(١)
لیبیا بۆ توركیا چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت!
رۆژی پێنجشه‌می رابردوو په‌رله‌مانی توركیا پێشنیازی ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ لیبیا خسته ده‌نگدانه‌وه و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی وڵاته‌كه په‌سه‌ند كرا. هه‌ر له دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانی توركیا به ٣٢٥ ده‌نگی به‌ڵێ و ١٨٤ ده‌نگی نه‌خێر پرسی ره‌وانه‌كردنی هێزی سه‌ربازی بۆ لیبیا په‌سه‌ند كرد. پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و مه‌هه‌په به "به‌ڵێ" و لایه‌نه‌كانی تریش وه‌ك جه‌هه‌په، هه‌ده‌په و ئی پارتی به "نه‌خێر" ده‌نگیان دا. دیاره ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا ئاماده كرابوو و تیشكی ده‌خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چۆن له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ئاسایش و هاوئاهه‌نگی سه‌ربازی كه له نێوان حكوومه‌تی ویفاقی نیشتمانی لیبیا و حكوومه‌تی توركیادا واژوو كراوه جێبه‌جێ بكرێت، په‌ره‌ی زیاتری پێ بدرێت و فراوان بكرێت.
دیاره به‌گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌كه، توركیا ده‌بێت هاوكاری سه‌ربازی و بواری ئاسایشی لیبیا بكات ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه، مه‌ترسی و هێرشی سه‌ربازی بووه‌وه! یان توركیا سوپای ئه‌و وڵاته رێكبخاته‌وه، دیسپلین و به دامه‌زراوه‌یی بكات، راهێنانیان پێ بكات. پڕۆژه پێشنیاره‌كه باسی له فۆرمێك هاوكاری سه‌ربازی ده‌كرد كه له‌كاتی ته‌نگانه بۆ لیبیا كه زیاتر توركیای وه‌ك ناوه‌ند و سه‌رچاوه‌یه‌كی پڕ له ئاسایش و دڵنیایی و هێز ده‌رده‌خست! ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه باسی له‌وه ده‌كرد كه "حكوومه‌تی ویفاقی نیشتمانی لیبیا، داوای هاوكاری و هاوئاهه‌نگی سه‌ربازی توركیای كردووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر سه‌قامگیری و یه‌كپارچه‌یی خاكی لیبیا، رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی داعش، قاعیده، گرووپ و هێزه چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا و كۆچی نایاسایی." ئه‌م فۆڕمه له هاوكاری و چوونه‌ده‌ره‌وه سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌یه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا. دیاره پێشتر توركیا هێزی ره‌وانه‌ی وڵاتانی تر و خاكی تر كردووه. هێزی ره‌وانه‌ی قه‌ته‌ڕ كردووه له‌كاتی ته‌نگژه‌ی دیپلۆماسی قه‌ته‌ڕ له‌گه‌ڵ وڵاتانی تری كه‌نداو. له ماوه‌ی جه‌نگی سارددا به‌شێكی قوبڕسی داگیر كردووه! ئه‌وه‌ی ئێسته روو ده‌دات! ئه‌و هێزه‌ی ئێسته ده‌ینێرێت بۆ لیبیا، ستراتیجێكی تازه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیایه له به‌رانبه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌بی و باكوری ئه‌فریقا.
(٢)
دوو حكوومه‌ت؛ دوو هێز و دوو دنیابینی
دنیای لیبی ئه‌مڕۆ به قووڵی دابه‌ش بووه بۆ دوو هێز، دوو حكوومه‌ت، دوو بیركردنه‌وه و رێكخستنی سیاسی. له دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه لیبیا بوو به یه‌كێك له ئاڵۆزترین وڵات و یه‌كه له دنیای عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌دا. ئاواره‌بوونی ملیۆنان كه‌س، كوژرانی سه‌دان هه‌زار هاووڵاتیی سڤیل، ناسه‌قامگیری سیاسی و سه‌ربازی، له‌دایكبوونی رێكخراو و هێزی تیرۆریستی و تاریكبین سیمای سه‌ره‌كی دنیای لیبی بوو له‌دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه. راستییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ دوو بلۆكی سه‌ره‌كی له لیبیا ئاماده‌ن و خه‌ریكی هه‌ژموون دروستكردنن به‌سه‌ر یه‌كتردا. بلۆكی لیوا حه‌فته‌ر له‌لایه‌ك كه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا و فڕه‌نسا و میسڕ و ئیمارات پشتیوانی لێ ده‌كرێت.
حكوومه‌تی ویفاقی نیشتمانیش كه فائیز سه‌راج رابه‌رایه‌تی ده‌كات و له‌لایه‌ن قه‌ته‌ڕ و توركیاوه پاڵپشتی و پشتیوانی ده‌كرێت و هێز و هاوكاری لۆجیستی بۆ دێته ناردن. ئه‌م فۆڕمه له دووانه‌ی هێزی ناوخۆیی، هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی له لیبیادا جۆرێك له په‌رتبوونی هێز و نه‌بوونی ناوه‌ندی سیاسی و سه‌ربازی به‌رهه‌م هێناوه، كه وڵاتانی دنیا هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجه‌كانیان، خۆیان به یه‌كێك له‌و دوو بلۆكه سیاسییه ناوخۆییه‌ی لیبیادا بكه‌ن و پاڵپشتی خۆیان بۆ دووپات بكه‌نه‌وه. توركیا ئه‌مڕۆ یه‌كێكه له‌و ئه‌كته‌رانه‌ی كه له‌ڕێی پشتیوانیكردنی هێزه‌كه‌ی فائیز سه‌راجه‌وه، ده‌یه‌وێ ناسنامه‌یه‌كی تازه بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی دابڕێژێت و په‌ره پێ بدات؛ ناسنامه‌یه‌ك كه زیاتر گوزارشت له فراوانخوازی و باڵایی توركیا ده‌كات.
(٣)
لیبیا وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی جیۆپۆله‌تیكی
لیبیا له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر ده‌ریا و له ئاو نزیكه. جیۆپۆله‌تیك لێره واته ئاو و ده‌ریا و گه‌یشتن به سنووره‌كانی تر به‌ئاسانی. هه‌م توركیا و هه‌میش لیبیا به‌شێك له سنووره‌كانیان هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ ده‌ریا و ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست. ئه‌م دۆخه جیۆپۆله‌تیكییه بۆ توركیا، جۆرێك له قووڵایی ستراتیجی دروست ده‌كات و به‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌م هه‌وڵه‌ی توركیا له خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاسته‌وه بۆ گه‌مارۆدانی نه‌یار و خنكاندنی هه‌ژموونی جیۆپۆله‌تیكییانه‌ی نه‌یاره‌كانیه‌تی. دیاره هه‌ریه‌ك له میسر، قوبڕسی یۆنانی و لبنان و یۆنان له‌و رووبه‌ره ئاوییه ده‌یانه‌وێ وه‌ك هێزێكی دژه‌توركی ده‌ربكه‌ون، له‌ڕووی گاز و سامانی سروشتی و بازاڕه‌وه توركیا گه‌مارۆ بده‌ن و بیخنكێنن. خنكاندن به‌و مانایه‌ی به‌شێك له سامانی سروشتی و به‌شێك له‌و گازه سروشتییه‌ی كه له ژێر رووبه‌ری ئاوی ئه‌و وڵاتانه‌دایه، به هاوبه‌شی ده‌ریبهێنن و به نرخی هه‌رزان و گواستنه‌وه‌ی هه‌رزان ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن. توركیا ئه‌م دۆخه به كوده‌تای ئابووری و دیپلۆماسی ده‌زانێت له‌رێی ده‌ریا و ئاوه‌وه. پێ ده‌چێت لیبیا رۆڵی قووڵایی ستراتیجی ببینێت بۆ توركیا وه‌ك هێزێكی نزیك له ئاو و ده‌ریا؛ وه‌ك هێزێك كه رۆڵی ناوه‌ند بگێڕێت له تێكدان و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م ستراتیجه‌ی نه‌یاره‌كانی توركیا. دیاره توركیا ده‌یه‌وێت هێڵێكی جیۆپۆله‌تیكی ئاوی له‌ڕێی ده‌ریاوه له نێوان توركیا و لیبیا بكێشێت و ده‌رفه‌ت به هێزه‌كانی تر نه‌دات تا به‌سه‌ریدا زاڵ بن، به‌تایبه‌ت یۆنان كه وه‌ك ركابه‌رێكی مێژوویی توركیا ده‌رده‌كه‌وێت و رۆڵ ده‌بینێت. لیبیا بۆ توركیا بۆڕییه‌كی هه‌ناسه‌دانی جیۆپۆله‌تیكی گرنگه له ئێسته و داهاتوودا.