سێ تێڕامان لەبارەی ئەمەریكاوە

AM:10:45:07/07/2018 ‌
پەیڕەو ئەنوەر 

یەك
بۆچوونێك هەیە پێی وایە كۆبوونەوە و بەیەك گەیشتنی (دۆناڵد تڕەمپ و كیم جۆنگ ئۆن) وەك دوو بكەری ناو دوو هێزی سیاسی دنیای ئەمڕۆ لەدایكبوونێكی تازەی ململانێكانە، پارادایمێكی تازەیە بۆ دابەشكردنەوەی ڕەگەزەكانی هێز و بەهاكان. جاران كۆریای باكور لە دەرەوەی سیستمەكە جووڵەی دەكرد. لە دەرەوەی سیستمەكە هێزی بەرهەم دەهێنایەوە، بەڵام لەمەودوا جووڵەكانی دەباتە ناو سیستمەكە و وەك دووانەیەك لەگەڵ ئەمەریكا لەبری یەكتر تەواوكردن، لە یەكتر دوور دەكەونەوە.
دیارە ئەم دوو هێزە خاوەن دوو نەڕەیتیڤی جیاوازن. نەڕەیتیڤ بەو مانایەی ئەو ئایدۆلۆجیا و گوتارە ناوخۆیییە چییە كە ئەم دوو هێزە دەجووڵێنن و تەمەنی سیاسی درێژ دەكەنەوە و پاڵی دەدەن بەرەو دەرەوەی خۆی؟ ئەمەریكا ڕووبەرێكی تەواو لیبڕاڵە و دەمێكە لەگەڵ مۆدێرنەدا لە پێوەندیدایە! كۆریای باكور كەمتر سەر بەدنیای مۆدێرنەیە! وەها دەبینرێت كە كۆریا تەنیا پێوەندی بە بەشە ڕەقەكەی مۆدێرنە (پرسی تەكنەلۆجیا و چەكە ئەتۆمییەكەی) كردووە و هێشتا نەیتوانیوە لە بەشە نەرمەكەی و بەهاكانی مۆدێرنە نزیك بێتەوە. 
ئەم پرۆسەیە ڕووبەڕووی نەڕەیتیڤی ئەوەمان دەكاتەوە كە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا (چی و كێ) ئەم دوو هێزە كۆ دەكاتەوە تا لەگەڵ یەكتر بن و بەیەكەوە لەناو یەك چوارچێوەدابن؟ پێ دەچێت (ترس و دڵنیایی) ڕۆڵی هەبێت لەم نزیكبوونەوەیە. ترس لە ونبوونی بەها ناوخۆیییەكان، بەتایبەت كۆریای باكور زیاتر هەست بەم ترس و نامابوونە دەكات و دڵنیاییش واتە چۆن دڵنیا بیت لەوانی تر تا فشاری زیاترت نەخەنە سەر و زیاتر ماندووت نەكەن.
كۆریای باكور و ئەمەریكا لە ڕووی بونیادەوە تەواو لە یەكتر جیاوازن! بونیاد بەمانای بازاڕ، كولتووری سیاسی و میدیا، شێوازی بیركردنەوەی گرووپە كۆمەڵایەتییەكان. بازاڕ لە دنیای ئەمەریكی پانتایییەكی یەكجار گەورەیە و دەوڵەت لە هەناوی بازاڕدایە. ئەم دۆخە بۆ كۆریای باكور شتێكی ترە! چەمكی دەوڵەت بۆ كۆریای باكور چەمكێكی یەكجار گەورە و شموولی و سێنتڕالە و وەك باوكێكی بایەلۆجی هەموو كایەكانی تر بەرهەم دێنێتەوە! دەكرێت بڵێین كۆریای باكور بێ بازاڕە. لێرەدا دەوڵەت خۆی وەك دەزگەیەكی بێ بازاڕ دەردەكەوێت. 
لە دنیای لیبڕاڵیزمدا بازاڕ بەشێكە لە ململانێ نێودەوڵەتییەكان. ئەمەریكا بازاڕ دەیجووڵێنێت، كۆریای باكور حیكایەتێكی تر. پێ دەچێت ئەم دیوار و دابڕانەی نێوان ئەم دوو هێزە پاڕادایمێكی تازەی ململانێی و زاڵبوون بەسەر ئەویتردا بەرهەم بێنێتەوە. 

دوو
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە تویتێكدا دەنووسێت: "قسەم لەگەڵ شا سەلمانی شای سعوودیە كردووە و پێم ڕاگەیاندووە كە بەرهەمهێنانی نەوت دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا زیاد بكات تا ئێران و ڤەنزوێلا نەتوانن هیچ جیاوازییەك لە نرخی نەوت دروست بكەن". 
نەوت یەكێكە لە كانزا هەرە جیۆئابوورییەكانی دنیا و تا ئێستە هیچ جێگرەوەیەكی شیاو و ئەوتۆی بۆ دروست نەبووە! ئەمەریكا وەك هێزێكی پیشەسازی گەورەی دنیا پێویستی بە نەوتە! پێویستی بەمانای ئەوەی لەڕێی نەوتەوە ڕەگەزەكانی هێز و باڵایی و هەژموونی خۆی لە تەواوی دنیادا تازە بكاتەوە! یا چۆن لەڕێی نەوتەوە وەك هێزێكی كاریگەرتر و زاڵتر دەربكەوێت و خۆی پیشانی دنیا بدات. لەڕووی ستراتیجەوە ئەمەریكا بەردەوام كۆمەڵێك بەرژەوەندی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ خۆی دیزاین دەكات. هەر لە نەوت و پرسی ئیسرائیلەوە تا دەگاتە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بە ئەمەریكاكردنی ئەو ناوچەیە! 
سعوودیە وەك یەكەیەكی بە نەوت دەوڵەمەند و كڕیارێكی گەورەی چەك بۆ ئەمەریكا گرنگە، پرۆسەكە وەهایە ئەمەریكا نەوت لە سعوودیە بكرێت و چەكیشی پێ بفرۆشێت! وا دیارە سعوودیە بەهۆی نەوتەكەیەوە زیاتر وەك جەنگاوەر و دەوڵەتێكی بەرخۆر دەردەكەوێت نەك وەك هێز و عەقڵێكی گەورەی پیشەسازی و هێزێكی عەقڵانی.

سێ
بۆچوونێك هەیە پێی وایە ئەمەریكا هەموو گەردوون بە قووڵایی ستراتیجی خۆی دەزانێت و دادەنێت، گەردوون وەك سیستم و بیركردنەوە و ململانێ لەسەر دەسەڵات. گەردوون لای ئەمەریكا ڕووبەرێكە دەبێت بەردەوام ئامادەیی تێدا هەبێت! هەر لە ئامادەیی كولتوور و زمان و فەرهەنگ و شێوە ژیانی ئەمەریكی و هێزی نەرمەوە تا دەگاتە فڕۆكە و سەرباز و ڕاوێژكاری سەربازی و ماكدۆناڵد و زانكۆی ئەمەریكی و ئایفۆن و ماك بووك! 
ئەم ئامادەبوونەی ئەمەریكا زیاتر لە ڕەهەندێكی ستراتیجی و سۆسیۆسیاسییانەی هەیە، یەكێك لەو ڕەهەندانە پارێزگاریكردنە لە شوناسی تاقانەبوونی خۆی لەناو سیستمی نێودەوڵەتی كە تاك جەمسەرییە. دیارە ئەمەریكا زیاتر ترسی لەوەیە سیستمی نێودەوڵەتی بەرەو فرەجەمسەری یا دوو جەمسەری بچێت و توانا و هەژموونە جیۆپۆڵەتیكی و ستراتیجییەكانی خۆی لە دەست بدات لە بەرانبەر ئەوانی تردا! ئەمەریكا ترسی لەوە هەیە ڕووسیا، چین، هیند، بەڕازیل و یەكێتی ئەوروپا ببن بە هێزی گەورە و ڕكابەری. 
ڕكابەربوون و ململانێ بەمانای ئەوەی ئەو هێزانە كار بۆ ئەوە بكەن چیتر ئەمەریكا ئامادە نەبێت لە دنیا و چیتریش گەردوون بە قووڵایی ستراتیجی خۆی نەزانێت یا كۆتایی بە پرۆسەی بە ئەمەریكاكردنی دنیا و گەردوون بهێنن و خۆیان وەك هێزی سەربەخۆ و خاوەن دنیابینی بێننە ناو سیستمە جیهانییەكەوە. پێ دەچێت ئەم ستراتیجە بۆ ئەمەریكا قورس و سەخت بێت، یا ئەمەریكا وای دەبینێت كە هێزێكە بۆ بەڕێوەبردنی دنیا و سەپاندنی هەژموون بەسەر ئەوانیتردا بونیاد نراوە و بەرهەم هاتووە، هێزێكە دەبێت هەموو گۆشە و لایەكانی خۆی ببینێت و دایانبڕێژێتەوە! ئەم شێوە بیركردنەوەیەی ئەمەریكا تەواو كاپیتاڵیزمانەیە و بە لۆجیكی بازاڕ و سەرمایە كار دەكات و دەیەوێت لە هەموو سەردەمەكاندا هێزی ژمارە یەك و براوە بێت.