په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی یاسا و دادپه‌روه‌ری ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی یاسا و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی. فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆی خه‌ریكی گه‌ڕان و پشكنین و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی (یه‌كسانی، ئازادی و دادپه‌روه‌ری) بووه. له هه‌موو قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كاندا فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ده‌یه‌وێت چوارچێوه و سنووره‌كانی ئه‌م چه‌مكانه دیاری بكات و به‌ناوی ئه‌م چه‌مكانه‌وه مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو گشت‌دا ڕێك بخات. فه‌لسه‌فه‌ی یاسا خه‌ریكی دیسپلینكردنی تاك و كۆمه‌ڵه. چۆن تاك ڕێك بخات و كۆنتڕۆڵی بكات و ڕه‌فتاره‌كانی دابڕێژێته‌وه. یاسا هه‌وڵ ده‌دات مرۆڤ له قاڵب بدات و ڕێی پێ نه‌دات هه‌موو ڕووبه‌ره سۆسیۆلۆجییه‌كان داگیر بكات.
له دوای ڕێنیسانسه‌وه مۆدێلێك دروست بوو بۆ دیسپلینكردنی تاك له ڕێی یاسای دانراوه‌وه. واته مرۆڤ خۆی به‌ناوی خۆیه‌وه یاسا و چوارچێوه بۆ خۆی دروست ده‌كات و پێوه‌ندییه‌كانی خۆی پێ ڕێك ده‌خاته‌وه. به‌ڵام دووانه‌ی یاسا و دادپه‌روه‌ری هه‌موو كات به‌یه‌كه‌وه كار ناكه‌ن، له‌گه‌ڵ یه‌كتردا له پێوه‌ندیدا نین! له دنیای خۆرهه‌ڵاتدا به‌شێكی زۆری یاساكان به‌شێك له نادادپه‌روه‌ری به‌رهه‌م دێننه‌وه. هه‌رچه‌نده ڕاسته حاموڕابی مرۆڤێكی خۆرهه‌ڵاتی بووه و داهێنه‌ری یاسای دروستكراو بووه له جیۆگرافیای خۆرهه‌ڵاتدا.
له دنیای ئێمه‌دا به‌شێك له یاساكان مرۆڤ له جووڵه ده‌خه‌ن و زیندوویه‌تی لێ ده‌سێننه‌وه. له فه‌لسه‌فه‌ی یاسادا ئامانج ئه‌وه‌یه سزای له‌گه‌ڵدا بێت! ئه‌گه‌ر سزاكه نادادپه‌روه‌رانه‌یش بێت. یاساكانی ئێمه كه‌مترین دادپه‌روه‌رییان به‌رهه‌م هێناوه و كه‌مترین دادی كۆمه‌ڵایه‌تییان له هه‌ناوی خۆیاندا دروست كردووه.
جۆن ڕاوڵز و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی
یه‌كێك له پرسیاره گه‌وره‌كانی ناو دنیای فه‌لسه‌فه و فكری سیاسی، چه‌مكی دادپه‌روه‌ری بووه! دادپه‌روه‌ری چییه و چۆن به‌رهه‌م دێت؟ كێ به‌رهه‌می دێنێت و بۆ كێ به‌رهه‌م دێت. پرسیاری دادپه‌روه‌ری ده‌یان وه‌ڵام و میكانیزمی سیاسی و ئابووری و سۆسیۆلۆجی بۆ دانراوه له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا و به‌ده‌یان شێوه و فۆرم وه‌ڵامی ئه‌وه دراوه‌ته‌وه كه دادپه‌روه‌ری چۆن به‌ده‌ست بهێنرێت.
(جۆن ڕاوڵز) یه‌كێكه له‌و فه‌یله‌سووفه لیبڕاڵه ئه‌مه‌ریكایییانه‌ی به‌شێكی زۆری دنیابینی و تێز و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی له كێڵگه‌ی سیاسی‌دا ته‌رخان كردووه بۆ پرسی دادپه‌روه‌ری. له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه له‌ڕێی كتێبی (تیۆرییه‌ك له‌باره‌ی دادپه‌روه‌ری) و دواتریش كتێبی (دادپه‌روه‌ری وه‌ك ڕه‌وایی، سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه( Justice as fairness, A restatement) (. جۆن ڕاوڵز له تیۆره‌كه‌یدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات چۆن دنیایه‌كی سیاسی تازه دروست بكه‌ین كه بڕێكی زۆر و ڕێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له دادپه‌روه‌ری تێدابێت. چۆن هاووڵاتییه‌كی ئازاد و یه‌كسان و خاوه‌ن ماف دروست بكرێت و له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه سیاسییه‌كانیش له پێوه‌ندیدا بێت و به‌یه‌كه‌وه له‌رێی جووڵه‌یه‌كی میكانیكی و ئۆرگانییه‌وه دووباره فۆرمێكی تازه له دادپه‌روه‌ری به‌رهه‌م بێننه‌وه.
