بڕیاری ڕیفراندۆم و ئاماژەکانی

بە‌ر لە‌ سێ ساڵ زۆربە‌ی لایە‌نە‌ سیاسییە‌كانی هەرێمی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی ھە‌رێمی كوردستانیان بۆ زانینی ڕای گە‌ل لە‌بارە‌ی سە‌ربە‌خۆییە‌وە‌ دا. ئە‌م بڕیارە‌ سە‌رباری سە‌ختیی باری سیاسی و نائامادە‌یی زەوینەی ئابووری‌, بڕیارێكی گرنگ بوو چونكە‌:

جارێكی تر زۆربە‌ی ھێزە ‌سیاسییە‌كانی گە‌لی كوردی لە‌ باشووری كوردستان یە‌كخست و ھاوسۆزیی ھێزە‌كانی ڕۆژھە‌ڵات و باكوری كوردستانیشی بۆ ھە‌رێم ڕاكێشا. نموونە‌یە‌كی وا تە‌نیا لە‌ كۆماری كوردستان لە‌ ١٩٤٦ و یە‌كبوونی بە‌رە‌ی كوردستانی لە‌ ١٩٩١ دە‌بینرێنە‌وە.


٢-  تا ئەوکات توركیا بە‌و ھاوكارییە‌ بە‌رژە‌وە‌ندیخوازانە‌ی بۆ ھە‌رێمی كوردستان و ئێرانیش بە‌و پێوە‌ندییە‌ سیاسییە‌ی لە‌گە‌ڵ ھە‌رێمی كوردستان ھە‌یانبوو،‌ وا تێگە‌یشتبوون بە‌و جۆرە‌ی ویستوویانە‌ دۆز‌ی نە‌تە‌وایە‌تی و دە‌نگھە‌ڵبڕینی سە‌ربە‌خۆییان لە‌ كوردستاندا كپ كردووە‌، بە‌ڵام بڕیاری ڕیفراندۆم ئە‌و خە‌ونە‌ی ھە‌ردوولای پوچە‌ڵ كردە‌وە و ئاسوودە‌ییە‌كە‌یانی نە‌ھێشت‌.


٣- بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ یە‌كە‌مجار، ھە‌لومە‌رجی یاسایی گە‌ڕاندنە‌وە‌ی ناوچە‌ دابڕێنراوە‌كانی لە‌ پڕۆسە‌یە‌كی یاسایی و سیاسیدا بە‌ شێوە‌یە‌كی ئاشتییانە‌ ڕە‌خساند، كە‌ دواتر بە‌ ئە‌نجامە‌كە‌ی بە‌ڵگە‌یە‌كی یاساییی گرنگ لە‌بارە‌ی كوردستانیبوونی ناوچە‌ داگیركراوە‌كان، پیشانی ھە‌موو دنیا درا.


٤-  دوای ٣٠ ساڵ لە‌ ناڕەزایی گشتیی خە‌ڵك لە‌ لاوازیی ئیدارە‌دانی هەرێمی كوردستان كە‌ بە‌ لاوازبوونی ھە‌ستی نە‌تە‌وە‌یی شكێندرایە‌وە‌، ڕۆڵی سە‌رۆكی ھە‌رێم لە‌ نوێكردنە‌وە‌ی ئە‌و ئیرادە‌ نە‌تە‌وە‌یی و سیاسییە‌، وە‌ك سیمبولی پێكگە‌یاندنی نە‌وە‌ی كۆن و نوێ لە‌ سووربوونی بۆ ڕیفراندۆم ڕە‌نگی دایە‌وە‌، كە‌ كاریگە‌ریی گە‌ورە‌ی بە‌سە‌ر بیرە‌وە‌ریی گشتیی كورد بۆ زە‌مە‌نێكی درێژخایە‌ن جێدێڵێت.


٥-  بڕیاری ڕیفراندۆم، پیشانیدا كە‌ سزای سیاسی و دارایی خە‌ڵكی كوردستان، لە‌ دوای شە‌ڕێكی درێژخایە‌نی داعش و قە‌یرانە‌ درێژخایە‌نە‌كانی كۆمە‌ڵگە‌ی كوردستان، كورد لە‌ پرسی سە‌ربە‌خۆیی دانابڕن و بە‌دە‌ر لە‌ دۆخ و زە‌وینە دژوارە‌كە‌ی‌ و ستراتیجی جیاوازی حزبە‌كان، ئازادبوونی یە‌كجاری مافێكە‌ دە‌ستی لێ بە‌رنادرێت.