ئێران لە نێوان ناوەندگەرێتی پاشایەتیخوازەکان و دژە ناوەندێتی نەتەوە نافارسەکاندا

PM:01:51:28/06/2022 ‌
پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٧٩ و هاتنە سەر کاری ڕژێمی ئاخوندی لەژێر دەستی خومەینی، زۆر ڕووداو هاتوونە ئاراوە و زۆر بەڵگەیش دەرکەوتوون كە نهێنییەکانی ئەو ڕووداوە /شۆڕشی گەلانی ئێران/ و قۆستنەوەی کات و هاتنە سەر دەسەڵاتی خومەینی کە دواجار لە قەوارەی ڕژێمێکی تووتالیتەردا و لەژێر ناوی "کۆماری ئیسلامی"دا دەرکەوت، زیاتر ئاشکرا بووە. 

بە وتەی عەباسی میلانی بەڕێوەبەری پرۆژەی موتاڵا و خوێندنەوەکانی ئێران لە زانکۆی ئیستەنفۆردی ئەمەریکی، هەندێ بەڵگە لە بەردەستدان کە کاتێک خومەینی لە گوندی نوفێل لوشاتۆ لە دەوروبەری پاریس بوو، بۆ ئەوێ دوور خرابووەوە، ئینگلیزییەکان نوێنەرێکیان دەنێرنە لای و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو و پرۆژە سیاسییەکەی ڕادەگەیەنن کە ئەمە تەنیا دەربڕی پشتیوانی و هەڵوێستێکی ئاسایی ژێرەوانکێ و نهێنی نەبووە، بەڵکو ئەنجامی گەیشتنی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمەریکا و ئینگلیز بووە بەو بڕوایەی کە سیاسەتەکانی حەمەڕەزا شا لە بواری نەوتدا، خەریکە تەنگ بە ئابووری و بوونی ئەوان لەناو هاوکێشە ئابووری و سیاسییەکان و هەروەها ململانێکانی وزەدا هەڵدەچنێت. جیا لەوەی لە ڕووی پێشکەوتنیی ناوخۆی ئێران لە بواری پیشەیی و ڕەوتی بە مۆدێڕنکردنی وڵاتدا، حەمەڕەزا شای پەهلەوی هەنگاوی کاریگەر و مێژوویی هەڵگرت و رێگەی ڕەزا شای باوکی لە فۆرم و قەوارەیەکی دیکەدا درێژە پێدابوو، ئەمەیش بۆ ڕۆژئاوا دڵەڕاوکێی دروست کردبوو. 

دواتر و پاش سەرگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بنەماڵەی شا بۆ دەرەوە هەڵدێن و شا لە میسر دەمرێت و هەر لەوێ دەینێژن و پاشماوەی بنەماڵە لە ئەمەریکا دەگیرسێنەوە. ڕەزای کوڕی حەمەڕەزاشا لە شوێنێکدا ددان بەوەدا دەنێت کە پارەیەکی کۆشکی پاشایەتیان هێناوەتە دەرەوە و پێی دەژین. 

لەو سەردەمەی چوونەدەرەوەیان تا ئێستە و پێوەست بە ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران، ڕەزای پەهلەوی کە پێشگری شازادە هەمیشە بە ناوەکەیەوە دەلکێنرێت، هەندێ هەڵوێست و وردە هەڵوێست ڕادەگەیەنێت و خاوەندارێتی خۆی بۆ ئێران و داهاتووی سیاسیی وڵاتەكە بەو شێوەیە دەخاتە ڕوو. 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بەهۆی قەیرانی میترۆپۆلی ئابادان کە درێژەی زنجیرەیەک ڕووداوی هاوشێوەیە کە لە ناکارامەیی و گەندەڵی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بەڕێوبەرانی سیاسی و لەشکریی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵدەخێزێت، ڕەزای پەهلەوی کوڕی حەمە ڕەزاشا و کوڕەزای ڕەزا خانی میرپەنج، بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی جیاوازتر و رژدتر خۆی دەرخست و هەندێک ئاماژەی ڕوون و هەڵوێستی ئاشکرای دەربڕی کە جارانی پێشوو بەو وردەکارییەوە دەرینەبڕیبوو.

کۆی قسەکانی ئەوەیان دەدا بە بیسەر کە کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت و دەڕوات و داوای لە چەک بە دەست و ئەرتەش و سوپای کۆمار کرد هاوکاریی خەڵک بکەن و لەم دۆخە سەختەدا بەرەوڕووی خەڵک تەقە نەکەن و بێنە بەرەی خەڵکییەوە و چەند خاڵێکی بۆ باشتر ئەنجامدانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان خستە ڕوو و داکۆکی لە هاوکاری و هاودەنگیی خەڵک دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کرد. 
کۆی قسەکانیشی دەرخەری باوەڕبەخۆبوونێکی سەیر وەک یەکێک لە پاشماوەکانی بنەماڵەی پاشایەتی و دانانی پلە و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وەهایە بۆ خۆی کە دەشێت لە داهاتووی شانۆی سیاسیی ئێراندا ئەو ئەکتەری سەرەکیی بێت. 

خاڵی سەرنجڕاکێش لەم دەرکەوتنەی کوڕی حەمەڕەشا، ئەوەیە کە ئانوسات کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لەلایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی لێکەوتەوە کە بە زمانێکی زبر و جنێوئامێز هێرش دەکاتە سەر بنەماڵەی پەهلەوی و بە گەندەڵ و داردەستی بیانی ناویان دەبات و دەڵێت، بیانییەکان لەم ناڕەزایەتیدەربڕینەی خەڵک کەڵکی خراپ وەردەگرن و بەو بیانووەوە دژایەتیی ئێران دەکەن. 

ئەمە کۆی گشتیی دیمەنەکەیە کە پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران لەوانە ڕووخانی میترۆپۆلی ئابادان و قوربانیبوونی چەندان کەس و گەمارۆی ئابووری سەر ئێران و کەوتنە دۆخێکی ناوازە و خراپی خەڵک، بەهۆی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە و دۆسیەی ئەتۆمی و دەستێوەردانەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکە و جیهاندا... بەرە بەرە بەرەو ئاقار و ئاسۆی لێڵ و نادیارتر دەچێت. 

ڕاستییەكەی ڕەوتی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی ئێران لە ساڵانی  ٨٨ (٢٠٠٩)، ٩٦(٢٠١٧)، ٩٨ (٢٠١٩) و ١٤٠٠ (٢٠٢١)و ١٤٠١ (٢٠٢٢) هەتاوی/زاینی) تا ئێستە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر بووە و لە ئاستی سیاسیدا کاردانەوەی قووڵی دروست کردووە، هەرچی دیمەن و ناوەرۆکی خۆپێشاندانەکانیشە ڕادیکاڵتر بووەتەوە و ناوکی ڕژێم و ڕێبەر و مەرجەعی ئاینی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج، ئەو دروشمانەی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەربڕاون، بریتین لە: تانک/ توپ/ فشفشە- ئاخود باید گم بشە (تانک، تۆپ، فیشفیشێ،-ئاخوند دەبێ ون ببێ)، مەرگ بۆ خامنەیی، درۆ دەکەن دوژمنی ئێمە ئەمەریکا نییە، بەڵکوو لێرەیە، ڕەزاشا ڕۆحت شاد و... 

بێگومان لە بەشێک لە خۆپیشاندانەکاندا بە دروشمی "ڕەزاشا ڕۆحت شاد" جۆرێک وەفا و هۆگری کە زیاتر ڕەهەندێکی نۆستالیجی هەیە بۆ ڕژێمی پاشایەتیی پەهلەوی دەربڕاوە و ڕەزاشای کوڕیش ئەم دروشمە بە داکۆکیکردنی دووبارەی ڕژێمی پاشایەتی دەخوێنێتەوە لەلایەن کۆمەڵگەی ئێرانییەوە، ئەگەرچی ئەو ڕای گەیاندووە، بەرگری لە هیچ سیستمێکی سیاسیی دیاریکراو ناکات و تەنیا مەبەستێتی دەنگی ئازاری خەڵکی ئێران و ناڕەزایەتییەکانیان بێت، بەڵام هەڵسوکەوت و ئاخاوتن و گوتارەکەی دەرخەری هەمان فێڵە کە خومەینی کاتی هاتنەوەی بۆ ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا دەیوت، کە وتی: "ئێمەی ئاخوند و مەلاکان کارمان چییە بە دەوڵەتەوە؟ چمان داوە لە سیاسەت و..." ئەمیش لە حاڵێکدا خۆی بە پێڕەوکار و دڵسۆزی نەتەوەی ئێران، لەسەر هەمان ڕێبازی باوباپیری دەبینێتەوە و پێشگری شای لکاندووە بە ناوەکەیەوە، ئەم هەڵوێستەی دژوازە لە کۆی کردەوەکانی دەخوێنرێتەوە کە گوایە لایەنگری لە هیچ سیستمێکی سیاسیی دیاریکراو ناکات، ئەگەرچی خەڵکی ئێران ئەویان وەک شا قبووڵە! 

بابەتەکە کاتێک زیاتر زەق دەبێتەوە کە ببینین چەند میدیای زل و کاریگەری فارسی دەرکەوتنی ئەو وەک شای نوێی داهاتووی ئێران ڕووماڵ دەکەن و بە تەنیا ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوەی دەناسێنن کە هەموو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پشتە. بێگومان ئەمە دوورە لە ڕاستی و زیاتر شانتاژ و قسەی بڵحانەی میدیاییە. 

میدیاکانی وەک ئیران ئەنتەرنەشناڵ، بی بی سی فارسی، دەنگیی فارسیی ئەمەریکا، ئیندیپێندێتی فارسی وەک سەرۆک و ڕێبەرێک بەرەو پیری ڕووماڵی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیەوە چوون و زایەڵەی پرسیارەکانیش بە شێوەیەک بوو کەئەنەهوو جەنابی شا لوتفێکی گەورەی دەرهەقی ئەوان و ئێران و هەموو مرۆڤایەتی کردووە، کە وەها کاتێکی داناوە و خەریکە لە کاتی خودایی و ئەهوورایی خۆی بۆ ژێردەستەکانی دەدزێت و داوەتیان دەکات بێنە ژێر سێبەری ئاسمانیی ئاڵا و هەیبەتی ئەو تا ڕزگار ببن..

ئەم وەهمەی کوڕی شا لەوەی کە ئێران وەک جیۆگرافیایەکی فرەدەنگ و فرەڕەنگ و فرەئینتنیک جێی بۆ خواستی مردوو و ماوەبەسەرچووی پاشایەتیی ئەو کردووەتەوە، ڕەگوڕیشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار. 

یەکەم، ئەوەی کە لە ناشارەزایی و جەهلی ئەو لە ناسینی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و خواستە سیاسییەکانی بزاڤ و جڤاک و نەتەوەکانی ناو جیۆگرافیای ئێران هەڵدەخێزێت و پێشاندەری ئەو تێڕوانینە لەبار چوو و کارەساتاوییەی ئەوە بۆ چوونە سەر کورسیی دەسەڵات، ئەویش لە پاش ئەوەی کە لە شۆڕشێ گەلانی ئێران شکستی بە سیستمی پاشایەتیی دەسەڵاتداری لە ئێران هێناوە. 

ئەو بیر لەوە ناکاتەوە کە ڕەنگە گەلانی ئێران لەم قۆناغەدا زۆر تووڕە و ڕقهەستاو بن لە کۆماری ئیئسلامیی ئێران، بەڵام بە تۆزێک ختووکەدانی یادەوەری و وشیاریی مێژووییان، بێگومان سیستمی پاشایەتی پەسند ناکەن و شکست و ناکارامەییەکانی ئەوانیان دێتەوە یاد، بە تایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە ئێران وڵاتەکەی داگیر کردووە، باوکی ڕەزا شای کوڕ، سەرکوتکاری کۆماری کوردستان لە مەهاباد و هەروەها ئەو کەسە بوو کە پشتی کردە شۆڕشی ئەیلوول و بارزانی نەمر و گورزی کوشندەی لە پێکهات و خەونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد وەشاند. 

دووەم، لە پشتەوە دەست تێدا هەبوونی زلهێزانی وەک ئەمەریکا و ئینگلیزە و بە سەرنجدان بەو دۆخە نوێیەی لە پاش کۆرۆنا و ئەو نەزمە نوێیەی پاش شەڕی ئۆکراینا خەریکە شکڵ دەگرێت، دوور نییە بە ڕاستی پرۆژەیەکی نەرم و نەزانراوی کۆلۆنیالیستی و دەستێوەردەرانە لە لایەن ئەمەریکا و ئینگلیز و هەندێ وڵاتی تر بۆ لەباربردن و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت، بە تایبەت کە گرژییە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران و گەندەڵیی تا ئاستی ڕووخانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و گەمارۆ ئابوورییەکان و خاڵیبوونی سفرەوخوانی خەڵک لە پێویستییە سادەکانی ژیانی ڕۆژانە و...

