په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
تا ئێسته ئه‌و گریمانه‌یه ڕوون نه‌بووه‌ته‌وه كه ١٤ی ته‌مووزی ١٩٥٨ وه‌ك كرده‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ناوی بنێین (شۆڕش یا كوده‌تا)! دیاره دوو ئاڕگیۆمێنت هه‌یه بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م كرده‌یه؛ با ئێمه وای دابنێین شۆڕش بووه و دۆخێكی تازه و دنیایه‌كی تازه‌ی بۆ عێراقییه‌كان هێنا به‌ناوی كۆماریخوازییهوه یا ڕیپهبڵیكهنیزم.
بۆ ئێمه گرنگه ئه‌م كرده‌یه بپشكنین و بیخوێنینه‌وه. ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی فۆكۆیییانه بۆ پرسی ده‌سه‌ڵات و گۆڕینی ده‌سه‌ڵات بكه‌ین. چییه‌تی هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراق له ڕوانگه‌ی فۆكۆوه بخوێنینه‌وه. ده‌كرێت دنیای پاشایه‌تی و مۆنهركیزم له عێراق ببه‌ستینه‌وه به‌و قۆناغه‌ی ده‌سه‌ڵات كه فۆكۆ به (ده‌سه‌ڵاتی سه‌روه‌ر) ناوی ده‌بات. ده‌سه‌ڵاتێك كه له‌ڕووی مێژوویییه‌وه ده‌كه‌وێته به‌ر له قۆناغی مۆدێرنیته و پاشایه‌ك یا نوێنه‌رێك به‌ناوی خوداوه هه‌موو پانتایییهكان و جووڵه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ خۆی ده‌باته‌وه و له ڕێی ترس و سزاوه گشت به‌ڕێوه ده‌بات.
عێراق ڕاسته هێزه سیاسییه مۆدێرنه‌كانی دنیا و دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان دروستی ده‌كه‌ن، پاشایه‌كی هاورده‌كراوی له دنیایه‌كی تر و مه‌مله‌كه‌تێكی تر بۆ دێنن. ده‌ستوور و دامه‌زراوه‌ی سیاسی و ده‌زگه‌ی یاسادانان و حكوومه‌تی بۆ دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ ڕۆحێكی مۆدێرنبوونی تێدا جووڵه ناكات و گه‌شه ناكات.
ده‌كرێت بڵێین ده‌سه‌ڵاتێكی كۆڵۆنیاڵ ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌روه‌ر به‌ناوی ده‌سه‌ڵاتێكی دیسپیلنكراو بۆ عێراقییه‌كان دروست ده‌كات! ده‌سه‌ڵاتی سه‌روه‌ر بۆ عێراقییه‌كان كارخانه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ به‌رهه‌مـهێنانی ناسه‌قامگیریی و نائارامییه‌كی گه‌وره و ڕێژه‌یه‌كی گه‌وره له ترس.
قۆناغی كۆماری ده‌به‌ستینه‌وه به قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی دیسپلینكهر لای فۆكۆ كه شێوازی باڵاده‌ستی ده‌سه‌ڵاته و به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كار له‌سه‌ر تاك ده‌كات. لێره‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌یه‌وێت تاك دیسپلین بكات و چاودێری هه‌موو جووڵه‌كانی بكات له ڕێی ئامرازه‌كانی مۆدێرنیته‌وه. له دنیای كۆماری‌دا له عێراق به‌عس دێته پێشه‌وه، ده‌سه‌ڵاتێكی باڵا و ده‌زگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بیرۆكراتی دروست ده‌كات بۆ دیسپلینكردنی تاكی عێراقی! سوپای گه‌وره و سه‌ربازی زۆر و ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری گه‌وره و سه‌ربازگه‌ی گه‌وره دروست ده‌كات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هه‌موو كایه‌كان و دیسپلینكردنی هه‌موو كرده و جووڵه‌یه‌كی تاكی عێراقی.
له دنیای به‌عسدا هیچ ڕووبه‌رێكی بچووك نه‌بوو دیسپیلن نه‌كرابێت و به‌عس وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له گشتبووندا به‌رهه‌م هێنا له رێی هێز و ده‌سه‌ڵاته‌وه.
دیدێكی تر هه‌یه بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌عسیزم كه زیاتر له‌و شێوه ده‌سه‌ڵاته نزیك بووه كه فۆكۆ ناوی ناوه (بایۆده‌سه‌ڵات) كاركردنی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر یه‌كه گه‌وره‌كانی وه‌ك دانیشتووان و كۆمه‌ڵگه. مۆبیلیزه‌كردنی خه‌ڵك، گۆڕینی دیمۆگرافیا، ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و جینۆساید، به‌سه‌ربازگه‌كردنی عێراق و دروستكردنی قه‌سابخانه‌یه‌كی گه‌وره بۆ ئه‌وانه‌ی ناچنه ژێرباری ده‌سه‌ڵاتی دیسپلینكهر یا نایه‌نه‌وێت بچن و له دۆخی به‌رگریدان.
مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراق مێژوویه‌كی فۆكۆیییانهیه و هه‌موو ئه‌و مۆدێلانه له‌خۆ ده‌گرێت كه فۆكۆ له مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات باسی ده‌كات و ده‌یگێڕێته‌وه. ١٤ی تهمووز ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌روه‌ری گۆڕی به ده‌سه‌ڵاتێكی دیسپلینكهر و به‌غدا سه‌نته‌ری ئه‌م دیسپلینكردنه بووه تا ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت.