ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە مێژە بووەتە شوێنێكی نائارام، ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی دنیا و لە هەمانكاتیشدا گۆڕەپانی ململانێی زلهێز و هێزە هەرێمی و ناوخۆییەكان هەبووە. بوونی ڕێژەی زۆری یەدەگی نەوت و گاز لەلایەك و هاتنەخوارەوەی ئاینە بەرچاوەكانی دنیا لەم ناوچەیەدا، یارمەتیدەر بووە بۆ درێژەدان بە ململانێیە سیاسی، ئابووری، كولتووری و كۆمەڵایەتیانە، بۆ بەختی خۆمان كوردستان لەم ناوچەیە هەڵكەوتووە، بەڵام توانیویەتی نموونەیەكی جوان و ئارام پێشانی دنیا بدات و ئێستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وەڵامی ئەم نموونەیە بە پێشوازی بەرز دەدەنەوە .
پێشوازیكردن و كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی كەنداو، هاوكات پێشوازیكردنی لەلایەن سەرۆك كۆماری توركیا و دواتر بەریتانیا و بەرپرسانی پلە باڵای ئەو وڵاتە، ئاماژەیەكی روونە بە سەركەوتنی سیاسەت و دیپلۆماسییەتی سەركردایەتیی سیاسیی كورد بەرانبەر بە رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە و چۆنیەتی مامەڵەكردنی، بەتایبەت ئەگەر ئاماژە بە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و شانشینی بەریتانیا بكەین، ئەوا نابێت ببەسترێتەوە بە ڕووداوەكانی سەدەی ڕابردوو، چونكە بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەردەوام لە گۆڕاندایە.
بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا، دەكرێت پێوەندییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا پەرەی پێ بدرێت. كلیلی فراونتركردنی هەر پێوەندییەكی دووقۆڵیش بە جووڵە دیپلۆماسییەكان دەست پێ دەكات. بەریتانیا وەك زلهێزێكی جیهانی، یەكێكە لەو وڵاتانەی كونسوڵگەی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە. رۆڵی یەكلاكەرەوەیشی لە سیاسەتی عێراقدا هەیە، ئەم پێشهاتەی مەسروور بارزانی پێی هەستاوە، خۆی لە خۆیدا پەیامێكی گرنگە لەبارەی پێگە و ڕۆڵی هەولێر لە داهاتووی عێراق و ناوچەكەدا.
سەردانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان بۆ بەریتانیا، بۆ مێژووی هەرێمی كوردستان و پێگە جیۆگرافییەكەی لەم كاتەدا، گرنگ و پڕ بایەخە و گۆڕانكاریی هەرێمی و ناودەوڵەتیی بەدوادا دێت. لەلایەكی تریشەوە هەرێمی كوردستان هەوڵی داوە لە كەرتەكانی تری وەك بازرگانی، ئابووری، كولتووری، سەربازی و پەروەردەیش، پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا بگەیەنێتە بەرزترین ئاست، بۆیە زۆر گرنگە ئەم ویست و ئارەزووە نوێیەی كوردستان و بەریتانیا بەتایبەت لە دوای رووداوەكانی جەنگی رووسیا بۆ ئۆكراینا، وەبەرهێنانی زیاتری لەسەر بكرێت، چونكە ئەو وزەیەی ئەوروپای گیرۆدەی بەریتانیا كردووە، لە كوردستان زۆرە و یەدەگی سەتان ساڵیشی هەیە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كوردستان بەدیلی رووسیا بێت و لەو جۆرە سیاسەتە بێلایەنانەدا ئەزموونی زۆر باشمان پێشكەش كردووە.
دۆزینەوەی سەرچاوەیەكی نوێی گازی سروشتی مژدەیەكی خۆشە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵسوڕاندنی ژیان لە داهاتوودا، كە هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ئەو سەرچاوەی خۆی بخاتە خزمەتی دۆزەكەیەوە و لە ئاستێكی بەرزدا سوودی لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوە لەم قۆناغەدا بتوانرێ كۆمپانیا زەبەلاحە بەریتانییەكان بهێنرێنە كوردستان، بێگومان پێگەكەی هەم لە ڕووی ئابوورییەوە و هەمیش لە ڕووی سیاسییەوە، دەگەیەنێتە ئاستێكی بەرزتر.
سەرجەم سەردان و بانگهێشتە فەرمییەكان بۆ هەرێمی كوردستان و بە پێچەوانەوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی، بەتایبەت كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا بە قۆناغێكی هەستیاردا گوزەر دەكات، پارێزگاریكردن و راگرتنی باڵانس و ئینجا بەرەوپێشبردنی پێوەندی سیاسی و دیپلۆماسیی، لەسەر بنەمای سوودب هاوبەش، بۆ ئێمەی گەلی كورد گرنگە، ئینجا پێداگری لەسەر مافە رەواكانمان و سازش نەكردن لەسەریان، لەلایەن مەسروور بارزانییەوە لە قۆناغە زۆر سەختەكانی رابردوودا، ئاماژەیەكی روونی پێداگیری كورد بوو بۆ مافەكانی و هاوكات دەستبەردانەبوون لەو مێژووەی كە تەمەنی 100 ساڵە، بنەمای سەركەوتنی ئەو دیپلۆماسییەتەیە چونكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیا بوو لەوەی لەژێر هیچ گوشارێكدا بارزانییەكان دەسبەرداری دۆزی گەلەكەیان نابن.
ئەگەر بە وردی هەڵوەستە لەسەر كار و جووڵە دیپلۆماسییەكانی سەرۆكی حكوومەت و كابینەی نۆیەم بكەین، بۆمان دەردەكەوێ بە گشت تواناوە رووبەڕووی هەموو ئەو كۆسپ و رێگرییانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی و رووداو و پێشهاتانە بووەتەوە كە لە سێ ساڵی رابردوودا زۆر بە چڕی و بەتوانای چەندان دەوڵەت خرانە سەر كوردستان، بەڵام بە پشوودرێژی و بەرنامەی شەفاف، خەریكە تێدەپەڕێت و كوردستان سەردەكەوێ.
ئاشكرایە ناوچەكە و دنیا بەرەو پێشهاتی نوێ هەنگاویان ناوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و نائارامییەكان، هەلی زێڕین لە بەردەم گەلی كورد و هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئاراوە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و نەوت و غاز، تا لەو رێیەوە داهات و بناغەی كوردستان زیاتر بەرەو گەشەسەندن ببات، هەرچەندە رێگریی زۆر لەلایەن ناحەزان و وڵاتانی هەرێمایەتی بەتایبەت تاران و بەغدا و جاشی ناوخۆوە هەن، بەڵام وەك چۆن لە رابردوودا چ نەبوون، لە داهاتوویش نابن، تەنیا ئەوەیە وەك مێشوولە بێزارت دەكەن.
سێ ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەت، رووبەڕووی بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی بووەوە، لەلایەك جەنگی جیهانی كۆرۆنا، قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت لە سەرەتای حكوومەتەكەیدا، پەلاماردانی تیرۆریستیی مووشەكی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هێرش و پەلاماردانی ناوخۆیی و دەرەكی و پیلانگێڕی سەخت و قورس .بەڵام ئەو قوتابخانە و رێبازەی كە تێیدا مەسروور بارزانی پەروەردە بووە، فێری ئەوەی كردووە هەموو كاتێك بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتمان، پێش هەر بەرژەوەندییەكی تری حزبی و شەخسی بخات، هەر ئەوەیە وای كردووە هەر ماوەی لە وڵاتێكەوە سەر دەردەكات و پێگەی كوردستان قایمتر دەكات.