له‌باره‌ی "ناوچه دابڕێنراو"ـه‌كانه‌وه
په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كێك له ململانێ ئاڵۆزه‌كانی عێراق له‌سه‌ر پرسی خاك و تێریترییه. له دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق، خاك وه‌ك ڕووداوێكی ئاڵۆز ئاماده‌یی هه‌بووه. به‌شێكی ئه‌م ئاڵۆزییه پێوه‌ندی به دیارده‌ی كۆلۆنیاڵیزم و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی تێریترییه‌وه هه‌بووه. بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه هێزه كۆلۆنیاڵه‌كان به مه‌به‌ست چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان له دنیادا كردووه به كێشه و گرفت، له‌وانه (كه‌ركووك، كشمیر، دارفۆر.. هتد).
وا ده‌بینرێت كه خاك ده‌توانێ ڕووداو به‌رهه‌م بێنێت، لێره‌یشه‌وه ئاماده‌یی هێزه گه‌وره‌كانی دنیا له‌و ڕووداوه‌دا زیاتر ده‌بێت. پێ ده‌چێت ئه‌م ڕوانینه له تیۆری (پانتایی) نزیك بێت كه (فریدریك ڕازتلی) ئه‌ڵمانی له كتێبی جیۆگرافیای سیاسی ده‌یخاته ڕوو. پانتایی لێره واته چه‌ندی خاكت له به‌رده‌ستدا بێت، ئه‌وه‌نده زیاتر ده‌توانی بمێنیته‌وه و بژیت. دیاره دسته‌بژێری سیاسیی عه‌ره‌بی (شیعه و سوننه) له عێراق، له‌م دیده‌وه له پرسی خاك ده‌ڕوانن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا به‌تایبه‌ت كورد.
ناوچه دابڕێنراوه‌كان بۆ عه‌ره‌ب له عێراقدا له‌ڕووی پانتایییه‌وه واته ئاماده‌یی و هه‌ژموون! یا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه دروستكردنی ناوك/چه‌قێك له به‌رانبه‌ر كورد و ئه‌وانی تردا، به‌ڵام ئه‌م دۆخه بۆ كورد شتێكی تره، دیاره كورد زیاتر خاك وه‌ك دۆخێكی ئۆنتۆڵۆگیی/بوونناسییانه ده‌بینێت! ئه‌م هه‌سته لای عه‌ره‌ب هه‌ستێكی به‌تاڵ و مردووه و له نا-ڕووداو و نا-شوێندایه. ناوچه دابڕێنراوه‌كان به مه‌خموور و دیبه‌گه‌وه پرسێكی شوناسی و ڕۆحییه له دنیای كوردیدا. عه‌ره‌ب/سوننه‌كان له دوای ده‌یان ساڵ له هاورده‌كردنیان بۆ ئه‌و ناوچه كوردییانه، هێشتا نائاماده‌ن له‌م ناوچه‌یه. هێشتا له ناشوێنن له‌م ناوچه‌یه‌دا. زۆرینه‌یان مردووه‌كانیان بردووه‌ته‌وه شوێنی ڕه‌سه‌نی خۆیان كه زیاتر پارێزگا سوننییه‌كانن و نایانه‌وێ به مردووییش ئاماده‌یییه‌كی ئۆنتۆڵۆگیانه‌یان هه‌بێت له‌و ناوچانه‌دا.
ئه‌م حیكایه‌ته پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات عه‌ره‌ب له ناوچه دابڕێنراوه‌كاندا هه‌م مردووه‌كانی و هه‌م ژێر خاكه‌كه‌ی (وه‌ك گۆڕستان) به خاكێكی مردوو و بێگانه داده‌نێت. ئه‌وان ته‌نیا له‌ڕووی پانتایییه‌وه ده‌یانه‌وێت له‌ناو خاكه‌كه‌دا ئاماده بن (سامانی ژێر زه‌وییه‌كه‌ی و شێواندنی دانیشتووانه‌كه‌ی!) كورد لێره‌وه له‌ڕێی خاكه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب له پێوه‌ندیدایه، به‌ڵام له‌ناو چوارچێوه‌كه‌دا پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر ده‌جووڵێن! عه‌ره‌ب وا هه‌ست ده‌كات كورد له‌ڕێی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌وه ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهانیدا جووڵه بكات و شوناسێكی گه‌وره‌تر و چه‌قی گه‌وره‌تر به‌رهه‌م بێنێته‌وه. یا چه‌مكی پانتایی به یه‌كجاری له ده‌ست عه‌ره‌ب ده‌ربچێت.
له‌و دوو سێ ڕۆژه‌دا باس له (پردی پردێ و پردی مۆستار) له یوگسلاڤیای پێشوو ده‌كرێت، دیاره ئه‌م دوو پرده وه‌ك پانتایی سه‌ر به دوو كولتوور و بیركردنه‌وه و جیۆگرافیای سیاسیی جیاوازی دنیان. مۆستار وه‌ك پرد قۆناغی دوای جه‌نگی سارد و ململانێی كولتووری مه‌سیحییه‌ت و كاسۆلیكییه‌ت و ئه‌رسه‌دۆكسیزم له یوگسلاڤیای پێشوو تێكیشكاند. یوگسلاڤیا خۆی پانتایییه‌كی پڕ له شوناسی به‌زیو و زاڵی دوای جه‌نگه. به‌ڵام پردێ زیاتر دۆخێكی ناسیۆنالیزمییه! ڕووبه‌رێكه بۆ وه‌ستاندنی شیعه وه‌ك هێز و پانتایی.
