په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
(١)
عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت پڕۆژه‌یه‌كی بێ دایك و باوك و بێ شوناسه. پرسی له‌دایكبوونی عێراق یه‌كێكه له‌و پرسانه‌ی ده‌كرێت له هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی سیاسی، سۆسیۆلۆجی و جیۆستڕاتیجی، ئاینی و مه‌زه‌وی لێی بكۆڵرێته‌وه. عێراق زیاتر چوارچێوه‌یه‌كه كۆلۆنیاله گه‌وره‌كانی دنیا بۆ كۆمه‌ڵێك مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی دایانڕشتووه. داڕشتن واته چۆن ئه‌و هه‌موو پارچه جیاواز و جیۆگرافیا جیاواز و نه‌ته‌وه و مه‌زه‌و و بیركردنه‌وه سیاسییه جیاوازه به‌ناوی ده‌وڵه‌ت و پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه به‌یه‌كتر ببه‌ستێته‌وه. یه‌كێك له ته‌نگژه هه‌ره قووڵه‌كانی عێراق پرسی دروستكردن و به‌رهه‌مهێنانی شوناسه. ده‌كرێت بڵێین عێراق له ته‌مه‌نی سیاسیی خۆیدا به‌هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانی و به‌هه‌موو فۆڕم و سیستمه سیاسییه‌كانییه‌وه نه‌یتوانیوه شوناس سیاسی و پرسی هاووڵاتیبوون به‌رهه‌م بێنێت.
هاووڵاتی به‌مانای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی ناو ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ر له‌وه‌ی شوناسه لۆكاڵی و ئیتنیكی و مه‌زه‌وی و ئاینییه‌كه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه هه‌ست به عێراقیبوون و هه‌ست به ده‌وڵه‌تبوون بكات. دیاره عێراق وه‌ك خانه‌یه‌كی بایه‌لۆجی زۆر له‌وه لاوازتر و مردووتره ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رهه‌م بێنێت. پرۆسه‌ی مردنی عێراق له‌وه‌دایه كه ته‌نیا هاووڵاتی تاكڕه‌هه‌ند و هاووڵاتی باڵا به‌رهه‌م دێنێت به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا! سه‌روه‌ركردنی هاووڵاتیی سوننی به‌سه‌ر شیعه و كورد له سه‌رده‌می به‌عسدا. باڵاكردنی هاووڵاتیی شیعه به‌سه‌ر سوننه و كورد له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵات و دنیای شیعه‌كاندا.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراقدا جا هه‌ر كه‌سێك خاوه‌نی بووبێت و له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه به‌رهه‌م هاتبێت، به‌ها سیاسییه‌كانی كوشتووه و به‌های مه‌زه‌وی و نه‌ته‌وه‌یی له شوێن داناوه. هه‌ر له به‌های نیشتمانێكی هاوبه‌ش و گشتی بۆ هه‌موان تا ده‌گاته به‌های هاووڵاتی یه‌كسان و ئازاد و خاوه‌ن ماف و وه‌ك یه‌ك و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌های فره‌یی و پلوڕاڵیزم و به‌های به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی گرووپه‌كانی ناو عێراق و به‌های ژیانكردن و تۆڵیرانس و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا.
سیستمی دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌هاكان له عێراقدا له ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه و عێراق وه‌ك یه‌كه و خانه‌یه‌كی بایه‌لۆجی هه‌موو توانا و هێماكانی زیندووبوونه‌وه‌ی له ده‌ست داوه و مردووه.
(2)
كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی جیاواز
به‌پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، زمانی (كوردی و عه‌ره‌بی) دوو زمانی فه‌رمین له وڵات‌دا و ده‌كرێت له ده‌زگه‌ی قانووندانان، حكوومه‌ت، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ڕاگه‌یاندن و په‌روه‌رده.. هتد هه‌ردوو زمانه‌كه به‌كار بهێنرێت.
زۆر ئاسایییه كوردێك له په‌رله‌مانی عێراق زمانی عه‌ره‌بی نه‌زانێت! یا به زمانی كوردی قسه بكات و ده‌بێت وه‌رگێڕی بۆ دابین بكرێت. یه‌كێك له كێشه‌كانی عێراق نه‌بوونی شوناس و به‌رهه‌م نه‌هێنانی شوناسه! شوناس به‌و مانایه‌ی تا ئێسته ئه‌و گرووپه جیاوازانه‌ی كه له عێراقدا ده‌ژین نه‌توانراوه هاوبه‌شی گشتی و هه‌ستی گشتی و یاده‌وه‌ری گشتییان له نێواندا دروست بكرێت و له پڕۆژه‌یه‌كدا هه‌موو كۆ بكرێنه‌وه و خاڵی هاوبه‌شی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ دابڕێژێته‌وه. تا ئێسته كورد و عه‌ره‌ب و شیعه و سوننه و پێكهاته‌كانی تر خاوه‌ن بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مه‌زه‌وی جیاوازن و هیچ كه‌ناڵ و زمانێكی هاوبه‌ش نییه به‌یه‌كه‌وه‌یان ببه‌ستێته‌وه.
باشتر وایه په‌رله‌مانتارانی كورد له په‌رله‌مانی به‌غدا به كوردی قسه بكه‌ن و وه‌رگێڕیان بۆ دابین بكرێت. با به‌غدا چیتر پانتایییه‌ك نه‌بێت بۆ هاوبه‌شبوون و لێك نزیكبوونه‌وه، ده‌كرێت پانتایییه‌ك بێت بۆ ده‌رخستنی جیاوازییه‌كان. عێراق منداڵێكی بێ دایك و باوكه و هه‌رگیز ناتوانێت ببێت به خاوه‌نی شوناسی ڕاسته‌قینه‌ی سیاسیی خۆی. بۆیه عێراق له ده‌ره‌وه چه‌نده هه‌وڵی خۆ جێگیركردن و یه‌كپارچه‌یی و دابه‌شنه‌بوون بدات، له ناوه‌وه ڕه‌گه‌زه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و لێكترازان و شكستهێنانی زیاتر و فراوانتر ده‌بن و وه‌ك خانه‌یه‌كی مردوو ده‌رده‌كه‌وێت.
(٣)
عه‌بادی و حیكایه‌تی عێراقی یه‌كگرتوو
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ لیسته‌كه‌ی سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ولێری كرد. كشانی عه‌بادی به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان كشانێكی سیمبولی و ڕه‌مزییه! عه‌بادی ناتوانێت یه‌كه‌یه‌كی سه‌روو نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زه‌وی بێت، له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر هێزێكی سیاسی له عێراقدا نوێنه‌رایه‌تی گرووپێك، مه‌زه‌وێك، نه‌ته‌وه‌یه‌ك، پێكهاته‌یه‌ك، چینێك، بونیادێكی تایبه‌تی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات. ئه‌م دۆخه له زانسته سیاسییه‌كاندا پێی ده‌گوترێت Cleavage واته پارچه پارچه‌بوون و دابه‌شبوونی گشت/كۆمه‌ڵگه. عه‌بادی ناتوانێت ئه‌و هه‌موو پارچه و دابه‌شبوونه قووڵه‌ی ناو دنیای عێراقی كۆ بكاته‌وه و دووباره به‌یه‌كیان بلكێنێته‌وه.
مه‌به‌ستی هاتنی عه‌بادی بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاتر په‌یام و سیگناڵی سیاسییه بۆ هێزه‌كانی تر و گرووپه‌كانی تر. سه‌ردانه‌كه زیاتر له پرۆسه‌ی دروستكردنی پاڵه‌وان و پیشه‌سازی پاڵه‌وانبازی و دنیایه‌كی دۆنكیشۆتییانه ده‌چێت. پرۆسه‌یه‌ك كه عه‌بادی وا پیشان بدات هه‌ولێر و به‌غدا به‌یه‌ك ده‌به‌ستێته‌وه و ده‌یانكات به‌یه‌ك پڕۆژه‌ی سیاسی و ناهێڵێت وه‌ك یه‌كه‌ی جیاواز و دابڕاو له یه‌كتر ده‌ربكه‌ون.
راستییه‌كه‌ی ئه‌م په‌یامه ڕه‌هه‌ندێكی دۆنكیشۆتییانهی هه‌یه و عێراق و هه‌رێمی كوردستان ناتوانرێت به‌یه‌ك پڕۆژه‌ی سیاسی به‌ڕێوه ببرێت و به‌یه‌كه‌وه ببه‌سترێته‌وه. ڕاسته هه‌ولێر و به‌غدا له‌ناو یه‌ك یه‌كه‌ی سیاسین، به‌ڵام له‌ڕووی جیۆگرافیا و بونیادی سیاسی و جیۆگرافیای مه‌زه‌وی و ئیتنیكی له یه‌كتر دوورن و هیچ به‌هایه‌كی سیاسی به‌یه‌كه‌وه‌یان گرێ نادات. ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌یان گرێ ده‌دات هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان و پڕۆژه سیاسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیانن.
عه‌بادی ده‌یه‌وێت ڕووداوی سیاسی دروست بكات تا له‌ڕێیه‌وه ته‌مه‌نی سیاسیی خۆی پێ درێژ بكاته‌وه یا واپیشانی بدات كه عێراق چه‌نده یه‌كه‌یه‌كی ئاڵۆز و بێسه‌روبه‌ر بێت، ده‌توانێت بژی و هێشتا نه‌مردووه!