یه‌كه‌م/ كورد و بودجه
عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی دوای قۆناغی ململانێ و جه‌نگ، كاتێك له دایك ده‌بێت، به ناسروشتی له دایك ده‌بێت. راستییه‌كه‌ی ده‌بێ بڵێین دروست ده‌كرێت و له دایك نابێت. پرۆسه‌ی له‌دایكبوون جیاوازه و هه‌ڵگری مانا و رێسا و بنه‌مای تره.
دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی تر، پرۆسه‌یه‌كی تره، به‌تایبه‌ت كاتێك هێزێكی كۆلۆنیاڵ بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی و كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه دروست ده‌كات و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و جیۆگرافییهكانی ناوی داده‌ڕێژێته‌وه. عێراق كاتێك دروست ده‌كرێت، كورد وه‌ك گرووپێكی ئیتنیكی و یه‌كه‌یه‌كی ئۆتۆنۆم له‌ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا له‌حیم/چه‌سپ ده‌كرێت و هه‌وڵ ده‌درێت بتوێنرێته‌وه.
لكاندنی كورد له‌ناو ئه‌م چوارچێوه یاسایی و جیۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا كه ده‌وڵه‌ته به‌زۆر و به‌بێ ویستی خۆی ده‌بێت. ئه‌م رووداوه وه‌هایه كه كورد له ده‌ره‌وه‌ی خواست و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی خۆی، به زۆر ده‌كرێت به عێراقی، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی عێراقیبوون و نیشتمانسازی، پیشوه‌خته هیچ زه‌وینه‌سازی و كار و نه‌خشه‌یه‌كی بۆ ئاماده‌كرابێت و كێشرابێت.
له هه‌ناوی ئه‌م رووداوانه‌دا، كێشه و ململانێی تازه دێنه كایه‌وه. كێشه‌ی درێژخایه‌ن و ره‌ق، دوورمه‌ودا و ستراتیجی. دیاره یه‌كێك له‌و كێشانه پرسی دابه‌شكردنی داهات و پاره و به زمانی ئابووری بودجه‌یه. ده‌وڵه‌تی عێراق به‌رده‌وام كێشه‌ی بودجه و كێشه‌ی دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهاتی به زمانێكی سیاسی داڕشتووه‌ته‌وه و مانا و وێنه و راڤه‌ی تایبه‌تی پێ به‌خشیوه.
له دوای رووخانی به‌عسه‌وه له ٢٠٠٣، ئه‌م كێشه‌یه شێوه‌ی تر وه‌رده‌گرێت. ده‌چێته ناو یاساكانه‌وه. له‌ناو ده‌ستووردا ده‌ناسرێ و باش ده‌كرێت و وێنه و سكێچی سیاسی و یاسایی بۆ بنیات ده‌نرێت، به‌ڵام ناتوانرێ مامه‌ڵه‌ی ده‌ستووری و یاسایی له‌گه‌ڵدا بكرێت. به‌غدا و ده‌سته‌بژێری سیاسی به‌شێوه‌ی تر به‌كاری دێنن، ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن و ده‌یجووڵێنن. دیاره تا ئێسته كورد و بودجه دوانه‌یه‌كی هه‌ره پڕ كێشه و نهسازن به‌لای حكوومه‌تی عێراقه‌وه.
