ئیبراهیم شێخ محه‌مه‌د
له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زۆر له هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌پێناو به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌كردنی مۆدێله سیاسیه‌كانیان به‌رده‌وام هه‌ڵبژاردنیان وه‌ك ئامراز به‌كار هێناوه كه گرنگترین چه‌كی دیموكراسییه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وا بڕیار بوو هه‌ڵبژاردنه‌كانی سهركۆمار و په‌رله‌مانی توركیا له نۆڤێمبه‌ری 2019 ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌بڕیارێك ئه‌ردۆغان هه‌ڵبژاردنه‌كانی بۆ حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ پێشخست.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له كات و ساتێكی چاره‌نووسسازدایه، بۆیه تایبه‌تمه‌ندی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و جێی گرینگی پێدانی ناوه‌نده سیاسی و ده‌زگه میدیایییه‌كانی دنیایه. هێزه سیاسییه‌كانی توركیا له هه‌موو كات زیاتر له هه‌ستیاری دۆخه‌كه تێده‌گه‌ن و مامه‌ڵه ده‌كه‌ن بۆ قۆناغێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، چونكه شكستی ئۆپۆزسیۆن واتای مه‌رگی دیموكراسی ده‌گه‌یه‌نێت و دابڕانێك دروست ده‌كات له‌و چه‌مك و به‌هایانه‌ی كه ده‌وڵه‌تی توركیا خۆی له‌سه‌ر بنیات نراوه، له به‌رانبه‌ردا سه‌ركه‌وتنی ئاكپارتی واتای تۆخكردنه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ سنووره‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و په‌لكێشكردنی توركیا بۆ ده‌وڵه‌تێكی ملهوڕی فیرعه‌ونی كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له دایكبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆرییه.
پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه پاڵنه‌ره‌كانی وه‌رگرتنی ئه‌م بڕیاره له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ لێره‌دا ده‌توانین دۆخه‌كه وا وێنا بكه‌ین كه به خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ناوخۆی توركیا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م ده‌وڵه‌ته به ته‌نگژه‌ی سه‌ختی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازیدا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌م بڕیاره‌ش بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له ئه‌نجامی چه‌ندان فاكته‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. له‌وانه:
كاتێك ئه‌ردۆغان له مانگی ئه‌پریلی 2017 بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕاپرسی ده‌ركرد بۆ گۆڕینی سیسته‌م له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی، لایه‌نگرانی (نه‌خێر) كه له پارته‌كانی (مه‌هه‌په و هه‌ده‌په و سه‌عاده‌ت) و چه‌ند پارتێكی تر پێكهاتبوون، زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ست هێنا و دواتر یاری به ئه‌نجامه‌كه‌ی كرا، به‌پێی ئه‌م ڕیفراندۆمه سه‌رۆك له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی موماره‌سه بكات، له به‌رمه‌بنای ئه‌مه‌دا ئه‌ردۆغان ئه‌م بڕیاره به‌په‌له‌ی بۆ هه‌ڵبژاردن راگه‌یاند.
له دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی توركیا، باری نائاسایی باڵی به‌سه‌ر وڵات‌دا كێشاوه، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌دا كار به‌ده‌ستوور و ڕێسا نووسراوه‌كانی توركیا ناكرێت، بۆیه ئاكپارتی ده‌یه‌وێت له‌و بارودۆخه ئاڵۆزه‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات كه له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات كۆتای دێت، به‌و پێیه‌ی له باری نائاساییدا بارودۆخ بۆ گۆڕینی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن زیاتر گونجاوه.
توركیا له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا ئه‌كته‌رێكی چالاك نییه و به‌ده‌ست چه‌ندان كێشه‌وه ده‌ناڵێنێت، تا ئێسته باڵوێزخانه‌ی له سێ ده‌وڵه‌تی گرنگی ناوچه‌كه نییه (میسر و سووریا و ئیسرائیل) ئه‌م وڵاتانه له ناوچه‌كه و دنیادا كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان هه‌یه، ڕوونیش نییه به‌م نزیكانه توركیا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتیجی دوورمه‌ودا و تیۆری "سفری كێشه‌كان" دابڕێژێ، بۆیه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به باشترین چاره‌سه‌ر ده‌زانێت پێش قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتری ته‌نگژه‌كانی.
ناڕوونی و به‌دگومانی توركیا له پرسی سووریادا، ڕژێمی سووریا پێشڕه‌وی به‌رچاوی كردووه له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی ئۆپۆزسیۆن كه باره‌گای سه‌ره‌كییان له ئیسته‌نبوڵی توركیایه. له‌لایه‌كی تره‌وه گومانه‌كانی له‌و سۆنگه‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن كه هاوپه‌یمانه‌كانی به‌تایبه‌ت ڕووسیا ده‌خوازێت عه‌فرین له‌ژێر كۆنتڕۆڵی سووریا بێت نه‌ك توركیا، له به‌رانبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا دژی پێشڕه‌وی توركیایه بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان و هێزه كوردییه‌كانیش سه‌رقاڵی پێشڤه‌چوون و خۆڕێكخستنه‌وه‌ی خۆیانن، ئه‌مانه له به‌رژه‌وه‌ندی توركیادا نییه، ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین هه‌موو ئه‌وانه ڕوو بده‌ن ئه‌وا ئاستی جه‌ماوه‌ری ئاكپارتی به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو داده‌به‌زێت، بۆیه ده‌یه‌وێت به‌زووترین كات قۆناغی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕ بكات.
ئابووریی توركیا له دوای كۆتای (پرۆسه‌ی ئاشتی) له داڕووخاندایه و ده‌وڵه‌ت سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له ڕاكێشانی سه‌رمایه‌ی بیانی، به‌و مانایه‌ی ئابووری توركیا ئابوورییه‌كی شه‌ڕخوازه نه‌ك پێشكه‌وتنخواز، چونكه به‌رده‌وام ڕێژه‌ی بێكاری و هه‌ڵاوسان له به‌رزبوونه‌وه‌دایه، لیره‌ی توركی دابه‌زینی به‌رچاوی تۆمار كردووه له به‌رانبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكایدا، ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ئاكپارتی نییه و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له داهاتوودا به‌دیار ده‌كه‌وێت.
له‌و رووه ده‌توانم بڵێم توركیا به‌ره‌و قۆناغێكی مه‌ترسیدار هه‌نگاو ده‌نێت و دوور نییه نه‌خشه‌ی سیاسی ئه‌و وڵاته گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كوردیش له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دایه و قۆناغێكی نوێ چاوه‌ڕێی ده‌كات.
دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیش قۆناغێكی نوێ ده‌ست پێ ده‌كات كه بڕوام وایه بۆ كورد قورس‌تر ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌وریایییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا نه‌كات.