به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب
ئه‌و داوایه‌ی پێشی چه‌ند رۆژێك له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند وڵاتێكی تری رۆئاواوه بۆ وه‌دوادانی ریفراندۆمی 25ی ئه‌م مانگه بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ هاته پێشكێشكردن جگه له‌وه‌ی زۆر دره‌نگ هاتبوو، داوایه‌كی ناوته‌نی و نابه‌جێش بوو. لایه‌نی كوردستانیش باشی كرد به دیاریوه نه‌وه‌ستا و كاتی پێوه به‌فیڕۆ نه‌دا. نابه‌جێیه‌تیی ئه‌و داوایه له‌وه‌دایه عێراق دوو ساڵی داهاتووی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی دوای ده‌رچوون له شه‌ڕی داعش، ته‌واو خۆی بگرێته‌وه و هه‌وڵ بدا جارێكی تر هه‌موو خواستێكی كوردستان له‌بار بباته‌وه.
رێیشی تێ ده‌چێ، ئه‌و داوایه له بنه‌ڕه‌ته‌وه داوایه‌كی عێراقی بووبێ و سه‌روه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی خۆی و سه‌ركۆماری توركیا له ماوه‌ی رابردوودا لای وڵاته‌یلی رۆئاوا كاریان بۆی كردبێ. ئاوها نه‌بێ، بۆچی هه‌ردوولا واته سه‌روه‌زیرانی عێراق و سه‌ركۆماری توركیا دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رپاك ئه‌و داوایه‌ی دایه دواوه، له‌و ده‌مه‌وه ناحه‌جمێن و ئاور به‌ربووه‌ته كه‌وڵیان. توومه‌ز وایان لێك دابووه‌وه بارزانی ناشێ داوایه‌ك له ئه‌مه‌ریكاوه هاتبێ به پاشی بداته‌وه. زۆریش له‌گوێنه عێراق خۆی پله یه‌ك له پشتی ئه‌و داوایه‌وه بووبێ ئه‌وجا توركیا، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌نده دره‌نگ فریای كاروبار بكه‌وێت و ته‌نیا دوو حه‌وتوو مابێ بۆ رۆژی ریفراندۆم ئینجا بێته هێڵ و ئه‌و هه‌موو مانگ و حه‌وتووه‌ی رابردوو ئاوها بێباكانه مامه‌ڵه‌ی كردبێ. بیانوو، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعش ده‌بوو، دوو مانگ پێش ئێستا ئه‌مه‌ریكا بیری كردبووه‌وه و هه‌ڵوێستی خۆی به كوردستان راگه‌یاندبوو. جگه له‌وه، شه‌ڕی داعش به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه ده‌توانین بڵێین بڕاوه‌ته‌وه و خۆی و هاوپه‌یمانییه 68 لایه‌نییه‌كه‌ی چوونه‌ته ناو ته‌نگژه‌ی تره‌وه له پێشوه‌یاندا ته‌نگژه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران.
به‌ڵام با وای دابنێین ئه‌و داوایه داوایه‌كی رۆئاوایی پوخته و ئه‌مه‌ریكا خۆی خاوه‌نیه‌تی و بیانووی راسته‌قینه‌ش هه‌ر شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه. له‌م باره‌دا بۆ ئه‌مه‌ریكا وا باشتره كوردستان ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا پێشمه‌رگه (به هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌مه‌ریكا خۆی) شه‌ڕكه‌ری رژدانه بوو له هه‌موو به‌گژداچوونه‌وه‌یه‌كی داعشدا و تاكه كێشه‌یه‌كیش پێشمه‌رگه هه‌یبوو كێشه‌ی چه‌كداری بوو. له‌و سه‌رگه‌یه‌وه، بێت‌و پێشمه‌رگه ببێ به سوپای ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ئه‌و كێشه‌یه‌شی نامێنێت و به‌ركه‌وتی ده‌وڵه‌ته كوردییه‌كه گه‌وره‌تر بۆ وڵاته‌یلی رۆئاوا ده‌گه‌ڕێته‌وه كه شه‌ڕی به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆری ئیسلامی‌یان به شه‌ڕێكی ستراتیجی بۆ خۆیان داناوه.
بیانووێكی تر له وه‌دوادانی واده‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، كه به‌شێك له راگه‌یاندن شاروه‌شاندنی بۆ ده‌كات پرسی ده‌رنه‌چوونه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادییه له هه‌ڵبژاردنی گشتیی داهاتوو له عێراقدا له‌به‌رئه‌وه‌ی به گوێره‌ی ئه‌و بیانووه بێت‌و عێراق له سه‌رده‌می عه‌بادیدا له‌ت ببێ رێگه بۆ ده‌رچوونه‌وه‌ی نووری مالیكی خۆش ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر بێت‌و ئێمه به دیار ئه‌م بیانووه‌وه كه‌مێك بووه‌ستین ده‌سبه‌جێ هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌و چه‌ند رۆژه‌ی پێشووه‌وه له ئاست كوردستاندا ده‌ستی پێ كردووه و هێنانه‌گۆڕێی دادگه‌ی ده‌ستووری یان بڕیاری لادانی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له په‌رله‌مانی عێراقه‌وه، هه‌مووی ده‌چنه‌وه چوارچێوه‌ی بانگه‌شه‌ی كه‌سانی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو نه‌ك باسێكی راسته‌قینه و رژدانه.
هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌و چه‌ند رۆژه‌ی پێشوودا له به‌غداوه به‌ره‌و كوردستان دێن له هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن تێ ناپه‌ڕن. نه سوپای عێراق و نه جمه‌ی جه‌ماوه‌ری شیعه ناتوانن بۆ پاراستنی یه‌كه‌تیی خاكی عێراق په‌لاماری كوردستان بده‌ن. له 2014ه‌وه رۆژانه خۆمان ده‌یبینین ئه‌و سوپا و جمه جه‌ماوه‌رییه ناتوانن یه‌ك مه‌تر زه‌وی له داعش بێ هێزی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكا و 68 هاوپه‌یمانه‌كه‌ی، وه‌رگرنه‌وه. خۆشی له‌وه‌دایه بۆ سمێڵ بێن و ردێنی بۆ دابنێن، ته‌كانێك له به‌غداوه به ئاستی كوردستاندا ره‌نگه ببێته مایه‌ی له‌ده‌سچوونی به‌شه سونه‌كه‌ی عێراق كه هێشتا زۆری به ده‌ست داعشه‌وه ماوه.
ده‌مێنێته‌وه هه‌ڵپه و هه‌ڵه‌داوانی سه‌ركۆماری توركیا بۆ پاراستنی یه‌كه‌تیی خاكی عێراق. ئه‌گه‌ر بیرێك له‌و شه‌ش ساڵ و نیوه‌ی رابردووی شه‌ڕی سووریا و دوای ئه‌وه سه‌رهه‌ڵدانی داعش له عێراق و كه‌وتنی سێیه‌كی وڵاته‌كه به ده‌ستی ئه‌و هۆنینه‌وه رادیكاڵه بكه‌ینه‌وه كه توركیا و به‌تایبه‌ت سه‌ركۆمار ئه‌ردۆگان رۆڵی سه‌ره‌كییان له‌و رووداوانه‌دا بینی، ئه‌وسا له په‌رۆشی و دڵسۆزیی توركیا و ئه‌ردۆگان بۆ یه‌كه‌تیی خاكی عێراق ده‌گه‌ین. هێشتا نه‌بووه به ساڵێك له‌و واده‌یه‌وه كه به‌گژداچوونه‌وه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا ده‌ستی پێ كرد و ئه‌ردۆگان ره‌نجی فه‌رهادی دا له رێگه‌ی ده‌ستێكه‌ڵكاری له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لایه‌نی سونه‌دا، به‌شێك له خاكی عێراق بۆ خۆی جیا بكاته‌وه. ده‌توانین لێره‌دا ئه‌وه بڵێین ئه‌و پلانه‌ی له پێشی چه‌ند ساڵێكه‌وه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سێگۆشه‌ی سونه له عێراق كه به‌دی نه‌هات، ئه‌مجاره به په‌لاماردانی كوردستان له‌لایه‌ن عه‌بادیوه به‌دی بێت. ئه‌و دنه‌دان و له‌به‌رخوێندنه‌ی رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات و راگه‌یاندنی سونه‌ی عه‌ره‌ب به گشتی بۆ سه‌روه‌زیرانی عێراق و فاڵگرتنه‌وه بۆ شه‌ڕی ناوه‌خۆیی، گشتی به‌ده‌ر نییه له هه‌وڵی خلیسكاندن و خه‌ڵه‌تاندنی ئه‌و پیاوه ساده‌كار و هه‌پڵه‌گونه بۆ نواندنی كه‌رایه‌تییه‌ك له ئاست هه‌رێمی كوردستاندا كه هیچی پێ ناوێ كارێكی وا عێراق راده‌داته‌وه به‌ره‌و نشێوی شه‌ڕێكی ئه‌وتۆ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه سێ وڵاتی كورد و شیعه و سونه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه تۆ ده‌توانی له سێ زیاتریش بڕۆی.
ئه‌و شیمانه و ئه‌گه‌ره‌یش، واته هه‌ڵایسانی شه‌ڕی ناوه‌خۆیی و سه‌رهه‌ڵدانی به‌لای كه‌مه‌وه سێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له عێراقدا، شیمانه و ئه‌گه‌ری هه‌ره له گوێنن تا ئه‌و كه‌لله‌پووت و داڕزاوانه‌ی جۆری مالیكی و عه‌بادی و تد، له به‌غدا فه‌رمانڕه‌وا بن و تا سه‌ركۆمار ئه‌ردۆگان و كۆماری ئیسلامیی ئێران خه‌مخۆر و په‌رۆشی یه‌كه‌تیی خاكی عێراق بن. ئه‌و دوو هاوسێیه، واته توركیا و ئێران له رۆژی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه له 1921 یه‌ك هه‌لی بچووكیشیان نه‌چوواندووه ده‌ست له ناوه‌خۆی ئه‌م وڵاته وه‌رنه‌ده‌ن. گه‌لی عێراق خۆیشی، بۆ یه‌ك رۆژیش یه‌كگرتوویی له نێوانیدا نه بووه و نه ده‌بێ. كوردستان كارێكی باش ده‌كات ملی رێگه‌ی جیابوونه‌وه ده‌گرێ و ئاوڕ ناداته‌وه یان به دیار پێشنیاز و داوای به‌دوادانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییوه ناوه‌ستێ و هه‌ڵوه‌سته ناكات.
ده‌بێ خه‌ڵكی كوردستان له شیمانه و ئه‌گه‌ری په‌لاماردانی به‌غدا بۆ سنووری كوردستان یان شه‌ڕی ناوه‌خۆییدا، ئه‌وه‌نده دڵه‌ڕاوكه و بیره‌بیریان نه‌بێ له‌به‌رئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌یه‌كدا كه ناوی عێراقه، به درێژای سه‌ت ساڵدا هیچ ناوكۆیه‌ك (له جۆری یاسا یان هاونیشتمانێتی) دروست نه‌بووبێ بۆ ئه‌وه‌ی گشت ئه‌و جۆره ره‌گه‌ز و ئاین و مه‌زه‌وه جۆره‌وجۆره به‌سه‌ر یه‌كدا كۆبكاته‌وه، بێگومان لێره‌ش به‌دواوه دروست نابێت و ئه‌گه‌ر و شیمانه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانیش هه‌ر له گۆڕێ‌دا ده‌بن، ئه‌مڕۆ نا ده ساڵی تر.