وێڕای ئه‌وه‌ی شه‌ڕێكی نایه‌كسان له نێوان سوپای توركیا له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤانان و خه‌ڵكی عه‌فرین ده‌كرێ و ده‌یان ڕۆڵه‌ی كوردی شه‌هید كردووه، به‌ڵام بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی دڵی هه‌موو كورد گه‌رم بكات و له ڕێی خۆپیشاندان، ڕێپێوان، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ده‌یان هۆی تر، ئه‌و سته‌م و هێرشه به‌ڕبه‌ڕییه‌ی توركیا به دونیا بگه‌یه‌نن، ئه‌مه‌یش بۆ خۆی لایه‌نێكی ئه‌رێیی ئه‌و شه‌ڕه‌یه كه ڕه‌نگه بۆ یه‌كه‌م جار بێت چل ملیۆن كورد پێكه‌وه داكۆكی له بابه‌تێك بكه‌ن. زۆر له نووسه‌رانی له‌سه‌ر ئه‌م یه‌كده‌نگییه‌ی بۆ عه‌فرین ده‌كرێ، خوێندنه‌وه‌یان وا كردووه، ناسیۆنالیستی كوردی جارێكی دی زیندوو كردبێته‌وه! ئه‌ز وای ڕاڤه ناكه‌م، ماوه‌ی نێوان عه‌فرین و كه‌ركووك، چه‌ند مانگێكه، ئه‌ی بۆ ئه‌و هه‌سته له‌وه‌ی ئه‌و شاره دروست نه‌بوو! پێویسته خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین.
له دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و به ڕێككه‌وتنی سایكس-پیكۆت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێ بنه‌ما كه زیاتر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ریتانیا و فڕه‌نسا گونجاو بوو، سنووری نوێ داڕێژرا، تێیدا عه‌ره‌ب زیانی زۆری كرد، چونكه خه‌ونی یه‌كپارچه‌یی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له كه‌نداوه‌وه بۆ زه‌ریا، خرایه چاڵه‌وه و ئیتر خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه به شێوه‌یه‌ك لێك دابڕان تازه جارێكی تر به‌یه‌كه‌وه نانوسێنه‌وه.
كورد له‌وانیش زیاتر زیانی به‌ركه‌وت، چونكه ئه‌و ناوچه جیایانه‌ی له شێوه‌ی هه‌رێم و میرنشین نیمچه قه‌واره بوون و سه‌ر به عوسمانی یان ڕووسیا بوون، هه‌مووی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و به ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ی دیكه‌ی لكاندن كه ئه‌وان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و بڕیار بوون و ئه‌مان میوان و هاووڵاتیی پله دوو، ئه‌م هه‌سته داوای تاكی كوردی له نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆوه بچووك كرده‌وه بۆ داوا مرۆیییه زۆر ساده‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مان مافی ژیانی عه‌ره‌بێك و توركێك و فارسێكی هه‌بێ، بتوانێ وه‌ك ئه‌وان بازرگانی بكات و وه‌ك ئه‌وان گه‌شت بكات! قه‌ینا به ناوی ئه‌وانیشه‌وه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانێ وه‌ك ئه‌وان بژی.
پێم وایه خه‌ریكه مه‌به‌سته‌كه‌م ده‌گه‌یه‌نم، بۆیه ڕاسته‌وخۆ دێمه سه‌ر عه‌فرین. تاكی كورد هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌و داوا مرۆیییانه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و شاره و پڕ به گه‌رووی داوا له دونیا ده‌كات، به‌زه‌یی به خه‌ڵكی سڤیلی شاره‌كه و دار زه‌یتوونه‌كانی بێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه داوا له پایته‌ختی وڵاتانی جیهان ده‌كات په‌ستان بخه‌نه سه‌ر توركیا، كورد ده‌یه‌وێ بڵێ، قه‌ینا به‌شێكم له تۆ، ته‌نیا ڕێم بده وه‌ك تۆ بژیم، زیاتر نا. خۆ په‌یه‌ده ڕۆژێكیش داوای سه‌ربه‌خۆیی نه‌كردووه و خۆی به قه‌ڵایه‌كی سه‌ر سنوور ده‌زانێ بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و ڕژێمی ئه‌سه‌د. به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌م، نموونه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان له 25ی ئه‌یلوول و ڕووداوه‌كانی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره!
واز له ڕای دونیا بێنه، به سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ڕازی نه‌بوون، ئایا به‌ڕاست ئێمه گه‌لێكی ئاماده بووین بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟ وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی دونیا، چاره‌نووسی خۆمان دۆزیبێته‌وه و هێزه سیاسییه‌كه‌مان گرێدراوی هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو؟ نه‌خێر، هه‌رگیز پێم وا نییه ڕێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك له ڕیفراندۆمه‌كه، مانای ڕێژه‌ی ویستی خه‌ڵك بێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به پێچه‌وانه‌وه به‌شێكی زۆری له‌ژێر كاریگه‌ریی حزبایه‌تیدا بوو، ئه‌ی ئه‌وه نییه زۆنی سه‌وز له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵیان به ڕیفراندۆم خۆش نه‌بوو، هانی خه‌ڵكیان نه‌دا بۆی!.. خه‌ڵك؟ بیر بكه‌ره‌وه، میله‌تێك هه‌ستی ناسیۆنالیستی هه‌بێ، پێویستی به هاندانی حزبه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سندووقی ده‌نگدان بڵێ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟ به‌ڵام میله‌تی كورد ته‌نیا به ڕێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كان له ناوچه‌كان و ویستیان بۆ ڕیفراندۆم، ده‌نگیان دا. ئێمه میله‌تێكین، هه‌ستی ناسیۆنالیستمان تێدا مردووه، عه‌فرینیش به‌رزی ناكاته‌وه.
سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا هه‌ستێكی مرۆیی لاوازه ده‌مانجووڵێنێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆردمانه‌ی سه‌ر شاره‌كه بوه‌ستێ. ئه‌ی ئه‌وه نییه كه‌ركووك و خورماتوو ئه‌تك كران، كه‌س ده‌نگی لێوه نه‌هات! ته‌نیا له‌به‌ر دوو هۆكار، یه‌كه‌م وه‌ك له درێژه‌ی وتاره‌كه‌مدا گوتم، به زۆر له‌وانه‌شه‌وه ده‌نگیان به به‌ڵێ له ڕیفراندۆم دا، هه‌ستیان كرد ئه‌وه كارێكی خراپ بوو كردیان، كه‌ی كاتی ئه‌وه‌یه كورد ببێ به ده‌وڵه‌ت، بۆیه هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كه‌ركوودا هات، به پاساوێكی لۆژیكییان دانا، بۆیه له نه‌ستی ترسنۆكی دوور له ناسیۆنالیستی تاكی كورده‌وه، نقه بۆ كه‌ركووك نه‌كرا.
هۆكارێكی تریش هه‌یه كه ئێجگار ڕوونه، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ربه‌خۆییش بێت، له‌لایه‌ن پارتییه‌وه به‌رز بكرێته‌وه، ئه‌و هێزه‌ی له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه له دژی دروست بوو كه ئێسته سێ چوار حزبه و ره‌وتێكی ناو ڕۆشنبیرانی ده‌ڤه‌ری سلێمانیشه، هه‌ر ده‌بێ دژی بوه‌ستنه‌وه، ته‌نانه‌ت به ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریش بێت له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی وه‌ك كوڕ و برازاكانی مام جه‌لال، یان هۆنینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه له دژی ناسیۆنالیست له بنه‌ڕه‌ته‌وه گوایه مۆدی نه‌ماوه.
ئێمه گه‌لێكی په‌رتین و ده‌بێ كۆ ببینه‌وه، تاكه چاره‌سه‌ریش ئه‌و هه‌سته ناسیۆنالیسته‌یه كه له تاكی كورددا بناغه‌كه‌ی هه‌ڵكه‌نراوه و داماڵیوه له هه‌موو به‌هایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و له‌سه‌ر بنه‌مای ماڵی خۆم و مووچه‌ی خۆم، ده‌ڕوانێته هه‌موو شتێك، له كاتێكدا نه‌ته‌وه‌كانی چوارده‌ورمان، خه‌ریكی پیلانی ده‌یان ساڵه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بمانخه‌نه‌وه دۆخی ته‌نانه‌ت پێش سایكس-پیكۆت و ئه‌وه‌ی سه‌ر به عوسمانی بوو بڕواته‌وه و ئه‌وه‌ی سه‌ر به سۆڤێت بوو، له شوێنی خۆی دابنرێته‌وه.