پێ ده‌چێت ئه‌م تیۆره كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر فكر و هزری سیاسی مۆدێرن هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له پرسی چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و به‌ها سیاسییه‌كان و پرسی ئازادی و داڕشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی‌دا.
یه‌كێك له بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو تیۆره‌كه‌ی ڕاوڵز بیرۆكه‌ی (كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باش ڕێكخراوه Well-ordered society) ئه‌م بیرۆكه‌یه بۆ داڕشتن و پێشكه‌شكردنی دادپه‌روه‌ری وه‌ك ڕه‌وایی هێنراوه‌ته پێشه‌وه كه چۆنیه‌تیی ده‌ستنیشانكردنی ماف و به‌رپرسیارێتییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و ڕێكخستنی دابه‌شكردنی ئه‌و قازانجانه‌ی له هاریكاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌ده‌ست ده‌هێنرێن، ڕێك ده‌خاته‌وه و سه‌رله‌نوێ وه‌ك به‌های تازه دابه‌شیان ده‌كاته‌وه.
بونیاتی بنه‌ڕه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لای جۆن ڕاوڵز یاسای بنه‌ڕه‌تی، دامه‌زراوه دادوه‌رییه‌كان، چه‌ند شێوازێكی تایبه‌ت له خاوه‌ندارێتی و بنیاتی ئابووری و بازاڕ و هۆكاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خێزانیش وه‌ك دامه‌زراوه له‌خۆ ده‌گرێت. به‌م شێوه‌یه بنیاتی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێته چوارچێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ری و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه دادپه‌روه‌ری پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بێت تیایدا.
دۆخی بنه‌ڕه‌تی
جۆن ڕاوڵز دۆخی بنه‌ڕه‌تی هاوشێوه‌ی دۆخی سروشتی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی وێنا ده‌كات. له دۆخی بنه‌ڕه‌تیدا هاووڵاتیی ئازاد و خاوه‌ن ماف و یه‌كسان نوێنه‌ره‌كانیان دیاری ده‌كه‌ن تا له‌سه‌ر پرسه جیاوازییه‌كان ڕێك بكه‌ون و بڕیار بده‌ن. له دۆخی بنه‌ڕه‌تیدا بنیاتی بنه‌ڕه‌تی ئاماده‌یی هه‌یه و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی تر له هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی دادپه‌روه‌ریدا ده‌بن. پرۆسه‌كه به‌م شێوه‌یه كه له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا یاسا و دامه‌زراوه و سیاسه‌تی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت هه‌یه و ئه‌م دامه‌زراوانه وه‌ك كارخانه‌یه‌ك كار ده‌كه‌ن بۆ دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه و سووده ئابووری و پێداویستییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تا تاك بتوانێت به ئاسانی ده‌ستی پێیان بگات. جۆن ڕاوڵز پێی وایه كۆمه‌ڵگه ده‌بێت له رێی سیستمێكی هاریكار و دیسپلینكراوه‌وه به‌ڕێوه بچێت و ده‌وڵه‌تیش به دامه‌زراوه و چوارچێوه‌یه‌كی باش و گونجاو ده‌زانێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌ركه گه‌وره‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت چاودێریكردن به‌سه‌ر چاكه و باشه و به‌رهه‌مهێنانی چه‌مكی دادپه‌روه‌ری و سوود و قازانج و ئازادییه بنه‌ڕه‌تی و تاكه‌كه‌سییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه بێت.
ڕاوڵز ئاماژه به كۆمه‌ڵێك پێداویستی ده‌كات له دۆخی بنه‌ڕه‌تیدا كه هه‌موو تاكێك پێویستی پێیه‌تی و هه‌مووانیش كۆكن له‌سه‌ری، به‌ڵام به باشی دانه‌ڕێژراون و ده‌بێت ده‌ستكاری بكرێن. له‌وانه: (ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان، مافه‌كان، ده‌سه‌ڵاته‌كان، ده‌رفه‌ته‌كان، سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، داهات و سامان و پرسی ڕێزگرتن). تاك لێره له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانی دیزاین كراوه، هه‌وڵ و تێكۆشان ده‌دات تا پشكی له‌و پێداویستییانه زیاتر بكات، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه پڕ ترس و ڕیسك و هه‌ڕه‌شه‌یه به‌تایبه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ده‌ستدانی ئه‌و داهات و سه‌رچاوانه‌ی كه هه‌یه. بۆیه تاكه رێ و میكانیزمی زیاتر سوودمه‌ندبوون و زیاتركردنی پێداویستییه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی دروست بكات، ڕێككه‌وتنه له چوارچێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه هه‌مووان بگه‌یه‌نێت به ئامانج و دڵنیایی بۆ زیاتر سوودمه‌ندبوون و بڕێكی گه‌وره له به‌خته‌وه‌ریی و دڵنیایی.