بارزان جه‌وهه‌ر سادق
هه‌ر لایه‌نێك وا بزانێت هه‌نگوینی له دار دۆزیوه‌ته‌وه و بڵێ كاتیه‌تی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی پارته‌كه‌م له‌و كاته ناسكه‌ی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك خه‌ریكی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونن، زۆر به‌هه‌ڵه‌دا چووه و هه‌ستی رق و كینه به‌سه‌ر لایه‌نی عه‌قڵیدا زاڵ بووه و تووشی شكستێكی گه‌وره‌ی ده‌كات له داهاتوودا. به‌پێی تیۆره‌كانی متمانه‌ی سیاسی، هه‌ركات پارتێكی سیاسی به‌هۆی سكانداڵێكه‌وه متمانه‌ی خه‌ڵكی له ده‌ست دا، بۆ چه‌ندان ساڵی دواتر ناتوانێت ئه‌و متمانه‌یه به‌ده‌ست بێنێته‌وه و رووه‌و له‌ناوچوون ده‌چێ.
ئاشكرایه سه‌تان ساڵه كورد خه‌بات ده‌كات و رووبارێك خوێنی رشتووه و ماڵ نییه قوربانی بۆ رزگاربوون و سه‌ربه‌خۆیی نه‌دابێت. ئێسته په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و رۆڵه خاكییانه له‌سه‌ر قێز هاتنه‌وه له ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای بیری پووچ، ئه‌وپه‌ڕی شه‌رمه‌زرارییه. سه‌یری كه‌ناڵه‌كانی میدیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن، پێویست ناكات توێژینه‌وه‌یه‌كی مه‌یدانی چه‌ند هه‌زار نموونه‌یی ئه‌نجام بده‌ی، یه‌كسه‌ر ده‌زانی خه‌ڵك به چ ئاراسته‌یه‌كی مه‌ترسیدار براوه. هه‌ر باسی كوردایه‌تی و ده‌وڵه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ له‌لای هه‌ندێك خه‌ڵك بووه‌ته عه‌یب و خه‌ڵك وا تێگه‌یشتووه و ئه‌م ده‌وڵه‌ته ته‌نیا بۆ بارزانی یان چه‌ند به‌رپرسێكی پارتییه.
ئه‌گه‌ر بۆ پارتییه، ئه‌وا ده‌نگی خه‌ڵك له دوو مانگ دواتری هه‌ڵبژاردن ده‌توانێت ئه‌و لایه‌نه سزا بدات ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی پارتییان پێ باش نییه. كه‌واته ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ جگه له‌وه‌ی بۆ تۆیه و ته‌نیا، بۆ به‌فیڕۆ نه‌چوونی خوێنی سه‌تان هه‌زار شه‌هید، ئه‌نفال، كیمیاباران، جینۆساید و ده‌ربه‌ده‌ری یه‌كه به‌یه‌كه‌مانه، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مافێكی سروشتی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌زاران ساڵی رابردووه.
مه‌رجدانان بۆ به‌شداری ریفراندۆم و هاوكاریكردنی پرۆسه‌كه، زیانێكی گه‌وره به كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و گرووپانه‌ی یاریی به‌و ئاگره ده‌كه‌ن با دوور نه‌چن و سه‌یرێكی دوو ده‌یه‌ی رابردوو بكه‌ن، ده‌زانن ئه‌و پارته سیاسی و سه‌ركردانه‌ی له یوگسلافیا جیا بوونه‌وه یان ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه له سڕبیا جیا بوونه‌وه، چه‌ند مه‌رجیان هه‌بوو به‌رامبه‌ر یه‌كتر.
له جیاتی هه‌بوونی ئه‌و مه‌رجانه‌یان، ده‌بوو ئێسته ماندووی ئه‌وه بوونایه كێ ده‌ستكه‌وتێكی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ یان ده‌ره‌وه به‌ده‌ست هێناوه بۆ پاڵپشتی سه‌ربه‌خۆبوون. له جیاتی كێبه‌ركێی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی حزبی و كه‌سی، ده‌بوو پێشبڕكێ بووایه له‌سه‌ر وه‌رگرتنی به‌هێزترین فایلی كاركردن بۆ به‌ده‌وڵه‌تبوون. هه‌ر لایه‌نێك قوربانیی زیاتر بدات له‌م پێناوه‌دا، به ته‌نازول ئه‌ژمار ناكرێت و به‌پێچه‌وانه‌وه مێژوویه‌كی شكۆدار تۆمار ده‌كات بۆ داهاتوو.
قۆستنه‌وه‌ی بارودۆخی ته‌نگژاوی له بوونی گه‌نده‌ڵی، كه‌میی خزمه‌تگوزاری به‌هۆی بوونی ئه‌و هه‌موو ئاواره، كه‌میی مووچه و قورسی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ تیرۆرستان، ململانێ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به یه‌كجاری، راگرتنی هاوسه‌نگی هێز له‌ناو ئه‌و هه‌موو هێزه جیهانی و هه‌رێمییه ناكۆكه له ناوچه‌كه و چه‌ندان كێشه‌ی تر له‌م كاته بۆ ته‌سفیه‌كردنی كێشه كه‌سییه‌كان له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵك و پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی یارییه‌كه كه هه‌مووان تێیدا زیانمه‌ند ده‌بن نه‌ك چه‌ند پارتێكی سیاسی.
له به‌راییدا، گریمان خوا نه‌خواسته گرووپه‌كانی كه‌مپینی (نه‌خێر) به قۆستنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه و به‌كارهێنانی هه‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه ده‌نگی (به‌ڵێ)یان كه‌م كرده‌وه، خۆ ئه‌وكاته دۆڕاو براوه نییه، لایه‌نگرانی (به‌ڵێ) مێژوویه‌كی جوان تۆمار ده‌كه‌ن و به‌زیادبوونی رێژه‌ی (نه‌خێر) شكۆی تاك به‌تاكی كوردستانیان ده‌شكێنرێ له هه‌ر چوار پارچه‌كه.
*مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان