پارتیی بەهێز بزوێنەری كوردستانێكی بەهێزە

پارتی لە ماوەی 75 ساڵەی لە خەبات و ماندووبوونی بێ‌ وچان، وەك  هێزێكی لەبن نەهاتووە، پارتی بەسەربەرزی بردیەوە، ئەو ئەنجامانە لە ئەنجامی خەبات و ماندووبوون و دڵسۆزیی سەركردایەتیی پارتییە. هیچ شتێك بەبێ پارتی ناكرێت، هیچ بڕیارێك لەبارەی كوردستانەوە بەبێ پارتی نادرێت، لەگەڵ ئەوەی سەنگی پارتی هاوكار دەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكە، هەروەها قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكان و خێزانی سەربەرزی شەهیدانە كە لە رۆژی تەنگانەدا كوردستانیان پاراست و خۆیان كردە قوربانی لە پێناو ئازادبوونی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل، ئەویش حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراتی لە داهێنانی سەرۆك بارزانییە، كاتێك لە دوای راپەڕین لە وتارێكدا لە شاری كۆیە كە بەردی  بناغەی بەدیموكراسیكردنی حوكمڕانی كوردستان دا دووپاتی لەسەر بەدامەزراوەییكردنی داودەزگەكان و حكوومەتی هاووڵاتی لە رێی  ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن كرد، وەك ئەزموونێكی حوكمڕانی و دیموكراسی و پێشاندانی بەهەموو دنیا كە دواتر بە سەركەوتوویی ئەنجامەكەی پەرلەمان و حكوومەت یاسایی و ڕەوایی لە خەڵكی كوردستان وەربگرێت.
هەڵبژاردنی كردە پێوەرێك بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و بەهێزتركردنی پێگەی كۆمەڵایەتی، سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، ئاوەدانی و گەشەسەندنی زیاتر



پارتی دیموكراتی كوردستان، بەكردەوە حزبێكی نەتەوەپەروەر و نیشتمانپەوەرە كە تێیدا ئامانج كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتە و ئاین و ئاینزاكانە لە ژێر ڕەشماڵێكدا، تێیدا هەڵبژاردنی كردە پێوەرێك بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و بەهێزتركردنی پێگەی كۆمەڵایەتی، سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، ئاوەدانی و گەشەسەندنی زیاتری هەرێمی كوردستان و لە هەمان كاتیشدا ئاشتی، سەقامگیری و چەسپاندنی یاسا. هەموو ئەوانە وایانكردووە كە قۆناغ بە قۆناغ سەرەڕای هەموو ئاریشەكانی بەردەمی، پێشكەوتن و سەركەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و كار بۆ زیاتر چەسپاندنی مافە رەواكانی نەتەوە و نیشتمانەكەی بكات .

هەموو ئەو گەشەسەندن و پێشكەوتنانەی هەرێمی كوردستان و چەند كابینەی رابردوو، سەرپەرشتیكردنی ڕاستەوخۆی حكوومەتی كوردستان لە رابردوو بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە گشت بوارەكاندا، بەتایبەت بوارەكانی ئاوەدانی و گەشەسەندنی بەرچاوی كوردستان بەرەو پێشكەوتنی بەرچاو و ڕاكێشانی دەیان كۆمپانیای جۆراجۆر، دەیان كونسوڵگەی وڵاتانی زلهێزی دنیا، هەروەها خۆماڵیكردنی نەوت و غاز  لە رووی یاسایی، نموونەیەكی بەرچاوی حوكمڕانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و درێژەپێدانی لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، بوونی دەیان پلان و پڕۆژەی ستراتیجی و كاركردن لە سەریان، لە ئەنجامی ئەو سیاسەت و دیپلۆماسی و ئیدارەدانی ژیرانەی پارتی  دیموكراتی كوردستان كە بەكردەوە نەك بە دروشمی بەكردار، سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان رۆژ بە رۆژ بەهێزتر كردووە .

بەهێزبوونی پارتی، واتا ڕژدبوون لەسەر پێداگریی لەسەر ئەو هاوبەشی و هاوسەنگی و رێككەوتنەی كە دەستوور مافە رەواكانی كوردی یەكلا كردووەتەوە، لە رێی نوێنەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەنگ و پێگەی كورد و كوردستان لە بەغدا بەهێزتر و قەوارەی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت. چونكە بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان، واتا چەسپاندنی مافە رەواكان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری لە پێناو زیاتر چەسپاندنی دەستكەوتەكانمان. بۆیە بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا، واتا بەهێزبوونی كوردستان و داكۆكیكردن لە ماف و ویستە رەواكانی كورد و كوردستان .