هێما نیازی حه‌مه‌عه‌زیز
ئه‌زموونی وڵاتان هه‌مان ترسیان له دۆخی دوای شه‌ڕ به‌ڕێ كردووه. ئه‌و ترسه‌ی دوای گیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ، هه‌میشه وه‌ك سێبه‌رێك به‌سه‌ر سه‌ری هاووڵاتییه‌وه‌یه. 20 ساڵ زیاتره شه‌ڕ و ململانێی نێوان پارتی و یه‌كێتی به چه‌ك به‌كۆتا هاتووه، به‌ڵام هێشتا متمانه‌ی سیاسیی نێوانیان زۆر ته‌نك و فشۆڵه، به‌و هۆیه‌شه‌وه هێشتا ترس له به‌رده‌رگه‌یه.
توێژه‌رانی سه‌رمایه‌ی سیاسی كه بواری هاوئاهه‌نگی و متمانه‌ی سیاسی جێی سه‌رنجیانه، پێیان وایه متمانه بریتییه له كارلێكێكی ئاڵۆز و جووڵاو، هاوكات ناسك. سروشتیشی وایه تا كاتی زیاتری به سه‌ردا بڕوات به‌هێزتر ده‌بێت و بچووكترین ڕووداو و ناكۆكی له ساتێك‌دا له‌ناوی ده‌بات.
مێژووی پێوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی كه دوایه‌مین وێستگه‌یان ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر بوو، ئاستی ئه‌و متمانه‌یه‌ی هێنایه‌وه خاڵی هیچ.
ڕووداوه‌كانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، پێ ده‌چێت زۆر ئه‌رك له هه‌رێمی كوردستانی نوێ داوا بكه‌ن، چونكه جیۆگرافیای ناوچه‌كه به‌ره‌و پێگه‌یشتنێكی نوێ وه‌رده‌چه‌رخێ، كه‌چی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه هێشتا به هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی و ململانێی حزبه‌كان و مقۆمقۆی پێكهاتنی حكوومه‌ته‌وه سه‌رگه‌رمن.
له ١٨ی شوباتدا پارتی به ئه‌نجامدانی دانیشتنی په‌رله‌مان به‌بێ یه‌كێتی، كۆمه‌ڵێ په‌یامی نوێی گه‌یاند، یه‌كێكیان ته‌واوبوونی سیسته‌می په‌نجا به په‌نجا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌نگه‌ی پێی وایه ده‌كرێ له‌مه‌ودوا یه‌كێتی تێبگات به‌بێ به‌شداری ئه‌ویش ده‌توانێ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت بخاته سه‌رپێ، هه‌ڵبه‌ت بۆ چوونه سه‌ری ئه‌و كاره، پارتی هه‌م دۆخی په‌رته‌وازه‌ی یه‌كێتی چاك لێكدابووه‌وه و هه‌میش ده‌زانێ ئێسته ئێران وه‌ك جاران ناتوانێ پشتیوانی یه‌كێتی بێت. جگه له‌وه‌ی هه‌ست به‌وه ده‌كرێت له دوای شه‌ڕی داعش و ناردنی هاوكاریی هاوپه‌یمانان، ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ململانێی توندیش له نێوان ئه‌و دوو هێزه بكرێت، هاوسه‌نگی هێز به‌لای پارتیدا هاتووه. هه‌رچه‌نده به‌هۆی چاودێریی نێوده‌وڵه‌تی و دابه‌زینی قورسایی سه‌ربازیی هاوپه‌یمانان له ناوچه‌كه‌دا ڕوودانی دوو ئیداره‌یی قورسه، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كان و ئه‌و گوتاره دزێوه‌ی ترس پێشانی خه‌ڵك ده‌دات، متمانه ته‌نكتر و هه‌رێمی كوردستانیش ناشیرین ده‌كه‌ن.
ئه‌و پرۆسانه‌ی پارتی بۆ له قاڵبدانی یه‌كێتی به‌پێی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن گرتوونیه به‌ر، جۆرێكه له كاردانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی كه‌ركووك له دوای ڕیفراندۆم. ئه‌و خواسته‌ی پارتی به‌هۆی كه‌میی كورسییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه و جۆرێك له شه‌رعییه‌تی بۆ دروست بووه و بۆی چووه‌ته سه‌ر، به‌و هۆیه‌وه تا ئاستێك به سیما چه‌قبه‌ستوویی دابه‌شكاریی ئیداری و سه‌ربازی ناوچه‌كانی یه‌كێتی و پارتی ده‌ستكاری ده‌كات و هه‌ژماركردنی ده‌نگ و كورسی ده‌كاته‌وه نه‌خشه‌ڕێ، به‌ڵام كاره دروست و زانستییه‌كه‌ی به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و دیموكراسییه و گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕێژه‌ی ده‌نگ، له ڕێی به‌دامه‌زراوه‌یی و به‌هێزكردنی حكوومه‌ت و یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه نیشتمانییه‌كانه‌وه ده‌بێت. ئه‌وكات داراییه‌كی یه‌كگرتوو و هێزێكی نیشتمانی، لانی كه‌م نابنه هه‌وێنی هه‌ڕه‌شه و فه‌رامۆشكردنی سه‌نگی هه‌ڵبژاردن.
پارتی ده‌بێت له‌وه تێبگات كه به‌هێزكردنی حكوومه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدایه و بێهێزیی حكوومه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیدایه، چونكه هه‌م قورسایی جیۆگرافی و جه‌ماوه‌ریی پارتی له هه‌ولێره و هه‌م ده‌توانێ ڕۆڵی هه‌بێت له دروستكردنی مۆدێلێكی نوێی خزمه‌تكردن. ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، ئه‌مه یه‌كێكه له هه‌نگاوه‌كانی ڕه‌واندنه‌وه‌ی ته‌م و ترسی زیانگه‌یاندن به ئاشتی و یه‌كپارچه‌یی هه‌رێمی كوردستان.