په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
ئاماده‌یی توركیا له سووریا، واته ئاماده‌یی توركیا له عێراق و نه‌جه‌ف. ترسی ئێران له توركیا زیاتر له پرسی ئایدۆلۆجیا (سوننه‌ی ئیخوانی) و فراوانبوونی جیۆپۆڵه‌تیكی توركیا و مۆدێلی عوسمانیزمه. ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان له سووریا پێگه بۆ خۆی بونیاد بنێت، ته‌مه‌نی ململانێی ئایدۆلۆجی و مه‌زه‌وی بۆ ئێران و ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د درێژ ده‌كاته‌وه. توركیا له‌ڕێی سووریاوه ده‌توانێت شۆڕ بێته‌وه بۆ عێراق. ئێران ئه‌مه‌ی پێ ناخۆشه و ئێسته ده‌یه‌وێت ئه‌مه‌ریكا وه‌ك هێز له عێراق سنووردار بكات و تواناكانی خۆی له توركیا به‌فیڕۆ نه‌دات.
ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ ئێران ڕووبه‌ڕووی توركیا ببێته‌وه جیۆگرافیای ململانێكه فراوان ده‌بێت و ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ قه‌وقاز، كه‌نداو و ئاسیای ناوه‌ڕاستیش، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئێران زۆر ده‌كه‌وێت و زۆری تێده‌چێت. جگه له‌مانه، هه‌ردوو وڵات ئه‌مڕۆ (ئێران و توركیا) له ڕووی ناوخۆیییه‌وه له پرسی بونیادی سیاسی و پێوه‌ندیی نێوان هاووڵاتییان و ده‌سته‌بژێره سیاسییهكهیانهوه له ته‌نگژه‌دان و ناتوانن له‌وه زیاتر له ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بمێننه‌وه و وزه به‌فیڕۆ بده‌ن.
ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی بۆ سه‌ر (عه‌فرین) له‌لایه‌ن توركیاوه زیاتر له سێ هه‌فته‌ی تێپه‌ڕاند! دیاره توركیا له دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه یه‌كێك له ئامانجه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تێكشكاندنی پرسی ئاماده‌بوونی كورد بووه له ڕۆژئاڤای كوردستان. سووریا و ڕۆژئاڤای كوردستان بۆ توركیا له‌ڕووی مێژوویی و جیۆپۆڵه‌تیكه‌وه مایه‌ی ترسه. ترس به‌و مانایه‌ی ڕۆژگارێك (ئۆجه‌لان) له‌ڕێگه‌ی سووریاوه پایه‌كانی پارته‌كه‌ی/په‌كه‌كه داڕشتووه و به‌هێز كردووه! سووریا وه‌ك تڕانزێت و خاڵی به‌یه‌كه‌وه گرێدانی په‌كه‌كه و ده‌شتی بیقاع له لبنان و خه‌باتی پارتیزانی و گه‌ریلایی.
له ڕووی جیۆپۆله‌تیكه‌وه ئاماده‌یی كورد له سووریا واته نزیكبوونه‌وه‌ی له ده‌ریا و ئاو و به‌نده‌ر. ده‌ریا واته نزیكبوونه‌وه‌ی كورد له بازاڕ و بازدان به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه جیۆپۆڵه‌تیكییه‌كانی توركیا. دیاره توركیا وا خۆی ده‌بینێت كه پانتایییهكه نه‌ك كورد، عه‌ره‌بیش ده‌بێت بهناوییدا تێپه‌ڕ بێت تا بگات به ئه‌وروپا و وڵاتانی تر. نزیكی كورد له ئاو و ده‌ریا واته ده‌ركه‌وتنی كورد وه‌ك هێزێكی دیپلۆماسی تازه و دروستكردنی پێوه‌ندی تازه! ڕه‌نگه ئه‌زموونكردنی كورد له‌گه‌ڵ ئاو سه‌ره‌تایه‌كی تازه بێت بۆ ڕزگاركردنی كورد له چیا و دوورخستنه‌وه‌ی له شاخه‌كان به‌و مانایه‌ی كورد ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ر و ده‌روازه‌ی ئاوی خۆی هه‌بێت، ده‌توانێت باشتر بگات به دنیای ده‌ره‌وه و گفتوگۆی دیپلۆماسی بكات له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ك هێزێكی شه‌ڕكه‌ر و جه‌نگاوه‌ر ده‌ربكه‌وێت.
توركیا وای ده‌بینێت ئاماده‌یی و ده‌ركه‌وتنی كورد له سووریا وه‌ك هێزێكی خاوه‌ن دیسپلین و جیۆگرافیا و جه‌نگاوه‌ر ده‌توانێت چوارچێوه مۆدێرنه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیای هاوچه‌رخ تێكبشكێنێت كه ئه‌تاتورك نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه هێڵه‌كانی بۆ كێشاوه. تێكشكاندن به‌مانای ئه‌وه‌ی كوردانی ڕۆژئاڤا ده‌توانن له پێوه‌ندیدابن له‌گه‌ڵ كوردانی باكوری كوردستان و به‌یه‌ك زمان و به‌یه‌ك خه‌می سیاسی و پڕۆژه و بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگی، له‌گه‌ڵ یه‌كتردا گفتۆگۆبكهن. ئه‌م دیده به‌درێژایی مێژووی سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ توركیا جێی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بووه. وه‌ها ده‌بینرێت ئه‌م ترسه زیاتر پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت كه ده‌سته‌بژێری سیاسی توركی (به‌چه‌پ و ڕاستییه‌وه و به سێكیۆلار و ئیسلامی موحافیزكارییهوه) نه‌یتوانیوه شوناسی هاووڵاتیبوون به‌رهه‌م بێنن بۆ دنیای توركی، له‌بری ئه‌وه كاریان له‌سه‌ر شوناسی كه‌مالیزم و تۆرانیزم و ڤێرژنه‌كانی پان توركیزم كردووه.
توركیا عه‌فرین وا ده‌بینێت كه یه‌كه‌یه‌ك بێت بۆ ده‌ستكاریكردنی چوارچێوه‌كانی شوناسی ناسیۆنالیزمی توركی! مادام عه‌فرین نزیكه له ئاو و كورد وه‌ك خاوه‌ن ئۆرده‌ر و شوناس له ناویدا ده‌ژی و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی خۆیشی له پێوه‌ندیدایه، ده‌بێت بخنكێنرێت و له‌بار ببرێت! دیدی توركیا ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر عه‌فرین و ڕۆژئاڤا زیندوو بن، توركیا ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بێت و له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی خۆی مردوو ده‌رده‌كه‌وێت. به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه وای ده‌بینێت ئه‌گه‌ر عه‌فرین بكه‌وێت، توركیا زیندوو ده‌بێته‌وه و مه‌ترسی كه‌وتنی شوناسی كه‌مالیزمی له كۆڵ ده‌بێته‌وه.