په‌كه‌كه یه‌كێك له‌و هێزه دیارانه بووه كه لانیكه‌م بۆ ماوه‌ی نیو سه‌ده له پانتای سیاسیی كوردستاندا ئاماده بووه، كاتێك باس له سیاسه‌ت له تێڕوانینی په‌كه‌كه ده‌كه‌ین، ده‌بێ دوو لایه‌نمان لێوه دیار بێت، یه‌كه‌م میدیا و دووه‌م شه‌ڕی چه‌كداری. ئه‌م دوو لایه‌نه‌ش له خزمه‌تی یه‌ك چه‌ق و ناوه‌نددا كه مه‌به‌ستیان به كاریزماكردن و به پیرۆزكردن بووه ئیشیان كردووه، ئه‌ویش سكرتێری گشتیی ئه‌م حزبه واته عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان یان وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن ئاپۆ بووه.
ئه‌م حزبه هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونیه‌وه به دامه‌زراندن و ڕێكخستنی یه‌كه‌م كه‌ناڵی ئاسمانیی به ناوی "مهد تی ڤی"، ده‌سپێشخه‌رییه‌كی بێوێنه‌ی له ڕاگه‌یاندن و پێناسه‌كردنی كولتوور و ئاواز و گۆرانی كوردی كرد، به‌ڵام ئه‌مه ڕووكه‌ش و ڕووكاری پڕۆژه‌یه‌ك بوو كه دواتر هه‌موو له خزمه‌تی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی بوو كه له كرده‌وه‌دا و تا هه‌نووكه، جگه له ئاژاوهنان و شێواندنی هاوكێشه گونجاوه‌كانی كورد و كوردستان نه‌بووه. باوه‌ڕی ئه‌م حزبه به خه‌باتی چه‌كداریی ته‌نیا له قه‌واره‌ی تاكتیكدا نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌و دروشمی "خه‌بات و شه‌ڕ تا هه‌میشه"ی لای خۆی پراكتیزه كردووه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه چالاكیی ئه‌م حزبه له ناو هاوكێشه‌كانی كوردستان و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كورد نه‌كه‌وتووه‌ته گه‌ڕ، به‌ڵكو به‌رنامه‌یه‌كی لا مه‌به‌سته و پێڕه‌وی له خه‌ونێك ده‌كات كه دوای ڕووخانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، ئیتر هیچ حزب و ڕێكخراوێكی چه‌پ و ماركسی-لینینی به‌و شێوه‌یه به‌دوای وه‌ها كڵاوێكی بابردوو نه‌كه‌وت. حزبێك كه ته‌نانه‌ت وه‌ها ئایدۆلۆجیایهكیش كه كردبووی به قه‌ڵغانی مانه‌وه و چالاكیی خۆی، بایی ئه‌وه‌نده‌ی نه‌هێنا كه له هاوكێشه‌كانی سووریا و هێرشی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین له‌لایه‌ن ڕووسیاوه، پشتی تێنه‌كرێت.
هه‌ر ئه‌م ڕوانینی عه‌سكه‌رتارییه‌ت و سه‌ربازییه، هۆكاری شكستی پڕۆژه‌ی ئاشتیی له ساڵی 2013 له باكوری كوردستان بوو، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م حزبه ئه‌گه‌رچی ئاخێزگه‌ی خۆی به باكوری كوردستان ده‌زانێت، به‌ڵام نه ده‌سكه‌وتێكی بۆ ئه‌وان هه‌بووه و نه ده‌رفه‌ته گونجاوه‌كانی باشووریشی به خاوێنی هێشتووه‌ته‌وه و پارێزگاریی لێ كردوون. به كرده‌وه په‌كه‌كه له ناو خاكی باشووردایه و ئه‌مه‌ش چه‌ندان ساڵه بیانووی داوه به ده‌ستی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین هێزه‌كانی ناتۆوه كه بنه‌ماكانی ئابووری و ژیانی هاووڵاتییانی باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی له هه‌ولێر و بادینان و دهۆك بخاته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌مه شتێكی تازه نییه له ڕه‌وشتی سیاسیی په‌كه‌كه‌دا، ڕاستییه‌كه‌ی په‌كه‌كه له ڕووی ئه‌خلاق و دیسیپلینی سیاسییه‌وه، پڕه له دژوازی و هیچ كاتیش سڵ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌ن و هێزێك نه‌كردووه و هه‌روه‌ها خۆهه‌ڵقورتاندنه ئایدۆلۆجییهكانیان نموونه‌یه‌كی سه‌یر و ده‌گمه‌نن.
