یەكەمیی پارتی كوردستان بەهێزتر دەكات

رۆژی 10/10/2021، رۆژێكی تری مێژوویی خەباتی شارستانیی گەلەكەمان بوو، خەڵكی كوردستان لە رێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە شانازییەكی گەورەی تۆمار كرد، هەر كوردستانییەك بە دەنگدانی خۆی بە پارتی دیموكراتی كوردستان، جگە لەوەی وەك شوورەیەكی پۆڵایین پێگەی خۆی بەرانبەر نەیارانی كوردستان جێگیر كرد، لە هەمان كاتدا رۆحی شەهیدان ئاسوودە بوون و سەنگەری كوردایەتیی پتەوتر كرا.

مێژوویی 18 ساڵەی شێوازی مامەڵەكردنی دەسەڵاتدارانی بەغدا بەرانبەر گەل و هەرێمی كوردستان و لە سەرووی هەموویشیانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایە بەوەی بۆچی هەردەم نەیارانی مافەكانی كورد لە هەركوێیەك بن، پارتی و بارزانی دەخەنە ناو سێرەی تیرە ژەهراوییەكانیان و هەوڵی لاوازكردنی دەدەن، وەڵامەكەی ئێستە ئاشكرا و روونە كە دەگەڕێتەوە بۆ رژدیی و جێگیریی سیاسەتی پارتی لە داكۆكی مافەكانی كوردستان و سازش نەكردن لەژێر هیچ گوشارێكدا. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە هەڵبژاردن سەلماندی، خەڵكی هەرێمەكە لە پشت ئەو پارتەوە وەستاون و بەهێزتری دەكەن، بۆیە بێگومان نەیار هەر دۆڕاو دەبێ.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بڕوای بەوە هەیە، عێراقی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی بنیات بنرێتەوە و گەلی كورد بەهێزەوە لە بەغدا ئامادەیی هەبێت، لەم پێناوەدا پێویستە پارتی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بێنێت، خەڵكی كوردستان هۆشیارانە لەم هاوكێشەیە تێدەگەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان لە عێراقدا، دەنگدەر دەزانێ بە هێزێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكێكی نەتەوەیی وەك بارزانی نەبێت، كوردستان هەرزوو دەستەمۆ دەكرێت.

ئەو هەڵوێستە نەگۆڕانەی پارتی لەبارەی پرسە نەتەوەییەكانی كورد و پێشخستنی كوردستان، نەك تەنیا جەماوەری لە دەوری كاندیدەكانی هێشتووەتەوە، بگرە هەموو شاندە دیپلۆماسییەكان كە دێنە عێراق و كوردستان، ئەوەیان لە بەرچاوە و هەمیشە دەبینین داوای بەهێزی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەركەوت ئەم بابەتە لای خەڵكیش زۆر سەرنجڕاكێشە و پارتی لە لووتكەدا دەهێڵنەوە، بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتانە پەرە پێ بدات.

خاكی كوردستان و مافە رەواكانمان لە پیلانگێڕی و خیانەتی تر دەپارێزێت


لە هەمان كاتیشدا دەرخەری ئەو راستییەن كە چەندە سەنگ و پێگەی پارتی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە بەهێزتر بێت، ئەوا قەوارەی یاسایی و دەستووریی هەرێم پارێزراوتر دەبێت، هاوكات پارتی هەمیشە وەك چیایەكی سەخت لە پشت مافەكانی خەڵكی كوردستان دەوەستێتەوە و ئاڵاهەڵگری كوردایەتیی و كۆڵنەدانە، ئەوەش وایكردووە رووبەڕووی زۆرترین پەلاماری نەیارانی دۆزی كورد ببێتەوە، بەڵام چونكە گەلەكەی لە پشتە، هەر بەهێزتر دەبێت و خەڵكی كوردستانیش وەك هەمیشە متمانە و دەنگی خۆیان بە پارتی دەدەن، بەهۆی ئەوەی دەزانن تەنیا ئەو رێبازەیە نوێنەرایەتیی راستەقینەی كورد دەكات. 

كەواتە ئەو دەنگدان و متمانە بەخشینەی خەڵك بە پارتی، خاكی كوردستان و مافە رەواكانمان لە پیلانگێڕی و خیانەتی تر دەپارێزێت، لە هەمان كاتدا دووپات كرایەوە كە خەڵك هەرچەندە لە ناوخۆ رەخنەیشی هەبێ، بەڵام بۆ سەنگەری بەرگری، هەر پارتی بە نوێنەر دەزانێت و هەرگیز دوێنێیان بیر نەچووە كە چۆن بكەوین لە بەردەم دوژمندا، داهاتوویش پارتی و بارزانی هەر پێشڕەو دەبن بۆ گەیاندنی كوردستان بە كەناری ئارام.

لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی و بەرزڕاگرتنی شكۆی كورد و كوردستانییەكان لە عێراق، مسۆگەركردنی بەدەستهێنانی تەواوی مافە نەتەوەیی و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ و هەستیار بوو، ئەركی كورد و كوردستان بوو لەم قۆناغەدا نوێنەرانی سەرۆك بارزانی و پێگەی پارتی لە بەغدا بەهێز بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمەكەمان بچەسپێ و ئایندەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ كوردستان مسۆگەر بێت. پارتی نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتە و ئاین و ئاینزاكان دەكات و كوردستانێكی بەهێز لە بەرژەوەندیی پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانییە.