یه‌كه‌م
چیڕۆكی زاڵ و باو ئه‌وه‌یه كه ڤایرۆسی كۆرۆنا جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه، سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و له‌گه‌ڵماندا ئاماده ده‌بێت. هه‌رێمی كوردستان له‌م هه‌فته‌یه‌دا ژماره‌ی تووشبووانی به‌رز بووه‌ته‌وه. چه‌ند كه‌سێكیش گیانیان له ده‌ست داوه به‌هۆی ئه‌م ڤایرۆسه‌وه. له به‌غدا و پارێزگاكانی تری عێراقیش ژماره‌ی تووشبووان له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، ژماره‌ی مردوویش له به‌رزبوونه‌وه‌دایه. بۆیه سیاسه‌تی ته‌ندروستی له ئێسته‌ی دنیادا بووه به یه‌كه‌یه‌كی باڵا له‌ناو كۆسیستمی حوكمڕانیدا. ئه‌مڕۆ قووڵایی بنه‌ماكانی حوكمڕانی نوێنه‌رایه‌تی دیارده‌یه‌ك ده‌كات كه پێی ده‌گوترێت "ئاسایشی ته‌ندروستی"، ئاسایش لێره‌وه واته چۆن تاك و خێزان و گرووپه جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌كه ده‌پارێزیت و له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆس، دوژمنی نادیار و نه‌یاری نه‌بینراو، دوور ده‌خه‌یته‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ی چه‌مكی ئاسایش فراوان و قووڵه. دابینكردنی ئاسایش ده‌مێكه له دنیادا میتۆده كلاسیكییه‌كانی خۆی تێپه‌ڕاندووه و له‌وه دوور كه‌وتووه‌ته‌وه كه ئاسایش به‌ته‌نیا له‌ڕێی هێزی ره‌ق و چه‌كه‌وه دابین بكرێت. بگره دابینكردنی ئاسایش له‌ڕێی ته‌ندروستی كۆمه‌ڵ و ساغڵه‌می تاكه‌وه بووه به بنه‌مایه‌كی گه‌وره و گرنگ له‌ناو چوارچێوه‌ی گشتیی ئاسایش‌دا. وێنه‌كه وه‌هایه كه هێزی نه‌رم له به‌ده‌ستهێنانی ئاسایش‌دا رۆڵی گه‌وره و گرنگ ده‌بینێت بۆ هه‌موو یه‌كه‌یه‌كی سیاسی له دنیادا.
گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆرۆنا وه‌ك ڤایرۆس، وه‌ك دوژمنێكی نه‌بینراو و بێ ناسنامه پرسیاری ئه‌وه‌مان رووبه‌ڕوو ده‌كاته‌وه كه چۆن و به چ میتۆدێك كۆمه‌ڵگه له مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه دوور بخرێته‌وه؟. گه‌ڕانه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی كۆرۆنا، چڕبوونه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی و گوێنه‌دانی خه‌ڵك به خۆپاراستن، جێبه‌جێنه‌كردنی رێنوێنیی پێوه‌ندی به دیارده‌یه‌كی تر هه‌یه كه پێی ده‌گوترێت نامۆبوونی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك به یه‌كتر.
دیاره ئه‌م دیارده‌یه له زۆر شوێنی تری دنیادا ده‌بینرێت و به‌رچاو ده‌كه‌وێت. ئیتاڵییه‌كان به‌هه‌مانشێوه له سه‌ره‌تادا بیریان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه چۆن خۆیان بپارێزن و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان دابین بكه‌ن، دواتر دۆخه‌كه ده‌گۆڕێت و كۆمه‌ڵگه تێكده‌شكێت، كۆمه‌ڵگه ده‌بێت به قوربانییه‌كی گه‌وره‌ی ناو جه‌نگه‌كه و به‌ها و نۆرمه‌كانی ئاسایشی تاكه‌كه‌سی و به‌كۆمه‌ڵ ده‌دۆڕێنن.
دووه‌م
ئه‌مڕۆ یه‌كێك له مه‌ترسییه گه‌وره‌كان بۆ سه‌ر ئاسایشی دنیا ڤایرۆسی كۆرۆنایه. بنیاتی ئاسایشی دنیا له دوای ١١ی سێپتێمبه‌ره‌وه به‌هۆی "تیرۆر، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، پیسبوونی ژینگه، سایبه‌ر سیكوریتی و چه‌كی ئه‌تۆم" به‌رده‌وام له گۆڕان، شڵه‌ژان و داته‌پیندا بووه. ههریهكهیهك له دنیادا بنیات و چوارچێوه‌ی ئاسایشی تێكبشكێت و لاواز بێت، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وانی تر، ئه‌كته‌ره‌كانی تر، چوارچێوه و سیستمی ئاسایش له دنیادا ده‌بێت.
