شه‌وێكی باراناوییه له په‌نجه‌ره‌ی ئه‌م كۆشكه بێ نازه‌وه سه‌یری كه‌وتنی دڵۆپه ئاوه‌كان ده‌كه‌م، خه‌یاڵم هێشتا له جه‌مسه‌ری سۆزی دایك و باوكم به‌جێ ماوه، ده‌ڵێم هه‌بوونی دایك یان باوك چی موعجیزه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێت كه به‌و چه‌شنه ڕووخساری خهنداویی له من و ته‌واویی منداڵانی ئه‌م هه‌تیوخانه‌یه سه‌ندووه، هه‌موومان چه‌ندان نامه و پرسیارمان پێیه هه‌م بۆ خودا و دایك و باوكمان، ئاخۆ ده‌كرێت كه‌سێك بێت و وه‌ك نامه به‌رێك بیداته ده‌ستیان، لێوه‌كانم له په‌نجه‌ره‌كه نزیك كردووه‌ته‌وه و به هه‌ڵمی ده‌مم ته‌ماویم كردوون، هێنده به گه‌وره‌یی له‌سه‌ر تهمهكهم نووسیوه دایكه باوكه بیرتان ده‌كه‌م، سه‌رنجم لای ئه‌م بارانه ئارام به‌خشه‌ش نه‌ماوه، بۆ ساتێك خه‌یاڵم په‌لكێشم ده‌كات بۆ ڕابردوو، به‌ڵام چی ڕابردوویه‌ك، خاڵییه له سۆز و خۆشه‌ویستی دایك و باوك، هه‌ر له بوونمه‌وه بێ بوونی پارچه‌یه‌ك گه‌شه‌م كرد.
چه‌ندان ساڵ تێپه‌ڕی و هێشتا من هه‌ر ناته‌واوم، ڕۆیشت و ڕۆیشت وشه‌كان له قوڕگم گیر بوون وێنه‌ی باڵنده‌یه‌كی به‌رزه‌فڕ دیلی قه‌فه‌ز بووبێت، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه هه‌موو ڕۆژێك له‌سه‌ر پارچه كاغه‌زێك ده‌نووسم، دایكه باوكه ئه‌مڕۆ له دوێنێ و هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌یی بێ ئێوه بووم زیاتر بیرتان ده‌كه‌م، ئه‌مشه‌و قه‌رار نییه بخه‌وم، خۆزگه ده‌بوومه دڵۆپه‌یه‌ك خۆشه‌ویستی و له‌گه‌ڵ ئه‌م بارانه دهڕژامه سه‌ر ڕوومه‌تی باوكێكی ماندوو، یان ده‌بوومه سه‌ر پۆشێك و قژی سپیی دایهپیرهیهكم حه‌شار بدایه، ده‌كرێت ببمه دێڕێك نووسین له نامه‌ی منداڵێكدا كه به‌بۆنه‌ی یادی له‌دایكبوونیه‌وه دایكی به خۆشه‌ویستی بۆی نووسیوه، ده‌كرێت ببمه هه‌ر چییه‌ك، به‌ڵام له ژێر ناوی خۆشه‌ویستی گه‌شه بكه‌م و پێ بگه‌م.
به‌ڕێز خیام كه به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م شوێنه‌یه هه‌میشه پێمان ده‌ڵێت، ئێوه فریشته بێنازه‌كانی خودان، هه‌میشه‌ش هانمان ده‌دات تا زیاتر و زیاتر فێر بین و كاری چاكه بكه‌ین، چونكه ده‌ڵێت ئێوه چه‌ند باش بن، خودا‌ش ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه دایك و باوكتانی خۆش ده‌وێت، لێره هه‌مووان خۆشیان ده‌وێین، به‌ڕێز خیام، خاتوو شیراز، كاكه جیهان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی تریش، هه‌میشه ده‌ڵێن ئێمه دایك و باوكتانین، ئێوه‌ش هه‌مووتان منداڵیی ئێمه‌ن، ئه‌وان زۆر باشن سۆز و خۆشه‌ویستی ده‌ڕژێننه هه‌ر شتێك كه ده‌یده‌نه ده‌ستمان، هه‌میشه خاتوو شیراز پێمان ده‌ڵێت، منیش وه‌ك ئێوه بووم، به‌ڵام هه‌میشه هه‌وڵم ده‌دا تا وێنای ئه‌وانی تر بم و بگه‌مه ئه‌و ئاسته‌ی كه خۆم ده‌مه‌وێ تا ڕۆحی دایك و باوكم شاد بكه‌م به سه‌ركه‌وتنه‌كانم، له‌م چه‌ند ڕسته‌یه‌دا هێز و متمانه له چاوه‌كانی و لێوه‌كانی ده‌بینیت، به‌ڵام كاتێك یه‌كێك لێت ده‌پرسێت باش بیری دایك و باوكت ناكه‌ی، چاو و لێوه‌كانی ده‌شڵه‌ژێن ده‌بنه هی منداڵێك كه چاوه‌ڕوانی دایكی ده‌كات به تاسه‌وه تا هێواش هێواش خۆیی بخزێنێته ناو باوه‌شی.
نه‌بوونی ئه‌و پارچه ونبووه تا ئه‌م ته‌مه‌نه‌ش له‌گه‌ڵی هاتووه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هێز و باوه‌ڕه‌ی به خۆی هه‌یه‌تی نه‌یتوانیوه پارچه‌یه‌كی تر له شوێنی دابنێت، بارانه‌كه‌ش نه‌ما و هه‌وره‌كانیش ئاسمانیان جێهێشت و ڕۆیشتن، هێواش هێواش خه‌ریكه ڕۆژ ده‌بێته‌وه، خۆر له پشتی چیا دووره‌كانه‌وه خۆی ده‌رده‌خات و ژیان و چالاكیی ده‌به‌خشێته‌وه به گوڵی باخچه‌كه، تۆزێكی تر خاتوو نیهال ده‌ست ده‌كات به ئاماده‌كردنی نانی به‌یانی بۆ هه‌موومان، ئه‌مڕۆ ڕۆژبوونی هاوڕێیهكمانه، ڕاستییه‌كه‌ی ڕۆژی بوونی نازانن، به‌ڵام ئێسته ئه‌و ڕۆژه‌ی هاتووه‌ته ئه‌م شوێنه، بووه‌ته ڕۆژی بوون و واداده‌نرێت كه له‌م ڕۆژه‌دا هاتۆته ناو ژیان، كه‌واته ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی خۆشه پڕه له یاریی و شادیی و خواردنیی خۆش، ده‌بێت هه‌موومان دیاریی پێشكه‌ش بكه‌ین، منیش بڕیار وایه ئه‌و پێنووسه‌ی ساڵانێكه پێی ده‌نووسم دایكه باوكه بیرتان ده‌كه‌م بۆی بكه‌مه دیاری، له كۆتادا هه‌موومان خێزانێكین لێره به سۆز و خۆشه‌ویستی پێكه‌وه گرێ دراوین، به‌ڵام من ئه‌وه فێر بووم كه هه‌بوونی پارچه‌یه‌كی ونبوو كێشه نییه، ئه‌وه كێشه‌یه كه بچین و پارچه‌یه‌ك كه ته‌واو جیاواز بێت له ونبووهكهمان له جێی دابنێین.