لەبارەی "پریزن برێك/شكاندنی زیندان"ەوە

AM:10:07:22/05/2017 ‌
پەیڕەو ئەنوەر 

 فیلم چییە و چ مانایەكی هەیە؟ دەكرێت فیلم و سینەما گرێ بدەینەوە بە شارستانییەت و ئەنسرۆپۆلۆجیا/مرۆڤناسی. دەكرێت بڵێین سینەما خۆی شارستانییەتە. لەڕێی سینەماوە دیوی ناوەوە و دەرەوەی مرۆڤ دێنە پشكنین. كایە جیاوازەكانی كۆمەڵگە جیاوازەكانی دنیایش هەروا. لە كایەی مێژووەوە بۆ كولتوور، لە سۆسیۆلۆژیاوە بۆ ڕەفتاری تاك و كۆمەڵ، لە ژێرخانەوە بۆ سەرخان، لە ئەدەب و موزیك و شانۆوە بۆ پرد و ڕێگەوبان و دەریا و جیۆگرافیا. سینەما زمانێكە نوێنەرایەتی هەموو ڕووبەرەكان دەكات. بەناوی هەموو پانتایییەكان قسە دەكات و هەموو دیاردەكان دەخوێنێتەوە و دەخاتە ڕوو. 
لە دنیای ئەمڕۆدا سینەما بەشێكی گەورەیە لە (سۆفت پاوەر/نەرمەهێز). نەرمەهێز بەتیۆریزەكراوە و خاوەنەكەی (جۆزێف نای) گەورە تیۆریستی ئەمەریكایییە. نەرمەهێز سینەما و فیلم بەكار دێنێت بۆ پیشاندانی دیوی ناوەوەی یەكەیەكی سیاسی! گرتەیەكی بە سینەماییكراو كۆمەڵێك پەیام و مانا بۆ دنیای دەرەوەی خۆی دەنێرێت و لە ڕێگەیەوە پێت دەڵێت چۆن كۆمەڵگەكەی كار دەكات. چ سیستمێكی كۆمەڵایەتی دەیجووڵێنێت، ڕەگەزە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەكەی چین و بە چ ئەندازەیەكی سۆسیۆلۆژی پێكەوە بەستراون. سینەما زۆرجار كردە زیندووەكانی ژیان و چوارچێوە گشتییەكەی كۆمەڵ تەرجەمە دەكات و بۆ هەموو دنیای دەنێرێت. 
بابگەڕێینەوە بۆ زنجیرە درامای "پریزن برێك/شكاندنی زیندان" ئەم درامایە یەكێكە لە بەرهەمە هونەری-سینەمایییەكانی دنیای ئەمەریكی، پێك هاتووە لە پێنج وەرز و یەكەم وەرزی لە ٢٠٠٥ بەرهەم هاتووە و دوایین وەرزیشی لە ٢٠١٦ بەرهەم هاتووە و ئێستە لە كەناڵە جیاوازەكانی دنیا پەخش دەكرێت. 
ئەم درامایە كۆمەڵێك ڕووداوی ئاڵۆزی ناو كۆمەڵگەی ئەمەریكی بە زمانی سینەما دەگێڕێتەوە! حیكایەتەكانی كۆمەڵگەیەكی لیبڕاڵ و سەرمایەداریمان بۆ دەگێڕێتەوە. كلیك لەسەر سۆسیۆلۆژیای زیندان، تاكگەرایی، تاكی ئەمەریكی، مرۆڤە شەقاوەكان، تریاكخۆر و چەتە گەورەكانی ناو ئەو دنیایە دەكات، هەموو ئەو وێنە ئەنسرۆپۆلۆجی/مرۆڤناسییانەی لە سیستمی كۆمەڵایەتی ئەمەریكایدا ئامادەگی هەیە دەگوازێتەوە بۆمان، دەیانكات بە وێنە، دەیانكات بە ڕووداوی بەیەكتربەستراو و ورد.
ئەم زنجیرە دراما قووڵە لە دوایین وەرزیدا لە حیكایەتەكانی دنیای لیبڕالیزم دێتەوە دەرەوە و دەست بۆ نمایشكردنی حیكایەتی فەندەمێنتەڵیستی ئیسلامی و دنیای داعش دەبات. لە دیمەنەكانی سەرەتای ئەم وەرزەدا لە جیۆگرافیای ئەمەریكی دێتە دەرەوە و دەمانبات بۆ دنیای عەرەبی و ئیسلامی و لەناویشیدا جیۆگرافیای یەمەن وەك یەكەیەك بۆ بەرهەمهێنانی توندڕۆی ئیسلامی و پەنجە دەخاتە سەر گێڕانەوەی كردەكانی "داعش" وەك ئەكتەرێك كە بەشێك لە وێنە ڕەش و ناشیرینەكانی دنیا بەرهەم دێنێت.
تەرجەمەكردنی داعش بۆ زمانی سینەما "لە دنیای ئەمەریكیدا" تەرجەمەكردنی بەشێكی سۆسیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسییە بۆ دنیا، بۆ بینەری دنیا، بۆ ئاینە جیاواز و گرووپە جیاوازەكانی دنیا. بینینی داعش لە زمانی سینەمای ئەمەریكایییەوە، بینینی ئەو لۆژیكە سیۆكراتییە توندڕۆیە كە دەیەوێت تاك ڕەهەندانە گەردوون بەڕێوە ببات، یاساكانی بۆ دابڕێژێت و سنوورەكانی دنیا بە كەرەستەی سیۆلۆژی پەرژین بكاتەوە.
دەكرێت ئەم زنجیرە درامایە وێنەیەكی جیاواز بۆ ئەو تێزە نمایش بكات كە "ئەدۆرنۆ" بە (پیشەسازیبوونی هونەر) باسی دەكات و ناوی دەبات، بە بێڕۆحبوون و كوشتنی هونەر باسی دەكات. ڕاستە ئەم ژانرەی هونەر داهات و بزنسێك دروست دەكات، بەڵام سنوورەكانی چێژ تێك ناشكێنێت و هونەر ناشكێنێت و سینەما ناخنكێنێت. ئەم زنجیرە درامایە ڕاستە بەرهەمی مۆدێرنیتەیە و ئەدۆرنۆ هونەر لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا بە هونەری مردوو و وەڕسكەری تاك و كەوتنی پایەكانی هونەر و سینەما لۆمە دەكات. 
پێ دەچێت پریزن برێك و ئەو زمانە سینەمایییەی قسەی پێ دەكات، خۆی بخاتە دەرەوەی ئەم تێزەی ئەدۆرنۆ و ڕەخنە و گازاندەكانی ئەدۆرنۆ لەسەر هونەری دنیای ئەمڕۆ تێپەڕێنێ. بینین و سەیركردنی ئەم درامایە زیاتر لە مانایەك و زیاتر لە هێمایەكت پێ دەڵێت و دەكرێت لە ڕێگەیەوە خوێندنەوەیەكی تر بۆ پرسی كۆمەڵگەی لیبڕاڵیزم و تاوان و توندڕۆیی ئاینی و ئەفسانەی داعش بكرێت.