له به‌ره‌به‌یانه‌وه ده‌زانم نیو سه‌ده‌یه رۆژمێری رۆژ و مانگ و ساڵان گه‌ڵا گه‌ڵا هه‌ڵده‌وه‌رێنی و زنجیره‌ی چیا قه‌ف قه‌ف ده‌بڕی. ده‌زانم نیو سه‌ده‌یه وشه به وشه بۆ ئازادی نیشتمان ده‌چریكێنی. ده‌زانم دا‌و به داوی قژت له چاوه‌ڕوانی هه‌ڵكردنی ئاڵا پێشكه‌شی به‌فر كرد، هه‌رگیز له بیرم ناچێت 30 ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ منیش منداڵ بووم له 12 وانه بۆ منداڵان خه‌ونه‌كه‌ی تۆم له گۆڕه‌پانی قوتابخانه بۆ منداڵه بێلانه ژین تاڵه‌كان ده‌گێڕایه‌وه, كاتێك له خه‌ونتدا له به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ره‌شت بینی ئاڵای هه‌بوو, سپیت بینی ئاڵای هه‌بوو, هه‌رچیت بینی ئاڵای هه‌بوو, قیژاندیان ئه‌ی بێ وڵات بۆ ده‌ره‌وه, ئه‌ی بێ ئاڵا بۆ ده‌ره‌وه, گووتت مه‌قیژێنن، كه چوومه‌وه ئه‌م چیرۆكه بۆ منداڵان ده‌گێڕمه‌وه.
وا ئێمه نه‌وه دوای نه‌وه هه‌ر له منداڵییه‌وه 12 وانه‌كه‌ی تۆ ده‌خوێنینه‌وه و پیر ده‌بین و وانه‌شی لێ فێر نابین. هه‌رگیز له بیرم ناچێت كاتێك له قه‌ره‌جێكت پرسی: به‌س ته‌ماشای ناوله‌پم كه خۆ من نامه‌وێ پێم بڵێی ده‌بمه باوكی چه‌ند منداڵ، زه‌نگین ده‌بم یان هه‌روا لات، ته‌نیا شتێكم پێ بڵێ هه‌تا ماوم وه‌ك تۆ ده‌ژیم، یا خۆ ده‌بمه خاوه‌ن وڵات. پیاوی مه‌زن: ده‌زانم براكوژی حه‌سره‌تی گه‌وره‌ی به دڵدا كردی. ده‌زانم ئه‌مڕۆش به هۆی دز و جه‌رده و گه‌نده‌ڵ و تاڵانچییه‌كانی نیشتمان خوێن له جه‌رگت ده‌چۆڕێت, له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ش خه‌ریكه خۆری به‌ره‌به‌یانی ئێمه هه‌ڵدێت, بۆیه ئه‌گه‌ر دوا وشه‌ش بێت یان شیعری ماڵئاواییش بێت, رۆژ رۆژی تۆیه به‌م میله‌ته خێر له خۆ نه‌دیوه بڵێیت:
سه‌دان ساڵه له به‌رده‌رگه‌ی ته‌كیه‌ی دنیا جووتێك سۆڵی پینه‌پینه‌ین, كێ له پێمان كات بۆ ئه‌و ده‌شێین.
رۆژ رۆژی تۆیه پڕ به ده‌نگی زوڵاڵت هاوار بكه‌یت نابێ چیتر مه‌یته‌ری والی به‌غدا بین, نابێ چیتر كوتاڵفرۆشی تاران و ئه‌نكه‌ره بین, نابێ چیتر بێ پاسپۆرت و ئاسمان و ئاڵا بین. هه‌موومان له هه‌ر بسته زه‌وینێك به دوای تۆدا بیڵێینه‌وه و پڕ به گه‌روومان هاوار بكه‌ین: مه‌زاد.. مه‌زاد، هه‌رچیم هه‌یه هه‌مووی مه‌زاد، به پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆی ساده كه هه‌ڵبكرێ و بشنێته‌وه، له سه‌ر بستێك زه‌وی ئازاد. پیاوی مه‌زن: هیچ شتێك به قه‌د هه‌ڵكردنی ئاڵا بڕست به رۆحی شه‌هیده‌كانمان نادات, نه یاد و بۆنه و چله و پۆسته‌ر و هۆنراوه، نه خوله‌كێك وه‌ستان. هیچ شتێك به قه‌د سه‌ربه‌خۆیی نابێته شنه‌بایه‌كی فێنك بۆ هه‌ناسه‌ی پڕ گازی خه‌رده‌لی منداڵانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدكراو, هیچ شتێك به قه‌د ئازادی نیشتمان نابێته ئارامگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئه‌نفاله گۆڕبزره‌كانی عه‌ڕعه‌ڕ و نوگره سه‌لمان. بۆیه كاتیه‌تی جارێكی تر تێهه‌ڵچینه‌وه و پشت له نه‌وا و روو له كڕێوه, هه‌سپمان هه‌ور و ركێفمان چیا, نه‌وه‌ستین تا كه‌شتییه‌كه‌ی نووح ئه‌م جاره‌ش له خاكی پیرۆز له‌نگه‌ر ده‌گرێ و ده‌نیشێته‌وه.
به‌ره‌به‌یانی ٩ی ئه‌یلوولی ٢٠١٧