(خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی كورته چیرۆكێكی كامۆ)
كورته چیرۆكی زۆر كارتێكه‌ری «مورته‌د» حه‌كایه‌تی میسیۆنێرێكی لاوه، پرۆتستانییهك كه به‌سه‌ر ئاینی كاتولیكدا شكاوه‌ته‌وه و ده‌خوازێ خێڵێكی وه‌حشی بتپه‌رست كه له شارێكی داتاشراو له خوێ له سووچێكی دووركهوتووی بیابانی ئه‌فریقای باكور ده‌ژین, بێنێته سه‌ر ئاینی مه‌سیحی. خه‌ونی داگیركردنی خێڵه‌كه به ده‌سه‌ڵات و له ڕێی «وشه» به‌خێرایی پووچه‌ڵ ده‌بێته‌وه. پاسه‌وانه‌كان له ژوورێكی خوێكردی تاریكدا كه كهڵهبتی گاسهریان له‌وێیه، زیندانی ده‌كه‌ن. له گه‌رمای بۆدڕناوی خنكێنه‌ری ژووردا ڕووتی ده‌كه‌نه‌وه، تۆبه‌ی پێدا ده‌ده‌ن و ده‌می ده‌به‌ستنه‌وه و ده‌موچاوی ده‌ده‌نه به‌ر قامچی و ده‌یكه‌ن به قوربانی و پێشكه‌شی بتی گه‌وره‌ی ده‌كه‌ن.
ئه‌و له‌و ژووره‌دا به به‌ندكراوی ده‌مێنێته‌وه و هه‌ر ڕۆژ شایه‌تحاڵی ڕێوڕه‌سمێك ده‌بێت كه تێیدا جادووگه‌ری خێڵ له ژنێكی به چوارپهلدا كه‌وتوو ده‌په‌ڕێت و ئه‌تكی ده‌كات. ڕۆژێك جادووگه‌ر ژنێكی تا ئاستێك ڕووت له ژووره‌كه‌دا به جێدێڵێت، مسیۆنر له‌گه‌ڵی تێكه‌ڵ ده‌بێت. ئه‌وكات به هۆكارگه‌لێك كه ته‌نیا ده‌توانن بۆچوون و خه‌مڵاندن بن «سزا، قوربانی، پاككردنه‌وه» كاهین و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی، زمانی مسیۆنر ده‌بڕن. مسیۆنر، كوێر له ده‌رد و شه‌ڵاڵ له خوێنی خۆی، تاسه و ئاره‌زووی مه‌رگ ده‌كات، به‌ڵام مه‌رگ نایه‌ت بۆ لای.
به‌ره‌به‌ره برینه‌كانی ساڕ‌ێژ ده‌بن و هه‌نووكه لاڵ و بێ زمان له ژووره‌كه‌دا، مه‌سیحییه‌ت ئینكار ده‌كات و ڕۆحی خۆی پێشكه‌شی بتی گه‌وره ده‌كات كه له وێنای ئه‌ودا هێمای نه‌فره‌ت و نه‌بوونی به‌زه‌ییه. ئه‌و لای خۆی ده‌ڵێت حه‌تمه‌ن مه‌سیحیش شایانی ئه‌و سزایه‌ی سه‌ر خاچ بووه و به‌م شێوه‌یه، ئه‌م مسیۆنێره كه هاتبوو وه‌حشییه‌كان به مه‌سیحی بكات، خۆی ده‌چێته سه‌ر ئاینی وه‌حشییه‌كان و مورته‌د ده‌بێت.
خاڵی سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه هه‌رگیز نازانێ ئایا چه‌شنی باوه‌ڕی ئه‌و به بتی گه‌وره وه‌ك باوه‌ڕی ئه‌و خێڵه وایه یان نا؟. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئه‌مه‌یه كه ئه‌م ئینسانه ناتوانێ بێ ئه‌وه‌ی خۆی بكات به قوربانی و وه‌قفی خودایه‌ك، بژی و درێژه به مانه‌وه بدات، ئیتر جیاوازی نییه ئه‌م خودا بێت یان ئه‌و خودا. كاتێك كه ئیتر ناتوانێ مانایه‌ك له دنیادا بدۆزێته‌وه، وا به باشتر ده‌زانێ بتێكی گاسه‌ر كه خودای تووڕه‌یی و بێبه‌زه‌ییه بپه‌رستێت، تا له‌گه‌ڵ پووچی دنیایه‌كی بێمانادا ڕووبه‌ڕوو بێته‌وه.
به‌ڵام چیرۆكه‌كه لێره‌دا كۆتایی نایه‌ت. كاتێك سه‌ربازه فڕهنساییهكان دێن شاری خوێ هێور بكه‌نه‌وه، میسیۆنێری مورتهدبووگ دڵی به‌م هیوایه خۆش ده‌كات كه یهخسیركهرهكانی بێبه‌زه‌ییانه و بێ ئامان له‌گه‌ڵ ئه‌م نامۆیانه‌دا به‌شه‌ڕ بێن. به‌ڵام ئه‌وان به‌و شێوه‌یه ناكه‌ن. ئه‌وان له ئاست هێزی به‌رزتری سه‌ربازه فڕهنساییهكاندا سه‌ری ستایش نه‌وی ده‌كه‌ن و ڕازی ده‌بن منداڵه‌كانیان ڕاسپارده‌ی ده‌ستی میسیۆنێرێكی كاتولیكی نوێ بكه‌ن. مورته‌د، تووڕه له‌م خیانه‌ته و لێبڕاوی خزمه‌ت به بتی گه‌وره، تفه‌نگێك ده‌دزێت و له ڕێدا مسیۆنێر ده‌داته به‌ر گوله. ئه‌و هه‌مدیس ناتوانێ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی تا كۆتایی جێبه‌جێ بكات. پیاوانی خێڵه‌كه له ترسی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان، ده‌یبه‌ستن به زینی ئه‌سپێكی جه‌نگییه‌وه كه شێوازی له خاچ ده‌چێت و لێی ده‌ده‌ن تا هه‌پڕوون هه‌پڕوونی بكه‌ن.
ئه‌و هاوار ده‌كات: «ئای بتی گه‌وره، بۆ به‌ته‌نیا به‌جێت هێشتم؟». گزینگ كه به‌سه‌ر بیاباندا ده‌ڕژێت، مورته‌د ده‌نگێك ده‌بیستێت. (ڕه‌نگه ده‌نگی ئه‌و مسیۆنێره برینداره) كه ئه‌و دووباره بۆ سه‌ر ڕێبازی مه‌سیحییه‌ت بانگ ده‌كاته‌وه. مورته‌د كه له‌گه‌ڵ جادووگه‌ردا قسه ده‌كات، جارێكی تر ئاین و ئیمانه‌كه‌ی ده‌گۆڕێته‌وه: «له‌نوێ و له نوێوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین و شاری میهره‌بانی دووباره دهسازێنینهوه، ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌م».
سەرچاوە:
فلسفەی کامو، ریچارد کمبر؛ ترجمە خشایار دیهیمی، تهران، گرح ن‌و، 1385