په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
(١)
چین وه‌ك هێزێكی تازه
یه‌كێك له پرسیار و مشتومڕه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م، پرسیاركردن و تێڕامانه له گۆڕانی سیستمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی! له دروستبوون و له‌دایكبوونی هێزی سیاسی و ئابووری و ته‌كنه‌لۆجی و دیپلۆماسی تازه. دیاره له‌دوای رووداوی ١١ی سێپتێمبه‌ره‌وه، به‌رده‌وام لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه ده‌كرێت كه كێ ده‌یه‌وێ بێته ناو سیستمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه! چۆن پرسی جه‌مسه‌ربوون و گۆڕانی سیستمه‌كه داده‌ڕێژرێته‌وه! دیاره كۆمه‌ڵێك ئاڕگیۆمێنت و سیناریۆ بۆ ئه‌م دۆخه و پرۆسه‌یه له ئارادایه. به‌شێك پێیان وایه سیستم و جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌كه زیاتر به‌ره‌و فره‌جه‌مسه‌ری ده‌چێت؛ به‌شێكی تر پێیان وایه هیچ جه‌مسه‌رێك ئاماده‌یی نامێنێت و دنیا به‌ره‌و بێ جه‌مسه‌ریی و دۆخی ئاناركی و پاشاگه‌ردانی هه‌نگاو ده‌نێت! به‌ڵام ئه‌و سیناریۆیه‌ی كه زیاتر پاڵپشتی ده‌كرێت و به‌رگری لێ ده‌كرێت؛ سیناریۆی گۆڕانی سیستمه‌كه‌یه به‌ره‌و دووجه‌مسه‌ری Bi-polar System. دوو جه‌مسه‌ری به‌مانای ئه‌وه‌ی دوو هێزی سیاسی و سه‌ربازی و دیپلۆماسی هاوشانی یه‌كتر، به‌قه‌باره‌ی یه‌كتر له‌ناو سیستم و ژینگه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌دا ململانێ له‌سه‌ر هه‌ژموون، ناسنامه، سنوور، دۆست و هاوبه‌ش، جیۆپۆله‌تیك، هاوسه‌نگی هێز و ئاسایشی وزه و.. هتد بكه‌ن.
پێ ده‌چێت یه‌كێك له كاندیده هه‌ره به‌هێزه‌كان بۆ بوون به جه‌مسه‌ر له‌و سه‌ده‌یه‌دا، ده‌وڵه‌تی چین بێت. دیاره چین له‌م دوو ده‌یه‌ی دواییدا به‌ته‌واوی و به قووڵی پایه‌كانی بۆ دۆخێكی وا داڕشتووه، ژێرخانه سیاسی و ئابوورییه‌كه‌ی په‌ره پێ داوه. چین له‌ڕووی سیاسییه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی و هه‌رێمییه‌وه خاوه‌ن جووڵه و باڵایی و جیۆپۆله‌تیكه. ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه! لێره‌وه چین وه‌ك به‌شێك له په‌یكه‌ر و بونیاد و پێكهاته‌ی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی رۆڵ ده‌بینێت. ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی به‌مانای ئه‌وه‌ی كه تۆ وه‌ك هێزێكی سیاسی و گه‌وره ده‌توانێ بڕیار له‌ناو په‌یكه‌ری سیاسی نێوده‌وڵه‌تی ره‌ت بكه‌یته‌وه له‌رێی مافی ڤیتۆكه‌ته‌وه. ئه‌م دۆخه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی به چین داوه كه به‌ئاسانی بتوانێ وێنه و خه‌یاڵ و ناسنامه‌ی زلهێزبوون و جه‌مسه‌ربوونی خۆی دابڕێژێت و ململانێكان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا به‌ڕێوه ببات.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر كێشه و گرفتی له‌گه‌ڵ گۆڕانی سیستم و جه‌مسه‌ره‌كه نه‌بێت، به‌ڵام گرفتێكی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ناوی و ئه‌كته‌ره‌كانی ناوی هه‌یه! مه‌به‌ست له هێزه ناوه‌كییه‌كه هێزێكی وه‌ك كۆماری میلی چینه كه زیاتر وه‌ك به‌ربه‌ست و نه‌یار و ركابه‌رێكی سه‌خت له به‌رانبه‌ر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌بینرێت. خه‌می ئه‌مڕۆی ئه‌مه‌ریكا خه‌مه له‌وه‌ی كه نه‌توانێ چین له‌ڕووی ئابوورییه‌وه رابگرێت و نه‌توانێ رێ له كشان و فراوانبوونی بگرێت.
