په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كه‌م
چۆن له پۆست مۆدێرنه بگه‌ین؟ ئه‌م هێڵه فكریی و قوتابخانه فه‌لسه‌فییه چی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه و مانیفێستۆ كردووه؟ دیاره ده‌بێت سه‌رێك له "لیوتار" بده‌ین بۆ تێگه‌یشتن له ناوك و په‌راوێزی پۆست مۆدێرنه، چونكه لیوتار به باوكی ئه‌م پرسه داده‌نرێت. باوك وه‌ك سوژه‌یه‌ك كه وێنای گشتی، دۆخی بیركردنه‌وه، ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌م مۆدێله له فكر و بنیاته بینراوه‌كانی نه‌خشاندبێت و دیزاین كردبێت.
لیوتار وێنه دابه‌شبووه‌كانی پۆست مۆدێرنه له‌ناو ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و ئاركیتێكچهرهوه ده‌گوازێته‌وه بۆ ناو فكر و فه‌لسه‌فه و وێنه، بنیات، رێسا و بنه‌مای فكرییان بۆ داده‌ڕێژێت و "وه‌ك یه‌كنه‌بوون و جیابوونه‌وه له ئه‌وانیتر" وه‌ك دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فكریی ده‌كات به ناسنامه و به‌ها.
"زیگمۆند باومان" له‌ڕێی چه‌مكی "مۆدێرنه‌ی شل"ـه‌وه ده‌یه‌وێت چیڕۆكی پۆست مۆدێرنه رابگه‌یه‌نێت. "میشێل فۆكۆ"ـیش له رێی دوانه‌ی ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه و ئاركیۆلۆجیا و جینالۆجیا و دامه‌زراوه‌ی شێتخانه، گرتووخانه و نه‌خۆشخانه‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ی پۆست مۆدێرنه پڕۆژه‌یه‌كه ده‌یه‌وێ هه‌موو بوار و خانه‌كانی ناو مۆدێرنه بخاته ژێر پرسیار و تێڕامان و وردبوونه‌وه‌وه. زیگمۆند باومان زیاتر ده‌یه‌وێ ته‌كنه‌لۆجیا و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌پۆله‌كانی جیهانگیری وه‌ك دڵ و رۆحی مۆدێرنه بخاته ژێر پرسیاری ئاڵۆز و فكریی و قووڵه‌وه.
دیاره باومان پێی وایه تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌كنه‌لۆجیا ته‌ڵه‌ن و مرۆڤ و تاك ده‌خه‌نه ناو بۆسه و سنووری بۆ داده‌نێن و په‌رژینی ده‌كه‌ن.
ژیان له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆجیا لای باومان فۆڕمێكه له ژیانی مۆدێرنه كه له زۆربه‌ی دۆخه‌كاندا بێ ناسنامه‌ی ده‌كات و به‌هاكانی لێ ده‌سێنێته‌وه، یان ته‌كنه‌لۆجیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌ڵه‌ن و مرۆڤی مۆدێرنه‌ی پێ راو ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له ئاسته سیاسی و سۆسیۆلۆجییه‌كه‌ی و گۆڕانه میكانیكی و ئۆرگانییهكانی ناو مۆدێرنه.
دووه‌م/ فۆكۆ و شێتخانه و پۆست مۆدێرنه
میشێل فۆكۆ له روانگه، په‌نجه‌ره و گۆشه‌یه‌كی تره‌وه كلیك له‌سه‌ر گۆشه‌كانی پۆست مۆدێرنه ده‌كات و ده‌یخوێنێته‌وه، زیاتر په‌نا بۆ سهبجێكتیزم و خود ده‌بات بۆ ئاشكراكردنی هێڵه گشتییه‌كانی پۆست مۆدێرنه. خودی به مانای ئه‌وه‌ی له‌ڕێی تاك یان مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بیركردنه‌وه و تێڕوانینی مانیفێستۆ ده‌كرێت.
چه‌مكی (شێت یان دێوانه) یه‌كێكه له چه‌مكه هه‌ره قووڵه‌كانی ناو دنیا و جیهانی میشێل فۆكۆ. دیاره فۆكۆ زیاتر فه‌یله‌سووفی مێژووی فكره و به‌شێك له كێڵگه‌ی كاركردنی بریتییه له شێت و شێتخانه و گرتووخانه و نه‌خۆشخانه و شوێنه‌كانی تری دیسپلینكردن و رێكخستنی ژیانی تاك و ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی تاك.
وا ده‌رده‌كه‌وێت شێتخانه و گرتووخانه و نه‌خۆشخانه ده‌زگه و بنكه‌ی پۆست مۆدێرنن و عه‌قڵانییه‌ت و عه‌قڵگه‌رایی به‌رهه‌می هێناون، بۆ جیاكردنه‌وه‌ی به‌شه ناعهقڵانییهكهی كۆمه‌ڵگه كه شێت و ناتهواوهكانن و دووباره ده‌بێت دیسپلین بكرێن و رێك بخرێنه‌وه و له پرۆسه‌یه‌كی تایبه‌تدا به‌عه‌قڵانی بكرێن و دابڕێژرێنه‌وه.
لێره‌وه شێت مانای كاره‌كته‌رێك نییه كه عه‌قڵی له ده‌ست دابێت، نه‌خێر شێت لێره دۆخێكی تایبه‌ته و هێزێك ده‌یه‌وێت ئه‌و فۆڕمه له عه‌قڵانییه‌ت به‌رهه‌م بێنێته‌وه كه خۆی ده‌یه‌وێت و خۆی له‌ناویدا ده‌ژیی و خۆی چوارچێوه و مانا ورد و درشته‌كانی بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات.
شێتخانه و ده‌زگه و بنكه‌كانی ترلای میشێل فۆكۆ دهزگهیهكه بۆ به‌عه‌قڵانیكردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی مۆدێلی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن كه سه‌روه‌ره و شێتخانه ڕووبه‌رێكه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی به‌شه زیندووه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه له به‌شه سڕكراو و دیسپلینكراو و پهرژینكراوهكهی.
فۆكۆ له كتێبی (مێژووی شێتی) كه له بنه‌ڕه‌تدا نامه‌ی دكتۆراكه‌یه‌تی، به ته‌واوی ده‌چێته ناو سۆسیۆلۆجیای ئه‌م دۆخ و پێوه‌ندی و مۆدێله‌ی كه له نێوان ده‌سه‌ڵات و شێتخانه وه‌ك دوو دووانه‌ی دژبه‌یه‌ك هه‌یه و ده‌بینرێت.
سێیه‌م/ تێز و ئه‌نتی تێز
دیاره پۆست مۆدێرنه ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ك ئه‌نتی تێزی مۆدێرنه نمایش بكات و بناسێنێت. ئه‌نتی تێز به‌و مانایه‌ی رووبه‌ڕووی ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی مۆدێرنه و دیوار و بنه‌ماكانی مۆدێرنه ببیته‌وه و بنیاتێكی ئۆتۆنۆم دروست بكه‌یت. ئه‌گه‌ر مۆدێرنه بازدان بێت به‌سه‌ر ئه‌فسانه‌ناسی و میتۆلۆجیا و خه‌یاڵی دوور له عه‌قڵگه‌رایی و گه‌ڕانه‌وه بۆ لۆجیك، ئه‌وا پۆست مۆدێرنه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ جیاوازییه‌كان و ئاڵۆزییه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی فرهییبوون.
دیاره ئاڕگیۆمێنتێك هه‌یه باس قۆناغبه‌ندی و كاتیگۆری و سه‌رده‌مه‌كانی فه‌لسه‌فه و فكر ده‌كات. سه‌رده‌می یه‌كه‌م وه‌ك یۆنانی كۆن و بیری كلاسیك ناو ده‌بات، سه‌رده‌می دووه‌م وه‌ك سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و سه‌رده‌می تاریكی و بێ رۆشنایی فه‌لسه‌فه ده‌ناسێنێت و سه‌رده‌می سێیه‌م وه‌ك مۆدێرنه و سه‌رده‌می چواره‌م و كۆتاش وه‌ك پۆست مۆدێرنه و قۆناغی دوای مۆدێرنه. ئه‌م دابه‌شكاری و دابه‌شبوونه پۆست مۆدێرنه ده‌كاته خاڵی كۆتا و مۆدێرنهیش وه‌ك خاڵی پێش كۆتا.
لێره‌وه چه‌مكی تێز و ئه‌نتی تێز ده‌رده‌كه‌ون، به پێچه‌وانه و ئاراسته‌ی یه‌كتر ده‌خولێنه‌وه و ده‌ست به جووڵه ده‌كه‌ن و له یه‌كتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه. وه‌ك چۆن له فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی یۆنانیدا قۆناغی به‌ر له سوكرات هه‌یه، دواتر قۆناغی ئه‌فلاتوون یان دوای سوكرات له دایك ده‌بێت و له كۆتاشدا قۆناغی سه‌رده‌می ئه‌رستۆ خۆی مانیفێستۆ ده‌كات و ده‌رده‌كه‌وێت.
جارێكی تر ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ دووانه‌ی تێز و ئه‌نتی تێز و مۆدێرنه و پۆست مۆدێرنه به‌وه‌ی كه له ڕووی كرۆنۆلۆجییهوه له دوای یه‌كتر له دایك ده‌بن و سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن.