یەكەم
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ زانستی زمان، یەکڕاست ڕووبەڕووی دوو گرووپ دەبینەوە، گرووپی یەکەم، زمان وەک کردەیەکی كەسیی پێناسە دەکەن و دایدەبڕن لە کۆمەڵگە، بەڵام گرووپی دووەم زمان دەبەستنەوە بە کۆمەڵگەوە و وەک کردەیەکی کۆمەڵایەتی دەیناسێنن.
لەمەوە زمانەوانی کۆمەڵایەتی وەک لقێکی زانستی زمان خۆی جیا دەکاتەوە و هەموو ئەو تەرزە زمانیانە شرۆڤە دەکات کە مرۆڤی قسەکەر بە گوێگرەوە، گرێ دەدات.
زمانی کوردی کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک زاری جودا و لەناو زارەکانیشدا کۆمەڵێک بنزار (شێوەزار) هەن، وەک بنزاری هەولێری و سلێمانی و شارەزووری و گەرمیانی و سنەیی و ...تاد، دەکەونە سنووری زاری سۆرانییەوە. وەک چۆن لە زاری کرمانجی ژوور و (بادینی) بنزاری جیا جیا هەن، وەک جیاوازی ئاخاوتنی بادینی عەفرین و دهۆک و ماردین و ...تاد.
بۆ نموونە، کردەی بانگخوازی کە وەک فەرزێک فەرمانی پێکراوە و بانگخوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی بریتیین لە دوو گرووپ، گرووپی یەکەم: مەلا و مامۆستای ئاینین، زانستە شەرعییەکانیان خوێندوە. گرووپی دووەم کۆمەڵێک بانگخوازی تایبەتن کە زانستی تری وەک پزیشکی و ئەندازیاری و ...تاد خوێندووە. واتە دەرچووی حوجرە و کۆلیژە شەرعییەکان نین و وەک بانگخواز لە ڕێگەی زمانەوە پەیامی خۆیان بۆ خەڵک بڵاو دەکەنەوە.
ئەوەی مەبەستی ئەم وتارەی بەندەیە، ئەوەیە دیقەت دەدەین کۆمەڵێک بانگخواز دەبنە ژمارە و پاڵەوانی سەرشاشە و سۆشیال میدیا و کۆمەڵێکیش ڕەنگە 20 یان 30 ساڵ وتارخوێن و بانگخوازن، بەڵام توانای ئەوەی نەبووە گشتیی ببێتەوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی نەبووەتە ژمارە و شارەکەی خۆی یان ناوچەکەی خۆی تێناپەڕێنێت؟
ئەوەی بۆ ئێمە جێی پرسیارە، ئەوەیە لەناو ئەو بانگخوازانەدا کۆمەڵێک ژمارە هەن کە فەزای زاری سۆرانیان داگی کردووە، کە لەڕووی بنزار و زارەوە سەر بە زاری سۆرانی و بنزاری سلێمانین. وەک: (د.عوسمان حمەغریب، مەلا فاتیح شارستێنی، مەلا فایەق شارەزووری، مامۆستا سۆران و ...تاد). هەموو ئەم بانگخوازانە ئەگەر سەربە بنزاری دیکەیش بن، وەک مەلا فایەق شارەزووری، بەڵام لەڕووی وتاردانەوە بە بنزاری سلێمانی وتار دەخوێنێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە یەک بانگخواز و مەلای سەربە بنزاری هەولێری تێدا نییه، پرسەکە لێرەدا چڕ دەبێتەوە، ئایا پێوەندی بە تەقواوە هەیە؟ چونکە ئێمە دەزانین مەرجی قسەڕۆیشتنی قسەکەر لە بواری ئاینییەوە، ئەوەیە کەسەکە ڕاستگۆ و تەقوای هەبێت. ئایا پێوەندی بە زانست و زیرەکییەوە هەیە؟ هەڵبەت نەخێر. کێشەکە لێرەدا نییە، چونکە ناکرێت بڵێین مەلا و بانگخوازەکانی هەولێر بێ تەقوان، زانستیان کەمە. نەخێر، بەڵکو لێرە ڕووبەڕووی کێشەیەکی زمانی دەبینەوە. پرسییار ئەوەیە، بۆچی ئەوانەی بە بنزاری سلێمانی وتار دەدەن، دەتوانن زوو بچنە ناو میدیا و فەزای گشتییەوە؟ ئەوانەیشی بە بنزاری هەولێر و گەرمیانی و کۆیی و سنەیی...تاد وتار دەدەن، هێزی ئەوەیان نییە بچنە ناو فەزا گشتییەکەوە؟
دووەم
باسەکە پێوەندی نێوان بنزارەکانی (شێوەزار)ی زاری سۆرانییە، تایبەت پێوەندی نێوان بنزاری سلێمانی و شێوەزارەکانی سەربە زاری سۆرانی.