دووه‌م/ ناوچه دابڕێنراوه‌كان
له ده‌ستووردا چیڕۆكێك دروست كراوه به‌ناوی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، گوایه شریتێكی جیۆگرافی و جیۆسیاسی درێژ هه‌یه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی عێراق كه كێشه‌ی له‌سه‌ره، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا ناوچه‌كه، جیۆگرافیا، كه‌شوهه‌وا و هه‌موو پێكهاته و تایبه‌تمه‌ندییه جیۆپۆڵه‌تیكییه‌كانی كوردین و سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی كوردن. دیاره ده‌ستوور وه‌ك په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی مۆدێرن بۆ رێكخستنی پێوه‌ندی نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵات، رۆڵی گرنگ و تایبه‌ت ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ده‌ستووری عێراقی وه‌ك (ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ر) وێنا كراوه و داڕێژراوه، تێكشكاندنی پێوه‌ندی نێوان دوو گرووپ و پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ناو ده‌وڵه‌تی عێراقه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق له هه‌موو ساته‌وه‌ختێكدا یاریی سیاسی و دیپلۆماسی به‌و ماده ده‌ستوورییه و بابه‌ته ستراتیجییه ده‌كات، هه‌ر له ناونانی وه‌ك ناوچه‌ی كێشه‌له‌سه‌ر تا ده‌گاته قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستوور ئاماژه‌ی بۆ كراوه و هێڵه گشتی و ستراتیجییه‌كانی بۆ نه‌خشێنراوه. پێده‌چێت هۆكارێكی سه‌ره‌كی یاریكردن به‌و پرسه، پرۆسه‌ی له ناسنامهخستن و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی نیشتمانسازی و ده‌وڵه‌تسازی بێت له عێراق، كه یه‌كێكه له‌و پڕۆژه مۆدێرنانه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تای له‌دایكبوونی عێراقه‌وه دوا ده‌خرێت و پشتگوێ ده‌خرێت، نه‌تونراوه بكرێ به به‌شێك له گه‌شه‌پێدانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی، وه‌ك چۆن ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ و مه‌ده‌نی له‌سه‌ر ئه‌م كۆڵهگانهدا وه‌ستاوه و شێوه ژیانێكی خۆشگوزه‌رانی بۆ ئه‌ندامانی دابین كردووه و به‌رهه‌م هێناوه.
سێیه‌م/ شنگال و عێراق
شنگال ناوه‌ندێكی گرنگی ستراتیجییه. هه‌رسێ ئه‌كته‌ری هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌تی ناوه‌ند و ده‌وڵه‌تی سوریا به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر دووباره به‌ڕێوه‌بردنی شنگال و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری رێك ده‌كه‌ون. به‌ڵام تا ئێسته ناوهڕۆك و خاڵ و به‌ند و ته‌وه‌ره‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كراوه.
به‌غدا به‌هۆی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ره‌وه نه‌یتوانیوه هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌كه بخاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه! دۆسیه‌ی شه‌نگال، فره‌ڕه‌هه‌ند و ئاڵۆزه. پێوه‌ندی به دۆخی هه‌رێمی و پێوه‌ندییه هه‌رێمایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه هه‌یه. توركیا و ئێران به ناوچه‌یه‌كی هه‌ره ستراتیجی و جیۆسیاسی لێی ده‌ڕوانن، به‌تایبه‌ت كاتێك هیلالی شیعی وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی جیۆسیاسی ده‌یه‌وێت شنگال وه‌ك كۆریدهر و ناوچه‌ی تێپه‌ڕ و گه‌یشتن به پانتایی تری جیۆپۆڵه‌تیكی به‌كاربهێنێت و سوودی گرنگ و گه‌وره‌ی لێ وه‌ربگرێت.
شنگال له دیدی توركیاوه پڕه له هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ت. ئاماده‌بوونی هێزی تر به‌لای توركیاوه جێی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه. مه‌ترسی به‌مانای ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجێك دروست بكرێت ده‌وڵه‌تی عێراق پاڵ به‌هێزه دژه توركیاكانهوه بنێت له شنگال بمێننه‌وه و خۆیان رێكبخه‌ن و ببن به هێزێكی خاوه‌ن پانتایی، جیۆگرافیای سیاسی و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگ. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، توركیا شنگال وه‌ك ده‌رفه‌ت ده‌بینێت بۆ هاتنه ژووره‌وه‌ی زیاتر و مانه‌وه و خۆسه‌پاندنی و نزیكبوونه‌وه‌ی له جیۆگرافیای سوننی له عێراقدا.
ته‌واوی ئه‌م سیناریۆیانه ئاسان و ساده نابن، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو ئه‌كته‌ر (ئێران و توركیا) خاوه‌ن زۆرینه‌ی ره‌گه‌زه ستراتیجییهكانن هه‌ر له مێژوو و جیۆگرافیاوه وه‌ك ره‌گه‌زی ستراتیجی نه‌گۆڕم، تا سوپا و سه‌رباز و دیپلۆماسی و ئابووری، وه‌ك ستراتیجی گۆڕاو.
له‌ناو ئه‌م تێكه‌ولێكه سیاسییه هه‌رێمییه، عێراق وه‌ك لاوازترین ئه‌كته‌ر ده‌بینرێ و ده‌رده‌كه‌وێت. ناتوانێ خۆی بكات به ناوه‌ندی بڕیار و ئاسایش و ته‌ناهی و سنوور و سه‌روه‌ری و ره‌گه‌زه‌كانی تری ده‌وڵه‌ت.