په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
نیولیبڕاڵیزم و هه‌نده‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی
بۆ تێگه‌یشتن له هه‌ر سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ژێرخانه فكری و فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بزانین یه‌كه‌كانی ناو سیستمه‌كه چۆن كار ده‌كه‌ن و چۆن ده‌جووڵێن و چۆنیش یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن.
نیولیبڕاڵیزم وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی فكری به‌شێوه‌یه‌كی میكانیكی له‌ناو سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌جووڵێت و خانه و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌كان ده‌پشكنێت و دایانده‌ڕێژێته‌وه!. ده‌كرێت بڵێین نیولیبڕاڵیزم له شێوه‌ی هه‌ڕه‌مێكدایه و دامه‌زراوه باڵا و سه‌رووی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رووی ده‌وڵه‌تییه‌كانی له سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه خۆیان ده‌سه‌پێنن و خۆیان جێگیر ده‌كه‌ن، پانتایی و ده‌زگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خواره‌وه‌ی خۆیان ده‌ستكاری ده‌كه‌ن و بونیاد و رێسكانی ناوی دیاری ده‌كه‌ن. بونیاد و رێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێره‌دا به‌ته‌واوی له‌ژێر هه‌ژموون و ناسنامه‌ی هێڵه فه‌لسه‌فییه‌كانی نیولیبڕاڵیزم ده‌بن، هه‌موو كرده و وێنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و هێڵه فكرییه گشتییانه و به‌ته‌واوی ده‌بن به كۆپی و پاشكۆی ئه‌و مۆدێله له بیركردنه‌وه.
به‌پێی سێرڤییه‌كی رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی/IOM كه له‌م چه‌ند رۆژه‌دا ئه‌نجامی داوه له‌باره‌ی هه‌نده‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و كۆمه‌ڵێك پرسی تر، ده‌ركه‌وتووه كه ئامێره گشتییه‌كانی ناوماڵ وه‌ك ته‌له‌ڤزیۆن، سۆپا و ساردكه‌ره‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له هه‌موو ماڵه‌كان ئاماده‌یه. ٤٣%ی ماڵه‌كان ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی خۆیان نییه. ٦٨%ی ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كانی وه‌ك كۆمپیوته‌ر و ئای پادیان نییه. ٥٤%ی ئینته‌رنێتیان نییه و ١٩%ی مۆبایلی زیره‌كیان نییه!
ئه‌م گۆڕانكارییه له پرسی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا و ئاماده‌یی ئامێره ته‌كنه‌لۆجییه‌كان به‌تایبه‌ت تی ڤی و ئای پاد و مۆبایلی زیره‌ك له‌ناو ماڵی كوردیدا، دنیای ئێمه رووبه‌ڕووی سه‌ره‌تایه‌كی تازه و مانای تازه و گۆڕانی فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی تازه ده‌كاته‌وه.
ئه‌مڕۆ به به‌راورد له‌گه‌ڵ ٣٠ ساڵ له‌مه‌وپێش، هه‌موو خێزانێكی كوردی شاشه‌یه‌كی گه‌وره له ماڵه‌كه‌یدا ئاماده‌یی هه‌یه و ئه‌م شاشه‌یه ئێواران به‌شێكی زۆری ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه كۆ ده‌كاته‌وه و رووداوه سیاسی و حیكایه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دنیایان بۆ ده‌گوازێته‌وه، درامای كولتوور و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی دنیایان به دۆبلاجكراوی و زمانی دایكه‌وه بۆ ده‌گوازێته‌وه!
ئه‌م سه‌ره‌تا تازه‌یه به‌شێكی پێوه‌ندی به به‌شه ره‌قه‌كه‌ی پرۆسه‌ی مۆدێرنه‌وه هه‌یه! ئه‌م سه‌ره‌تا تازه‌یه خێزان و رووبه‌ری گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی ده‌ستكاری كردووه و هه‌نده‌سه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی تازه و شوناسی تازه‌ی پێ به‌رهه‌م هێناوه. وه‌ها ده‌بینرێت كه ئه‌م دۆخه نزیكبوونه‌وه له مۆدێرنه بێت، به‌ڵام ناوك و رۆحی مۆدێرنه نییه! مۆدێرنه وه‌ك فكر و دنیابینی و جووڵه له ئێمه‌وه ته‌واو دووره؛ ته‌نیا به‌شه ره‌قه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ژیی و ئاماده‌یه!
سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی
به‌پێی ئاماره‌كان، ژماره‌ی ئه‌ندامانی خێزان و قه‌باره و شێوه‌ی خێزان له هه‌رێمی كوردستاندا بچووك بووه‌ته‌وه و به‌مه‌ش گه‌شه‌ی دانیشتووان كه‌م بووه‌ته‌وه. راستییه‌كه‌ی به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌م پرسه پێوه‌ندی به بازاڕ و چه‌مكی ئابووری لیبڕاڵه‌وه هه‌یه، له لیبڕاڵیزمدا بازاڕ گه‌وره‌یه و خێزان و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر بچووكن، له ئابووری لیبڕاڵدا تاك سه‌نته‌ره، خێزان دامه‌زراوه‌یه‌كی قه‌باره بچووك و بێ ناسنامه‌یه.
ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان له دوای ٢٠٠٣ه‌وه بازاڕێكی گه‌وره و جووڵه‌یه‌كی ئابووریی یه‌كجار گه‌وره‌مان دروست كردووه، سه‌دان هه‌زار ئۆتۆمبێلی تاكه‌كه‌سیمان هاورده كردووه و رۆحی ژیانی به‌كۆمه‌ڵ و ژیانی ده‌سته‌گه‌رایی و خێزانی قه‌باره گه‌وره‌یان كوشتووه! ڕاسته بچووكبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی خێزان دیارده‌یه‌كی جیهانییه، به‌ڵام له دنیای ئێمه‌دا دیارده‌كه زیاتر پێوه‌ندی به شوناسی ئابوورییانه‌ی تاكی ئێمه و شوناسی بازاڕی ئێمه‌وه هه‌یه؛ ئێمه له‌ناو هه‌ناوی نیو-لیبڕاڵیزمدا ده‌ژین و ده‌جووڵێین و خۆمان به‌رهه‌م دێنینه‌وه. نیولیبڕاڵیزمیش سه‌ره‌تا ده‌ستكاری هه‌نده‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕایه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یكه‌ری خێزان و بنه‌ماكانی خێزان ده‌كات و دواتریش دامه‌زراوه‌نی تر.
نیولیبڕاڵیزم گوندی وه‌ك پانتایی نه‌هێشت و پرۆسه‌ی به‌شداربوون و گه‌وره‌بوونی شار و كۆچكردنی له لادێوه بۆ شاری خێراتر كرد. خێزان له گوند قه‌باره‌ی گه‌وره بوو؛ زیاتر وه‌ك سه‌رمایه‌ی مرۆیی و ده‌ستی كار ده‌بینرا و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرا، له گونددا منداڵ و وه‌چه‌ی زیاتر مانای به‌رهه‌می زیاتر و قازانجی زیاتره. كه گوند نه‌ما، ئه‌و بنه‌مایه‌ش تێكشكا. له شار تاك به‌ته‌واوی به‌ستراوه‌ته‌وه به بازاڕ و ده‌بێ به‌دوای هه‌لی كار و داهات و سه‌رچاوه جیاوازه‌كانی داهاتدا بگه‌ڕێت، تاك لێره‌دا دووره له خێزان و له‌ناو خانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ناژی، یان به‌ناچاری قه‌باره و ژماره‌ی ئه‌ندامان و په‌یكه‌ری خێزان بچووك ده‌كاته‌وه، به‌مه‌ش ناسنامه فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی خێزان به‌ته‌واوی رووبه‌ڕووی ده‌ستكاریكردن و گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێته‌وه.
له ڕابردوودا سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی كه دوو دامه‌زراوه‌ی گرنگی ناو هه‌ناوی بیروباوه‌ڕی نیولیبڕاڵیزمن له دنیادا، قه‌رزیان به چه‌ندان وڵات داوه بۆ رزگاركردنیان له ته‌نگژه‌ی ئابووری و كێشه‌ی هه‌ڵاوسان و كورتهێنانی بودجه و بێكاری و نه‌خۆشییه ئابوورییه‌كانی تر، به‌ڵام داوای ریفۆرمێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌وره‌یان كردووه، هه‌ر له بچووككردنه‌وه‌ی خێزانه‌وه تا ده‌گاته گۆڕانی فه‌رهه‌نگی قووڵ و ریشه‌یی.
به‌لیبڕاڵبوونی زیاتری سیستمی ئابووری نێوده‌وڵه‌تی، بازنه‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه فراوانتر و به‌رینتر ده‌كات؛ پێ ده‌چێت ئه‌كته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ئه‌ركه ئۆرگانی و میكانیكییه‌كانی خۆیان له ده‌ست بده‌ن و ببن به ئه‌كته‌ری پاسیڤ! پاسیڤبوون به‌مانای گواستنه‌وه‌ی خێزان له دۆخی به‌رهه‌مهێنان و ده‌زگه‌یه‌كی پڕ له چالاكی، بۆ ده‌زگه‌یه‌كی مردوو و بچووك و بێ ناسنامه.