سه‌رباری ئه‌وه‌ی له دیدی منه‌وه داعش كۆتایی نه‌هاتووه و به‌رده‌وام له فۆڕمی جیاواز و دۆخی تایبه‌تدا خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، خۆ ته‌نیا گرووپی چه‌كدار و ده‌سته‌گه‌ری چه‌ته نین، به‌ڵكو عه‌قڵییه‌ت و هێزێكی گۆشكراوه به ترادیسیۆن و ئه‌و به‌شه‌ى مێژووی ئیسلام كه توندڕۆیی به‌رهه‌م هێناوه، به جۆرێك به ده‌نگی به‌رز و له پێش چاوی دنیا، داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی مسوڵمانان بۆ قۆناغی هه‌زار و 400 ساڵ پێش ئێسته, واته سه‌ره‌تاكانى سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام ده‌كات. ئه‌و قۆناغه‌ی داعش چوار ساڵی رێك، له مووسڵ و ره‌قه، زیندووی كرده‌وه و له دوای خۆیشیدا میراتێكی بۆ ناوچه‌كه جێهێشت كه له ئاینده‌دا وه‌ك بۆمب به ده‌موچاوی هه‌ر تاكێكی عێراقی و سووریاییدا ده‌ته‌قێته‌وه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته به‌و ئاسانییه له زاكیره‌ی تاكی توندڕۆی ئیسلامی سیاسی‌دا نایه‌ته سڕینه‌وه، هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ سڕینه‌وه‌ی، بێسوود و بگره وه‌ك بزاوتێكیش كه ئێمه ئه‌و بزاوته به تیرۆریستی و ئه‌وانیش به فریادڕه‌سی ئیسلامی خۆیان و ئاینى ده‌زانن، له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی‌دا گه‌رای جیاواز داده‌نێت.
جیاوازی داعش له‌گه‌ڵ قاعیده، جگه له‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌شیان زۆرن و ڕكابه‌ری یه‌كیشن، له كرده‌ی تیرۆری و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی تۆقاندن له‌ناو مسوڵماناندا، هه‌تا له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیشدا، وێڕای هه‌موو ئه‌و خاڵه هاوبه‌شانه، هاوكات داعش و قاعیده له سیاسه‌تی كاركرنیاندا كه ئه‌وان ده‌ڵێن جیهاد، له یه‌كتری جیاوازن.
داعش رازی نابێت ته‌نیا كرده‌ی ته‌قینه‌وه و هێرشی پارتیزانی ئه‌نجام بدات، به‌ڵكو ده‌خوازێت گه‌رای جێگیر له هه‌موو شوێنێك و به تایبه‌تی له وڵاته‌یلی تژی له ئاژاوه و گۆشكراو به هه‌ستی توندڕۆیی ئاینى دابنێت، به ئامانجی گه‌وره‌كردنی ئه‌و هه‌زاران فه‌رخه داعشه‌ی له رێدان بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی و به‌تایبه‌تی له وڵاتانی ئیسلامی كه ژینگه‌ی گه‌شه‌كردنی فیكری توندڕۆیی تێیاندا له‌باره.
له به‌رانبه‌ردا قاعیده هه‌رچی توانای فیكرى و مرۆیی و سه‌ربازیى هه‌یه، زیاتر له كرده‌ی تیرۆریستی به‌گه‌ڕیان ده‌خات و كه‌متریش هه‌وڵی مانه‌وه له شوێنێكی دیاریكراودا ده‌دات. به‌پێچه‌وانه‌وه داعش ته‌نانه‌ت دوای چوار ساڵ شه‌ڕكردن له دژی و شكستپێهێنانی له ڕووی چه‌كدارییه‌وه، هێشتا وه‌ك مه‌ترسیی و دێوه‌زمه‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنی خاك و شاره‌كان ده‌كات كه داعش پێى ده‌ڵێ رزگاركردن و فراوانخوازی ئیسلامی.
ئه‌گه‌رچی ناوچه‌كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی ئیسلامیدایه، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی داعشه‌وه، ئیسلام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ماندایه و لێره‌دا هانا بۆ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى سه‌ید قوتب ده‌به‌ن كه ده‌ڵێت: وڵاتانی ئیسلامی كافر بوونه و پێویسته جیهادیان به‌سه‌ردا بكرێت. لێره‌دا داعش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك توانیویه‌تی له رێی ئه‌و گوته‌یه‌وه خه‌ڵكی چه‌واشه بكات. نموونه‌یش به‌خێرایی له مووسڵدا توانی جێی خۆی بكاته‌وه و نیوه‌ی خه‌ڵكه‌كه له‌گه‌ڵی بمێننه‌وه و رازی بن به‌و جۆره حوكمڕانییه كه ره‌نگی گه‌وره شاری مووسڵی ڕه‌شپۆش كرد و خه‌ڵكه‌كه‌یشی به‌شی زۆریان ئاره‌زوومه‌ندانه نیقابیان كرد و ریشیان هێشته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیان وابوو ئاینه‌كه‌یان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ماندایه، به‌ڵام كاتێك به ئاگاهاتنه‌وه شاره‌كه‌یان دووجار ره‌شی پۆشی بوو، جارێك به بۆیه و سیستمی رهشپۆشكردنی داعش و جارێكیش به دووكه‌ڵی بۆمب و زنجیری تانك و سووتانی شاره‌كه‌یان.