لێرەدا واباشە کەمێک لەسەر سروشتی ئەم بنزارانە بوەستم و ئەوە بڵێم کە بنزاری سلێمانی سیفەتێکی هەڕەشەئامێزی بۆ بنزارەکانی دیکەی هاوشانی هەیە و کاتێک دەچنە پاڵ یەکتر، بنزاری سلێمانی خۆی زاڵ دەکات. بۆ نموونە، لە نووسینی فەرمی و خوێندن و شێوەزاری ڕۆژنامە و میدیا، قسەکەرانی شێوەزاری هەولێر و کەرکووک و گەرمیان و تا ئاستێكیش سنە، دەچنەوە سەر بنزاری سلێمانی و واز لە شێوەزارەکەی خۆیان دێنن. ئەمەش ڕیشەیەکی دوورودرێژی هەیە و هەر لە سێکوچەی بابانەوە نالی و سالم و کوردی دەست پێ دەکات، تا ئەمڕۆی ئەو هەموو دەزگای ڕاگەیاندن و وەرگێڕان و نووسینەی لەبەردەستن.
پرسیارەکە ئەوەیە، جیا لەوەی ئەم شێوەزارە لەگەڵ ئیمارەتی باباندا گەشە دەکات و دەبێتە زمانی ڕۆژنامە و گۆڤار و شیعر و ڕۆمان، چیتر هەیە ئەم سیفەتە زاڵەی بەو بنزارە لە بەرانبەر بنزارەکانی تری هاکوفی بەخشیوە؟
ڕەنگە باشترین بەڵگە و نموونەی دیار، ئەو خەڵکانەن کە بەهۆی کۆچەوە ناچار بوون یان بەهەر هۆکارێک بووە، لە شارەکانی سنە و هەولێر و دەڤەرەکانی گەرمیان و شارەزوور و ..تاد چوونەتە سلێمانی، نەیانتوانیوە هەر بە شێوەزاری خۆیان بژین، بەڵکو ناچار بوون واز لە شێوەزارەکانی خۆیان بێنن و بە شێوەزاری سلێمانی بئاخفن، بۆ ئەوەی تووشی پەراوێزخستن و لۆمە و غەریبی نەبن.
ئەمە نەک هەر بۆ شێوەزار، بەڵکو بۆ زارەکانی دیکەیش ڕاستە، وەک گۆران و کرمانجی سەروو. زاڵێتی و پەلهاویشتنی ئەم شێوەزارە وایکردووە تەنانەت، سیاسییەکانی کوردیش کە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی سلێمانین، هەر بەم شێوەزارە بنووسن و لەسەر شاشەی تیڤیەکانەوە بئاخفن.
بۆ نموونە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، وشەکانی شێوەزاری هەولێری وەک ( لۆ، لە کێندەر، لۆچ...تاد) بەکار ناهێنن. بەڵکو بەشێوەزاری سلێمانی قسە دەکەن.
لەبەرانبەر ئەمەدا، ئەو کەسانەی بۆ هەولێر کۆچیان کردووە، تایبەت لە سنوری شێوەزاری سلێمانی، ناچار نەبوون واز لە شێوەزاری خۆیان بێنن و بە هەولێری قسە بکەن، چونکە شێوەزاری هەولێری سیفەتی زاڵێتی تێدا نییە و واز لە غەریبەکان دێنێت ناچار نەبن خۆیان بگۆڕن.
ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ بابەتی گوتاری ئاینی، دەبێت ئەوە بڵێم کە سەرەڕای کاریگەری ئایدۆلۆجیا و دروستبوونی حزبی ئیسلامی لە دەڤەری سلێمانی و زۆرینەی ئەندامانی ئەو دەڤەرە وەک ڕابەر و سەرکردە، بەڵام بۆ ئەوەی وتاربێژێک یان مەلایەک، بچێتە ناو فەزای گشتییەوە، دەبێت لانی کەم شێوەزارەکەی خۆی بگۆڕێت، تا بتوانێت گوێگر بۆ خۆی کەمەندکێش بکات.
