مەترسی ئیسلامی سیاسیی کوردی!


گوتاری ئیسلامی سیاسیی کوردی، پشت بە کۆمەڵێک بەهای دۆگمای ترادیسیۆنی ئیسلامییانە دەبەستێت کە خاڵین لە هەرچی بەها تازەکانی دونیای مۆدێرنەتە. ئەو گوتارە لە بری ئەوەی، هەوڵی گونجاندنی ئایین، لەگەڵ رەوتی تازەی دونیادا بدات، بە پێجەوانەوە دەخوازێت ئیسلام وەک ئایین، لە دونیای مۆدێرنەتە دابڕێت، کە ئەمەش سەرئەنجام جۆرێک پێکدادان لە نێوان ئەو بەها تازانەی مۆدێرنەتە و ترادیسیۆنی ئایینیدا دروستدەکات، ئەو پێکدادانەش، دوو لایەنی هەیە، هەردوو لاکەش لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەدا نین، لایەنێکی خراپ کە بە هۆیەوە کۆمەڵگە دووچاری ئاریشەگەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فیکری دەکاتەوە، دواجار ئەو کێشانە شۆڕدەبنەوە بۆ ناخی کۆمەڵگە و دەرئەنجامی کارەساتباری گەورەیشی بە دوادادێت، لە نموونەی تاڵیبان و عێراق و سووریا و کۆمەڵگەی عەرەبی بە گشتی، بەڵام بە شێوەی جۆراوجۆر، لایەکەی دیکەشی ئەوەیە، کە بە سوودی حیزبی ئیسلامی دەکەوێتەوە، بەو پێیەی حیزبی ئیسلامی بوون و گەشەسەندنی خۆی، لە ئاڵۆزی و نالەباری کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە، بە شێوەیەکی دیکەش، حیزبی ئیسلامی، هەردەم گەرای خۆی لەو کۆمەڵگە و وڵاتانەدا دادەنێت کە خەڵکەکەی  بەدەست هەژاری و نەخۆشی و قەیرانی قووڵی سیاسییەوە دەناڵێنن.

قاعیدە لە ئەفغانستان و داعش لە سووریا و عێراق گەشە دەکەن، چونکە زەمینەی گەشەکردنیان لەو وڵاتانەدا لەبار بوو، خەڵکی هەم بە هۆی برسێتی و هەمیش، بە هۆی هەلومەرجی ئاڵۆزیی سیاسی، دووچاری قەیران و نائومێدی رۆحی ببوونەوە، هەر بۆیەش هێزێکی وەک داعش، لە ماوەیەکی کەمدا، دەتوانێت دەستبەسەر رووبەرێکی فراوانی خاکی سووریا و عێراقدا بگرێت، لە کاتێکدا ئەو دوو وڵاتە دوو وڵاتی خاوەن چەکی قورس و سوپای بەهێزیش بوون، بەڵام چونکە زەمینەی گەشەکردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لەبار بوو، ئیدی داعش بەخێرایی رەگی خۆی داکوتی و دواتر بە زیاتر لە شەشت وڵاتی هاوپەیمان هێشتا ناتوانن بە سانایی داعش لەناو ببەن، چونکە بووەتە عەقڵییەت و زەمینەی سەرهەڵدانیشی هێشتا ماوە، بۆی هەیە لە شوێنی دیکە و لە بەرگی دیکە دەرکەوێتەوە، چونکە کێشەکانی ناوچەکە وەک خۆیان ماونەتەوە و کەس بیریش لە چارەسەرکردنیان ناکاتەوە.

ئیسلامی سیاسیی کوردیش بەدەر نییە لە ئیسلامی سیاسیی عەرەبی، ئەوانەی خۆشمان ئیشوکاریان بووەتە رەخساندنی دەرفەتی گەشەسەندنیان، بە تایبەتی هێزێکی دۆگمای وەک کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، کە بە هەموو شێوەیەک، ئیش لەسەر  خوڵقاندنی دۆخێکی ئاڵۆزیی سیاسی دەکات بۆ ئەوەی لەو گۆشەیەوە، ئەسپی ئومێدی خۆیان تاو بدەن.

گوتاری ئیسلامی سیاسیی کوردی، گوتارێکە بە دوای زیندووکردنەوەی کولتووری دواکەوتووی کۆمەڵگەی ئیسلامیدا دەگەڕێت و ناخوازێت کۆمەڵگەی کوردستان ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، بە داخەوە حیزبە بەناو سێکۆلار و دیموکراسخوازەکانیش، بە هۆی ململانێی سیاسی نێوانیان، خەریکە ئاگایان لە گەمە سیاسییەکانی حیزبی ئیسلامی نامێنێت، واتە دۆخێک خوڵقاوە کە بە هەموو شێوەیەک لە بەرژەوەندی پەرەسەندنی، رەوتی ئیسلامی سیاسیی کوردی دایە، چونکە گۆڕەپانەکە چۆڵ بووە، لەبەر پڕۆژە و بەیاننامەی حیزبی، بەداخەوە حیزبە سێکۆلارەکان ناپڕژێنە سەر ئەوەی، کە پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی دروستبکەن.

لە ماوەی بیست ساڵدا، واتە لە دوای یەکەم ئەزموونی پەرلەمانی کوردستانەوە، بزاوتی ئیسلامی سیاسیی کوردی، توانیویەتی لە سەد، کورسی پەرلەمان، حەفدە کورسیی مسۆگەر بکەن، ئەمە رێژەیەکی زۆرە، کە لە بەرانبەردا رێژەی کورسییەکانی حیزبە نەتەوەیی و سێکۆلارەکان، کەمی کردووە. 

هێزێکی وەک گۆڕانیش، تژییە لە هەڵسووڕاوی شووناس ئیخوانی، کە ناتواندرێت لە کادیرێکی کۆمەڵ، جیا بکرێنەوە، چونکە وەلائیان بۆ یەک فیکری دیاریکراو هەیە، بەڵام لەژێر تایتلی جیاوازدا، بە تایبەتی دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، ئێستا عەلی باپیر دەیەوێت، دەستبەسەر ئیخوانەکانی ناو گۆڕاندا بگرێت، هیچ نەبێت وەک باڵێکی خۆی بەکاریان بێنێت، تەنانەت لە کاتی مەراسیمی بە خاکسپاردنی کاک نەوشیروان عەلی باپیر لە رێگەی گوتارێکەوە ئەو کۆدەی ئاشکرا کرد!

 بە هەمان شێوە لە ناو پارتی و یەکێتیشدا، فیکری ئیخوانی هەیە، کەوایە ئەمە ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ئاییندەدا، ئەگەری ئەوە هەیە، بزاوتی ئیسلامی سیاسیی کوردی، هەنگاوێکی تر بە ئاڕاستەی بردنی دەنگی خەڵک بچێتە پێشەوە، چونکە بەڕاستی گۆڕەپان لەبەردەمیاندا چۆڵە و سێکۆلار و ناسیۆنالیزمەکانیش سەرقاڵی یەکدین و لە ژێرەوەش ئیسلامی سیاسی خەریکی دانانی گەرای تازەیە لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا.