شەڕێک بەڕێوەیە روو بدات

AM:11:45:15/11/2017 ‌
بەدران ئەحمەد حەبیب

هەر لە دەسوەکاربوونیەوە لە دەستپێکی ئەم ساڵەی وا تەواو دەبێ، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ یەکبینە پاتەی دەکاتەوە کەوا حەزی لە دانیشتن و ئاخاوتنی رووبەڕوو لەگەڵ مەزنی کۆریای باکور کیم جۆنگ ئوون و بڕاندنەوەی تەنگژەی نێوانیانە بە خۆشی و بە ئاشتی. بە پێچەوانەی ئەوە، لە تەنگژەی وەل ئێراندا، لە سەردانەکەی مانگی ئایاری رابردوویەوە بۆ عەرەبی سعوودیە، ترامپ خۆی و کاربگێڕییەکەی، زیاتر بە لای شەڕدا دەیشکێننەوە نەک ئاشتی. لەو رۆژانەی بۆریدا سەرکۆماری فرەنسا ئەمانۆیل مارکۆن وتی "ئەم تەنگژەیە وەک ئێستای خۆی بڕوات، ئێران دەکات بە کۆریای باکور”، واتە لە هەڕەشەکردن و لاملیدا.

بەڵام ئەوەی خوویان و روونە، کێشەی ئەمەریکا لەگەڵ ئێراندا تەنیا کێشەی هێزی ناوکەیی نییە تاوەکو هەندێک لا خۆیان بێلایەن بگرن لەوەدا ئاخۆ رێککەوتنی ناوکەیی لە نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتەیلی زلهێزدا باش رۆییوەتە رێوە یان نا؟ ئەو کێشەیە، هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی تێکدەرانەی ئێران و دەسوەردانی لە ناوەخۆی زۆربەی وڵاتەیلی رۆهەڵاتی ناوین و بوونی بە هەڕەشە بۆ ئیسڕائیل و خوتی ئەمەریکا خۆی وێڕای ئەو وڵاتەیلەی بەرژەوەندیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەپارێزن لە سەروو گشتیانەوە سعوودی عەرەبیە. لە تەنگژەی قەتەردا پێش چەند مانگێک، کاربگێڕیی ترامپ پشتی ریازی گرت. دوای ئەوە، وەزیری دەرەکیی ئەمەریکا ڕۆڵی ناوبژیی نێوان بەغدا و ریازی گێڕا بۆ راکیشانی دووەمیان بە لای یەکەمدا لەو ململانەیەی بەڕێوەیە لە نێوان سعوودی عەرەبیە و کۆماری ئیسلامیدا روو بدات. لە تەنگژەی سووریاشدا، هیچ کاتێک لەو شەش ساڵەی لێرەوپێشدا ئەمەریکا ئەوەندەی ئێستا تەبای رووسیا نەبووە لە بڕاندنەوەی خێرای تەنگژەکە تەنانەت بە هێشتنەوەی ئەسەدیش لە کورسیی دەسەڵاتدا. هەموو ئەوانە وەک نیشانەی خۆسازدان وان لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە لە راستیدا رووبەڕووبوونەوەیەکە ئەمەریکا بە پارەی خۆیان "ترامپ واتەنی” بۆ سعوودیەی دەکات.

پێش چەند ڕۆژێک، لەو گەڕ و سووڕەی لە وڵاتەیلی رۆهەڵاتی ئاسیادا دەیکات و لە تۆقەڵانێکدا لە پایەتەختی ڤێتنام بەڕێوە چوو، سەرۆک ترامپ لە دیمانەی سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پووتندا وتی "من و سەرۆک پووتن دەبێ هاوکار بین لە بڕاندنەوەی تەنگژەی کۆریای باکور، تەنگژەی ئۆکرانیا، تەنگژەی سووریا و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا”. ترامپ ئاماژەیەکی بە تەنگژەی نێوان عەرەبی سونە بە سەرکردایەتیی ریاز و تایفەی شیعە بە سەرکردایەتیی تاراندا نەکرد وەک بڵێ لەوەشدا "رێک کەوتبن بە تەبایی بیبەنە رێوە”. سەرکۆماری تورکیا لەو رۆژانەی پێشیندا وتی شەڕێکی گەورە بەرەو ناوچەکە بەڕێوەیە. دەستکێشانەوەی سەرەک وەزیرەیلی لبنانیش ئاماژەیە بۆ نێزیکبوونەوەی وادەی دەست پێکردنی ئەو شەڕە هەرچەندە ئەو بەندوباوەی لەبارەی ئەو دەستکێشانەوەیە دێنە وتن نیشانەیەکی ئاشکران بۆ لاوازیی خۆسازدانی ریاز و بۆ ئەو هیستیریایەی ئالسعوود شەوی تێدا رۆژ دەکەنەوە و حەز دەکەن شەڕەکە لە ماڵی ئەم و ئەودا بێت نەک لە ماڵی خۆیاندا.

هەر لەم ماوەیەدا، کردەوەی محەمەد بن سەلمانی جێگرەوەی شای سعوودیە، بە گرتن و لابردنی دەیان کەسی گەورە و گرینگ لە بنەماڵەی ئالسعوود و وەزیر و کاربەدەستی زل و بردنی زیندەماڵ و مردەماڵی ئەوان بە تاڵان، وێڕای ئەوەی کارێکی کرچوکاڵ بوو لەم دەمودەستەدا، بۆ خۆی نیشانەیەکی روونیشە بۆ باربوو کۆکردنەوەی ئەو شەڕەی باسی دەکەین کە بەلای ریازەوە زیاتر پارەی پێویستە نەک مۆڵدان و جماندنی سوپا لە ئاستی تاراندا. وەک لە دەسوەردانی یەمەنیشەوە دەرکەوت بنەماڵەی ئالسعوود، چ وەک سیستەمی دەسەڵات و چ وەک هێزی سەربازی، لە کەلاوەیەکی کارتۆنئاسا دەچێ، سێ ساڵە ناتوانێ باری حووسییەک ببات کە هۆزێکی دواکەوتووی رەشووڕووتە کۆماری ئیسلامیی ئێران یارمەتییان لە دوورەوە بۆ دەنێرێ. ئەمەش وەک مانگەشەوی سەرلەئێوارە دیارە شەڕ چۆن دەبڕێتەوە ئەگەر بکەوێتە نێوان سعوودیە و ئێران خۆیانەوە..

هۆیەکی تر لە پاڵدانی ریاز بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاران ئەوەیە، وە نەبێ جڤاکی ناودەوڵەتی بە تایبەتی ڕۆئاوا ساڵانێک هەر زەلالەتی بووبێ بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەبارەت بە دەسوەردانی کۆمار لە کاروباری وڵاتەیلی تر یان هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکەییدا، بەڵکو زەلالەتیانە بە دەست سعوودیە خۆیشیەوە وەک سەرچاوکەیەک بۆ دنەدان و بەخێوکردنی تیرۆر. لە دوای ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ەوە دەرکەوت زۆربەی هۆنینەوەی تیرۆریست لە دنیادا، پاڵپشتی لە سعوودیەوە وەردەگرن. لەم سەرگەیەوە، بێتو سعوودیە لە بەگژداهاتنەوەی ئێراندا بدۆڕێنێ، هیچ لایەکی لە دنیا بۆ خەمبار و ئازیەتبار نابێ. بۆ رۆئاوا، هەڵایسانی شەڕێک لەو نێوانەدا ئەنگاوتنی دوو کێل دەبێ بە تاکە بەردێک.

نابێ بە هۆی ئەو شیکردنەوەی سەرەوە یەکێک وا تێ بگات کۆماری ئیسلامیی ئێران براوەی شەڕ دەبێت. وەک دەبینین سعوودیە، وێڕای ئەوەی ئەمەریکا و ئیسڕائیلی لەگەڵدایە، وڵاتەیلێکی زۆری سونەیشی بە دوای خۆیدا راکێشاوە بۆ بەگژداچوونەوەی ئێران. لەوەش ناچێ ئێران دۆست و هاوپەیمانێکی فرەی هەبێت لە دنیادا مەگەر سەرکۆماری تورکیا بزنسێک بەو کێشەیەوە بکات وەک چۆن بە کێشەی سووریایشهوه کردی و ئێستاش بە تەنگژەی قەتەرەوە وا ماوەیەکە دەیکات. لەوەش ناچێ لەو بزنسەدا ئەمجارە سەرکۆمار سەر بە ساغی بباتە دەر لەبەرئەوەی لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا رەجەب ئەردۆگان لە رۆهەڵات و رۆئاوای دنیادا هاوەڵ و هۆگرێکی بە خۆیەوە نەهێشتووە. جگە لەوانە هەمووی، ئەو شەڕەی دادێ، بەلای ڕۆئاواوە هەلێک دەبێ بۆ یەکلاکردنەوەی ململانەی کولتووری، کە ئەو سێ وڵاتەی ناومان بردن، سعوودیە و ئێران و تورکیا وەک سێ لووتکەی دنیای ئیسلام، ڕۆژانە سەرئێشەی زۆریان بۆ ئەوان هێناوەتە پێش.

کات نەما لە دەردی کوردە بۆرەی خۆیشمان بدوێین، بەڵام بە دڵنیاییوە، ئەمجارەش هەلی باشی بۆ دێتەوە پێش هیوادارین وەک هەموو جار سووک و سانا نەیدۆڕێنێتەوە نەخاسمە ئەگەر لەبیرمان بێ، ناوچەی کوردەواری لە سۆنگەی رووداویەلی دوای ١٦ی چرینی یەکەمەوە، نالوێ جارێکی تر ببێتەوە بە بەشێک لە گۆڕەپانی ململانەی مەزەوی، کە پێشتر خوتوخۆڕایی تێکەڵ بووبوو.