وەک چۆن لەسەر ئاستی سیاسی و حزبی، سەرکردە هەولێرییەکانی وەک سەعدی پیرە و خانەقینی وەک عیماد ئەحمەد و مەلا بەختیار، هەر بەم شێوەزارە لە دیداری تەلەڤزێونی و سۆشیال میدیادا دەئاخفن، ئاواش بانگخوازەکانی سەر بەم شێوەزارە، فەزا گشتییەکەیان بۆ خۆیان داگیر کردووە.
سێیەم
زاڵبوونی ئەم شێوەزارە (سلێمانی)، وایکردووە ئاخێوەرانیشی زاڵبن بەسەر ئەوانیتردا، چونکە زمان شائامرازی کۆنتڕۆڵکردنی ئەویترە و بە ڕێگەی زمان ئەویتر ڕام دەکەین و ئاڕاستەی دەکەین.
پرسێاری ئەوەی چی ئەم زاڵێتییەی بەخشیوە بەم شێوەزارە و ئەوانیتر ئەو زاڵێتی و هەڕەشەیەی تێدا نییە بۆ سەر شێوەزارەکانی دیکە؟ نزیکترین وەڵام پێوەستە بە ئاخێوەرەکان خۆیانەوە و وردتر سایکۆلۆجیای ئەم ئاخێوەرانە کە هەموو چالاکی و هێزەکەی خۆیان لە ڕێی زمانەکەوە پەخش دەکەن. بۆیە لە شاری سلێمانی کاتێک بیانەوێت چاکەیەکت لەگەڵ بکەن، بە زمان دەیکەن و کاتێکیش بیانەوێت سزات بدەن هەر بە زمان پێڕەوی دەكەن.
ئەمە بووە گرێیەکی دەروونی بۆ زۆنی زەرد و ئێستەیشی لەگەڵ بێت، ئیش لەسەر ئەوە دەکات کە هەم ئەو دەسەڵاتە زمانییە ڕام بکات، هەم بێدەنگ و لە پەلوپۆی بخات. کێشەی زۆنی زەرد ئەوەبوو زیاتر خزمەتی شاری هەولێر و دەوروبەری کردبوو، بەڵام لە غیابی نەگواستنەوەی ئەم ئیشە بۆ ناو زمان، ئاخیوەرانی زۆنی سەوز و تایبەت گۆڕان و یەکێتی دەیانتوانی هەموو ئەو خزمەتانە سفر بکەنەوە، جارێک بەبێ بەهاکردنی ئاوەدانکردنەوە و شاردنەوەی، جارێک بە کۆمیدیکردنی ئەو حزمەتانە. تا ئەوەی پارتی بە ئیرهابی فکری ناوزەدی کرد.
ئەمەیش وایکرد کۆمەڵێک ڕاگەیاندکار لە زۆنی سەوز بکڕن و لە دەزگاکانی زۆنی زەرد ئەو دەسەڵاتە زمانییه، ڕوو لە سلێمانی بکەنەوە.
بە جۆرێک بە زمانی خۆیان لە خۆیان بدەنەوە، لەناو هەولێریش زۆربەی دەزگا و کافێی ڕۆشنبیری و ناوەندەكان رادەستی ئاخیوەرانی شێوەزاری سلێمانی بکەن.
هەموو ئەم شەڕە پێوەندی بە دەرخستنی هەقیقەتەوە نییە، بە پێچەوانەوە پێوەستە بە شاردنەوەی هەقیقەت و گۆڕین و بەلاڕێدابردنی. واتە سۆفستاییەکانی کۆمەڵگەی کوردی، نەک خاوەن هێز و گوشارن، بەڵکو زۆرباش دەتوانن تۆمەت بۆ سوکراتەکان دروست بکەن و ژەهرەکەی پێ بخۆنەوە.