سه‌رئه‌نجام داعش له ڕووی چه‌كدارییه‌وه شكستی هێنا، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسییه و ده‌یه‌وێ خۆی له‌و سڕبوونه‌ی رزگار بكات و چالاكی تر ئه‌نجام بداته‌وه، به ئه‌نجامدانی كرده‌ى تیرۆریستى و بڵاوكردنه‌وه‌ی دروشمی ئیسلام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه.
دروسته داعش له ڕووی چه‌كدارییه‌وه نه‌ماوه، وێڕای چالاكی پارتیزانی، به‌ڵام به دیقه‌تدان له میراتی به‌جێماوی، لێره‌دا میراته‌كه زیاتر مه‌به‌ست له لایه‌نى رۆحییه نه‌ك كه‌لوپه‌ل و ماڵ و سامان و زه‌وى، به‌ڵكو ئه‌و هه‌زاران ژن و منداڵه‌ی چه‌كدارانى داعش ده‌گرێته‌وه كه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و سووریا به‌جێماون و به موو له سیاسه‌تی داعش، واته باوك و هاوسه‌ر و برا و خاڵ و كه‌سوكاریان لاناده‌ن، ته‌نانه‌ت ئاماده نین حاشا له‌و كه‌سانه بكه‌ن كه هاوسهریانن، له كاتێكدا زۆربه‌یان دیار نه‌ماون، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو ژن و منداڵه به‌و ستایله‌ی داعشه‌وه خه‌ریكن دێنه ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و سووری، هه‌ریه‌ك له‌وانه‌یش جۆرێك هه‌ستی رق و تووڕه‌ییان بۆ دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌تی كاتێك منداڵه‌كانیان هه‌ست ده‌كه‌ن باوكیان كوژراون و له ده‌روونی هه‌ریه‌ك له‌و منداڵانه‌دا جۆرێك هه‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه له كۆمه‌ڵگه و حكوومه‌ت چه‌كه‌ره ده‌كات، به‌تایبه‌تی كه عێراق و سووریا جێی ئومێدی ئه‌وتۆ نین تا بتوانن ئه‌و كه‌سانه هۆشیار بكه‌نه‌وه و هه‌ستی رق و جیهادكردن و تۆڵه‌كردنه‌وه‌یان به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌ی ئاینی و رۆشنبییری له زاكیره‌دا بسڕنه‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌وه چ عێراق و چ سووریا، ده‌بنه مۆڵگه‌ی ئه‌و فه‌رخه داعشانه و بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماده‌سازییه‌ك بۆ پێشوازیكردن له‌و هه‌موو ژن و منداڵه‌ی داعش هه‌بووبێت، ئه‌و له‌شكره خه‌ریكه تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگه ده‌بن، ئه‌گه‌رچی له ڕووی مرۆییه‌وه مافی ژیانی شایسته‌یان هه‌یه و ڕه‌نگه زۆربه‌یان قوربانی و فریودراو بن، سه‌رئه‌نجام ده‌توانین ده‌ست بۆ خاڵێك ببه‌ین و بڵێین كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و سووریایی له به‌رده‌م ئه‌گه‌ری شه‌پۆلێكی تری فیكری توندڕهویدان.
دروسته پرووشكى ئه‌و میراتهى داعش ره‌نگه كه‌متر به‌ر هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێت، به‌و پێیه‌ى زیاتریان عه‌ره‌بن و له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه گیراون یان راده‌ستى به‌غدا كراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش به‌و مانایه نییه پرووشكى ئه‌و میراته مه‌ترسیداره، واته هێزه توندڕۆكهى ئاینده به‌ر هه‌رێمى كوردستانیش نه‌كه‌وێت، كاتێك ئه‌و منداڵانه‌ى داعش گه‌وره ده‌بن و له چاره‌نووسى باوكه داعشهكهیان ده‌پرسن، یه‌كڕاست پێیان ده‌گوترێت له شه‌ڕى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراقدا كوژراوه، ئه‌مه‌ش له ده‌روونى ئه‌و منداڵه داعشانه‌دا وه‌ك بۆمبێك گه‌وره ده‌بێت و ئه‌گه‌رى ته‌قینه‌وه‌ى هه‌میشه له ئارادا ده‌بێت.
ئاخر ئێسته‌یش ئه‌و میراته جێماوه‌ى داعش، واته ژن و منداڵ و خوشك و هه‌تا دایك و باوك، له كه‌مپ و گرتووخانه‌كاندا شانازى به چه‌كداره‌كانیانه‌وه ده‌كه‌ن و به موو له‌و رێبازه لا ناده‌ن كه به‌هۆیه‌وه چه‌كیان گرته ده‌ست و شه‌ڕیان كرد، كه‌واته كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقی به ئاراسته‌ی بۆمبگهلێكى نهتهقیودا ده‌چێت.