په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
(١)
عێراق وه‌ك كه‌لاوه‌یه‌كی وێران؛ توركیا وه‌ك هێزێكی زاڵ
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراقدا سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی (به‌سڕه، نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا) كرد. به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا دوای پێنج ساڵ له داخستنی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له به‌سڕه، جارێكی تر بكرێته‌وه؛ هاوكات كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ریه‌ك له نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لاش بكرێته‌وه. دیاره توركیا له‌م هه‌وڵانه‌یدا دوو خاڵی به‌لاوه گرنگه:
یه‌كه‌میان: گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و یاده‌وه‌رییه مێژووییه‌ی كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ر له جه‌نگی جیهان له عێراق و باشووری عێراق به‌تایبه‌تی هه‌یبوو، یان زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌یاڵ و یاده‌وه‌رییه مێژووییه‌ی ئیمپراتۆری عوسمانی له‌رێی دووباره گه‌ڕانه‌وه و ئاماده‌بوون و جووڵه‌كردن له‌و جیۆگرافیا شیعییه‌ی عێراق. به‌سڕه یه‌كه‌یه‌كه له هه‌موو یه‌كه جیۆگرافییه‌كانی تری عێراق بۆ توركیا جێی یاده‌وه‌ری و نۆستالیجیا و رابردووه؛ پێ ده‌چێت ئه‌م دیده‌ی توركیا پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت به‌ریتانییه‌كان هه‌رزوو له رێی به‌سڕه‌وه خۆیان كرد به جه‌سته‌ی ماندوو و بریندار ده‌وڵه‌تی عوسمانی، په‌یكه‌ری سیاسی و سه‌ربازی خۆیان تێكه‌ڵ به په‌یكه‌ری پیاوه نه‌خۆشه‌كه كرد و هه‌رزوو پایه‌كانی ئه‌و ئیمپڕاتۆره‌یان داڕماند.
عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كێكه له لاوازترین و بێ چوارچێوه‌ترین یه‌كه‌ی سیاسی له دنیادا، توركیا ده‌یه‌وێت ئه‌م لاوازبوون و داڕمان و كه‌لاوه‌بوونه‌ی عێراق وه‌ك هه‌ڵێكی گه‌وره، وه‌ك ده‌رفه‌تێكی مێژوویی به‌كار بهێنێت تا جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه و ئاماده بێت! جارێكی تر به‌زمان و هێما و كڵێشه‌ی ئیمپڕاتۆرییه‌كه‌ی دوێنێی گفتوگۆ بكات و هێز و باڵایی خۆی بسه‌پێنێت.
دووه‌م: توركیا ده‌یه‌وێ ئابووری به‌سڕه به ئابووری وڵاته‌كه‌ی ببه‌ستێته‌وه و كار بۆ ئه‌وه بكات جیۆگرافیای مه‌زه‌وی باشووری عێراق به‌تایبه‌ت سێكوچكه‌ی به‌سڕه، نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا وه‌ك پانتاییه‌كی مه‌زه‌وی و دڵی شیعه‌گه‌رایی بۆ عێراق و ئێران و شیعه‌كانی دنیا به‌گشتی به توركیا ببه‌ستێته‌وه یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌وه پێشانی ئێران و شیعه‌كان بدات كه توركیا وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سوننی ده‌توانێ له‌گه‌ڵ دنیای شیعه و شیعه وه‌ك جیۆگرافیا و مه‌زه‌و و ئابووری خۆی بگونجێنێت و لێكتێگه‌یشتن و هاوكاری و گفتوگۆی مه‌زه‌وی و ئابووری دروست بكات. دیاره ئه‌م مۆدێڵه‌ی پێوه‌ندی و تێكه‌ڵكردنه ئابوورییه مه‌زه‌وییه ده‌روازه‌یه‌كی گه‌وره و ستراتیجی به‌سه‌ر توركیادا ده‌كاته‌وه؛ له هه‌مووی گرنگتر ره‌نگه له‌و دۆخه‌ی خراپ و ته‌نگژه ئابووری و سیاسییه‌ی كه ئه‌مڕۆ توركیا تێیكه‌وتووه، به‌سڕه و باشووری عێراق بتوانێت تا ئاستێك كۆمه‌كی بكات، به‌ڵام پلان و ئه‌جێندای سه‌ره‌كی توركیا ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو رووبه‌ره نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زه‌وییه‌كانی عێراق له پێوه‌ندیدا بێت. هه‌ر له مووسڵه‌وه تا ده‌گاته به‌غدا، هه‌ر له به‌سڕه و باشووری عێراقه‌وه تا هه‌رێمی كوردستان تا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه خۆی بۆ قۆناغی (عێراق به‌بێ ئێران) ئاماده بكات و له‌بری ئێران، له عێراق رۆڵ ببینێت!
