یه‌كه‌م
مانگی ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو، عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی كۆماری چینی میلی ده‌كات، له‌م سه‌ردانه‌دا شاندێكی ٥٥ كه‌سی له وه‌زیر، پارێزگار و راوێژكاران به‌شدار ده‌بن. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی سه‌ردانه‌كه بۆ گفتوگۆكردن و رێككه‌وتن بووه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی چین و ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك گرێبه‌ست له بوار و كایه‌كانی پیشه‌سازی، خوێندن و لێكۆڵینه‌وه، خزمه‌تگوزاری، كشتوكاڵ، گواستنه‌وه، ته‌ندروستی و چه‌ندان بواری تر. ئه‌م مۆدێله له پێوه‌ندی و رێككه‌وتن له نێوان كۆماری عێراق و كۆماری میلی چین، بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جێی نیگه‌رانی و ترس بووه. ترس له‌وه‌ی عێراق به‌خێرایی له سه‌ربازگه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكییه‌وه بگۆڕێت بۆ سه‌ربازگه‌یه‌كی چینی به هاوكاری كۆماری رووسیای فیدڕاڵ.
دیاره چین ئه‌مڕۆ هیزێكی گه‌وره‌ی ئابووری و ته‌كنه‌لۆجییه و له هه‌موو شوێنێكی دنیادا ئاماده‌یی و هه‌ژموون و رۆڵی هه‌یه. په‌ره‌پێدان و به‌ستنه‌وه‌ی كه‌رت و كایه جۆراوجۆره‌كانی ناو ده‌وڵه‌تی عێراقی به كۆماری میلی چینه‌وه، به‌لای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه جێی دڵه‌ڕاوكێ و ترسه له له‌ده‌ستدانی پێگه‌ی جیۆسیاسی. دیاره عێراق له‌ڕووی سامانی سروشتییه‌وه به‌تایبه‌ت گازی سروشتی و نه‌وته‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده؛ چین ئه‌مڕۆ هه‌م به‌دوای سه‌رچاوه‌ی سروشتی و هه‌میش به‌دوای بازاڕدا ده‌گه‌ڕێت. هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ چیندا واژووی كردوون له زۆرینه‌ی سێكته‌ره‌كاندا به‌ته‌واوی ژێرخانی ئابووری و بنیاتی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ده‌به‌ستێته‌وه به كۆمپانیا گه‌وره‌كانی چینه‌وه.
عێراق له بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌ن سیستمێكی ئابووری به‌رخۆره و توانای به‌رهه‌مهێنانی لاواز و ناكارایه. ئه‌وه‌ی له بازنه‌ی ئابووری عێراقدا رۆڵ ده‌بینێت نه‌وت و داهاتی نه‌وته. چین ده‌یه‌وێت له‌م روانگه‌یه‌وه ببێت به هاوبه‌شی عێراق. عێراق وه‌ك سه‌رچاوه‌ی نه‌وت، عێراق وه‌ك ناوه‌ندی به‌بازاڕكردنی كاڵاكان، ساغكردنه‌وه‌ی كاڵاكان و به‌رهه‌می چینی.
دووه‌م/ پڕۆژه‌ی رێی ئاوریشم و عێراق
پڕۆژه‌ی رێی ئاوریشم (یه‌ك پشتێنه- یه‌ك رێ) پرسێكی گه‌وره‌ی نێو ئابووری سیاسی نێوده‌وڵه‌تی و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشه. دیاره ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌ڕووی مێژووییه‌وه میراتێكی گه‌وره‌ی ئیمپڕاتۆری چینه و ئێسته كۆماری چینی میلی كاری له‌سه‌ر ده‌كات، نۆژه‌ن و تازه‌ی ده‌كاته‌وه و پایه‌كانی رێكده‌خاته‌وه. رێی ئاوریشم له ناوه‌ڕۆكدا پڕۆژه و درێژكراوهیهكی جیۆپۆله‌تیكی و جیۆسیاسی نێوده‌وڵه‌تییه و ئامانجی ئه‌وه‌یه په‌ره به به‌رژه‌وه‌ندیی، به‌ها، ناسنامه و هه‌ژموونی چین بدات به‌بێ جه‌نگ و به‌كارهێنانی هێز و سه‌رباز و سوپا.
