(سلێمانی و كه‌ركووك به نموونه)
په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
فه‌لسه‌فه و بیركردنه‌وه‌ی سیاسی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئیپستمۆلۆجی/مه‌عریفانه‌سییانه و مرۆڤناسانه‌یه. به‌شێوه‌یه‌كی میكانیكی و ئۆرگانیكی كار له‌سه‌ر چیه‌تی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كات. كار له‌سه‌ر ڕێكخستن و دیسپلینكردنی تاك، گرووپ و كۆمه‌ڵ ده‌كات. به‌شێوازێكی هه‌نده‌سی ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگه و كایه‌كان دابڕێژێته‌وه. بیركردنه‌وه‌ی سیاسی بیركردنه‌وه‌یه له ئاركیۆلۆجیای ده‌سته‌بژێر و جه‌ماوه‌ر، هه‌وڵدانه بۆ ڕێكخستنی گشت و تایبه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی.
له دنیای مۆدێرن و دنیای تازه‌دا و له بیركردنه‌وه و هزری سیاسی خۆرئاوادا، حیكایه‌تی (گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی) كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیمان بۆ ڕێك ده‌خات و دووباره دایده‌ڕێژێته‌وه. (تۆماس هۆبس، جۆن ڵۆك و جان جاك ڕۆسۆ) كلیك له‌سه‌ر هێما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م حیكایه‌ته ده‌كه‌ن.
له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی ئیسلامی‌دا حیكایه‌تی (به‌یعه) و (ئه‌هلی حه‌ل و حه‌ق) جارێكی تر كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی پێناسه ده‌كاته‌وه و بڕیار ده‌دات كێ خه‌لیفه و فه‌رمانڕه‌وا و كێ به‌رفه‌رمان و فه‌رمان به‌سه‌رداكراو بێت. ئه‌م دوو بیركردنه‌وه سیاسییه دوو مۆدێلی حیكایه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی مرۆڤی سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تین. دوو بیركردنه‌وه و دوو چه‌مكن له ڕێی كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته و ئامرازی ئیپستیمۆلۆجی و سۆشیۆ-سیاسی له دوو كۆمه‌ڵگه‌ی جیاواز و دوو دنیای جیاوازدا ده‌رده‌كه‌ون و خۆیان ده‌خه‌نه ڕوو. هه‌ردووكیان خاوه‌ن دوو ئارگیۆمێنتی له یه‌كتر جیاواز و له‌یه‌ك دابڕاون و هه‌ردوو چه‌مكه‌كه به قووڵی به‌ستراونه‌ته‌وه به دوو تێكستی سیاسی! یه‌كێكیان ئاسمانی و ئه‌وی تریان زه‌وینی، بۆ دووباره دیزاینكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی سیاسی و به چوارچێوه‌كردنی مرۆڤ و دابه‌شكردنی به‌هاكان.
ئێران و پرسی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی
كۆماری ئیسلامیی ئێران خاوه‌ن سیستمێكی سیۆكراتی/شیعییه، بنه‌ماكانی حكومڕانی له ئێران له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كانی شیعه‌گه‌رایی و (ویلایه فه‌قی) داڕێژراوه. سیستمه حكومڕانییه‌كه‌ی زۆر ئاڵۆزه، پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار ئاڵۆزه، دنیای ئێرانی زیاتر له دنیای (١٩٨٤)ی (ئۆڕوێل) ده‌چێت، له دنیایه‌ك ده‌چێت (براگه‌وره/ڕێبه‌ر/خامه‌نه‌یی) هه‌موو گۆشه‌كانی دنیای ئێرانی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتبێت، پانتایییه‌كانی بۆ خۆی بردبێته‌وه، هیچ ڕووبه‌رێكی بۆ هیچ ئێرانییه‌ك (به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه) نه‌هێشتبێته‌وه!
ئێرانیش خه‌ریكی پرسی نه‌رمه‌هێز/سۆفت پاوه‌ره. پاره‌ی زۆر و توانای مرۆیی زۆر له فراوانكردنی بازنه و جیۆگرافیای شیعه‌گه‌رێتی خه‌رج ده‌كات، هه‌ر له ئاسیای ناوه‌ڕاسته‌وه تا ده‌گاته قه‌وقاز، هه‌ر له عێراق و شامه‌وه تا ده‌گاته باكوری خۆرئاوای ئه‌فه‌ریقا، خه‌ریكی هیلالی شیعی و جیۆپۆڵه‌تیك و كۆریده‌ری تازه‌یه.
ئێران هه‌ڵبژاردن ده‌كات و جگه له‌وانه‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌وه (به‌خوێن فارسن) ڕێ به كه‌سێكی تر نادات خۆی كاندید بكات بۆ بوون به سه‌رۆك و ناویشی ده‌نێت دیمۆكراسی خۆرئاوایی. هه‌ڵبژاردن له ئێران له شانۆگه‌ریی ده‌چێت! هه‌ڵبژاردن له‌و وڵاته له كرده‌یه‌ك ده‌چێت تا به خۆرئاوا بڵێت دنیای شیعه‌گه‌رایی و ویلایه فه‌قیه بڕوای به فه‌لسه‌فه‌ی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌یه و ئێمه‌ش بڕوامان به به‌رهه‌مه‌كانی مۆدێرنیته هه‌یه. هه‌ڵبژاردن له ئێران به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بێده‌نگییه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی و مۆدێلێكی ترسناكی شموولییه.
هه‌ڵبژاردن و گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی
(سلێمانی و كه‌ركووك به نموونه)
یه‌كێك له پرسیاره گه‌وره‌كانی ناو دنیای ئێمه ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی ده‌نگدان چ گۆڕانكاری و جووڵه‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری دێنێته كایه‌وه. له دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه هه‌ڵبژاردن چ مانایه‌كی سیاسی هه‌بووه بۆ عێراق و عێراقییه‌كان؟ یا هه‌ڵبژاردن توانیویه‌تی فه‌رهه‌نگێكی سیاسی تازه و پرسی گه‌شه‌پێدانی دیمۆكراسی و جێگۆڕكێی ده‌سته‌بژێری سیاسی به‌رهه‌م بێنێت؟ یا هێزێك بچووك بكاته‌وه و هێزێكی تر گه‌وره. هێزێك به‌هۆی دۆڕانه‌وه بخاته ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و هێزێكی تازه له شوێنی جێگیر بكات و به‌ته‌واوی ده‌ستكاری ده‌سته‌بژێری سیاسی و حكومڕانی دنیای ئێمه بكات و چوارچێوه‌ی گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تازه دابڕێژێته‌وه؟.
ئه‌وه‌ی له سلێمانی و كه‌ركووك ڕوو ده‌دات به‌ناوی هه‌ڵبژاردنه‌وه، دووره له پرسی تازه‌كردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی و درێژكراوه‌ی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره! ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر قووڵ و فره‌ڕه‌هه‌نده و زیاتر له كاریگه‌ری و چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی هه‌رێمی و جیۆپۆڵه‌تیكی هه‌یه.
پێشتر وا ده‌بینرا كه به‌هۆی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران "عێراق" ڕووبه‌رێكی هاوبه‌ش بوو! هه‌م ئه‌مه‌ریكایی هه‌میش ئێرانی! هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه دیدی ئێرانی گۆڕی. دیاره ئێران ئێسته وه‌ك كاردانه‌وه عێراق به مه‌عسكه‌رێكی ئێرانی ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت بێته ده‌ره‌وه‌ی خۆی و زیاتر له عێراق و سووریا و لبنان ئاماده بێت و ئه‌و هێزه كوردییه‌ش سه‌ر ده‌خات و پاڵپشتی ده‌كات كه كار بۆ حیكایه‌تی یه‌كپارچه‌یی و دابه‌شنه‌بوونی عێراق ده‌كات!
به‌رده‌وامبوونی ئه‌م پرۆسه‌یه هێنده‌ی تر عێراق ئاڵۆزتر و بێ سه‌روبه‌رتر ده‌كات. ئاڵۆز به‌مانای ئه‌وه‌ی پرسی حوكمڕانی له عێراق له ئاینده‌دا چۆن بێت؟ یا چۆن به‌ها سیاسییه‌كان دابڕێژرێته‌وه. ئه‌و هه‌موو پارچه بچووكانه‌ی ناو عێراق چۆن به یه‌كتره‌وه بلكێنرێنه‌وه و دووباره به‌ناوی گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ساخته‌وه بخرێته بازاڕی سیاسییه‌وه.
دۆخه‌كه زیاتر له دۆخێكی هۆبزیانه ده‌چێت. ئه‌و دۆخه‌ی هیچ توانایه‌ك نییه بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی. دۆخێك كه هێشتا له قۆناغی سروشتی و دۆخی سروشتی Natural State دایه. عێراق هێشتا زۆر له‌وه لاوازتر و بێ تواناتره بتوانێت له ڕێی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه مانا جیاوازه‌كانی سیاسه‌تكردن و شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردن و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسی تازه دابڕێژێته‌وه. پێ ده‌چێت زیاتر ئێران خۆی به خاوه‌نی ئه‌وه بزانێت كه كێ ده‌بێته فه‌ڕمانره‌وای پله یه‌كی عێراق و كێ ده‌كات به بڕیاربه‌ده‌ست و چ ده‌سته‌بژێرێكی سیاسی بۆی هه‌یه ده‌نگ و قه‌باره‌ی گه‌وره‌ی هه‌بێت.
ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره له‌م هه‌ڵبژاردنه ڕووی دا، سه‌ره‌تایه‌كی ئێجگار مه‌ترسیدار و ده‌سپێكێكی تازه‌یه بۆ كوشتنی پرسی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی له دنیای ئێمه‌دا.