له دوای رێنیسانس و رۆشنگه‌ریی و وێستفاڵیاوه، پرسی سه‌ره‌كی ناو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی "دۆخی ئاسایش، دڵنیابوون و ئارامیی" مرۆڤه. جۆن لۆك و تۆماس هۆبز و جان جاك رۆسۆ، باشتر ئه‌م دۆخه تیۆریزه ده‌كه‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ی مرۆڤ له دۆخی بێ-ئاسایش بۆ دۆخی ئاسایش.
گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه ئه‌مڕۆ ئاسایش به‌هۆی ڤایرۆسه‌وه له مه‌ترسیدایه، جاران به‌هۆی مرۆڤ وه‌ك سه‌بجێكت/خۆی. ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌بینین جه‌نگی نێوان سه‌بجێكت و ئۆبجێكته/ مرۆڤ و سروشت.
ئه‌مڕۆ ئه‌ركی سیستمی سیاسی، ده‌وڵه‌ت وه‌ك هێزێكی باڵا، بیرۆكراتیی ته‌ندروستی ئه‌وه‌یه چۆن سهبجێتك له ئۆبجێكت بپارێزێت، وه‌ك چۆن میشێل فۆكۆ له‌ڕێی چه‌مكی Biopoliticsه‌وه وێنای به‌رهه‌مهێنان و داڕشتنه‌وه‌ی ژیان ده‌كات له‌ڕێی سیاسه‌ته‌وه. ده‌بێ سه‌یر بكه‌ین بزانین سیستم، نۆرم، به‌ها و ژێرخانه سیاسییه‌كان، چۆن ده‌مانپارێزن و دڵنیامان ده‌كه‌نه‌وه له ژیانكردن؟ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه پرسیارێكی هه‌ره گه‌وره‌ی ناو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییه و تا ئه‌مڕۆیش گفتوگۆ و دیبه‌یتی چڕی له‌باره‌وه ده‌كرێت.
سێیه‌م
گه‌ڕانه‌وه و بوونی ڤایرۆسێكی وه‌ك كۆرۆنا كۆمه‌ڵێك ململانێ و جه‌نگی سیمبۆلی له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت. جه‌نگ له‌پێناو كلێنسی توالێتدا، ململانێ له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌كردنی خۆراكی ئاماده‌كراو، گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو سنووره‌كانی ماڵ و كۆتاهێنان به سنووره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و شه‌قام و... هتد. ئه‌مانه دیارده‌ی تازه‌ن له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و كولتووری تاك و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی دنیادا.
له چه‌ند مانگی رابردوودا یه‌كێك له جه‌نگه تازه‌كانی ناو ماركێته‌كانی به‌شێك له وڵاتانی ئه‌وروپادا، جه‌نگ بوو له‌پێناو كلێنسی توالێتدا.
لێره‌وه ڤایرۆس خواسته‌كانی تاك له خواسته باڵاكانه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ خواستێكی تاكه‌كه‌سی و فۆڕمێك له خۆرزگاركردن له ته‌نگژه‌یه‌ك كه ده‌كرێت تاك به‌تایبه‌ت تاكی ئه‌وروپی به‌ده‌ستیه‌وه گیر بخوات. به‌ڵام تاك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌شێوه‌ی تر رووبه‌ڕووی ئه‌م ته‌نگژه و ململانێیه ده‌بێته‌وه، دیاره كلێنس و جه‌نگ له‌پێناو كلێنسدا له كولتووری ئێمه و لای تاكی ئێمه سه‌نته‌ربوونی له ده‌ست داوه و كولتووری ئێمه دید و تێڕوانینێكی تری هه‌یه بۆ كلێنس وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی خۆپاككردنه‌وه و بهسهنتهربوون و سه‌روه‌ربوونی له ئاودهستهكاندا، به‌ڵام لای ئه‌وروپییه‌كان سه‌رچاوه‌ی ژماره یه‌ك و سه‌ره‌كی ململانێ و ته‌نگژه‌كان بوو، چووه ناو شاشه‌ی تیڤییه‌كان و بووه به كه‌ره‌سته‌ی میدیایی و هه‌واڵ و ریپۆرت.
ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كرێت وێنه‌یه‌ك له نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێمه‌دا سه‌روه‌ر بكات و پێشان بدات كه رایه‌ڵه‌كانی متمانه بێهێز بكات و له یه‌كتریان دوور بخاته‌وه. پێ ده‌چێت له دنیای ئێمه‌دا ئه‌م ڤایرۆسه یه‌كێك بێت له‌و كه‌ناڵه بایۆلۆجییانه‌ی بیه‌وێت كولتووری جه‌ماوه‌ر و كولتووری ده‌سته‌بژێری سیاسی به‌ته‌واوه‌تی له یه‌كتر داببڕێنێت و له یه‌كتریان جیا بكاته‌وه و پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو یه‌كه كولتوورییه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بپچڕێنێت و هیچ بهستهرێكیان له نێواندا نه‌هێڵێته‌وه، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هێنده‌ی تر له نێواندا لاواز بكات و نه‌هێڵێت. گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆرۆنا ئه‌مجاره رووداوی تر، گۆڕانی تر له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت.