ئەم كاتەتان باش حزبە كوردستانییەكانی كەركووك ئەگەر بەخەبەرن

AM:10:30:12/09/2021 ‌
ئەوەی زۆر سەیرە و زۆریش جێی نیگەرانییە، حزبە كوردستانییەكانی ئێستەی كەركووك هەموو زوومی ڕاگەیاندەكانیان ئاراستەی پارتی و كاندیدەكانیان كردووە لەگەڵ حزبە توركمانی و عەرەبییەكاندا! وەك ئەوەی پارتی داڕێژەی نەخشە شوومەكەی 16 ئۆكتۆبەر بێت، وەك ئەوەی پارتی ئاڵای دەستی پەیكەری پێشمەرگەی داگرتبێت و ئاڵای كوردستانی قەدەغە كردبێت و پارتی تەعریب بكات، پارتی خەڵكی پەڵكانە و دووبز و سەرەگەڕانی لە قەدەری خودا جێهێشتبێت بۆ داعش. پارتی ماڵە كوردەكانی خورماتووی سووتاندبێت. پارتی حەویجەی ئاوەدان كردبێتەوە و گەڕەكە كوردییەكانی بێ خزمەتگوزاری كردبێت. پارتی بەڕێوەبەرە كوردەكانی داودەزگا تەناهی و مەدەنییەكانی كەركووكی لابردبێت. پارتی هەوڵی داگیركردنی زەوی دابێت لە ڕەحیماوا و شۆرجە و ئیسكان و تەپە. وەك ئەوەی پارتی شەوانە هەڵكوتێتە سەر ماڵە كوردەكان له گەڕەكە كوردییەكان بەناوی سەپاندنی یاساوە، پارتی ڕێگر بێت لە گەڕانەوەی پێشمەرگه. پارتی هۆكاری ئەو دۆخە ناهەموارە تەناهی و خزمەتگوزاری و نەتەوییە بێت كە دەگوزەرێت لە كەركووكدا!.

خۆزگە ئەم ئیتیلافكردنەی لایەنەكان دژی پارتی لە كەركووك لە پێناوی ڕاستكردنەوەی ئەو دۆخەی كەركووك دەبوو، خۆزگە لە پێناوی نەهێشتنی ئەو تەعریب و تەریكەی ئێستە لەو شارە و دەوروبەری دەگەوزەرێت دەبوو، بەڵام بینیمان بەبێ پارتی لە چوار ساڵی ڕابردوودا چی گوزەراوە لەو شارە و تا ئەم ساتەش بەردەوامە. بۆیە دەبێ خەڵكی كەركووك چیتر فریوی ئەو سیناریۆ فریودەرانە نەخۆن كە وەك بانگەشەیەك دەكرێت لەلایەن حزبە كوردییەكان و كاندیدە سەربەخۆكانەوە. هەر بەوەدا بزانن ئەمانە تەنانەت ئامادەن هاوكار و هاودەستی حزبە توركمانی و عەرەبییەكان لە دژی حزبێكی كوردی ڕەسەنی وەك پارتی و كاندیدەكانی لەو شارە لە پێناوی دەوڵەمەندكردنی خۆیان و حزبەكەیاندا!.

 بۆیە دڵنیابن لەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا چییان كرد و چییان پێ كرا ئەگەر خاپتری نەكەن، ناتوانن باشتری بكەن! ئەوەی زۆریش كۆمیدیایە دەپرسن، پارتی بە ئاڵای كوردستانەوە دەگەڕێتەوە كەركووك یان نا؟ بەڵام ناپرسن بۆ دەبێ پارتی تەنیا بەرپرس بێت لە بەرانبەر قەدەغەكردی ئاڵای كوردستان و نەگەڕانەوەی پێشمەرگە و دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە؟. بۆ ناپرسن خۆ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 بەڵێنتان دا بەخەڵكی كەركووك دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، ئەی كوا چی كرا؟.

 بەداخەوە جێی داخە نەك دۆخی كەركووك باشتر بێت، بەڵكو زۆریش خراپتر بوو. پارتی لە پێناوی سەربەرزی خەڵكی كەركووك و بەرزڕاگرتنی ئاڵای كوردستان و ژیانێكی شایستە و ئاوەدانی و ڕاگرتنی باڵانسی نەتەوەیی و چاككردنی دۆخی كەركووك، گەورەترین قوربانیی سیاسی داوە، بەدەیان بارەگا و سەتان كادر و دەیان ئەفسەر و سەتان هێزی پێشمەرگە و سەتان ئەندام و لایەنگری ئەو شارەیان چۆڵ كردووە، نەچوونەتە ژێرباری ئەمری واقیعی ئەو داگیركارییەی لەو شارەدا هەیە. پارتی دەیان گرووپی میلیشیای ئێرانی كردووە بەدوژمنی خۆی لە پێناوی كێشە نەتەوەییەكانی كورد و ناوچە كێشە لەسەرەكان. 

وەك دەبینین بە دەیان هێرش كراوتەوە سەر شاری هەولێر تەنیا لەبەرئەوەی پارتی پێی قبووڵ نییە ئایندەی ئەم هەرێمە و پرسە نیشتمانییەكان، رادەستی لایەنی دەرەكی بكات، كەچی ئەوەی جێی سەرسوڕمان و تێڕامانه، حزبه كوردستانییەكانی شاری كەركووك خەریكی تۆمەتبەخشینەوە و خۆڵكردنە چاوی خەڵكن لە پێناو دەنگهێنانیان بۆ دەوڵەمەندكردنی حزبەكانیان، بێ ئاگا لەوەی خەڵكی كەركووك زۆر لەوە وریاترن و دەزانن كێ لە خەمی خەڵك و خاكدایە. ئەوەی پارتی مەبەستیەتی و ئامانجی داهاتوویەتی، ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەیە بەتایبەتی كەركووك، بۆ نەهێشتنی ئەو داگیركاری و قۆرخكاری و گەندەڵییه سیاسی و ئابووری و تەعریبە كە لەو شارەدا دەگوزەرێت.

 پارتی مەبەستیەتی باڵانسی هێزی نەتەوەیی و سیاسی لەو شارەدا هاوسەنگ بكاتەوە. كاتێك نوێنەرێكی پارتی لە كەركووك پڕۆژەیەك لە پێناوی ئاسایش و ئارامی و خزمەتگوزاری پێشكەشی حكوومەتی عێراق بكات، بە واتای ئەوەی نوێنەرانی پارتی بەكۆی گشتی لە پەرلەمانی عێراق پێشكەشیان كردووە، چونكە ئامانجی سەرەكیی پارتی بەرەو سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانیی ئەو ناوچانەیە، بەشداركردنی پارتی لە هەڵبژاردندا لە شاری كەركووك، بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارەیە، دەبێت خەڵك لەوە دڵنیا بن ئەگەر پارتی نەبێت، هیچ لایەنێك ناتوانێ باری كورد ڕاست بكاتەوە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان. 

تا ئێستەش پارتی هیچ بارەگایەكی لە كەركووك نییە و بەردەوامە لە بایكۆتی ئیداری و سەربازی لەو شارە، بەڵام دەیەوێ لە چوار ساڵی داهاتوودا شكۆ و ئاڵا و پێشمەرگە و ڕاگرتنی تەعریب، دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك، ئەو دۆخە ناهەموارەی لەو شارە دەگوزەرێت ڕابگرێت لەڕێی نوێنەرەكانیەوە لە پەرلەمانی عێراق، تەنیا بۆ ئەو مەبەستەش بەشداری هەڵبژاردن دەكات، ئاراستەی ئامانجی پارتی لە داهاتوو چەسپاندنی مافی هەموو نەتەوەكانە هەریەكە و بەپێی ژمارە و قەبارەی خۆی لە شاری كەركووك.

ئامانجی پارتی لە داهاتوودا نەهێشتنی ئەو حوكمڕانییە ناوخۆییە تاكڕەوییە لە بەرژەوەندی نەتەوەیەك و وەلاخستنی كوردە لەو شارەی كە زۆرینەی دانیشتووانی كوردە و ئێستە وەك بێگانە تەماشا دەكرێن. ئەگەر حزبێك هەڵگری خەمی نەتەوەكەی بێت، ئاماده بێت گەورەترین مەترسیی سیاسی و سەربازی بۆ خۆی دروست بكات لە پێناوی مافی گەلەكەیدا، نەك تەنیا دەنگ، بەڵكو شایستەی ئەوەیە ڕۆحی خۆشتی پێشكەش بكەی، بۆیە خەڵكی كەركووك دەبێت دۆخی چوار ساڵی ڕابردوو لەبەرچاو بگرن و ڕێ نەدەن فریو بدرێنەوە.