چوارەم
قانگدانەوەی زمان و بەکارهێنانی ئیدۆم لە قسەکردندا، هەم پەیامی قسەکەر بەهێزتر دەکات، هەم زیاتر ئاگایی گوێگر ڕادەکێشێت. لە بنزاری سلێمانیدا ئیدیۆمێکی فرەزۆر هەن کە دەکەونە ناو گوتەی ئاخێوەرەکانیەوە، بە جۆرێک بۆ هەموو کات و باسێک ئیدیۆمێکی تایبەتیان هەیە. واتە بەرگێکی شیعری لە خۆی دەئاڵێنێت، تا کاریگەرییەکەی بەهێزتر بێت.
خۆ بێ مانا و بێ حیکمەت نییە زۆربەی دەقە ئاینی و داستان و ئەفسانە و ...تاد لە بەرگی شیعر و شیعریەتیان پێوەیە. هەم بۆ مانەوە لە سینەی خەڵکیدا، هەم بۆ کاریگەرییان لەسەر وەرگر.
وەنەبێت شێوەزاری هەولێر یان کۆیە ئیدیۆم و پێچواندنی تێدا نەبێت، نەخێر، بەڵام ئاستی بەکارهێنانی کەمە. شێوەزاری سلێمانی کاتێک بیەوێت شتێک، کەسێک بشکێنێت پێشگری (ئەڵێی) بەکار دەهێنێت و سەرنجی گوێگر دەباتە سەر شتە لەوچوەکە. نهێنی کاریگەری (دانای چنارۆک) بۆ قسەی گاڵتە و فشقیات، توانای ئەوە، لە زۆری بەکارهێنانی پێشگری (ئەڵێی) و بەهێزی پێکچوانەکانی. بۆ نموونە، لە باسی کەسێتی شاعیردا دەڵێت (قەمسەڵەیەکی لەبەرە ئەڵێی خێمەی تەعزێیە). ئەم گوزارشتە هەم وردە هەم بەهێزە بۆ وێنەدانەوەی ئەم پێکچواندنە لە زەینی وەرگردا.
ڕێگەیەکی تری بەهێزی قسەکەر و پێچانەوەی گوێی وەرگر، بریتییە لە بەکارهێنانی وشەی بیانی زمانێکی وا کە زمانەکە وەک شتێکی گرنگ لە زەینی کۆمەڵگەدا بوونی هەبێت. بۆ نموونە، زمانی ئینگلیزی، كە زۆربەی کچان وەک پۆز و زاڵبوون بەسەر گوێگردا، وشەگەلی ئینگلیزی فڕێ دەداتە ناو قسەکانییەوە، وەک (چەینچ کەڵەر و لۆکەیشن و ئۆكەی...تاد)، هەموو ئەمەیش سەربە نمایشی کەسەکەیە بۆ ئەوەی بە گوێگر بڵێ تۆ نەزان و نەفامیت و منیش زانا و زیرەکم، بەمەیش تۆ گوندیی/لادێی و عەشایەریت و من کچی شارم.
چونکە پێشتر گوتمان کە شێوەزاڕی سلێمانی شێوەزارێکی بریندارکەر و هێرشبەرە بۆ سەر هاوکوف و شێوەزارەکانی تر و بۆ سەر زارەکانی دیکەی زمانی کوردیش. بە جۆرێک وایکردووە لە بەرانبەر ئەم شێوەزارەدا، ترسێک هەبێت لەلایەن ئاخێوەرانی زارەکانی دیکە و شێوەزارەکانی تری زمانی کوردییەوە.
زۆرجار ئەمە بووەتە گرێیەکی دەروونی لای زارێکی دیاریکراو، بە جۆرێک گەڕاونەتەوە بۆ پاراستنی زارەکەی خۆیان، چونکە ناتوانن وەک قسەکەرانی ئەم شێوەزارە بئاخفن، با لە بازاڕ و خوێندنیش قسەی پێ بکەن، چونکە لە ژینگەی خێزانەکەیاندا هەر بە زاری خۆیان دەپەیڤن، ئەمە وایکردووە لە قسەکردن بەم شێوەزارە، لاواز ببن. جاری وایش هەیە بەم گرێیەوە زیاتر لە کەسێکی ئاسایی گرنگی بە زمانی نووسین و قسەکردنی دەدات، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێت من کە سەربە شێوەزارەکەی ئێوە نییم، ئەوەتا لە ئێوە باشتر و جوانتر قسە دەکەم و دەنووسم.