بۆ نموونه ئه‌وان له ساڵڕۆژهكانی كوژرانی ئیمام حوسێن له كه‌ربه‌لا، له‌لایه‌ن هه‌واڵنێریی فوراتی سه‌ربه په‌كه‌كه‌وه مه‌دح و ستایشێكی زۆری ڕێبازی ئیمام حوسێن و شیعه‌گه‌رێتی ده‌كه‌ن، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ددان نانێن به خه‌باتی حزب و لایه‌نه‌كانی تر كوردستاندا، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بن به هاوپه‌یمان، له باڵێكه‌وه شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و له قۆڵێكه‌وه نه‌خۆش و برینداره‌كانیان له نه‌خۆشخانه‌كانی ورمێ و كرماشان تیمار ده‌كه‌ن، دواجار باشووری كوردستان به حكوومه‌تێكی ناڕه‌وا كه له‌سه‌ر خوێن و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و خه‌باتی ده‌یان ساڵه مسۆگه‌ر بووه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، هه‌موو ئه‌مانه ڕه‌وایی ئه‌مه ده‌ده‌ن به ئێمه كه بپرسین، ماهییه‌ت و جه‌وهه‌ری په‌كه‌كه چییه و ئایا له خزمه‌ت نه‌ته‌وه‌ی كورد و خه‌ڵكی كوردستاندایه؟ .
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره جه‌وهه‌رییه به‌بێ ناسینی تێڕوانینی ئه‌م حزبه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی خۆی و به پیرۆزكردن و به كاریزماكردنی ڕیبهرهكهی ناپۆڕێت و مومكین نییه، په‌كه‌كه ئاخێزگه‌یه‌كی پیرۆز بۆ خۆی قایله و ئه‌ویش له كه‌سایه‌تیی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندا خۆی مانیفێست ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش خاڵێكی جێی سه‌رنجه كه گیرانی ئۆجه‌لان له ساڵی 1999دا، زیاتر ئه‌م هه‌له میدیایی و زه‌وینه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی بۆ ئه‌ندامان و به‌رده‌نگانی ئه‌م حزبه ڕه‌خساند كه خه‌رمانه‌ی پیرۆز و ئاگری ستایش، زیاتر گه‌رمتر و ڕووناكتر كه‌نه‌وه.
بۆیه به‌بێ ناسینی كه‌سایه‌تیی ئۆجه‌لان و ئه‌و وێنایه‌ی كه خۆی له خۆی و كه‌سانی تر له‌و هه‌یانه، ناسینی په‌كه‌كه‌ش سه‌خت و ئه‌سته‌مه. حزبێك كه بنه‌مای خۆی له سه‌ر قوربانیكردنی خاك و خوێنی كورد و كوردستان دامه‌زراندووه، میدیاكانی حه‌ماسه‌تی سه‌ركه‌وتن و نه‌مری شه‌هیدان و جیاوازیی تۆكمه‌ی ڕێبازه‌كه‌یان به تێڕوانینێكی وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، ئاپۆیستی به‌ناو چاوی گه‌لدا ده‌ده‌نه‌وه. جاناتان ڕیندێل له كتێبی "بۆ ئه‌م ڕێسواییه چ لێبوردنێك" له لاپه‌ڕه‌ی 307دا باسی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان سكرتێری په‌كه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌كات: "سكرتێری په‌كه‌كه كه له كورده‌كانی توركیایه، له ڕووی كولتوورییه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك تووشی له‌خۆنامۆبوون بووه و كه‌سایه‌تیی بنبۆش بووه كه نه‌ك به كوردی، به‌ڵكو به زمانی توركی مه‌به‌سته‌كانی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت. ئاپۆ كه خۆی زۆر حه‌زی لێیه به‌و ناوه‌وه بانگ بكرێت كه خۆی به تیۆریداڕێژ ده‌زانێت.
به هه‌رحاڵ من له وتووێژێكدا كه له 16ی مانگی مارسی 1991 له یه‌كێك له ماڵه پارێزراوه‌كان له دیمه‌شق له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ئه‌نجامم دا، له درێژه‌ی چوار سه‌عات وتووێژ له‌گه‌ڵیدا، وێنه و وێنایه‌كی ڕێك‌وپێك و دروستم له بنه‌ما فیكرییه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ی كه ئه‌و بۆ جیابوونه‌وه له توركیا ده‌ستی پێ كردووه ده‌ست نه‌كه‌وت. ئه‌و خۆی وه‌ك ماركسیست نه‌ك كۆمۆنیستێك ده‌ناسێنێت و وه‌ك خۆیشی ڕوونی ده‌كاته‌وه، بێگومان كۆمۆنیستێكی كلاسیك یان كۆمۆنیستێك له شێوه‌ی ئه‌وانه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت نه‌بوو. ئه‌و له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێسته پیاده ده‌كرا دژ بوو، به‌ڵام ددانی به گرنگی و بایه‌خی ئیسلام بۆ زۆر له كورده گونده‌كی و سوننه‌تییه‌كان ده‌نا."
ئه‌م ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌ره ئه‌مه‌ریكییه له درێژه‌ی ناساندنی كه‌سایه‌تیی ئۆجه‌لان و بیروڕاكانی خۆی له‌مه‌ڕ هاوكێشه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و كوردستان و په‌كه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ڵێت: "ئۆجه‌لان كوڕی پیاوێكی جووتیاری ناسه‌ركه‌وتوو بوو كه هۆگرییه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی به توندوتیژییه‌ك هه‌یه، كه ساڵانێكه من وه‌ك شێرپه‌نجه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ناوم هێناوه. من ئه‌م توندوتیژی و توندئاژۆییه له ده‌مارگرژه جووه‌كان، له ڕێبه‌رانی گرووپه مه‌سیحییه‌كانی لبنان و بناژۆخوازانی ئێرانی ئیسلامی‌دا بینیوه. ده‌وڵه‌ته‌كانی توركیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ئاپۆیان وه‌ك تیرۆریست ناساندووه و وڵاته ڕۆژئاواییه‌كانیش به هه‌مانشێوه. هه‌ڵبه‌ت جگه له وڵاتێكی دیار واته یۆنان. هه‌ر شتێك كه توركیا؛ ئه‌م دوژمنه كۆنه لاواز بكات، بۆ یۆنان جێگه‌ی په‌سنده. یه‌كێك له دیپلۆماتكارانی یۆنان كه ئاپۆی ده‌ناسی له دیمه‌شقدا ده‌یگوت: "ئاپۆ زه‌ینێكی كراوه و بگۆڕی نییه و كه‌سێكی دره‌وشاوه نییه، به‌ڵام له تورككوژیدا ده‌ستێكی باڵای هه‌یه".
ئه‌و كه بلووزێكی خۆڵه‌مێشیی وه‌ك سه‌ربازه ئینگلیزییهكانی له‌به‌ر ده‌كرد، قسه‌كانی خۆی به بیروڕا و قسه‌كانی ماركس و ئه‌نگڵز و نیچه و ئارنۆڵد توین بی و هانری بێرگسۆن و ئیم‌یل دووركهایم ده‌ڕازانده‌وه. ده‌یگوت به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ی كاتێك خوێندووه‌ته‌وه كه له ئه‌نكه‌ره خوێندكار بووه. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌ی كه كوڕه منداڵێك له‌سه‌ر مه‌زرایه‌كی بێداهاتی نزیكی ئۆرفا، توانیبووی ئه‌م هه‌موو ڕێیه ببڕێت و بگاته ئاستی باڵای خوێندن به پشتیوانیی مادیی ده‌وڵه‌ت، هه‌ر ئه‌مه ددانپێدانانێكه به سیستمێكی سیاسیی كه ئه‌و ده‌یه‌وێ لێی هه‌ڵبێت. ئه‌وانه‌ی كه له زانكۆدا ده‌یانناسی ده‌یانگوت، په‌نابردنی ئه‌و بۆ ناسیونالیزمی كوردی له كاتێكدا ڕووی داوه، توندئاژۆكانی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاریی چه‌پ له ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی 1970دا ئه‌ویان له ناو خۆیان قبووڵ نه‌كردبوو.
ڕیندێل له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: ئاپۆ گوتی من ئێسته به‌هێزترین پیاوی كوردستان‌م و خه‌ڵكی كورد وه‌ك پێغه‌مبه‌رێك چاو له من ده‌كه‌ن. ئه‌و باوه‌ڕی وابوو كه حزبه‌كه‌ی گرنگترین و تاقانه حزبی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی كورده.
ئه‌و باسانه‌ی رێندێل كه بێگومان وه‌ك به‌شێك له مێژوو لانیكه‌م له گێڕانه‌وه‌ی چاوێكی سێیه‌مه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه، هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ریش نییه له بازنه‌ی ڕه‌خنه، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه پلان و پرۆگرام و پێڕه‌وی په‌كه‌كه له‌سه‌ر یه‌ك كه‌سایه‌تی و یه‌ك تێڕوانینی دیاریكراو و نه‌گۆڕ دامه‌زراوه كه بێگومان به‌دواداهاته‌كانی ئێسته بۆ ئێمه زیاتر ڕوون بووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی له ناو پێڕه‌وی ناوخۆی په‌كه‌كه و تێڕوانینی ئۆجه‌لاندا، زۆر باسی "ڕه‌خنه و خۆڕه‌خنه‌یی" ده‌كرێت، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه ته‌نیا دروشمێكه كه ئۆجه‌لان و په‌كه‌كه ناگرێته‌وه و ته‌نیا ڕووبه‌ڕووی لایه‌ن و ده‌سته و كه‌س و حزبانی به‌رانبه‌ر ده‌كرێته‌وه.
ده‌گێڕنه‌وه جارێكیان ڕۆژنامه‌نووسێكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، وتارێكی تێروته‌سه‌لی له‌باره‌ی گرنگی و قووڵبوونی فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجه‌لان نووسیبوو، به‌ڵام هه‌ڤاڵانی په‌كه‌كه هێرشیان كردبووه سه‌ری كه بۆچی نه‌یتوانیوه قووڵایی بیری ئۆجه‌لان زیاتر بپێكێت و ته‌نیا ڕووكار و ئاسته ساده‌كه‌ی بیری ئۆجه‌لانی شی كردووه‌ته‌وه؟! ئه‌م تێڕوانینه بۆ ڕه‌خنه و خۆڕه‌خنه‌یی له ئاستی دروشم و چه‌مكی میدیایی و فریوده‌ردا ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆر كه‌س و به‌رده‌نگی پێ خاپێنراوه و فریو دراوه.
ئه‌مه ئه‌و لایه‌نه‌ی پیرۆزاندنی خود و ناپیرۆزكردنی ئه‌ویدییه كه له سیاسه‌تی ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌ی په‌كه‌كه‌دا هیچ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، بیرێك له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه كه پارادایمه‌كانی سیاسه‌تی ڕۆژ و یاسای كایه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه، له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕووداوێك گۆڕانكاریی به‌سه‌ر دێت و له ناو خه‌ونی حه‌ماسه‌تی بێ ئه‌نجام و ڕه‌ق و نه‌گۆڕی و توندئاژۆبوونی ئایدۆلۆجیدا گیری خواردووه، ئه‌مه به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه دژوازییه ئایدۆلۆجییه‌كانی وایكردووه كه له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك جگه له كورد كێشه‌ی نه‌بێت!.
وه‌ك ڕیندێل دیسان ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: ئاپۆ له هاوڕێیانی نێزیكی جه‌میل ئه‌سه‌د برای سه‌رۆك كۆماری پێشووی سووریایه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی پشتیوانیی سووریا و له‌وه‌ش سه‌یرتر سه‌دام حوسێن پرسیارێكی لێ بكرایه، به ئه‌سته‌م و سه‌خڵه‌تی تووڕه‌بوونی خۆی ڕاده‌گرت. من به‌شێوه‌یه‌كی ناوشیارانه له‌باره‌ی ئه‌مه‌ی كه ئایا ژنی هێناوه یان نا، ئه‌گه‌ر هێناویه‌تی ژنه‌كه‌ی چ ڕۆڵێكی له بزووتنه‌وه‌كه‌دا هه‌یه؟ پرسیارم لێ كرد، ڕاستییه‌كه‌ی مه‌به‌ستێكی سه‌یرم نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و به دوور و درێژی و به تووڕه‌ییه‌وه هه‌ندێ شتی بێ‌مانا و لێڵی بۆ باس كردم، گوایه هاوسه‌ره‌كه‌ی كه له چینی ناوه‌ڕاست بووه، ویستوویه‌تی ڕاده‌ستی به‌رپرسانی توركی بكاته‌وه، ئه‌ویش فه‌رمانی ئۆپراسیۆنێكی توندوتیژانه‌ی داوه و به‌و هۆیه‌وه گێچه‌ڵی زۆر ساز بووه.
ئه‌و زۆر باوه‌ڕی به ڕاهێنانی فیكری و فێركاری سیاسیی به‌شێوه‌یه‌كی توندئاژۆ بوو، به‌شێوه‌یه‌ك كه هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی له باكور و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش، ته‌ڤڵی په‌كه‌كه ده‌بوون وه‌ك كاڵا و ئامێرێكی شكاو و لار و له‌وێر ده‌یبینین، پێی وابوو ده‌بێ چاك بكرێنه‌وه و له تیڕوانینی ئه‌ودا له وانه‌كانی فێركاری و باوه‌ڕمه‌ندی و ئایدۆلۆجیی سیاسی‌دا، هه‌موو قه‌ره‌بوو ده‌بێته‌وه به‌شێوه‌یه‌ك كه پاش یه‌ك ساڵ له ڕاهێنان ده‌یگوت، ئێمه ده‌توانین 70%ی ئه‌وانه‌ی فێرمان كردوون به كوشت بده‌ین!
ئه‌م دێڕ و ڕستانه به ڕوونی ڕه‌وت و ڕێبازێك بۆ ئێمه ڕوون ده‌كه‌نه‌وه كه نه‌یتوانیوه له ناو هاوكێشه سیاسی، ئابووری و سه‌ربازی و كولتوورییه‌كاندا، خۆی به ڕۆژ و ئاپده‌یت بكاته‌وه و بێته ناو كایه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه‌وه و یاسای كایه‌كه قبووڵ بكات، بۆیه نه‌یتوانیوه ئه‌و سامانه‌ش له پیرۆزاندن و پهرستشكاری بۆ سه‌رۆك و ڕێبه‌ری حزبه‌كه‌ی به‌رهه‌م هێنراوه، بپارێزێت و به‌شێوه‌یه‌كی تراجیك كۆتایی پێ هاتووه، په‌كه‌كه یان ده‌بێت گۆڕانێكی بنه‌ڕه‌تی له ستراتیژجی خۆی بكات، یان ده‌بێ فاتیحه‌ی خۆی بخوێنێت و ئیتر له‌مه زیاتر كوڕ و ڕۆڵه‌ی كورد به كوشت نه‌دات و ئه‌زموونی حوكمڕانی و ئازادیی باشووری كوردستانیش له ژێر ناوی تیۆره‌ی وه‌همی و به‌ناو ڕادیكاڵ و شۆڕشگێرانه نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه! ئه‌وه‌ی له په‌كه‌كه ماوه‌ته‌وه هه‌ندێ نۆستالۆجیا و خه‌ونی كۆنه كه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هیچ جێیه‌كی بۆ نییه و له‌مه زیاتر ناتوانێ خۆڵ بكاته چاوی خه‌ڵك!