به‌روار نه‌زانراو، كات نه‌زانراو، به پێوه وه‌ستاوم وتاری سه‌ركه‌وتن بده‌م، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر چیدا؟ به‌سه‌ر خۆمدا، هاوار ده‌كه‌م خه‌ڵكینه ئه‌م جه‌نگه‌م برده‌وه، له كۆتادا سه‌ركه‌وتم و توانیم ڕزگارم بێت له‌م به‌رگه شڕ و كون كونه‌ی پێشووم، توانیم دووباره پێ بگرمه‌وه و چیتر خۆم به شته‌كانه‌وه، یان دیواره به‌رزه‌كانه‌وه نه‌گرم بۆ په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و سه‌ر.
ئاخر هه‌قمه هاوار بۆ سه‌ركه‌وتنم بكه‌م، ساڵانێكه هێنده كه‌وتووم، پۆشاكه‌كانم تۆزی شكستی لێ نیشتووه، له هه‌زار لاوه كونی بێهیوایی تێبووه، هێشتا قاچه‌كانم ئازار و ماندوویه‌تی ئه‌و هه‌زاران ڕێیانه‌یان تێدا ماوه كه هه‌موو ده‌مه‌وبه‌یانێك به ئاواتی سه‌ركه‌وتنه‌وه پێیدا ده‌ڕۆیشتم، به‌ڵام شه‌و به دۆڕاوی و شكستخواردوویی ده‌گه‌ڕامه‌وه.
هێشتا چاوه‌كانم ئه‌و ڕستانه‌ی له پێشه كه به گه‌وره‌یی له‌سه‌ر جامخانه‌ی كتێبفرۆشه‌كان نووسرابوو،، ته‌نیا دوو هه‌نگاو دوورین له سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام ئاگاداربه ڕێ ون نه‌كه‌ی. چه‌ندان ساڵه به‌دوای ئه‌و دوو هه‌نگاوه‌دا وێڵم و بۆ دۆزینه‌وه‌ی به هه‌زاران هه‌نگاوم ناوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من جیا ده‌كاته‌وه له هه‌مووان، ئه‌وه‌بوو ڕانه‌وه‌ستام و به‌رده‌وام ڕێم كرد، وێنه‌ی ئه‌و جۆگه باریكانه بووم كه هه‌ر ڕێ ده‌كه‌ن تا بگه‌نه ڕووبار، دواتر بڕژێنه ناوی.
ئه‌گه‌ر باس بكه‌م چه‌ند جار شكست و كه‌وتنم بینی، ته‌واوی كاغه‌زه‌كانی بنده‌ستم ڕه‌ش ده‌كه‌م به نووسینیان، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌پێناو چی؟ ته‌نیا یه‌ك شت و یه‌ك وشه، ئه‌ویش سه‌ركه‌وتنه.
بوومه ئه‌و سه‌ربازه‌ی له دوایه‌مین سه‌نگه‌ره‌كانی جه‌نگ بۆ ئازادی چه‌كی به‌رانبه‌ر قه‌ڵای داگیركه‌ری خاك هه‌ڵگرتووه، به بڕوای ئه‌و به فیشه‌كێكی ئه‌و و گیانفیداییه‌كه‌ی، خاك و نیشتمان به ئازادی و سه‌ركه‌وتن ده‌گات.
سه‌رده‌مێك ڕووه و خۆر ڕێم ده‌كرد، چونكه ده‌گوترا ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ركه‌وتوون، هه‌میشه هه‌ست به ڕووناكی و دره‌وشانه‌وه ده‌كه‌ن، له هه‌موو گۆشه‌كانی ئه‌م دنیایه‌وه، منیش ده‌مویست ڕووناكی خۆر به‌ده‌ست بێنم تا هه‌میشه دره‌وشاوه بم و ڕووناكیی به‌م دنیا تاریكه ببه‌خشم، به‌ڵام له كۆتادا نه‌گه‌یشتمه خۆر، هه‌رچه‌ند ڕووه‌ه‌و ئه‌و ده‌ڕۆیشتم، ئه‌و زیاتر دوور ده‌كه‌وته‌وه، شه‌وانیش خۆی ون ده‌كرد، ده‌مه‌وبه‌یانیش له پشتم ده‌رده‌كه‌وته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی یاریم له‌گه‌ڵ بكات. له تاو شه‌كه‌تی و ماندوویه‌تیم ڕێم گۆڕی و دوای ئه‌ستێره گه‌شاوه‌كانی شه‌و كه‌وتم، به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ر شه‌وه و یه‌كێكیان زیاتر له جاران خۆی ده‌دره‌وشانه‌وه.
كاتێك ڕاچه‌ڵه‌كیم، زانیم ساڵانێكه له بازنه‌یه‌كدا ده‌خولێمه‌وه و هه‌ر له جێی پێشووم، سه‌یرم كرد كه‌سه سه‌ركه‌وتووه‌كان پۆشكی جوان و ڕێك ده‌پۆشن، بڕیارمدا منیش وێنه‌ی ئه‌وان بم و ماوه‌یه‌كیش به‌م شێوه ژیام، به‌ڵام ئه‌میش رێی سه‌ركه‌وتن نه‌بوو. هه‌ستم ده‌كرد بوومه‌ته سێبه‌رێك بۆ كه‌سانی تر، یان خۆم به چمكی كه‌وای ئه‌واندا هه‌ڵواسیوه و پێشم وایه سه‌ركه‌وتووم.
كۆتا جار ئه‌و دوو هه‌نگاوه‌م بڕی، زانیم ده‌بێت سه‌ره‌تا به‌سه‌ر خۆمدا سه‌ربكه‌وم، به‌سه‌ر ئه‌و منداڵ و گه‌مژه‌یه‌ی ناخمدا سه‌ربكه‌وم، سه‌ركه‌وتن له گه‌شتدا نه‌بوو به‌ره‌و خۆر و له پۆشاكیشدا نه‌بوو، ده‌ركه‌وت ئه‌و ڕێیه‌ی من هه‌میشه بۆی وێڵ بووم، له ناخی خۆمدایه و ئه‌و جه‌نگه‌ی ساڵانێكه تێیدا شكستم ده‌خۆم، له‌گه‌ڵ ناخی خۆم بوو.
ده‌مه‌وێ بڵێم سه‌ركه‌وتن دوو هه‌نگاو لێمان دووره، به‌ڵام ئاگاداربن ڕێ ون نه‌كه‌ن.