ته‌واوی رێسا ده‌ستوورییه‌كان زاده‌ی بیر و ئایدیای مرۆڤن، جگه له‌وه وابه‌سته و ده‌ربڕی بارودۆخی هه‌مه‌جۆری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پێشخانی مێژوویی و كولتووری و پابه‌ندی ئاینیی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیاریكراوه له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا، سه‌ره‌ڕای چوارچێوه زانستییه ئه‌زموونكارییه پێڕهوكراوهكان له ده‌وڵه‌تاندا.
به‌و پێیه‌ش ئه‌گه‌ر كار و زاده‌ی بیری مرۆڤ بێت، به‌ده‌ر نییه له هه‌ڵه و لێكدانه‌وه‌ی نادروست بۆ ئاینده‌یه‌كی دوورمه‌ودا، یان ئه‌و گۆڕانكارییانه بێت به‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی ساتی دانانی ده‌ستوور له داهاتوویه‌كی نزیك یان دوور به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا دێت. كه‌واته به‌ر له جێگیركردنی هه‌ر رێسا و حوكمێكی ده‌ستووری، پێویسته رێوشوێن و ده‌رچه‌یه‌ك له به‌رچاو بگیرێت بۆ گۆڕانكاری و هه‌مواری پێویست له كاتی پێویستدا، نه‌ك چه‌قبه‌ستوویی و له قاڵبدانی كۆمه‌ڵگه و رێگریكردن له هه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ په‌ره‌سه‌ندن یان گونجاندن له‌گه‌ڵ سات و كات و بارودۆخی نوێ‌دا.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه له ساتی دانانی ده‌ستووری عێراق (2005)دا، له‌گه‌ڵ جێگیركردنی ده‌رفه‌تی گۆڕانكاری و هه‌مواری حوكمه‌كانی ده‌ستوور كه جێڕهزامهندی هه‌مووانی لێ بكه‌وێته‌وه، مه‌رجدار كرابوو بۆ ده‌ست نه‌بردن بۆ چه‌ند بابه‌تێك كه ئومێدی به‌شداری و پاراستنی ده‌سكه‌وته ده‌ستوورییه‌كانی تێدا زامنكراو بێت. بۆیه هه‌ر لایه‌نێك له‌لایه‌نه به‌شداره‌كانی ئاماده‌كارانی ده‌ستوور، داواكارییان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جێگیر كرد.
لایه‌نی هاوپه‌یمانان كه به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیكاری پرۆسه‌ی دهستوورسازی ده‌كرد، مه‌ترسیی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حوكمڕانی عێراقی هه‌بوو بۆ توندئاژووی ئاینی و به‌تایبه‌تی پێشێلكاری ماف و ئازادییه‌كان و بنه‌ماكانی دیموكراتی له فه‌رمانڕه‌واییدا، له‌به‌رئه‌وه له رێی مادده‌ی (126)ی ده‌ستوور كه تایبه‌ت كرابوو به حاڵه‌تی ئاسایی هه‌مواری ده‌ستوور، به ده‌ق رێی گرت له هه‌ر هه‌موار و گۆڕانكارییه‌ك كه مه‌ترسی بێت بۆ ماف و ئازادییه‌كان و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراتیی له فه‌رمانڕه‌واییدا بۆ ماوه‌ی دوو خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی.
به هه‌مانشێوه له‌سه‌ر داوای لایه‌نی كوردی، رێگریی كرا له هه‌مواری ده‌ستوور به ئاراسته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی تایبه‌تكاری و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم، مه‌گه‌ر به ره‌زامه‌ندیی په‌رله‌مانی هه‌رێم و زۆرینه‌ی ده‌نگی دانیشتووانه‌كه‌ی بێت.
له به‌رانبه‌ردا لایه‌نی پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی سوننه له‌به‌رئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئاماده‌كاریی ده‌ستوور خۆی به‌دوور گرتبوو، له كۆتاشدا به‌مه‌رجی هه‌مواری ده‌ستووریی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و پێداچوونه‌وه‌ی گشتیی ته‌واوی حوكمه ده‌ستوورییه‌كان، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌شداری له راپرسی كرد، به‌ڵام لێره‌شدا لایه‌نی كوردی بۆ گره‌نتی مافی ده‌ستووری و ده‌ستكه‌وته‌كانی، مه‌رجی ره‌زامه‌ندیی دوو له‌سه‌ر سێی سێ پارێزگای چه‌سپاند كه به ڤیتۆی كوردی ناسرابوو.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی مه‌به‌سته، به‌سه‌رچوونی زیاتر له دوو خولی هه‌ڵبژاردنه له عێراقدا، مانای وایه هیچ به‌ربه‌ست و رێگرتنی كاتی نه‌ماوه بۆ هه‌مواری ده‌ستووریی، كه‌واته دهستكراوهییهكی سنووردار هه‌یه بۆ هه‌وڵی هه‌مواركردنی ده‌ستوور. به‌تایبه‌تی پرۆسه‌ی سیاسی گه‌یشتووه‌ته بنبه‌ست و ئه‌سته‌مه به‌و حوكمه ده‌ستوورییه‌ی كه دادگای باڵای فیدراڵی شرۆڤه‌ی بۆ كردووه، سه‌ره‌تای پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی كۆمار ده‌رگای بۆ بكرێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه له هه‌موو كات زیاتر پێویست به پێداچوونه‌وه به رێسا ده‌ستوورییه‌كان هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌پێكردنه له حاڵه‌تی ئێسته‌دا، به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هه‌نگاونان بۆ هه‌مواری ده‌ستوور، ته‌نیا پشتبه‌ستنه به رێكارییه‌كانی ماده‌ی (142) كه له رێی لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی پێكهاتوو له ته‌واوی پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق.
له‌باره‌ی گره‌نتیی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ستكه‌وت و مافه ده‌ستوورییه‌كانی، كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له به‌رده‌میدا نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌سه‌ندكردنی ده‌رئه‌نجامی راپرسی له‌سه‌ر هه‌مواری ده‌ستوور، وابه‌سته‌ی ده‌نگی دوو له‌سه‌ر سێی سێ پارێزگایه له عێراقدا، واته له رێی ده‌نگی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ده‌كرێت رێگری له هه‌ر هه‌موارێك بكرێت كه دژیه‌كی خواست و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم بێت.