ئه‌م پڕۆژه‌یه سنوورێكی جیۆگرافی زۆری وڵاتانی دنیا و كیشوه‌ره جیاوازه‌كانی دنیا ده‌بڕێت و به‌سه‌ریاندا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م پڕۆژه‌یه رووداوێكی جیۆپۆله‌تیكی تازه‌یه و گۆڕانكاری و هه‌ژموونی تازه به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. هاوسه‌نگی و ره‌گه‌زه‌كانی هێز دووباره ده‌ستكاری ده‌كات و داده‌ڕێژێته‌وه. پێ ده‌چێت عێراق یه‌كێك له‌و وڵاتانه بێت كه به‌شدار بێت له‌و پڕۆژه و سیستمه جیۆپۆله‌تیكییه‌كه! به‌شدار به‌مانای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه خۆی به‌ناو دڵ و هه‌ناوی عێراقدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ عێراق مه‌ترسی و ململانێی قووڵ دێنێته كایه‌وه.
كه‌رتی نه‌وتی عێراق تا ئێسته‌ش زۆرینه‌ی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. هاتنی چین و هه‌ڵكشانی به‌ره‌و عێراق رووداوێكی تازه‌یه. چین نایه‌وێ له‌ڕووی سیاسییه‌وه خۆی بخاته ناو ململانێكان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و هێزه ئه‌وروپییه‌كان، به‌ڵام له‌ڕووی ئابوورییه‌وه ده‌یه‌وێ بگات به بازاڕ و نه‌وت. نزیكبوونه‌وه‌ی عێراق له چین له چه‌ندان ره‌هه‌ند و لاوه ململانێ زیاتر به‌رهه‌م ده‌هێنێت. به‌شێك له شیعه‌كان پێیان وایه عێراق باجی ئه‌وه ده‌دات كه له چین نزیك ده‌بێته‌وه. ده‌سته‌بژێری سیاسیی شیعی وا بیر ده‌كه‌نه‌وه و وای راده‌گه‌یه‌نن كه ئه‌مه‌ریكا هه‌موو تواناكانی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی عێراق نه‌بێت به دڵی پڕۆژه‌ی ئاوریشم و نه‌بێت به قووڵایی ستراتیجی و ئابووری چین؛ یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه عێراق و چین له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌زه ستراتیجییه‌كان له‌یه‌كتر نزیك نه‌بنه‌وه.
سێیه‌م/ چین، ستراتیج و سیاسه‌ت
ره‌گه‌ز و ناسنامه‌ی زاڵ له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مڕۆی كۆماری چینی میلیدا، پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌لی چینه. دیاره به‌رژه‌وه‌ندی لێره واته نهگهڕانهوهیهكی ره‌ها بۆ پرسی ئایدۆلۆجیا وه‌ك چین له دوای شۆڕشی رۆشنبیری له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانه‌وه كردبووی به بنه‌ما. كرۆكی سیاسه‌ته‌كه "به‌رژه‌وه‌ندی به‌ر له ئایدۆلۆجیا"یه. چین له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، له ستراتیجی بنه‌ڕه‌تی خۆیدا گه‌ڕان به‌دوای بازاڕی كردووه به ناسنامه. كورته‌ی پرۆسه‌كه ئه‌وه‌یه وڵاتانی دنیا به‌یه‌كه‌وه گرێ بده‌یت و بازاڕ بدۆزیته‌وه تا كاڵای زیاتر ساغ بكه‌یته‌وه.
پرۆسه‌كه بریتییه له هه‌نارده و هاورده. هه‌نارده‌ی كاڵا و هاورده‌ی كه‌ره‌سته‌ی خاو و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌تایی تا شاده‌ماره‌كانی ئابووری چین لاواز و ناچالاك نه‌بێت و نه‌مرێت. كه‌رتی پیشه‌سازی به‌رده‌وام هه‌ناسه بدات و بجووڵێت. ئه‌م تێڕوانینه بووه به بنه‌مای دیپلۆماسی چینی. چین نایه‌وێ هیچ كه‌س، ئه‌كته‌ر یان هێزێكی سه‌روو ده‌وڵه‌تی ده‌ستوه‌ردان له كێشه و گرفت و ته‌نگژه ناوخۆییه‌كانی بكات. ئه‌م دۆخه‌ی بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ته‌رجه‌مه كردووه. له‌ڕووی سیاسییه‌وه هه‌وڵی ده‌ستوه‌ردان نادات؛ هێزی ره‌ق به‌كار ناهێنێت، ئه‌وه‌ی ده‌یكات به‌كارهێنانی هێزی نه‌رمه. هێزی نه‌رم لێره‌دا واته په‌یامی ئاشتی و برایه‌تی و هاوكاری له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا به‌رز ده‌كاته‌وه، گرنگی به پرسی كه‌شوهه‌وا و پرسی گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی ده‌دات. هێزی نه‌رم خۆی فۆڕمێكه له هێز و ته‌نیا له‌ڕووی كات و تێچوو جیاوازه. چین له رێی هێزی نه‌رمه‌وه ده‌یه‌وێ به قووڵایی بێته عێراقه‌وه.