(٢)
توركیا و هه‌رێم؛ دووانه‌یه‌كی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراو
هه‌فته‌ی رابردوو مه‌ولوود چاوش ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد. دیاره هه‌رێم و توركیا كایه‌ی ئابووری و بازرگانی به‌قووڵی به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه! به‌یه‌كه‌وه‌یان گرێ ده‌دات. توركیا له ناوچه‌كه‌دا به‌دوای كۆمه‌ڵێك به‌ها و وێنه‌دا ده‌گه‌ڕێت، به‌های بوون به هێزێكی ناوچه‌یی، گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می عوسمانیزم، گه‌ڕانه‌وه بۆ دوێنێ و سنووره‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، گه‌ڕان به‌دوای بازاڕ، گه‌ڕان و هه‌وڵدان بۆ خۆتازه‌كردنه‌وه‌ی سه‌ربازی و سیستمی ئاسایش.
مۆدێلی ئاك پارتی مۆدێلێكه لیبڕاڵیزمی ئیسلامی ده‌یجووڵێنێت و پایه‌كانی بۆ داده‌ڕێژێت. لیبڕاڵیزمی ئیسلامی به‌مانای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك خاوه‌ن بازاڕ و به‌رهه‌مێكی گه‌وره‌یه و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ش به‌دوای بازاڕی تر و ناوه‌ندی تره بۆ فرۆشتنی كاڵا. له لیبڕاڵیزمدا زمانی بازاڕ و ریساكانی بازاڕ سه‌نته‌ره و؛ زیاتر له هه‌موو كه‌رته‌كانی تر قسه‌ده‌كات. راستییه‌كه‌ی بازاڕ كڵێشه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه و زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی تر له جه‌سته‌ی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت.
توركیا، هه‌رێمی كوردستان و كه‌نداو وه‌ك بازاڕێكی گه‌وره ده‌بینێت! له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكه‌وه نزیكه، گواستنه‌وه و گه‌یاندن ئاسانتره، زمانی گفتۆگۆ و سیاسی نه‌رمتره، سه‌رمایه‌ی ئاینی و مێژوویی توركیا زاڵتره، هێزی نه‌رمی توركی باشتر لێی ده‌جووڵێت و گه‌شه ده‌كات. ڕاستییه‌كه‌ی توركیا ده‌یه‌وێت ته‌مه‌نی ئاماده‌بوونی خۆی له ناوچه‌كه‌دا درێژ بكاته‌وه! هیچ سوپه‌ر ماركێت و مۆڵ و ناوه‌ندێكی ئابووری ئێمه نییه كاڵا و به‌رهه‌مێكی توركی لێ نه‌بێت! له زنجیره دراما و فیلم و سینه‌ماوه تا ده‌گاته زه‌یتی زێڕ و هه‌ویری ته‌ماته‌ی زێڕ و ئاڵتوونسا و خواردن و مه‌یك ئه‌پ و له‌چك و مۆده‌ی توركی! توركیا نایه‌وێ ئه‌م مۆدێله له پێوه‌ندیی، یه‌كتر ته‌واوكردن، یه‌كتر تازه‌كردنه‌وه‌یه بپچڕێت! توركیا هه‌م به‌دوای ئاسایش و هه‌میش به‌دوای بازاڕه‌وه‌یه.
ئه‌م دۆخه بۆ هه‌رێم شتێكی تره. پێ ده‌چێت پێوه‌ندی هه‌رێم له به‌رانبه‌ر توركیادا ناچاری بێت! دیاره هه‌رێم لاندلۆك و بێ ده‌روازه‌یه، بێ ده‌رگه‌یه. هێزه ئابوورییه ناوه‌كییه‌كه‌ی دیپێندنسی و وابه‌سته‌یه. توانای جووڵه و گه‌یشتن به بازاڕ و به‌نده‌ره گه‌وره‌كانی دنیای كه‌مه. هه‌رێم كه‌متر ده‌توانێ بچێته قۆناغی (هه‌رێمی كوردستان به‌بێ توركیا!) ئه‌م دووانه‌یه ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه بن تا ئه‌م دۆخه جیۆپۆله‌تیكییه‌ی ئێسته ئاماده بێت، تا سنووری ناوچه‌كه ده‌رفه‌تی گۆڕانی تێدا دروست نه‌بێت. سه‌رباری ئه‌م زاڵێتیی و باڵاییه‌ی توركیا هێشتا رووبه‌رێكیشه بۆ پێوه‌ندیكردنی هه‌رێم به دنیاوه. هه‌رێم مادام دووره له ئاو و ده‌ریا و به‌نده‌ر، ده‌بێت له‌ڕێی توركیاوه خۆی بلكێنێت به بازاڕی لیبڕاڵی دنیاوه، ئه‌گه‌رنا ده‌خنكێت.