(٢)
دیاره له‌دوای رووخانی سۆڤیه‌ت و كۆتاهاتنی جه‌نگی سارده‌وه، سه‌ره‌تایه‌كی تازه، تێزی فكری تازه، خه‌یاڵ و ئۆرده‌رێكی تازه له‌دایك ده‌بێت. دنیا زیاتر به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت چۆن بخرێته ناو "رێكخستنی نوێی جیهانی"ه‌وه. دیاره دنیا لێره زیاتر به‌و مانایه ده‌بێت چۆن به لیبڕاڵ بكرێت! چۆن زمانی قسه‌كردن، سیستمی پێوه‌ندییه‌كان و خولانه‌وه‌ی، نیگار و ئه‌ندێشه، سنووری بازاڕ و هێزه‌كانی ناوی، ژێرخان و روانینه‌كانی دابڕێژرێته‌وه! دووباره وێنه‌ی تازه‌ی بۆ دابمه‌زرێنێت.
یه‌كێك له‌و تێزانه‌ی كه ده‌یه‌وێ رۆحی ئایدۆلۆجیا و خه‌یاڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی لیبڕاڵیزم بمرێنێت و بكوژێت، فۆكۆیاما و كۆتایی مێژووه.
بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه كوشتنی ئایدۆلۆجیا و سیستمی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر فۆڕم و مۆدێڵێكی تازه‌ی تۆتالیتاریزم و به‌شمولیكردنی دنیایه. له‌دوای جه‌نگی سارده‌وه، ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات "چین" ببێت به كایه‌كی به‌لیبڕاڵكراو! ئه‌ندێشه و بیركردنه‌وه‌ی، خۆڕێكخستن و فه‌لسه‌فه‌ی بازاڕی، جووڵه ده‌ره‌كییه‌كانی، ته‌كنه‌لۆجیا و شێوازی به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێنانی، ناسنامه و هاوڕێكانی هه‌مووی له‌ژێر پایه و سێبه‌ر و تۆنه‌كانی 'رێكخستنی نوێی جیهانی"ه‌وه بێت! یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌و وێنه ئه‌مه‌ریكییه نزیك بێت كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت و به‌رهه‌می ده‌هێنێت.
ئه‌مڕۆ "چین" وه‌ك ئه‌كته‌ر، وه‌ك جه‌مسه‌ر، وه‌ك جیۆپۆله‌تیك و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه دژ به‌وانه ده‌رده‌كه‌وێ و كار ده‌كات. ژێرخانه سیاسییه ناوخۆییه‌كه‌ی دژ به New World Order ده‌خاته كار، كه‌مینه‌كان ده‌چه‌وسێنێته‌وه! له‌رێی ته‌كنه‌لۆجیاكه‌یه‌وه به‌رده‌وام به‌دوای كه‌مینه‌ی [ویگوره مسوڵمانه‌كانی] وڵاته‌كه‌یه‌تی! چاودێرییان ده‌كات، دیسپلینیان ده‌كات؛ وه‌ك هێزێكی شمولی له‌گه‌ڵیان له پێوه‌ندیدایه! له ده‌ره‌وه‌ی خۆی به‌دوای جیۆگرافیای سیاسی و هاوڕێ و هاوبه‌شی ئابووری تازه‌یه [پڕۆژه‌ی رێی ئاوریشم]. زۆر به‌قووڵی خه‌ریكی ئه‌وه‌یه له‌ڕووی ژێرخانی ته‌كنه‌لۆجیا و سایبه‌ر سیكیوریتییه‌وه ئه‌مه‌ریكا تێپه‌ڕێنێت. ئه‌م دۆخ و باڵاییه‌ی چین بۆ ئه‌مه‌ریكا نامۆیه، جێی قبووڵكردن و رازیبوون نییه.
ئه‌مه‌ریكا له‌ڕێی كۆمپانیا و هێزی ته‌كنه‌لۆجییه‌وه چین سزا ده‌دات! گووگڵ و كۆمپانیاكانی تر ناچار ده‌كات نه‌بن به به‌شێك له ژێرخانی ته‌كنه‌لۆجی چین و كۆمپانیایه‌كی وه‌ك هواوی! پێ ده‌چێت خه‌می ژماره یه‌كی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه بێت چین له داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌رێی ئابووری و ته‌كنه‌لۆجیاكه‌یه‌وه پایه‌كان و زمانی قسه‌كردنی سیستمی نوێی جیهانی بله‌رزێنێت، لاوازی بكات و ده‌ستكاری بكات. بازاڕی جیهانی وه‌ك ناسنامه‌ی لیبڕاڵیزم و یه‌كه‌یه‌كی ئۆتۆنۆم و پڕ ئه‌كته‌ر بخاته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه. ئه‌مه‌ریكا ترسی هه‌یه چین ببێت به جه‌مسه‌ر و ركابه‌ری له ناو سیستمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تیدا، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌و و دژ به ئه‌و بیر بكاته‌وه و بڕیار بدات! دیاره سیستمی دووجه‌مسه‌ری هێشتا به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه پڕه له ماندووبوون و وه‌ڕسبوون و به‌فیڕۆدانی وزه‌یه‌كی بێ سنوور.