاشان له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی، كاربه‌ده‌ستانی عێراق كه‌وتنه پیلانگێڕی دژی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر له هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی له‌سه‌ر به‌شه بودجه و دواتر بڕینی به‌یه‌كجاری له 2014 و هه‌وڵی له‌شكركێشی له ساڵی 2006 له‌لایه‌ن نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق.
كورد به‌رده‌وام كۆڵه‌گه‌ی حوكمڕانی عێراق بووه
سه‌ركردایه‌تی كورد هه‌میشه بووه‌ته كۆڵه‌گه‌ی ڕاگرتنی حوكمڕانی له عێراق كه به‌هۆی زۆریی ناكۆكی نێوان ناوماڵی شیعه و سوننه، حكوومه‌تی به‌غدا له لێواری كه‌وتندا بووه و كورد فریای كه‌وتووه و ڕێی به هه‌ره‌سی حكوومه‌تی عێراقی نه‌داوه، به‌پێچه‌وانه‌وه ڕاستی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان چونكه دیدی نوێیان نییه و شۆڤێنییه‌ت كوێری كردوون، هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونه‌وه‌دا یه‌كه‌م قه‌پاڵیان له كورد گرتووه‌ته‌وه.
كورد و دانوستان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ته‌كانی عێراق
هه‌موو چوار ساڵ جارێك بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقی، سه‌ركرده و ڕێبه‌رانی حزبه شیعی و سوننییه‌كان هاتوونه‌ته هه‌ولێر و داوای پشتیوانی كوردیان كردووه، ده‌یان به‌ڵێنی بێبنه‌ماش به كورد دراوه و پاش پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌ڵێنه‌كان بوونه‌ته مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز، كوردیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌مینه‌یه و به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان له‌گه‌ڵ عێراقدایه نه‌ك مافی گه‌لان، بۆیه به ناچاری بین ده‌خۆینه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومه‌تێكی تر له چوار ساڵی ئاینده‌دا.
ده‌توانین بڵێین به‌شێكی كه‌مته‌رخه‌می ده‌ستاوده‌ستكردن به كورد، خه‌تای كورد خۆیه‌تی كه نه‌یتوانیوه له یه‌كێك له وێستگه‌كاندا پاش ئه‌و ماوانه‌ی بۆ داواكانی كورد دیاری كرابوون و جێبه‌جێ نه‌كران، هه‌ڵوێستی هه‌بێت و بایكۆتی حكوومه‌تی عێراقی بكات، هه‌ر له فه‌رمانبه‌رێكی ساده تا پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی عێراق، وه‌ك گوشار به‌رانبه‌ر به به‌غدا تا بزانین چی ده‌قه‌ومێ، چونكه كورد تا ئێسته ئه‌م كارته‌ی تاقی نه‌كردووه‌ته‌وه، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌بین، ره‌نگه به‌غدا ببێت به گۆمی خوێن و هاوسه‌نگی تێدا نه‌مێنێ. جا قسه‌كه ئه‌وه‌یه كه عه‌ره‌ب ئێمه هه‌ر به‌كار بێنێ، بۆ ئێمه‌ش گۆڕه‌پانه‌كه چۆڵ نه‌كه‌ین و ئه‌وان بكه‌ونه گیانی یه‌كتر.
ئابی 2014 پێكهێنانی حكوومه‌تی عه‌بادی
له مانگی ئابی 2014 به‌سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی، حكوومه‌تی عێراق متمانه‌ی له په‌رله‌مان وه‌رگرت، كورد هێشتا نه‌گه‌یشتبوون به هیچ رێككه‌وتنێك بۆ چۆنیه‌تی به‌شداریكردن له حكوومه‌ته‌كه‌دا و كۆبوونه‌وه‌ی كوردیی له ماڵی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ڕێوه ده‌چوو، به به‌شداری نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام بینیمان له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه حكوومه‌ت متمانه‌ی وه‌رگرت له په‌رله‌مان، هه‌رچه‌نده كورد داوای كرد چه‌ند سه‌عاتێك متمانه‌دان به حكوومه‌ت دوا بخرێت تا هه‌ڵوێستی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و داوایه له‌به‌رچاو نه‌گیرا، ئه‌وه سه‌ره‌تای فریودانی كورد و به كه‌م سه‌یركردنی بوو له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا.
كورد چه‌ند داوایه‌كی خسته به‌رده‌م حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی كه بۆی جێبه‌جێ بكات، سه‌ره‌كیترینیان گه‌ڕانه‌وه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم بوو كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كه‌ی نووری مالیكی بڕابوو، به‌ڵام عه‌بادی نه‌ك بودجه‌ی نه‌گه‌ڕانده‌وه، بگره ده‌یان كێشه‌ی تری بۆ كورد دروست كرد.
كورد ئایندهی له عێراقدا نییه
گه‌لی كورد كه گه‌یشته بنبه‌ست له‌گه‌ڵ عێراق، ڕۆژی 25ـی ئه‌یلوولی 2017 به‌سه‌رۆكایه‌تیی بارزانی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام دا و 93%ی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه ده‌نگیان به به‌ڵێ بۆ جیابوونه‌وه له عێراق دا، به‌ڵام له 16ـی ئۆكتۆبه‌ر به‌ده‌ستی ناوخۆ و وڵاتانی هه‌رێمی، سوپا و میلیشیاكان گه‌ڕانه‌وه ناوچه كوردییه كێشه له‌سه‌ره‌كان.
بۆیه كورد پێویسته ئه‌زموون له‌و دۆخانه‌ی رابردوو وه‌ربگرێت و به به‌رنامه و دنیابینی سیاسیی نوێوه بچێته‌وه به‌غدا، هاوكات په‌له نه‌كات له چوونه ناو گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی سیاسی بۆ پێكهێنانی عێراق و جارێكی تر حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ده‌ستی كورد دروست نه‌كرێته‌وه، هه‌میشه‌ش له داواكانی خۆیان سوور بن و هه‌ر كاتیش حكوومه‌تی عێراق نزیك بووه‌وه له هه‌ره‌س، ئه‌وه راستی نه‌كاته‌وه، بگره وه‌ك ململانێكارێكی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی، بۆی كرا ده‌ستی هه‌بێت له ڕووخاندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، چونكه بۆمان ده‌ركه‌وت هه‌رچی چاكه و سوودمان هه‌بێت بۆ عێراق، ئه‌وه به زیان بۆ كورد ده‌شكێته‌وه.
ئێسته كورد له دانوستاندایه له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان، پێویسته داوا بكات له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ئه‌و داوایانه‌ی هه‌یه‌تی له ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێت به سه‌رۆك وه‌زیران، له كارنامه‌ی حكوومه‌ت جێگیری بكات و حكوومه‌تی نوێ ده‌ست به جێبه‌جێكردنی بكات له كاتی دیاریكراودا. به پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه بگرێته به‌ر چونكه دروستكردنه‌وه‌ی ئومێد دوای چوار حكوومه‌ت و 16 ساڵ حوكمڕانی، جۆرێكه له گاڵته‌جاڕی به‌رانبه‌ر كورد و له لایه‌ن كوردیشه‌وه به‌رانبه‌ر خۆی.