لە پاڵ قووڵتربوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران و دەرکەوتنی زیاتری شەڕی ڕاستەوخۆ و گۆڕینی شەڕی كرێگرتەی ئیسرائیل و دەسخستنە ناو دۆسییەی ئەتۆمی و لێدان و کوشتنی ئەندامی سوپای پاسداران و بەرپرسە لەشکەری و سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، هەمووی ئاماژەی سامناک و مەترسیدارن بۆ یەکلابوونەوەی دۆخەکە. 

ئەوەی کە کوڕی حەمەڕەزا شا گوتار و لێدوانێکی بە ڕواڵەت رژدی داوە، پێش هەر شتێك دەشێت سەرەتایەک بێت بۆ ئەو ڕووداوانە و ئەو پێشهاتانەی لە داهاتووی دوور و نزیک و پێوەست بە هاوکێشە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆییەکانەوە دەیبینین، سەرەتایەک کە زیاتر لە شانۆیەکی دراماتیک دەچێت و میدیا ئێرانچییەکان خەریکن ڕێگەی بۆ خۆش دەکەن و دیسکۆرس و چەمکسازییەکەی ئاڕاستە دەکەن. 
تایبەت بە کورد و نەتەوەکانی تری ناو جیۆگرافیای ئێران، بە خێڵ و ئێل ناوبردنی کورد و لوڕ و... لەلایەن ئەم دیسکۆرسەی پاشایەتیخوازان و لە زاری ڕەزای پەهلەوییەوە، دەرخەری ئەو تێڕوانینە ئێرانشار و ناوەندگەرایەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و باوک و باوەگەورەی ڕەزا هەیبووە، ناوەندگەراییەک کە مێژوویەکی دورودرێژە کورد وەک پێشەنگی خەباتی سیاسی و چەکداری لە ئێران هەوڵی شلکردن و لاوازکردنی وەها خواستێکی تۆتالیتەر و خۆپەرستانەی داوە. 

لە بەیانێکدا کە هەندێ لە چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی کورد پاش لێدوانەکەی و لە دژی قسەکانی ڕەزای پەهلەوی دەریان بڕی، کاردانەوەی شەقامی گشتیی ئێرانی و نەتەوەی فارس، ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە کۆمەڵگەی ئێرانی و بەتایبەتی نەتەوەی سەردەست و دەسەڵات لە دەست، قەت ئەو کولتوورەی فاشیزم و دۆگماتیزمەی تێنەپەڕاندووە و لە دەسپێکردنی شۆڕشی مەشرووتەوە وەک ئەکت و ڕەوتێکی مۆدێرنە تا ئێستە، ئەوەی گۆڕاوە دەمامک و فۆرم بووە نەک گیان و ناوەرۆک و ڕۆحی دەسەڵاتخوازی و ناوەندگەرێتی و سەرکوتکردنی هەر جۆرە خواستێک کە دوور بێت لە ئێرانشاری و ئێرانپەرەستی، هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە. 

بەو پێیە، داهاتووی دۆخی ئێران پاش نەمانی کۆماری ئیسلامی داهاتوویەکی زۆر ئاڵۆز و ڕەنگە خوێناوی بێت و دەکرێت بڵێین هیچ گۆڕانێکی لە ئاستە گشتی و جەماوەری و سیاسییەکەی دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا، بەسەردا نەهاتوو. تەنیا گۆڕانێک پێدەچێت و دەبێ بەدیهاتبێت، هۆشیاری و نەکەوتنەداوی کورد و هەندێ لایەن و نەتەوە و هێزی دیکەیە بە مەبەستی دووپاتنەبوونەوەی شانۆی کایەی سیاسیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بە نیسبەت کورد و ماف و خواستە ڕەواکانی کورد و نەتەوەکانی تری ناو جیۆگرافیای ئێرانە، بۆیە دەبێت هەر لە ئێستەوە شەقامی کوردی و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و حزبە کوردییەکان، وەک چۆن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستیان ڕوون و ئاشکرایە، تایبەت بە بەناو برا ناڕازییەکەیشیان واتە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانگەرا و ئێرانچی، ڕوون و ئاشکرا بێتە گۆ و وەک دەڵێن هەشتێکی هەبێ و لە مشت بێ، نەوەک نۆ بێت و نەبێ.