گۆرانیی "مەدرەسە" رابگرن

AM:09:15:31/10/2021 ‌
دەستپێك و سەرەتاكەی بەشێوەیەك هات كە بینەر و گوێگرەكانی، هەستیان بە گەشبینییەك لە بواری موزیك و گۆرانیی كوردیدا دەكرد، لە نیوەڕێدا چەقی و بەمدواییەیش پاشەكشەیەكی بەرچاوی لێ دەبینین. ئاخر ئەوەیە كە دەڵێین هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر بەكارە خراپەكانی تووشی شەرمەزاریمان دەكات، لە كاتێكدا خۆی شەرمەزار نابێت و تا ئێستە خۆی لە ترۆپكی میلۆدیی كوردیدا دەبینێ، بە ناوهێنانی بە "ئیمپراتۆر" لە میلۆدیی كوردی ختووكەی دێت.

بە بەرهەمهێنانی گۆرانیی "مەدرەسە" كە بەمدواییە پێشانی داوین، تێیدا ژمارەیەك لەو گۆرانیبێژانەی لە دەوری هەڵكەوت كۆ بوونەتەوە، لە میلۆدیی خۆی و نووسینی نەوژین، نەك هەر نەیتوانیوە نە خۆی و نە كارەكتەرەكانی گۆرانییەكە وەك هونەرمەند بناسێنێ، بەڵكو لەڕێی ئەو دەنگانەوە گەورەترین سووكایەتی بە مێژووی پەروەردە و فێركردن لە كوردستاندا كردووە. ئەوەی هەڵكەوت لەو گۆرانییەدا كردوویەتی نەك هەر هونەر نییە، بەڵكو پێمان دەڵێ "شەلم كوێرم دەست لە یاسایش نابوێرم".

چونكە زۆر لە نزیكەوە هەڵكەوت دەناسم و باش دەزانم چۆن یاریی لەگەڵ كارە هونەرییەكانی دەكات، بۆیە گلەیی لە نووسەری گۆرانیی "مەدرەسە" ناكەم كە بێ شك لە بیرۆكەی هەڵكەوت خۆیەتی و پێی وایە لە بەرهەمهێنانی گۆرانییەكەدا داهێنانی كردووە، لە كاتێكدا نەك داهێنان یان گۆرانییەكی ئاسایی نەكردووە، بەڵكو تەنانەت نەیتوانیوە لاساییەكی ماقووڵی ئەو داهێنانانە بكات كە رۆژانێك هونەرمەندانی ئێمە لە سلێمانی بەناوی "بەرنامەی بەرنامە"، بەرپرسانی ئەم وڵاتەیان بە رەخنەكانیان لە زەواق نابوو. كەچی هەڵكەوت نەك هەر شەرمنۆك، بەڵكو بەو گۆرانییە پێمان دەڵێ، تا ئێستە نەیتوانیوە لە چمكی رەخنەیش تێبگات.

هەڵكەوت لە گۆرانیی "مەدرەسە" ویستوویەتی لاساییەكی دروستی "بەرنامەی بەرنامە" بكاتەوە، كە ساڵانێك لەڕێی ئەو بەرنامەیە و رەخنەكانی كە لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە دەگیران، سەتان كێشەی خەڵك چارەسەر دەكران، چونكە بەرنامەكە لەڕێی كۆمیدیای ئامانجەوە توانجەكانیان ئاراستە دەكران. سەیرە لە بینینی ئەو گۆرانییە، هەڵكەوت دەیەوێ بە لاساییكردنەوەی بەرنامەكە و قوتابخانەكەی "مستەر- مستەفا ئەحمەد"، چیمان پێ بڵێت و كام كێشەمان بۆ چارەسەر بكات؟. ئەوە نە كۆمیدیای ئامانجدارە و نە رەخنە و نە پێشاندانی هونەرێكی نوێیە تا ئاشنای ئێمەی بكات. بەڵكو سووكایەتییە بە بواری فێركردن و فێرخوازی لە كوردستاندا كە دواڕۆژی ئەم وڵاتەی پێوە بەندە.
هەوڵی راگرتنی ئەو گۆرانییەیان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی نەداوە. داواكاری گشتیش بەهەمانشێوە بێدەنگە.

حزبەكانی ئێمە و بەتایبەتی پارتی، زۆرترین رۆشناییان خستووەتە سەر بواری پەروەردە و فێركردن، زۆریی هەوڵەكانیان بۆ گەشەپێكردنی ئەو بوارەیە كە دواڕۆژی ئەم نیشتمانەی پێوە بەندە، كەچی هەڵكەوت زاهیر بە نەبوونی چاودێری لەسەر كارە هونەرییەكان، بە دەرفەتی زانیوە نەك هەر سووكایەتی بەو بوارە بكات، بەڵكو بە گۆرانییەك بەناوی "مەدرەسە"، قورسترین لێدانی لە بوارەكە وەشاندووە. سەیر لەوەدایە تا ئێستەیش نە وەزارەتی رۆشنبیری و نە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، نقەیان لێوە نایەت و هەوڵی راگرتنی ئەو گۆرانییەیان لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی نەداوە. داواكاری گشتیش بەهەمانشێوە بێدەنگە.

سایتی "وشە" لە هەواڵێكدا ئەو پرسەی خستبووە بەر رۆشنایی، لە هەواڵەكەدا گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری "نامیق هەورامی" رای گەیاندووە، تا ئێستە هیچ كەس و لایەنێك سكاڵای لەسەر ئەو گۆرانییە بە وەزارەت نەداوە، تا بەداواداچوونی بۆ بكەن. رەنگە وەزارەت لەڕووی یاساوە بەو شێوەیە لە پرسەكە بڕوانێ، بەڵام بیریان چووە ئەوان بەرپرسیارن لە بەرانبەر ئەو كارانە، سەیرتر ئەوەیە كە لەلای وەزارەتی پەروەردەیش "نە بای دێ و نە باران".

بۆیە من وەك رۆژنامەنووسێك بەناوی كەسیی خۆمەوە (وشیار ئەحمەد ئەسوەد) وەك سكاڵا روو لە هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە دەكەم و پێیان دەڵێم، "گۆرانیی (مەدرەسە) لە میلۆدیی هەڵكەوت زاهیر كە لە یوتیوب بڵاو كراوەتەوە، نەك خزمەتی بواری هونەر و پەروەردە ناكات، بەڵكو سووكایەتییەكی زۆری تێدا بە پەروەردە كراوە.. تكایە هەوڵی راگرتنی ئەو گۆرانییە بدەن".