پرسی ئاسایش و ناوچه دابڕێنراوه‌كان
ڕۆژی ٢١ی ئاب باڵوێزی توركیا له به‌غدا (فاتح یوڵدز) سه‌ردانی كه‌ركووكی كرد و هه‌ر له‌وێش گوتی: "كه‌ركووك خاكی باو و باپیرمانه". دیاره توركیا ناوچه دابڕێنراوه‌كان به‌تایبه‌ت كه‌ركووك و پارێزگای مووسڵ و ده‌شتی نه‌ینه‌وا به حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خۆی ده‌بینێت. ئه‌م پرسه ته‌واو پێوه‌ندی به پانتایی و ئاسایشه‌وه هه‌یه.
یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بریتییه له "ئاسایش". دیاره ئارگیۆمێنتی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه توركیا چۆن ده‌یه‌وێ ئاسایش بۆ ناوه‌وه‌ی خۆی دابین بكات؟ توركیا به‌رده‌وام چوارچێوه‌ی ئاسایشه‌كه‌ی یه‌كسان كردووه به ئاسایشی هه‌رێمیی ناوچه‌كه و له‌ناویشیدا عێراق و كه‌ركووك. ئاسایش لێره له وزه و بازاڕه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و به پرسی تیرۆر و كۆچبه‌ران و جیۆپۆڵه‌تیك كۆتایی دێت. پێ ده‌چێت دیدی توركیا بۆ پرسی ئاسایش له‌و ڕیتۆریكه‌وه نزیك بێت كه توركیا خۆی به ئه‌مه‌ریكایه‌كی بچكۆله داده‌نێت له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مه‌ریكا واته هێز و باڵایی، به‌ڵام توركیا ئێسته له ته‌نگژه و دۆخی ناباڵایی و بێ ناسنامه‌ییدایه.
توركیا ئێسته هه‌م په‌كه‌كه و هه‌میش ئه‌مه‌ریكا وه‌ك مه‌ترسی بۆ سه‌ر چوارچێوه‌ی ئاسایشه‌كه‌ی خۆی ده‌بینێت! په‌كه‌كه وه‌ك هێزێكی ڕه‌ق و ئه‌مه‌ریكاش وه‌ك هیزێكی نه‌رم! دیاره مه‌به‌ست له نه‌رم واته تێكدانی ئاسایش له‌ڕێی فشاری ئابووری و میدیا و بێ به‌هاكردنی ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ت. پێشتر جه‌نه‌ڕاڵ و سوپا وه‌ك مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی توركیا ده‌بینران، ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌وڵه‌ت. دیاره ئه‌مه دۆخێكی زۆر تایبه‌ته له‌ناو ده‌وڵه‌تی مۆدێرنه‌دا. ئه‌ردۆغان ئه‌م زاڵبوونه‌ی سه‌ربازی به‌سه‌ر كایه‌ی مه‌ده‌نیدا نه‌هێشت. جاران یه‌كێتی ئه‌وروپا داوای ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م شوناسه‌ی له توركیا ده‌كرد (به‌رهه‌مهێنانی ئاسایش له‌رێی كایه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه نه‌ك سه‌رباز و جه‌نه‌ڕاڵ).
توركیا كایه‌كی به‌مۆدێرنكراوه! ئه‌زموونی مۆدێرنه بۆ توركیا له كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. توركیا/ئیمپڕاتۆری عوسمانی ئه‌وكات له كایه‌ی سه‌ربازی و ئاسایشه‌وه ده‌چێته ناو پرۆسه‌ی مۆدێرنه. سوپا له‌ژێر مۆدێرنه‌ی فڕه‌نسایی یونیفۆڕم ده‌كرێت و داده‌ڕێژرێته‌وه، به‌ڵام پێوه‌ندیی نێوان سه‌رباز و كایه‌ی مه‌ده‌نی له دنیای فڕه‌نسیدا شتێكی تر بوو!
ئاسایش له دنیای فڕه‌نسیدا پرۆسه‌یه‌كی جیاوازه و نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به پرسی پانتایی و خاكی ئه‌وانی تر. فڕه‌نسا یه‌كه‌یه‌كه له‌گه‌ڵ فكر له پێوه‌ندیدایه به‌ر له ئاسایش. توركیا ئاسایش وه‌ك به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ناسیۆنالیزم و ئابووری ناسیۆنالیزمی و بازاڕ ده‌بینێت. ئه‌ردۆغان داوا ده‌كات كه‌س ئایفۆن به‌كار نه‌هێنێت! دووركه‌وتنه‌وه له ئایفۆن گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئابووری ناسیۆنالیزمی و پاراستنی ئاسایش و شوناسه‌كه‌ی. توركیا ده‌یه‌وێت له‌ڕێی كه‌ركووك و ناوچه دابڕێنراوه‌كانه‌وه وه‌ك دوو پانتایی ئاسایش به‌ده‌ست بهێنێت.