كێشەكانی بەردەم حكوومەتی نوێی عێراق و مافەكانی كوردستان

دوای 18 ساڵ لە شكستی حوكمڕانی عێراق، ناڕەزایی خەڵك و تشرینییەكان لە ساڵی 2019دا، دەسەڵاتدارانی بەغدای ناچار بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كرد، هەرچەندە دوو ساڵ بۆ ماوەی یاسایی خۆی مابوو، بەڵام لە دوای ململانێی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و لەژێر كاریگەری و هەژموونی چەند وڵاتێكی زلهێز، كە هەریەكە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خۆی دەستێوەردانی پشت پەردەی لە رێی كاراكتەرە دۆست و سیاسییەكانیانەوە دەكرد بۆ جێگیركردنی عێراق، بەڵام ئەوە خەون بوو.

ناچار لە دوای چەند وردە گۆڕانكارییەك و دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی و هاوكات بەرزكردنەوەی دروشمی چاكسازی، بەڵام بەویشەوە هیچ لە دۆخەكە نەگۆڕا، بۆیە بە ناچاری بە پێشنیاز و بڕیاری كازمی، 10ی تشرینی یەكەمی 2021، دوای دووجار دواخستنی كات، هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە چوو. 

وەك لە ئەنجامەكاندا بینرا، شكستی هەموو ئەو حزب و لایەن و گرووپانە بوون كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون لە خراپی گوزەرانی خەڵكی عێراق و سزادانی گەلی كوردستان بە بڕینی بودجە، لە گشت رووە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانەوە، تێوەگلابوون لە وێرانكردنی ژیان، بەتایبەت ئەوانەی لەژێر هەژموونی ئێراندا رۆڵیان دەبینی لە بەغدا.

ئەو هێز و گرووپانە وایكردووە كاردانەوەی توند بنوێنن


شكستخواردنی ئەو هێز و گرووپانە وایكردووە كاردانەوەی توند بنوێنن، ئەوەش وا دەكات جارێكی تر بارودۆخی سیاسی و تەناهیی عێراق و پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوا بكەوێت، هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەو دواكەوتوویی و بیركردنەوە تەسكە تایفی و مەزەوییە دەگەڕێتەوە، كە باوەڕی بە بنەماكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردن نییە. ئەوەش دەبێتە بێ‌ چارەسەر مانەوەی كێشە بەردەوامەكان كە ئامانجی هەڵبژاردن بنبڕكردنیان بوو، بۆیە ئەگەر لایەنەكان بە رژدی دەست لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان هەڵنەگرن، بارودۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزتربوون دەڕوات.

تاكە ڕێی بەردەم گشت هێز و لایەنە شیعییەكان، رازیبوونە بە ئەنجامی هەڵبژاردن و شكستەكەیان كە بەرهەمی هەڵەی 18 ساڵ بوو بەرانبەر خەڵكی عێراق، هەر لە گەندەڵی و قۆرخكاری و ڕەتكردنەوەی دەستوور و یاساوە بگرە، تا سفركردنەوەی خزمەتگوزارییەكان، ئێستەیش ئەگەر لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا حكوومەتی نوێ پێك نەیەت، ئەوا ئەگەرەكانی شەڕی تایفی و مەزەوی و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر زیاتر دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری دروستبوونی حكوومەتێكی بەهێز كە بتوانێ یاسا سەروەر بكات و دەستوور جێبەجێ بكات، هاوكات كورد و سوننە هەست بە دڵنیایی بكەن، ئەستەمە. بۆیە هەموو ئەو ئەگەرانە پێمان دەڵێن، پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، هێز و پێگەی خۆی بپارێزێت و لە هەر گفتوگۆیەكدا لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی ئایندە، بە رێككەوتن و چاودێری نێودەوڵەتیی بەشدار بن، تا مافە رەواكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پرسی خاك و مافەكانی تر، پشتگوێ نەخرێن و وەك كارتێكی گوشار لە دژی گەلی كورد بەكار نەهێنرێن .