لە پێناو داچوونەیەک بە خۆدا

AM:10:43:08/11/2017 ‌
بەدران ئەحمەد حەبیب

دوای ئەو کارەساتانەش، هێشتان دوو لایەنە سەرەکییەکەی کوردستان، پارتی و یەکێتی لە وتاری راگەیاندندا هەر بەرز لێ دەخوڕن و نایانەوێ لە بورجی عاجیی خۆیان بێنە خوارەوە و ددان بەوەدا بنێن هەرێمی کوردستان دوای چارەکە سەتەیەک پێشکەوتن ئێستە چووەتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. ئەو چوونەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەمەش لە ئاخاوتنێکی سەرۆکی حکوومەت دوێنێ پێرێدا دەرکەوت کە داوای گەڕانەوە بۆ دەستوور لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدادا دەکات.

نهێنییەکی گەورەمان هەڵنەداوەتەوە ئەگەر بڵێین تا ئێستا هەر لایەنی لاواز لە عێراقدا داوای گەڕانەوە بۆ دەستووری کردووە. بەر لە ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلوولی رابردوو، ساڵانێکی ساڵ بوو لایەنی بەغدا داوای گەڕانەوە بۆ دەستووری دەکرد لە چارەسەری کێشەی ئەو نێوانەدا، ئێستە ئەو لایەنە واتە بەغدا دوای ئەوەی کوردی لە گۆڕەپانی ململانەی سەربازی و سیاسیدا بەزاندووە، پشت لە دەستوور باس لە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدراڵی و هەوڵی دابەزاندنی بەشی هەرێم لە سەتا حەڤدەوە بۆ سەتا دوازدە لە بودجەی گشتیی عێراقدا دەکات و دەدات. هیچی پێ ناوێ کەوا ئەو سیاسەتەی بەغداش لە فیز و خۆباییبوون و بەرزلێخوڕیدا، ڕۆژێک دێت زوو یان درەنگ لووت بدات لە زەویدا، بەڵام بەرلەوەی خەیاڵی گەیین بەو ڕۆژەوە لێ بدەین دەشێ لە خۆمان و لووتبەرزی و فیززلیی خۆمانەوە دەست بە وردبوونەوەیەک بکەین.

راستیت دەوێ ئەوەی کوردستانی بەم رۆژە رەشەی ئێستە گەیاند، ئاوەزکەی خۆ لە بورجی عاجیدا بینین و بەرزلێخوڕین بوو لە ئاست ناوەخۆ و دەرەوەی هەرێمدا. دەرگەی ئەم باسەش نابێ بۆ لێدانی تیر و توانج یان بەباکردنەوەی کۆنەکا بێتە کردنەوە بەڵکو دەبێ بۆ ئەوە بێ دەرچەیەک لەو بارەی تێی کەوتووین بەدی بکەین و چەندیش لە وەدۆزینی ئەو دەرچەیەدا پاش بکەوین و دەست لە ئاوەزکەی بەرزەفڕی بەرنەدەین، هێندەی تر دۆزی کوردستانی باشوور دەچێتەوە پاش و درەنگتر فریای خۆمان دەکەوین.

ئەوەی هەرێمی کوردستانی بەم رۆژەی ئێستە گەیاند پرسی ریفراندۆم نەبوو لەبەرئەوەی دەرکەوت ریفراندۆمیش نەبوایە ئەو مەترسییەی لای عێراق و تورکیا و ئێران سەبارەت بە دۆزی کوردی هەر چوار پارچەوە پەیا بووبوو، ئەوانی هەر دەگەیاند بە رێککەوتنێک لە جۆری ئەوەی کردیان. یان تەنانەت دۆڕانی کەرکووکیش بەو سیناریۆ دزێوەی رووی دا، هۆی سەرەکی نییە لەو هەرەسەی تووشی هاتین. گێڕانەوەی کەرکووک و ناوچەی تری کێشەدار بۆ پاڵ کوردستان، دیار بوو بەو پەلەپرووزە و بەرنامە کرچ و کاڵەی کورد دەیویست، روو نادا. لەبارەی ئەو ناوچەیلەوە، دەستووری عێراق سەرپشکی یەکەم بوو لە یەکلابوونەوەی داهاتوویان، بەڵام لایەنی هێز لەخۆدا دیو، وەک لە بەرێوە وتم، نەیدەویست بگەڕێتەوە بۆ دەستوور. ئەو دابڕین و دالکاندنە، بەو ئاسانییەی لە خەیاڵی کورددا بوو بۆ رووسیاش لە قرمدا نەچووەتە سەر. بۆ عێراقیش ئەو سەرەڕۆیییەی ئێستە دەیکات، ناچێتە سەر. هەروەها، لەو هەرەس و پشت شکانەی ئێمەدا، تەنانەت شڕی و بێ چەکی و بەزیویی هێزی پێشمەرگەش هۆی بنەبڕ و یەکجارەکی نەبوو راستیت دەوێ، هەرچەندە بێبەرگریی پێشمەرگە لە کەرکووک زەبرێکی گەورە بوو سرەوایە ورەی گەلی کوردستان و سەربەرزی و بەخۆوەنازینی مرۆڤی کورد جا ئەو مرۆڤە لە هەر کوێیەکدا بووبێ.

