(١)
چۆن خۆمان ده‌ربخه‌ین
تا دێت دنیا بچووك ده‌بێته‌وه و سنووره‌كان نه‌رمتر ده‌بن. له دنیای هاوچه‌رخدا جیهانگیری مرۆڤی كردووه به بوونه‌وه‌رێكی گه‌ڕۆك و جووڵاو و بزۆك. به‌زمانی ئه‌م سه‌رده‌م و چه‌رخه ده‌كرێت بڵێین مرۆڤ بووه به گه‌شتیارێكی هه‌میشه‌یی و سنووربڕ.
دیاره هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ره‌گه‌ز و توخمه جیۆپۆله‌تیكییه‌كانی، هه‌م ناوه‌ندێكی مێژووییه و هه‌میش خودان جیۆگرافیایه‌كی سروشتی، هاوكات لانكه‌ی چه‌ندان شارستانیی و ژیار و فه‌رهه‌نگ و وه‌رچه‌رخان بووه. تۆبۆگرافیا/ سروشتی به‌رز و نزمی زه‌وی و سروشت و كه‌شوهه‌وا و فه‌رهه‌نگی گشتی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌كه، وایكردووه هه‌رێمه‌كه كراوه‌تر و جوانتر ده‌ربكه‌وێت له دنیای گه‌شتوگوزاردا. ئه‌م توخمه‌ی هێز بۆ ئێمه فۆڕم و ستایلێك له خۆده‌رخستن و پێوه‌ندیكردن به ئه‌وانی تره‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. نوێنه‌رایه‌تی له‌ڕێی گه‌شت و جیۆگرافیا و كولتووری گشتی و كه‌شوهه‌واوه، جیاوازه له ئاسته‌كانی تری نوێنه‌رایه‌تی، به‌تایبه‌ت نوێنه‌رایه‌تیی سیاسی كه دنیای ئێمه له‌م كایه‌دا به‌رده‌وام له په‌راوێز و دامێندا بووه و له نوێنه‌رایه‌تی خراوه له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه.
كه‌رتی گه‌شتیاری بۆ هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانێ هه‌م جۆرێك له نوێنه‌رایه‌تی و هه‌میش دیپلۆماسی گه‌شتیاری بێنێته كایه‌وه. ئه‌م پڕۆژه‌یه بۆ سیاسه‌ت و حوكمڕانی یه‌كجار گرنگه، به‌مه‌رجێك بیركردنه‌وه‌یه‌كی زانستی هه‌بێت بیجووڵێنێت و وزه‌ی پێ ببه‌خشێت و به‌رده‌وامی پێ بدات. دیاره له‌دوای پرۆسه‌ی رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه، هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وانی تری ناو عێراق تا دێت زیاتر له‌ڕێی كه‌رتی گه‌شتیارییه‌وه ده‌ناسرێت و ده‌بینرێت. ئه‌م شێوه له پێوه‌ندی و نزیكبوونه‌وه‌یه له ئاستی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تری گه‌شتیار پڕ بایه‌خ و گرنگه، چه‌ندان خاڵی ستراتیجی بۆ ئایندهی یه‌كه‌ی سیاسی، دیپلۆماسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه پێیه.
(٢)
ئێمه و ئه‌وان و سنووری فه‌رهه‌نگی
شێوازی پێوه‌ندی و رێكخستنی سیاسییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراقدا، فۆرمێكی فیدراڵییانهیه. به‌و مانایه‌ی كه هیچ جۆره سنوورێكی سیاسی له نێوان هه‌رێم و عێراقدا نییه و به‌یه‌ك یه‌كه‌ی سیاسی، سنوور و كه‌سایه‌تیی یاسایی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. ئه‌م بوونی سنووره سیاسی و یاساییه، له‌ڕێی كۆدی یاسایی و ده‌ستووره‌وه به‌رهه‌م هێنراوه یان سه‌پێنراوه، به‌ڵام سنوورێكی فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كجار فراوان و گه‌وره له نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا، وه‌ك دوو یه‌كه‌ی جیۆپۆله‌تیكی هه‌یه و ده‌بینرێت.
كاتێك گه‌شتیاری عه‌ره‌ب و ناوچه‌كانی تری عێراق دێنه هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له یه‌كه‌م نیگادا به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م سنووره فه‌رهه‌نگی و كولتوورییه‌دا دروست ده‌كه‌ن، راسته له‌ناو یه‌ك ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌رین، به‌ڵام له‌ناو دوو سنووری كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگین و گه‌شت به‌ناو فه‌رهه‌نگێكی تازه و جیاوازدا ده‌كه‌ن. لێره‌وه پرسی نوێنه‌رایه‌تیی سیمبولی و كولتووری دێته پێشه‌وه كه كه‌رت و ناوچه و هێزه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بنیاتی ده‌نێن و مانا و پێناس و به‌های بۆ داده‌ڕێژن. دیاره له رۆژانی جه‌ژندا زیاتر له 100 هه‌زار گه‌شتیاری عه‌ره‌ب روویان له ناوچه و شوێنه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كورستان كردووه. سه‌ردانی شوێنه مێژوویی و ناوه‌نده ئابوورییه‌كان و بازاڕ و زۆر جێی تریان كردووه، چه‌ندان رۆژ ماونه‌ته‌وه و نانیان خواردووه و پشوویان داوه و تێكه‌ڵ به جڤات و كۆمیونیتییه جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بوونه.
ئه‌م سنووربڕینه كولتوورییه له چه‌ندان ئاستی جیاوازه‌وه، پێگه و ناسنامه‌ی تازه‌مان له دیدی ئه‌ویتردا بۆ ده‌نه‌خشێنێت و پێده‌به‌خشێت. به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌بین به ئه‌ویتر نه‌ك به‌شێك له‌و و ته‌واوكه‌ری ئه‌ویتر. دیاره هه‌موو گرووپه نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیكییه‌كان له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا، له‌ڕێی ناسنامه‌ی عێراقیبوونه‌وه به‌یه‌كه‌وه گرێ دراون، به‌ڵام ناسنامه‌ی كولتووری و سنووره فه‌رهه‌نگییه‌كان، دیوار و خاڵی جیاكهرهوهن و سنووری راسته‌قینه و نافه‌رمین له عێراقدا.
(٣)
مانا جیاوازه‌كانی گه‌شت و گه‌شتیار بۆ ئێمه
راكێشانی خه‌ڵك، نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و گرووپی جیاواز له‌ڕێی كه‌رتی گه‌شتیارییه‌وه بۆ دنیای ئێمه، سه‌رچاوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و كاریگه‌ری هێزی نه‌رمی ئێمه‌یه، بۆ مانه‌وه و ئاسایشی یه‌كه‌ی سیاسیمان. له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و مێژووی ئێمه‌دا وا ده‌ركه‌وتووین و ناسراوین كه "ته‌نیا چیاكان دۆستی كوردن"، چیا لێره بووه به سیمبول و میرات و ئێمه‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه و پێناسه ده‌كرێت. ئه‌م وێنه‌یه ده‌كرێت گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و توخمی وه‌ك مۆدێلی پێكه‌وه‌ژیان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن و دیپلۆماسیی گه‌شتیاری، شوێنی بگرنه‌وه و دووباره خۆمان پێناسه بكه‌ینه‌وه بۆ دنیا و ئه‌وانی تر.
هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگری چه‌ندان تایبه‌تمه‌ندیی كولتووری و دیرۆكی و جیۆگرافییه و ده‌كرێ وه‌ك ناوه‌ندێكی باڵا و جیاواز ده‌ربكه‌وێت له به‌شه‌كانی تری عێراق و ناوچه‌كه. تێكه‌ڵبوونی نه‌ته‌وه و كولتووره‌كان له‌ڕێی كایه‌ی گه‌شت و گه‌شتیارییه‌وه، رووداوێكی یه‌كجار گرنگه به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی نافه‌رمی له نه‌خشه‌ی دنیا ئاماده بیت و ببینرێیت و بناسرێی و مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا بكرێت. پێده‌چێت ئه‌م پرسه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد كه تا ئێسته بێده‌وڵه‌ته و له جڤاتی نێوده‌وڵه‌تیدا هێشتا قورسایی نییه، گرنگییه‌كه زۆر زیاتر و گه‌وره‌تر بێت.
دیاره به‌شێكی ئه‌م گرنگبوونه له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه ژێرخانی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه، خێراتر و ئاسانتر ده‌ناسرێته‌وه، هه‌ر له مێژوو و یاده‌وه‌ریی هاوبه‌شه‌وه تا ده‌گاته كولتووری هاوبه‌ش و زمان و ئه‌ده‌بیات و جیۆگرافیا و خاك و سنوور و رابردوو و داونه‌ریت و توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی تری نه‌ته‌وه‌ی كورد. ده‌كرێ هاتنی گه‌شتیار بۆ جیۆگرافیای ئێمه، زیاتر له مانا و رووخسار و ده‌ركه‌وته‌یه‌كی هه‌بێت له هه‌موو ئاست و به‌شه‌كاندا، هه‌ر له ئاستی سه‌ره‌وه و حوكمڕانییه‌وه تا ده‌گاته ئاستی خواره‌وه و دامێن و خه‌ڵك و پرسی نوێنه‌رایه‌تی و بواره‌كانی تر. ئه‌م كایه‌یه له رواڵه‌تدا سانایه، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی پێویستی به بیركردنه‌وه و ستراتیجی فراوان و قووڵه.