په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كه‌م
رووداوه‌كه‌ی تڕابزۆن و ناسیۆنالیزم
(تڕابزۆن) یه‌كێكه له پانتاییه قووڵه‌كانی ناسیۆنالیزمی توركی له توركیادا. ئه‌م رووبه‌ره به زمانێكی یه‌كجار نه‌ژادپه‌رستانه‌ی توركی قسه و جووڵه ده‌كات. ناسیۆنالیزمی توركی، سه‌رچاوه، هێز، خه‌یاڵ و ئاكاره‌كانی له ناسیۆنالیزمی ئه‌ڵمانی و تیۆریستێكی وه‌ك (هێرده‌ر)ه‌وه وه‌رده‌گرێت.
ئه‌م فۆڕمه‌ی ناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی نه‌ژادی) پایه‌كانی خۆی له‌سه‌ر نه‌ژاد، خوێن و سپێرم و دۆخێكی بایه‌لۆجی داڕشتووه. وێنه‌یه‌كی بایۆلۆجییانه و فیسیۆلۆجییانه‌ی هه‌ڵگرتووه و نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه دنیای توركی، كۆمه‌ڵگه‌ی توركی، ئینتێڵیجینسیای توركی، ره‌شوڕووتی توركی، منداڵ و پیره‌پیاو و مردوو و زیندووی توركی، به‌م دید و فه‌لسه‌فه‌وه په‌روه‌رده ده‌كرێن. بۆیه ناسیۆنالیزمی نه‌ژادپه‌رستانه‌ی توركی وه‌ك ڤاكسین له جه‌سته‌ی هه‌موو توركێكدا ئاماده‌یه و له هه‌موو شوێنێك ده‌بینرێت، ته‌نانه‌ت له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی توركیا گه‌شه‌ی پێ ده‌درێت و ره‌گه‌كانی به‌هێز ده‌كرێت.
فه‌لسه‌فه و بنه‌ماكانی كه‌مالیزم و تۆرانیزم نزیكه‌ی 100 ساڵه وا كۆمه‌ڵگه و تاك و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی توركیای په‌روه‌رده كردووه كه كوردبوون و سیمبۆل و كه‌له‌پوور و جیۆگرافیا و یاده‌وه‌رییه‌كانی، بۆمبێكی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر توركیا و توركبوون.
توركیا 100 ساڵه گرێیه‌كی ده‌روونی قووڵی له‌گه‌ڵ (كورد، ئه‌رمه‌ن و یۆنانییه‌كان)دا هه‌یه و ناتوانێ خۆی لێ به‌تاڵ بكاته‌وه و خۆی لێ ده‌رباز بكات. بۆیه ئاماده‌بوونی كورد له‌ڕێی ئاڵاكه‌یه‌وه له تڕابزۆندا برینێكی قووڵ و ئازارێكی گه‌وره‌یه بۆ جه‌سته‌ی توركبوون و ئاركیۆلۆجیای ده‌وڵه‌تی توركیا.
دووه‌م
له ده‌ستوور و یاسای بنه‌ڕه‌تی توركیادا ته‌نیا یه‌ك نه‌ته‌وه، یه‌ك زمان، یه‌ك ئاڵا و یه‌ك یاده‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی ددانی پێدا نراوه. هه‌موو به‌یانییه‌ك منداڵانی توركیا جا سه‌ربه هه‌ر گرووپێكی ئیتنیكی بن له‌و وڵاته‌دا، ده‌بێت یه‌ك حیكایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌ك سروودی نه‌ته‌وه‌یی بڵێنه‌وه.
ئه‌م فۆڕمه له په‌روه‌رده‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نده‌سه‌یه‌كی ته‌واو نه‌ژادپه‌رستانه‌ی دروست كردووه و به‌ته‌واوی هێزێكی نه‌ته‌وه‌یی باڵا و سه‌روه‌ر كردووه به‌سه‌ر هێزه نه‌ته‌وه‌یی و گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تردا. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م دۆخه به درێژایی 100 ساڵ وه‌ك ئامێر و كارخانه‌یه‌كی گه‌وره كاری كردووه بۆ سه‌پاندنی سیستمێكی تۆتالیتا‌ر و تاكڕه‌هه‌ند و ناشارستانی و به‌هێزكردنی ره‌گ و ریشه‌كانی نه‌ژادپه‌رستی له‌و وڵاته‌دا.
ئه‌م مۆدێله له په‌روه‌رده و حكومڕانی ناتوانرێ وا به‌ئاسانی به‌ری پێ بگیرێت، ماناكانی به‌تاڵ و كاڵ بكرێته‌وه، چونكه ئه‌م پاڕادیم و بیركردنه‌وه سیاسی و سۆسیۆلۆجییه له زۆربه‌ی ئاسته‌كاندا، له زۆربه‌ی كایه و بواره جیاوازه‌كانی ناو دنیای توركیدا ده‌بینرێت و ئاماده‌یه.