ئەوانەی سەرەوە هیچیان هۆی رۆژە رەشەکەی ئێمە نین بە بەڵگەی ئەوەی هیچیان نەبوونەتە مایەی بەخۆداچوونەوە لە وتاری حزبیدا بە پێچەوانەی وتاری حکوومەتەوە کە بۆرە ددان پێداهێنانێکی تێدا دێتە بەدیکردن. هۆی ڕۆژە رەشەکە برێتییە لەو ئاوەزکەیەی باوەڕی بە بوونی بەرنامە نییە. یەکەمینی ئەو بێ بەرنامەیییەش لە هێزی پێشمەرگەدا دەری داوەتەوە وەک دەبینین. نە مەشقی تەواو نە دیسپلین نە دەوامی رێکوپێک، وێڕای دابەشینەوەی پلەی بەرزی سوپایی بە پێی بنەوای خێڵەکایەتی و نەبوونی خوێندەواری لای ئەوانەی پێیان داون تەنانەت لە نزمترین پلەشدا بێ. هێزی پێشمەرگە هەر بە گشتی هێزێکی خێڵەکییانەیە، سێ برا بەیەکەوە لە بەرەی پێشەوەدا دەگلێن، مام و برازایەک، پێنج کەسی خەڵکی گوندێک و تاد. ئەوەی زیاتر ئاوڕووی پێشمەرگەی بردووە راگەیاندنە، لەگەڵ یەکەمین کردنەوەی باسی پیشمەرگەدا باسی شیر و حەفازە و کرێی خانوو گەرم دەبێتەوە. هێزی پێشمەرگە لە نێوان پێش راپەڕینی ١٩٩١ و دوای ٢٦ ساڵ لەوە هیچ گۆڕانێکی لە سەرکردایەتیدا نەبینیوە. هەرچەندە من لە داخانا سەیری راگەیاندنی خۆماڵی ناکەم بەڵام لە ٢٠١٤ەوە هەر بینیومە پێشمەرگەی کۆن تەوەرەی شەڕ بەڕێوە دەبەن. ئەوانە باوەکو پێشمەرگەی گیانلەسەر دەستی سەردەمی چیا و دۆڵیش بووبن، بۆ سوپای سەردەمییانەی ئەمڕۆ، سەرکردەی پرۆفیشیناڵ و زانستیانە پێویستن. هەروەها زۆر گەنجیش هەن بێ بوونی هیچ بنەوایەکی پیشەیییانە بوونەتە سەرکردەی سوپا.

من باسی بێ بەرنامەیی ناکەم لە کاربگێڕیی دەوڵەتڕانیدا، ئەوەیان باسێکە هەزارویەکشەوەیەکی دەوێ. تەنیا باسی ئەوانە دەکەم بۆ بەرگرییەکەی دوای ریفراندۆم گرینگ بوون. یەکێک لەوانە باری بژێویی گەلە. بنەوایەک بۆ هەموو سەردەمێک بشێ رەچاوی بکەین ئەوەیە گەلێکی تێروتەسەل باشتر بەرەورووی داگیرکەر دەبێتەوە لە گەلێکی رووتوڕەجاڵ. سەرکردایەتیی کوردستان لە ماوەی ساڵەیلی رابردوودا لەبەرئەوەی نووسانی زیاتری بە ناوچە و چوارلا (بیئە)ی خێڵەکایەتییەوە هەبوو، ئاگەدار نەبوو لەوەی کە ژیانی دانیشتوانی شار چەند روو لە شڕییە. هێزی وڵاتێک وەک بنەوا لە هێزی شارستانیدایە نەک ناوچەی لادێنشین و خێڵەکایەتی. ناوچەی لادێنشین و خێڵەکایەتی سەرچاوەی هێز بوونایە، راپەڕینی کوردستان لە ساڵەیلی شێستی سەتەی پێشوودا بە ئامانج گەییبوو. هێزی وڵات لە تێریی ژیانی مامۆستایەک و کارمەندێکی دروستی و جووڵەی کڕین و فرۆتنی باژێڕدایە، تۆ بۆ خۆت حەز دەکەی وەک دوێنێ بەرز لێ خوڕە و بڵی وا نییە.

لاوازییەکی تری کوردستان، کە پۆپەی ئەو هۆیانە بوو کوردستانیان گەیاند بەم رۆژە، برێتییە لە ناڕیزیی نێوان پۆلی لایەنەیلی سیاسی. دوو ساڵ زیاتر پەرلەمان لە کار کەوت و لایەکی حکوومەت کەل بوو کەس ئاوڕی لێ نەدانەوە. هەر ئەوەندەش نەبوو، دەمدەمانەی راگەیاندن بەو هۆیەوە، تا پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش نەبڕایەوە. وەک بنەوا، بەڕێوەبردنی وڵات لە بچووکترین پلەوە تا دواپلەی، برێتییە لە کاری بەیەکەوەیی و شێنەیی لە دەستە و لیژنەی جۆراوجۆردا کە هەموو بیر و هزرێکی تێدا بە یەکەسانی بێتە تاوتوێکردن. لە کوردستاندا ئەمانە نەمابوون. دیاریش نییە دوای ئەم کەوتنەی ئێستە، دەست پێ دەکەنەوە یان نا؟