ئه‌لف، سه‌رده‌مێكی دوور و درێژه نه‌ریتی ددانپێدانان به‌لامه‌وه بووه‌ته بابه‌تێكی زێڕین و دره‌وشاوه له مرۆڤدا، هه‌ر كه‌سێك له دۆست، ناسیاو، هاوڕێ، نووسه‌ر و خه‌ڵكی ئاسایی و سه‌رشه‌قام (به‌تایبه‌تی)، كه ئه‌مه‌ی تێدا هه‌بووه زۆر جێی ڕێز بووه لام و ئیلهامبه‌خش بوون بۆ دنیای بیركردنه‌وه و ده‌روونم.
ئه‌وانه‌ی خۆده‌ربڕین (خودافشایی) و ددانپێدانانیان تێدایه، له خۆپه‌رستی و پیرۆزنواندن به دوورن، ڕاست وه‌ك پڵنگێكی وه‌حشیی جوان ئه‌و شته‌ی له ناخیاندایه به زمانێكی شارستانی و مرۆیی ده‌یخه‌نه ڕوو. واته ددانپێدانان به‌شێكه له گه‌شه‌ی كولتووریی (له‌ناو كورددا له ئاستی تاك زۆرتر هه‌یه و نه‌بووه به دیارده‌یه‌كی گشتگیر و هه‌مه‌كی)، دووركه‌وتنه‌وه له فیگۆر و ژێستی پیرۆزنواندن و دروشم‌دان و خۆگیڤكردنێكه كه له كولتووری باوباپیرانی ئێمه‌دا به‌رده‌وام هه‌بووه و ڕه‌گئاژۆی هه‌ست و نه‌ستمان بووه.
ب، له‌و ڕۆمانانه‌ی له دنیای كورددا نووسراون و من خوێندوومنه‌ته‌وه، چه‌ند ڕۆمانێكیان هه‌ڵگری ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه باشه بوون، بێگومان هه‌ر كام له ئاستی خۆیاندا. ١-ڕۆمانی بیربای شارام قه‌وامی له ئاستێكی گه‌شه‌دار و باڵا. ٢- رۆمانی هاوزێ دلاوه‌ر ڕه‌حیمی له ئاستێكی مامناوه‌ندی و هونه‌ریی و له هه‌ندێ شوێندا گه‌شاوه و دره‌وشاوه. ٣- ڕۆمانی په‌نجه‌مۆری ڕه‌ئووف مورادی كه به فارسی نووسراوه، به‌ڵام دنیای كوردێك به ناوی ئارام هه‌ورامی ده‌گێڕێته‌وه، له ئاستێكی ئیستاتیكانه‌ی سه‌ركه‌وتوو كه ئه‌گه‌ر خۆئه‌ڤینی و نارسیستی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه له ڕووی ئیرۆتیكییه‌وه ئه‌وه‌نده له سه‌ره‌وه نه‌بووایه، ده‌بوو به ئاستێكی به‌رز له ددانپێدانان له قه‌واره‌یه‌كی هونه‌ریی و گێڕانه‌وه‌یی ده‌روونناسانه.
٤-ڕۆمانی نامه‌كانی فێرناندۆی ئه‌ژین عه‌بدولخالق كه سه‌ركه‌وتووانه باسی هه‌ستی كچێك بۆ دنیای پیاو و خه‌ته‌نه‌كردنی ژن ده‌كات (هه‌رچه‌ند له‌م به‌رهه‌مه ددانپێدانان چه‌ق و ناوه‌ند نییه).
له‌م چوار به‌رهه‌مه‌دا ددانپێدانان ده‌كه‌وێته هه‌مبه‌ر پیرۆزنواندن و پیرۆزپه‌رستییه‌وه و دژیان ده‌وه‌ستێته‌وه، ئێمه له‌گه‌ڵ چركه‌ساتێكی ڕاسته‌قینه و ڕه‌سه‌ن و تازه له ده‌روونی مرۆڤدا به‌ره‌وڕووین. ده‌چینه به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌ك پاڵه‌وانی چیرۆك ده‌بێت به ئه‌و به‌شه له ئێمه كه سه‌ركوت كراوه و بگێڕه‌ره‌وه (راوی) ده‌ریخستووه. ددانپێدانان ئه‌كتێكه دژی درۆكردن و ساخته‌كاری و ڕیاكاریی كه له كولتووری ڕۆژهه‌ڵاتیی به‌هۆی پیرۆزی و ئه‌مری قودسییه‌وه له هه‌ست و نه‌ستماندا ڕه‌گئاژۆ بووه.
پ، پێم وایه به‌نیسبه‌ت تاقم و چینی خوێنده‌واری ئێمه‌وه، واته شاعیر و نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ری كورده‌وه، ئێمه ده‌بێ زۆر ڕادیكاڵ په‌رده و ده‌مامكه‌كانیان لابده‌ین و نه‌هێڵین نه‌ریتێكی درۆزن و ترسنۆك و پیرۆز و پڕ له ساخته‌ی باوباپیرانمان بۆ دووپات بكه‌نه‌وه.
ت، نووسین له خۆیدا لانیكه‌م به پێناسه‌یه‌كی سه‌ده‌ی حه‌ڤده و هه‌ژده‌یه‌می شێوازێك له درۆكردنه بۆ ده‌رخستنی ڕاستی، به‌ڵام وه‌ك دیاره بۆ دنیای ئه‌مڕۆ توورێك ناهێنێ. نووسین ئێسته ده‌بێ ده‌نگێكی به‌رز بێت له ناخێكه‌وه كه هه‌زاران ساڵه سه‌ركوت كراوه. دژی هه‌ر شتێك له درۆ و ده‌مامك و سیستم و نه‌ریت و كولتوور و كۆیله‌یه‌تی و زۆرداریی و گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتییانه و پیترۆلیۆم و بریتیش و ئه‌مریكه‌ن.
به ده‌ربڕینی ئاگامبێنی، نووسه‌ر ده‌بێت خۆی له دۆخێكی ئاوارته و دانسقه‌دا ببینێته‌وه تا له بنی هه‌مانه‌ی بۆگه‌نی سه‌رده‌م و كولتووری خۆی بدات. چینی خوێنده‌واری كورد به زۆریی كێشه‌ی عاتیفی و سێكسییان زۆره، باشتر ئه‌وه ده‌بوو شوێنێك بكرێته‌وه بۆ ئاراسته دیاریكردنی ئه‌و حاڵه‌ته گشتگیره و ئه‌ده‌ب له هه‌ندێك تێما و ناوه‌ڕۆكی زه‌رد و ئیرۆتیكای حیز و ساویلكه بته‌كێنرێت، یان ده‌شكرێ وه‌ك یوونگ ده‌ڵێت، ڕێیه‌كی تر بۆ ئه‌و خواسته سێكسییه بگیرێته به‌ر و له وه‌رگه‌ڕان و گۆڕاندنێكی (تبدیل و تبدل)ی ده‌روونیدا، ببێت به ئیستاتیكا و فۆرمێكی وجوودی و حیكمه‌تئامێز وه‌ربگرێت و له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و پانتاییه‌كانی ده‌ربڕینی وجووددا بگه‌شێته‌وه، ببێت به عیشق و شتێكیش له حیكمه‌تی جه‌سته‌یی شوپێنهاوه‌ر و تۆزێكیش ڕۆحی ئیرۆتیكییانه‌ی جه‌نگاوه‌ریی نیچه‌ی تێكه‌ڵ بكه‌ین.
ج. ته‌نیا له ئاستی مرۆڤگه‌لی ددانپێدانه‌ر و خۆده‌ربڕ ده‌توانم هه‌ست به بچووكی و لاوازیی بكه‌م و ئه‌م بچووكی و لاوازییه‌شم خۆش ده‌وێ و به‌رز و بڵندم ده‌كه‌ن.