له‌ناو كایه‌ی هونه‌ردا ئاماده‌یه، له‌ناو ئه‌ده‌بیات و شیعر و رۆمان و ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌بدا ئاماده‌یه، له‌ناو سینه‌ما و شانۆ و دراما و وێنه و په‌یكه‌ره هونه‌رییه‌كانی دنیای توركیدا ئاماده‌یه. رۆژگارێك كاراكته‌رێكی وه‌ك (یه‌ڵماس گۆنای) به‌رده‌وام بێ ناسنامه كراوه، به‌هۆی ئه‌و وێنه تایبه‌ته‌ی كه له به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌كانیدا به‌رهه‌می ده‌هێنا و وێنه‌كان به زمانێكی تایبه‌ت له زمانی توركبوون و به ناسنامه‌یه‌كی جیاواز له ناسنامه‌ی توركبوون گفتوگۆی كردووه و خۆی مانیفێست كردووه.
ئه‌حمه‌د كایا و چه‌ندان هونه‌رمه‌ند و شاعیر و رۆماننووسی تری كورد له توركیادا به‌هه‌مان ریتم و مۆدێل مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه.
ئه‌م سیستم و بیركردنه‌وه و مامه‌ڵه‌كردنه به‌رهه‌می 100 ساڵی رابردووی ناسیۆنالیزمی نه‌ژادی توركه كه كه‌مال ئه‌تاتورك پایه سه‌ره‌كی و وێنه قووڵه‌كانی ناوی په‌ره پێ داوه و نه‌خشاندوویه‌تی. له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنه نه‌ژادی و ناسیۆنالیزمه تاڵانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی توركی، چه‌ند كاراكته‌رێكی كه‌م هه‌ن دژ به‌و وێنه ناسیۆنالیزمه ناشیرینه‌ن و به‌رگری له ماناكانی پێكه‌وه‌بوون و فره‌شوناسی و تۆلیرانس و رێزگرتن له یه‌كتر و دووركه‌وتنه‌وه له ناسیۆنالیزمی نه‌ژادی ده‌كه‌ن، له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه (ئیسماعیل بێشكچی، ئورهان پاموك و ئه‌لیف شه‌فه‌ك ).
سێیه‌م
گه‌شتیار و ناسیۆنالیزم
كه‌رتی گه‌شتیاری به‌شێوه‌یه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزم، مانا جیاوازه‌كانی ناسیۆنالیزم، ناسیۆنالیزم وه‌ك ئایدۆلۆجیا و وه‌ك پرۆسه و سیستم له پێوه‌ندیدایه. هه‌ر له‌و چركه‌ساته‌ی گه‌شتیار ڤیزا و رێی پێ ده‌درێت به فه‌رمی بچێته وڵاتێكه‌وه به قووڵی ده‌چێته ناو هێڵه گشتی و تایبه‌تییه‌كانی ناسیۆنالیزمی وڵاتی پێشوازیكه‌ره‌وه. گه‌شتیار له هه‌ر چركه‌ساتێكدا ئه‌زموونی سیمبۆل و ژێرخان و سه‌رخان و رابردوو و خه‌یاڵی ناسیۆنالیزمانه‌ی وڵاتی پێشوازیكه‌ر ده‌كات. هه‌ر له ئاڵا و لۆگۆی وڵات و پاسه‌وان و هێز و جیۆگرافیا و جووڵه‌ی خه‌ڵك و رووخسار و جۆری مامه‌ڵه‌یان تا ده‌گاته شوێنه گه‌شتیاریی و مێژووییه‌كان و رابردوو و یاده‌وه‌ری ئه‌و نه‌ته‌وه و وڵاته به‌گشتی.
هه‌ر دیمه‌نێك له‌مانه گوزارشتێكی تایبه‌ت له ناسیۆنالیزم ده‌كه‌ن و به زمانێكی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ییش قسه ده‌كه‌ن و پێوه‌ندیت پێوه ده‌كه‌ن. به‌ڵام دیاره توركیا به زمانێكی یه‌كجار تایبه‌ت و قووڵی ناسیۆنالیزمانه‌ی گه‌شتیارییه‌وه قسه ده‌كات و خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه و له زۆربه‌ی رووبه‌ره‌كانیدا ئاڵاكانیان ئاماده‌یه.
جیۆگرافیای گه‌شتیاری توركی جیۆگرافیایه‌كه نوێنه‌رایه‌تی پارچه‌یه‌كی گه‌وره له ناسیۆنالیزمی توركی ده‌كات و له ڕێیه‌وه په‌یام و خه‌یاڵه‌كانی ده‌نێرێت. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر گه‌شتیارێك كاتێك پێ ده‌نێته ناو ده‌وڵه‌تی توركیاوه به‌تایبه‌ت تڕابزۆن و ئیستانبوڵ و ئه‌نكه‌ره و ئه‌نتاڵیا و شوێنه‌كانی تر، هه‌ر له چركه‌ساتی سه‌ره‌تاوه هه‌ست به‌وه ده‌كات كه پێی ناوه‌ته كۆمارێكی ناسیۆنالیزمی گه‌وره كه به‌رده‌وام سیمبۆل و هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به بیر گه‌شتیار و میوانه‌كانی دێنێته‌وه و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و له خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه و ئه‌ندێشه‌یاندا جێگیریان ده‌كات.
ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه و ناسیۆنالیزمه ده‌رفه‌تی پێكه‌وه‌بوون یه‌كجار كه‌م ده‌كاته‌وه.